دزیی هەرەوەزی!

لە چەند رۆژی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە نیشانی دەدا لە سەر رێگای مەریوان، بارهەڵگرێکی گەورە کە مریشکی پێ بووە، وەردەگەڕێ و وەک دەردەکەوێ شۆفیرەکەی گیانی لە دەستدەدا و بەڵام خەڵکی لە جیاتی یارمەتیدان بە کەسی لێقەوماو بە پڕتاو خەریکی دزینی مریشکەکانین!

بێ گومان رووداوێکی لەم چەشنە دیسان پرسی ئەخلاقمان لا دەژیێنێتەوە. ئەوەیکە وەزع لە وڵات چی لێ بەسەرهاتووە کە بەم شێوەیە خەڵکی ئەوەی هی خۆیان نیە و بە بێ گوێدانە بەها ئەخلاقییەکان لەبەر چاوی یەکتردا بە گەلەکۆمەکی دەیدزن و، دەیبەن!؟ داخۆ دۆخ چی لێ بەسەر هاتووە کە ئیتر گوێنادەنە شۆفیرێک کە رەنگە خەڵتانی خوێن هێشتا گیانی لەدەست نەدابێ و هەموو داڕژاونەتە سەر مریشکەکانی!؟ یان، لەوەها کۆمەڵگایەک کە بەم شێوەیە داڕماوە، بەڕاستی تاوان تاوانی کێیە: دەسەڵات یا خەڵکی؟

بەدەر لە هەر چەشنە هەڵوێستێکی سیاسی، بەڵام ئەم رووداوە نیشانی دەدا کە تا چەندە بەها ئەخلاقییەکان لە کۆمەڵگای ئێمەدا داڕماون و نە نەسیحەت و نە دین و نە هەڕەشەی دەسەڵات و بە گشتی هیچ شتێک لە بارودۆخێکدا کە ژیان رۆژ لە گەڵ رۆژ دژوار و دژوارتر دەبێ، ناتوانێ بەر بە هەرەسی بەها ئەخلاقییەکان بێنێ.

هەناوی کۆمەڵگا داڕزیوە، وەها کە بە رۆژی رووناک 'دزیی هەرەوەزی' دەبێ بە کرداری هەمووان! ئەمە زەنگی مەترسییەکی سامناکە لێدەدرێ و، نیشانی دەدا گەر وەزع بەگشتی نەگۆڕدرێ کۆمەڵگا بە چ ئاقارێکدا خەریکە رێدەکا.

سایتی قەڵەم

٨ مانگی یازدەی ٢٠٢١

 

گەڕان بۆ بابەت