وتارەکان

شێوازی رەخنەو جۆرەکانی

ستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعال
 

هاوڕێ نەهرۆ

ناوگەلیگی تر هەن وەک نووسەر فەرەج فودە کە رەخنەی ئاراستەی ئیسلامی سیاسی کرد لە وڵاتی میسرو جیهان بەڵام لەسەرەتای نەوەدەکان تیروریان کرد هەروا نصر حامد ئەبو زەید بیرمەندیکی میسری بوو پەرتووکیکی نووسی بە نێوی رەخنە لە گوتاری ئاینی تا وای لێهات دادگای میسری حوکمی تەڵاقیان بەسەر خۆی و خیزانەکەی دا گوایا نابێ ئافرەتیکی ئیسلام لەگەل کافردا هاوسەرگیری بکا!

شێوازی رەخنەو جۆرەکانی            

بەشێوەیەکی گشتی رەخنە پراکتیزە کردنی دەسەڵاتە دژ بە بەرانبەر بە شێوەیەکی لەفزی یان نووسراو، بەرانبەر وەک کەسایەتی سیاسی و سیاسەتمەدار یان وەک دەقی هونەری و ئەدەبی و ئاینی، رەخنە پیویستی بە ئامرازی ئەکادیمی و مەعریفی بۆ ئەوەی لەسەر پانتایی عەقڵی بەرانبەر کایەی خۆی بکاو سەرکەوتوو بێ، رەخنە دەبێ لەسەر میکانیزمی دووانە و دووجەمسەری ئیش بکا بە واتای لە هەمانکاتدا خاڵی پۆزەتیڤ وباش وخاڵی نەگێتڤ ولاواز ببینێ و درکی پێ بکا، نابێ رەخنەگر یەکچاوی هەبێ (الاعور) بە واتایەکی تر تەنیا خاڵە نەگێتڤەکان ببینی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خۆی ببورێ لە خاڵە پۆزەتیڤەکان هەروا نابێ رەخنەگر چاوێکی خێلی هەبێ (الاحول) تەنیا خاڵە پۆزەتیڤەکان ببینی و بکەویتە داوی ستایش و سەنا بەمەبەستی خۆڕەپێش کردن و ماستاو ساردکردنەوەو وەدەستهینانی دەسکەوتی شەخسی!

لەبواری سیاسی دا رەخنە دوو جۆری هەیە، رەخنەی رادیکال ورەخنەی ریفۆرم، رەخنەی رادیکال، رەخنە لەسەراپای سیستەمەکە دەگرێ و خوازیاری گۆڕینی سیستەمەکەیە لە ڕەگ و ڕێشەوە، دەتوانین رەخنەی هیزەکانی ئۆپۆزسیونی جاران لە رژێمی دیکتاتۆری سەدام بەنموونە بهێنینەوە لەبەر ئەوەی سەدام هیچ بوارێکی نەهێشتبوەوە بۆ رەخنەی ریفۆرم لە هەمانکاتدا رەخنەی ریفۆرم خوازیاری گۆڕینی سیستەمەکە نی یە بەڵکو گلەیی وئیرادی هەیە لە هەندێ لە هەنگاوەکانی حکومەت هەر بۆیە رەخنە دەگرێ بە نەرمی و پێشنیار دەخاتە روو، نموونەی گوتاری هەندێ حزبی ئۆپۆزسیون کوردستانی بەرانبەر بەدەسەڵات کە بە ئاشکرا گوتارێکی رەخنە ئامێزی ریفۆرمیستانەیە! خوازیاری گۆرینی دەسەڵات نییە بەڵکو دەیەوێ لە چوارچیوەی ئەم حکومەتە یان سیستەمە گۆرانکاری ئەرینی بهێنێتە کایەوە.

