شرۆڤە

رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار

دڵشاد کاوانی

رۆماننووس جگە لە شێوەزاری خۆی، شارەزاییەکی باشی زمانی شار و شارۆچکەکان و هۆز و شێوەزارەکانی دیکەی کوردییە، رۆمانەکەی بە زمانێک و رێنووسی و رێزمانییەکی جوانی ئەدەبیی کوردیی نووسیوییەتەوە.

رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار

لە نێوان رۆمانی خۆماڵی و سەربوردەی بێگاناندا

 

دڵشاد کاوانی ڕۆماننووس و ڕخنەگر

 

پێشەکی

رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار، رۆمانێکی خۆماڵی کوردییە بە پێنووسی رۆماننووسی گەنج و بەتوانا رێبوار وەلی کاوانی لە دوو تووێی (15) بەش و کۆتایی و لە (227) لاپەڕە پێکهاتووە و هەرێم عوسمان پێداچوونەوەی زمانەوانی بۆ کردووە وەک یەکێک لە رۆمانە جوانەکانی ساڵی(2021) چاپ و وەشێندراوە.

رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار ئاستێکی بەرزی مەعریفی نووسەر نیشاندەدات کە لێزانانە یاری بە گێڕانەوەی چیرۆک و سەربوردەکانی کارەکتەری سەرەکی دکتۆر دژوار بە گەڕانەوە و فلاشباگ و لە رێگای شەپۆڵی هەستی و لە جوغزی دۆزینەوەی دەفتەری بیرەوەرییەکانی دژوار لای تارای هاوسەری پاڵەوانی سەرەکی دەبێتە گێڕەوەی سەرەکی رووداوەکانی ژیانی و سەرجەم رووداوە بچووک و گێرەرەوەکانی دیکە وەک شرغەی دەوری پوورە هەنگی رۆمانەکە دەدەن. رۆمانی سەرکەتوو ئەو رۆمانانەن کە خوێنەر بەدوای خۆیان دا پەلکێش دەکەن لە کاتی خوێندەوەیدا. نایشارمەوە ئەم رۆمانەش لەگەڵ دەستپێکی خوێندەوەیدا خستمیە مزاقەوە و لە هەر بەشێکیدا تاروکەی ئەوەم بوو بزانم لە بەشی دواتر چی روو دەدات.

هەموو دەقێکی باش خۆی دەرگای رەخنە بەسەر خۆیدا واڵادەکاتەوە، رەخنەگر ناچار دەکات شووڵی لێ هەڵبکێشێت و بەدوای سەرەداوەکان و جوانیی و ئاریشە و نەنگییەکانی بگەڕێت. لەم سۆنگەیەوە گەرەکمە بە چاوێکی رەخنەگرانە مافی چێژوەرگرتنەکەم رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار بدەمەوە.

 

چیرۆک و رووداوەکان

چیرۆک و رووداوەکانی ناو رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار، باس لە ژیانی گەنجێکی پێنجوێنی دەکات کە بۆ خوێندنی پزیشکی لە کۆلیژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی روو لە شاری سلێمانی دەکات، بۆ ئەم مەبەستە خانووێکی چۆڵ لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شار بەکرێ دەگرێت، لەوێ تووشی رووداوێکی چاوەڕوان نەکراو دەبێت بە تۆمەتی کوشتن و فڕێدانە خوارەوەی پیاوێک لەسەر نهۆمی دووەمی خانووەکەی تۆمەتبار دەکرێت.

بۆیە ساڵێک یان کەمتر لە زیندان دەباتە سەر، دواتر لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە بێتاوانی دەسەلـمێت و دادگا ئازادی دەکات، بەم هۆیەشەوە تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت و ساڵانێک یادەوەرییەکانی لە بیر دەچێتەوە.

