شرۆڤە

دەروونناسیی مناڵان (١٠)

لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

ئەوەی لەم تاقیکردنەوەدا بینرا، سەلماندی مناڵ لای وا نییە ھەر شتێکی شاردراوە یان داپۆشرا و نەبیندراو، ئیتر تیادەچێت و وجودی نامێنێت. ئەوان دەزانن شتەکە لە پشت ئەو شتەیە وا بەریگرتوە، یان لە نێو ئەو شتەدایە کە تێیکەوتوە یان تێیچووە.

 

دەروونناسیی مناڵان (١٠)

لە سویدییەوە: رەسول سەفەریانی

 

پەیوەندییە فیزیکییەکانی نێوان شتەکان

 

وا دەردەکەوێت مناڵانی ساوا دوور لە باوەڕی ئێمە چاوەڕوانیگەلێکی دەقیق و درووستیان لە پەیوەندی و ئیرتباتی فیزیکی لە نێوان شتەکاندا هەیە. مەبەست ئەو پەیوەندییانەیە کە شتێک دەشاردرێتەوە، دادەپۆشرێت یان دەوری بە شتێکی تر دەگیردرێت. ھەر لەسەر ئەو بنامەیە پسپۆڕەکانی لێکۆڵینەوە و تاقیکارەکان بۆ سەلماندنی ئەم چاوەڕوانیانە تاقیکردنەوەکەیان ناوناوە "سەرپێچی لەوەی چاوەڕان دەکرێت". مناڵەکان لە کۆشی دایک یان باوکیاندا سەیری شانۆیێک دەکەن لەوێدا  بڕێک کار دەکرێت. بەڵام دایک و بابەکان چاویان بە چاوبەند بەستراوە و ھەروەھا گوشیان کردووەتە گوێیان بۆ ئەوەی بە حەرکات و کاردانەوەی ئەوان مناڵەکان نەکەونە ژیر کارتێکردنەوە. بەم شێوەیە دایبابەکان نە ھیچ دەبینن و نە ھیچیش دەبیسن.

 ئەوەی لەم تاقیکردنەوەدا بینرا، سەلماندی مناڵ لای وانییە ھەر شتێکی شاردراوە یان داپۆشرا و نەبیندراو، ئیتر تیادەچێت و وجودی نامێنێت. ئەوان دەزانن شتەکە لە پشت ئەو شتەیە وا بەریگرتوە، یان لە نێو ئەو شتەدایە کە تێیکەوتوە یان تێیچووە.

لە کۆمەڵێک تاقیکاریدا کە لەسەر ئەساسی "سەرپێچی لەوەی چاوەڕوان دەکرێت" دانرابوو، لەسەر شانۆیێک  بڕی شتومەکی تیدا بوو و ھەروەھا سندۆقێکی داریشی لە پشتەوە تێدا بوو. شانۆکە سەفحەیێکی تێدابوو کە دەسوڕا و ئەیتوانی لە حاڵەتی تەخت و ڕاکشاو بەرزبێتەوە و شتەکانی پشت خۆی داپۆشێت. ھەر وەک وتمان کاتێ سەفحەکە بەرزدەبووەوە شتەکانی پشتی وندەبوون. بەڵام کاتێک سندوقەکە لەسەر شانۆکە بوو و سەفحەکە تا ئاستی ١٨٠ پلە (دەرەجە) بەرزدەبووەوە و دەسوڕا تا دەگەیشتە سندوقەکە و دەبووا لە سندوقەکە دەرچێت (رووداوێکی نامومکین) لەم حاڵەتەدا مناڵەکان ماوەیێکی درێژتر سەیریان دەکرد تا ئەو کاتەی کە سەفحەکە لە ئاستی سندوقەکەدا دەوەستا، یانی ئاستی ١٢٠ پلە. ئەمە بۆ ئەوەیە کە مناڵەکان چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد ئەو سەفحە لە سندوقەکە رەتبێت. بەڵام کاتێک شتێکی تر لە جنسی ھەور، بەڵام ھەر بە گەورەیی سندوقەدارینەکە لە سەر شانۆکە بووایێت، زۆر لایان سەیر نەبوو کە سەفحەکە بتوانێت بڕێک زەخت بخاتە سەر ھەورەکە و بیگوشێت و بچێتە خوارتر. بۆیە لەم حاڵەتەدا سەیری ئەو بەشەیان زۆر نەدەکرد. لە ھەر دوو بەشەکەدا وادیار بوو مناڵەکان چاوڕاونیان دەکرد ئەوەی دەکەوێتە پشت سەفحەکەوە و نابیندرێت، تیا ناچێت و ھەر ھەیە.  ئەمە یانی مناڵی ساوا ئەوە دەزانێیت کە ھەرشتێک نەبیندرێت بە مانای ئەوە نییە کە وجودی نەبێت و لە ناو چووبێت.