لەبواری رەخنەی ئاینی وەک ئاشکرایە رەخنە بەنیسبەت نەتەوەی عەرەبەوە بە شیوازە سادەکەی لە سەردەمی جاهیلی سەری هەڵدا بەتایبەتی لە بازارەکانی (سوق عكاظ) و (ذي المجاز) دوو شاعیریان دەخستە بەرانبەر یەکەوە، باشەکەیان هەڵبژارد وەک کێبەرکی نێوان خەنسا و حسان بن ثابت لە لایەن نابغە ذوبیانی یەوە هەڵسەنگاندیان بۆ کرا دواتر لەسەردەمی ئیسلام رەخنە شێوازیکی دی بەخۆیەوە گرت هەرچەند بەدرێژایی میژووی ئیسلام، جۆڵانەوەی ئۆپۆزسیون بوونی هەبووە وەک لە میژوو دا ناویان هاتووە لە شاری بەسرەو کوفەو وڵاتی یەمەن وەک پێشەوەران و کاسبکاران و دارتاشەکان، گوتاری رەخنەییان ئاراستەی ئاین کردووە بەڵام بەداخەوە لە لایەن دەسەڵاتی ئاینی یەوە بە توندو تیژی وەڵام دراونەتەوە وەک رەخنەکانی برایانی سەفا لە شاری بەسرە لە سەردەمی عەباسیەکان دا لە بارەی (زانستی کەلامەوە)، ئەو رەخنانەی ئاراستەی ئاینی ئیسلام کراوە گوایا قورئان پەرتۆکێکی پیرۆز نییە، حەدیس و گوتەکان پەیغەمبەر خەیاڵاوی و دروست کراون، ئەم رەخنانە سەرەتا لە لایەن کریستیان و جووەکانەوە ئاراستەی ئاینی ئیسلام کراوە بەڵام لە ساتەوەختی ئێستا دا لە نێو خۆدی میتودی ئیسلام دا کەسانێک سەریان هەڵدا، رەخنەی بونیادی ئاراستەی ئیسلام دەکەن وەک سەید ئەحمەد قوبانچی و رەشید مەغریبی بەڵام رەشید وەکو کەسایەتی لە ئیسلام هەڵگەڕاوەتەوە بوەتە مەسیحی! ناوگەلیگی تر هەن وەک نووسەر فەرەج فودە کە رەخنەی ئاراستەی ئیسلامی سیاسی کرد لە وڵاتی میسرو جیهان بەڵام لەسەرەتای نەوەدەکان تیروریان کرد هەروا نصر حامد ئەبو زەید بیرمەندیکی میسری بوو پەرتووکیکی نووسی بە نێوی رەخنە لە گوتاری ئاینی تا وای لێهات دادگای میسری حوکمی تەڵاقیان بەسەر خۆی و خیزانەکەی دا گوایا نابێ ئافرەتیکی ئیسلام لەگەل کافردا هاوسەرگیری بکا! لە ئاستی کوردستانیش دا نووسەر مەریوان هەڵەبجەیی رەخنەی رادیکالانە ئاراستەی ئاینی ئیسلام و میژووی کەسایەتی پەیامبەر دەکاو بەشێوەیەکی دی باسی دەکا بەشیوەیەکی شیکاریی و بەراوردکاری میژووی ئیسلام سەرلەنوێ دەخوێنێتەوە، پانتاییەکانی ئامادەی رەخنە لێگرتن لە فیکرو نەهجی ئیسلامی دا زۆرە لەوانە وردەکارییەکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی نێوان ئافرەت و پیاو هەروا فەرمانە توندرەوەکان دەوڵەتی شەریعەت وەک دەست بڕین و ڕەجم کردنی ئافرەت بە سەنگ و هتد، میژووی ئاینی مەسیحی پێشتر وەک ئاینی ئیسلام دەقەکانی توندڕەو بووە، بەڵام دواتر لە ئەنجیلی سەردەمی هاوچەرخ دەستکاری هەندی دەقیان کردووە لەوانە چاو لەجێ چاو و ددان لە جێ ددان گۆریویانە بەدەقی تازە وەک ئەگەر لەروومەتی ڕاستیان دای روومەتی چەپی بدە بەر! ئاینی مەسیحیش لە سەردەمی دادگای پشکنین تاوانی جۆراوجۆری