تا ئێرە بەسەرهاتەکە زۆر ئاساییە، بەڵام کۆی چیرۆکی رووداوەکان لە بیرۆکەی رۆمانە فارسییەکان وەرگیراوە و زۆر بە جوانی رێبوار بەرگی کوردی کردۆتە بەری، بەڵام خۆزیا دەیتوانی چیرۆکەکانی نێو رووداوەکان، هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی کوردەواری دەبوون.

 

تەکنیک و بونیادی گێڕانەوە

تەکنیک و شێوە و شێوازی بوونیادی گێرانەوەی رۆمانەکە، لە ئاستێکی زۆر باش دایە و خاڵی نییە لە تەکنیک و گێڕانەوە رۆمانی پۆستمۆدێرنیزم. رۆماننووس پەیڕەوی سەرجەم بنەما و شەپۆڵە هەستییەکان و فلاشباگ و گەڕانەوە و یاریکردن بە کات و شوێن و زەمینەکانی نێو رۆمانەکەی کردووە، لە گەنجیەتی پاڵەوانەوە دەستپێدەکات و بۆ سەردەمی منداڵی و نوستالیژیای دژوار دەمانگێڕێتەوە و دواتر لە رێگای یاداشتەکان و گێڕانەوەی کارەکتەری سەرەکی. کۆتا، سەرەتا، ناوەند، کۆتا. بەم جۆرە دوو گێڕەوەی سەرەکی دەکەونە بەرچاو، دژوار و دەفتەری یادەوەری، کەمترین کات رۆماننووس وەک گێڕەوە دەردەکەوێت ئەمەش بۆ باڵادەستی نووسەر دەگەڕێتەوە.

بۆگێڕەوەی گشتی تارایە و لاوەکیش ژمارەیەک هاوڕێی زیندانی دژوارن. بەمەش رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار لە تەکنیکەوە بەهێزە، هەرچەندە رۆماننووس رەچاوی لۆژیکی گێڕانەوەی نەکردووە، یاخود دەستی بەسەردا نەشکاوە، کە زۆرترین گێڕانەوەی رۆمانەکە لە دانیشتنێکی نانی بەیانی یەک سەعاتی نێوان تارا و دژوار گێڕداروەتەوە.

 

ناوەرۆک

رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەند و تێگەیشنێکی قووڵی بۆ کۆمەڵگەی کوردی و کێشە هەنووکەییەکانی تاکی کورد هەیە. رۆماننووس گەرەکییەتی لە رێگەی دژواری پاڵەوانی رۆمانەکە ئاریشە و سەختییەکانی تاکی کوردی نیشانبدات. زۆر بە دیقەت و ورد پەنجە دەخاتە سەر برینەکان و لێهاتووانە فۆڕم و بابەتییانە، رەهەندەکانی ژیانکردنی کەسی کوردی لە رۆمانەکەوە رەنگدەداتەوە، لەوانە دەروونناسیی و یاسا، پزیشک، کەلتور و خوڕاف، ئەمانە و چەندین تەوەری دیکە گەوهەری نێو رۆمانەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا رۆماننووس لە هەندێ شوێن دەکەوێتە نێو هەڵەی زەق و گەورەوە، بۆ نموونە لە لاپەڕە (53) دەڵێت: خۆ ناسینەوەی درۆزنەکان هێندە سەخت نییە، تەنها سەرنج بدە لە کاتی پێکەنین بەبێ بوونی هۆکارێکی لۆژیکی بە دەنگێکی بەرز قاقا پێدەکەنن، یان کاتێک قسە دەکەن دەنگیان زۆر بەرز دەکەنەوە. ئەم تێکستە بۆ ناسینەوەی کەسانی درۆزن هیچ بنەماییەکی دەروونی نییە و مەرج نییە، هەموو کەسی قاقاکێشا و درۆزن بێت، یان کەسانی دەنگ گەورە درۆزنبن. ئەم روانینە دوورە لە زانستی دەروونناسی بۆ کەسە درۆزنەکان.