لەم جۆرە  تاقیکردنەوانە بە شێوەگەلی جۆراوجۆر زۆر ئەنجام دراوە. لە یەکێک لەو زنجیرە کارانەدا مناڵانی سێ مانگە لە بەرانبەر شوێنێکی شانۆ ئاسادا دادەنرێن. لە سەر شانۆکە بە ماشینی مناڵانە بڕێک یاری دەکەن بۆ ئەوەی ئاستی چاوەڕوانیەکانی مناڵەکان بناسن. لە سەرێکی شانۆکەدا لێژایێک دروستکراوە کە جادەیێکی پێدا دێتە خوارەوە و دەچێتە سەر سەکۆی شانۆکە و تا ئەو سەری دەڕوات و لە چاو وندەبێت. پێش ئەوە جادەکە بگاتە کۆتایی پەردە، یان سەفحەیێکیان  لە کەنار جادەکە دابینکردووە کە کاتێک بەرزی بکەنەوە بەشێ لە جادەکە دادەپۆشێت و بەم شێوە ماشینەکە کە بەوێدا تێدەپەڕێت بۆ ماوەیێک نابیندرێت، بەڵام کە لە بەردەکە رەتبوو دیسان دەردەکەوێت. سەرەتا ماشینێکیان لە لێژیەکە دانا و بەریان داوە و تا کۆتایی چوو و لەوسەرەوە لە چاو ونبوو. جارێکی تر و چەندین جاری تر ئەم کارە کرا، بەڵام پەردەکەیان ھەڵدابوو. لێرەدا بۆیان دەرکەوت منالەکان بە سەیرکردنی درێژخایەنتر پیشانیاندا دەزانن ماشینەکان ھەر ھەن و دەبێ لەوسەری پەردەکەوە دەرکەون. بەڵام کاتێک ئەم کارەیان بە لەمپەر ئەنجامدا نەتیجە گۆڕا. واتە کاتێک لەسەر جادەکە لەمپەرێکیان دانا و پیشانیاندا کە ماشینەکان ناتوانن لێی تێپەڕن، ئیتر کاتێک پەردەکە بەرزدەبووەوە مناڵەکان زۆر سەیریان نەدەکرد. وەک بڵێی دەیانزانی ماشینەکان لە لەمپەرەکە دەرناچن و لە پشت پەردەکە دەمێننەوە. ئەمە بۆ جارێکی تر دەیسەلمێنێت مناڵی ساواش دەزانێت شتی شاردراوە و داپۆشرا کە نابیندرێت بوونیان ھەیە و، لەبەرچاونەبوونیان بە مانای نەبوونیان نییە.