کردووە بۆ نموونە دژ بە زاناو فەیلەسوفەکان وەک گالیلو کوبەرنیکۆس و کانت بەڵام لەسەردەمی رێنیسانس دا سنووریکیان بۆ کردارو فەرمانەکانی پیاوانی ئاینی دانا، لە ئەوروپا ئازادی بیروراو رەخنە هەیە بەمەرجی پرنسیپەکانی رەخنە بپاریزیت، ئەم پانتاییە لە ئازادی زەمینەی خۆشکرد بۆ رەخنە گرتن لە ئاینی مەسیحی وریفۆرم کرد تیایدا، ئەوەی لەساڵی ٢٠١٥ رووی دا لە فەرەنسا دەچیتە ئەم بوارەوە، دەستەی گۆڤاری گاڵتە ئامێزی شارلی ئیبدو گوایا بە وێنەی کاریکاتوری تەوهینی کەسایەتی پەیامبەریان کردووە ئەوە بوو دوازدە کەسیان کەوتنە بەر هەوڵی تیروریستی کە چواریان وێنە کێش بوون! گوایا کاری پروڤاکسیونیان کردووە و ئیسلامیان بوغزاندووە! لێرەدا ئەمەوێ ئەوە بڵێم ئاینی ئیسلام وەک فەلسەفەوە بیرکردنەوەو ئاراستە رەخنە قبوڵ ناکا ! ئەوانەی رەخنەیان ئاراستە کردووە دووچاری کوشتن و توقاندن بۆنەتەوە، ئەمە ئێشکالیەتیکی گەورەیە رووبەرووی فیکری ئیسلام دەبێتەوە، بەرای من دەبێ زەمینە خۆش بکرێ تیایدا رەخنە ئاراستەی ئاین بکرێ وەک دەق وەک دەرئەنجام چونکە هیچ دەقێک پیرۆز نییە بەڵام بەدرێژایی میژوو بەرگی پیرۆزیان پێ بەخشیوە کە لەسەرەوەی زەمان وشوێن بێ وەک ئەوە رەخنانەی روجی دوبری ئاراستەی فیکری ئیسلامی کرد گوایە فیکری ئیسلام فیکریکی رە‌هاو موتلەقە نییە لە دەرەوەی میژوو نوسرابێتەوە، ئاین وەک هەر دەقێکی میژوویی، کۆمەڵایەتی، فەلسەفی زەمینەی سەرهەڵدانی دیاریکراوی هەیە، ئاینی ئیسلام پەیوەستە بە میژووی دوورگەی عەرەبەوە لە زەمەنی شوانکاری دا هەروا بە پینج سەد ساڵ دوای هەردوو ئاینی ئاسمانی جوو کریستیان هاتە بوون هەندی لە کریستیانەکانە ئەو سەردەمە دەیانگوت (هرطقة مسیحیة) بەڵام لە رۆژگاری ئەمرۆ لە سەدەی بیست ویەک سەردەمی تەکنۆلۆژیاو زانست رەوا نییە رەخنە ئاراستەی هەندی دەق نەکری بەهانەوەبیانووی ئەوەی کە پیرۆزە یان لە دەرەوەی بازنەی رەخنەیە لە کاتێکدا هەڵگرانی بیرکردنەوەی ئەو دەقە رۆژانە تەنگ بە ئازادیەکانمان هەڵدەچنن نموونەی تالیبانی ئەفغانستان و داعش و حەشدی شەعبی و هەندی لە هەڵگرانی بیروباوەری ئیسلامی لە کوردستانی کە گوتاری ئاگری پێشکەش خەڵکی کوردستان دەکەن بەم هەنگاوەش پانتایی ئازادی یە مەدەنی وسیاسیەکان پێشیل دەکەن، تا ئازادی و دیمۆکراسی ئامادەبوونیان هەبێ، رەخنە ئامادەبوونی هەیەو پاساودراوە، رەخنەش دەبێ بە پێ لۆژیک رەچاوی هەست و نەستی ئیمان بکا لەلای خەڵک بەگشتی، رەخنە دەبێ مەعریفی و مەنهەجی و ئەکادیمی بێ نابێ خاوەنەکانیان بخرێنە بازنەی مەترسییەوە یان هەڕەشە لە چارەنووس وئایندەو دوارۆژیان بکرێ!

لێرەدا باسی رەخنەی ئەدەبی و هونەری ناکەم چونکە پانتاییەکی زیاتر داگیر دەکا نامەوی خوینەری بەڕیز بێزاری پێوەی دیار بێ!