لە پاش داهێنانی تێکنۆلۆژی وێنەگرتن لە مێشک EEG (Elektroencefalogi)، کە فرەکانسەکانی نێوان بەشەکانی مێشک نیشاندەدات، وەک کاردانەوە بۆ رووداوەکانی دەرەوە لە مێشکدا ئەنجام دەدرێت. ئەم جۆرە تاقیکردنەوانەی وا لەسەرەوە باسمان کرد بە یارمەتی ئەم سیستەمەش ئەنجامدراوە. لە یەکێک لەم تاقیکردنەوانەدا هاوکات سەری مناڵەکان بە مەکینەی وێنەگرتنەوە وەسل دەکەن و نمایشێکیان بۆ ئەنجام دەدەن. لەم نمایشەدا قەتارێک بە خێرایی دێت و دەچێتە ناو تونێلێکەوە و لەوسەرەوە تێدەپەڕێت و دەڕوات. بەڵام بڕێ جار قەتارەکە لەوسەرەوە نایتەدەرەوە. وێنەی چالاکییەکانی مێشکیان پیشانیداوە کە مناڵەکان زانیویانە کە قەتارەکە ئەبێ هەر لە نێو تونێلەکە بێت. کاتێ تونێلەکەیان بەرزکردووەتەوە و قەتارەکە لەویا بووە، بۆیان سەیر و چاوەڕواننەکراو نەبووە. بەڵام هەندێ جار تونێلەکە بەرزکراوەتەوە و قەتارەکە نەبووە هەر چەند کەس نەیبینیووە کە قەتارەکە لە تونێلەکە برواتە دەرەوە. لێرە وێنەکان نیشانیداوە بۆ مناڵەکان ئەم شتە چاوەڕواننەکراو بووە. لەم ماوەدا چالاکییەکانی مێشکی مناڵەکانیان گرتبووە ژێر چاودێری. لە لەلەگەڵ هەڵسەنگاندنی هەر دوو حاڵەتی ونبوونی قەتارەکەدا (چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراو)، بۆیان دەرکەوت کە چالاکییەکانی مێشکیان لە ئەم دوو حاڵەتەدا زۆر جیاوازە. هەرچەند لە هەر دوو حاڵەتەکەدا قەتارەکە لە تونێلەکەدا نییە، یانی تونێلەکە بەتاڵە لە قەتار، بەڵام نەواری مێشکی مناڵەکان و کەوانەکانی ئەو نەواری مێشکە لە دوو حاڵەتەکەدا زۆر جیاوازی پیشاندەدات. هەروەها تاقیکارەکان بینیویانە کە مناڵەکان لە حاڵەتی چاوەڕواننەکراودا زۆر زیاتر سەیری شانۆکەیان کردووە. ئەمانە هەموو نیشانیدەدات کە مناڵان چۆن لەم کاتانەدا بیردەکەنەوە.

رەفتاری بەدواداگەڕان

هۆی ئەوەی وا لە رێگەی ئەو تاقیکردنەوانەوە هەوڵدراوە بسەلمێنن  ئایا "لەبەرچاو نەمان" وەک "نەمان"ە لە لای مناڵی ساوا، یان نا، ئەوەیە کە لە تێوریێکی زۆر کاریگەری دەروونناسی مناڵاندا باس لەوە کراوە کە مناڵ دەبێ تەسەوری مانا و مەفهومی ماننەوەی شتەکان لە رێگەی فێربوونەوە لە لای خۆی دروست بکات. "ژان پیاژە" (JEAN PYAGET) (لە کاپیتاڵی ٧ باسی دەکەین)، ئیدیعای ئەوەی کردووە کە مناڵ تا پێش هەژدە مانگی خاوەنی روانین و تێگەیشتنی "مانەوەی شتەکەن" نییە. واتە مناڵ تا پێش هەژدە مانگی تێگەیشتنی نییە لەوەی کە شتەکان دەمێنن و بوونیان بەردەوام دەبێت. پیاژە بۆ سەلماندنی تێوری خۆی دەڵێت کە تەنانەت مناڵانی دە مانگەیش تووشی هەڵە دەبن کاتێک بە دوای شتی شاراوەدا دەگەڕن. ئەو لە تاقیکردنەوەی بە ناوبانگی خۆیدا بە ناوی مودێلی "A نەک B"  تاقیکردنەوەیێکی لە سەر مناڵانی ساوا ئەنجام دا لەم تاقیکرنەوەدا شتێکی دڵخوازی مناڵان  وەک دەستەکلیلێک لە بەرچاوی مناڵەکاندا لە ژێر سەرینێک دەشارێتەوە  و پاشان سەیری دەکرد کە بزانێت کوێ بە دوای کلیلەکاندا دەگەڕن. کاتێک شتەکە تەنیا لە یەک شوێن دەشاردراوە  واتە ژێر سەرینی A ئەوا مناڵەکان هەموو جارێک دەستیان بۆ دەکێشا و دەریان دەهێنا. بەڵام کاتێک سەرینێ تریش زیادکرا یانی شوێنی B. ئەمجارە هەرچەند کلیلەکانیان دەخستە ژێر سەرینی B بەڵام ماناڵەکان هەر لە ژێر سەرینی یەکەمدا بەدوایا دەگەڕان. ئەم تاقیکردنەوە تەنانەت بە قوتوی شوشەییش کە ناوەکەی دیاربوو و دەکرا کلیلەکانی تێدا ببینیت ئەنجامدرا، بەڵام مناڵەکان هەر دەچوون لە قوتووی یەکەمدا بەدوایا دەگەڕان. پاش ئەم تاقیکردنەوانە بۆ هۆی ئەم هەڵەی رەفتاری بەدواداگەڕاننە تێوری جوراوجۆر دانرا. پیاژە خۆی رای وابوو کە زانیاری مناڵان لەسەر شتەکەن کاڵە و گەشەی نەکردووە. بەڵام تێوری تریش ئەوە بوو کە سیستەمەکانی مێشکی مناڵ گەشەی پێویستیان نەکردووە و ناتوانن بەشە جۆراوجۆرەکانی سیستەمی مێشک بە یەکەوە وەسل بکەن و شتەکان بخوێننەوە. هەر ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە زانیاری نوێ واتە شوێنی نویی شاردنەوەی کلیلەکان بخوێننەوە و ئیتر خۆی نەکێشێت بۆ شوێنی یەکەم. بەڵام هەڵەی گەورە و سەرنجراکیشی ئەم تێوری و تاقیکردنەوەی B , A نییە ئەوەیە کە پرسێکی گرینگی بە ناو سوسیال بوون و حەزی زۆریان و ئامادەگی و گەرموگوڕی مناڵیان بۆ تێکەڵاوی  لەگەڵ مرۆڤەکاندا نەگرتووەتە بەرچاو. لەم تاقیکردنەوە کلاسیکانەی وەک ئەوی پیاژە، شەخسەکە هەوڵیداوە بە چاو پەێوەندی لەگەڵ مناڵەکە ببێت و قسەیشی لەگەڵ کردووە. بەم شێووە بەشێک لە سەرنجی مناڵەکە بەرەو سەروچاو و قسەکانی کەسەکە چووە. کەسەکە لەم تاقیکردنەوەدا مناڵەکەی دواندووە وەکو ئەوەی کە "چۆنی، ئێستا پێکەوە ئەمە دەکەین، ئەها من چی دەکەم"، خۆی کێشابێت بۆ شوێنی A. عەینی ئەم تاقیکردنەوە بەشیوەی خۆ نیشان نەدانیش، واتە کەسەکە لە پشت پەردەیێک خۆی شاردوەتەوە و تەنیا دەستێک کلیلەکەی شاردوەتەوە ئەنجامدراوە. لەم شێوازەدا کاتێک چەند جار کلیلەکە لە شوێنی یەکەم دانرا و مناڵەکان دەریان هێنا، ئەمجار کلیلەکە لە شوێنی دووهەم واتە B دانرا. هەر لە یەکەم جارەوەی  کلیلەکان لە شوێنی دووهەم دانران زۆرتر لە نیوەی مناڵەکان توانیان بیدۆزنەوە و لە ژیر شوێنی B دەریان هێنا. لەم تاقیکردنەوەدا ئیتر کەس نەبوو سەرنجی مناڵەکان بۆ خۆی رابکێشێت بۆیە هەموو مناڵەکان تەواوی سەرنجان لە لای کارەکە و شوێنی شاردنەوەکان بوو و ئیتر ئێحتمالی هەڵەیان لە دۆزینەوەی شتەکەدا کەم کرابووەوە.

درێژەی هەیە...