لە لا(88) دژوار لە زیندانی گەورانی سلێمانی کاتی هەواڵی بێتاوانبوونی خۆی لە نیوە شەودا بە تەلەفۆن بە باوکی دەدات و دەنووسێت: ئەو هەواڵەم بە باوکم گەیاند و نەمدەزانی سەعات چەندە، بەڵام شەو داهاتبوو، باوکم هێندە پەلەی بوو خێرا تەلەفۆنی دایە دەست دایکم و بەرەو سلێمانی بەڕێکەوت.

لێرەش دوو پرسیار خۆی قیت دەکاتەوە، ئایە بەم نیوە شەوە دژوار چۆن تەلەفۆنی دەست کەوت؟ لە کاتێکدا دژاوار بەندکراوێکە لە زیندانی گەورانی سلێمانی!. ئەی باوکی دژوار کە هەواڵەکە دەبیستێت بۆچی تا بەیانی نەوەستا کە دەوام ببێتەوە و بۆ سلێمانی بەڕێ بکەوێت. راستە ئەو دەڵێت ئەمە خۆشەویستی باوکە بۆ کوڕ، بەڵام ئەگەر باوکی لە نیوە شەودا لە پێنجوێنەوە بێتە سلێمانی شەو لەکوێ دەمێنێتەوە؟ بێ ئەوەی رۆماننووس شوێنی مانەوەی باوکی دژوار ئەو شەوە ئاشکرا بکات و بە نەزانرای دەمێنێتەوە، بۆیە باشتر وابوو بنووسێت: باوکم بەیانییەکەی زوو بەرەو سلێمانی کەوتە ڕێ.

هەروەها لە لا(101) رۆماننووس رووداوی بینینی جنۆکە لای باپیری دژوار کە گێڕەوە دژوارە و لەسەر زاری باپیری وێنای جنۆکە دەکات و دەڵێ: من وام خەمڵاندبوو ئافرەتێک دەبینم باڵای بەقەد باڵای پشیلەیەک بێت، … ئەوەی بینیم زۆر جیاواز هێندە کەڵەگەت بوو ناچاری سەر بڵندکردنەوە دەبووم. لێرە نووسەر پێچەوانەی خورافی وێناکراوی جنۆکە دەکات، چونکە لە دێرزەمانەوە و تا ئێستا هەموو ئەوانەی کە خۆیان بە پسپۆر و شارەزا لە بواری جنۆکەناسی دادەنێن، هەرگیز باسی ئەوەیان نەکردووە، جنۆکە خۆی بێنێتە سەر شێوەی مرۆڤ، ئەم خەسڵەتە بۆ فیرشتەیە نەوەک جنۆکە، چونکە جنۆکە تەنیا دەچێتە ناو جەستەی مرۆڤ. هەرگیز ناچێتە سەرشێوەی مرۆڤ تەنیا توانای ئەوەی هەیە، خۆی بکات بە پشیلە و سەگ و مار و ئاژەڵی دیکە. ئەگەر بێت و جنۆکە خۆی دەرکەوێت ئەوە رەگەزی جنۆکە باڵای زۆر کورتترە لە مرۆڤی ئاسایی نەوەک کەڵەگەتر، بەم جۆرە بە هەموو پێوەرێکی خورافی و ئەفسانەیی گێڕدراوە لەسەر جنۆکە، راستیی و ناڕاستیی بوونی بەم جۆرە هاتووە.

لە لا (17)داهاتووە، لەسەر زاری باپیری دژوار دەگێڕێتەوە کە لە ئاهەنگگێڕانی جنۆکاندا، لەگەڵ جنۆکەکان لە نیوە شەودا خەریکی ئاهەنگگێڕان و کەبابخواردن بوون، هەرچەندە مێژووی کەباب کۆنە ئەو سەردەمەش دەگێڕێتەوە کە باسی کردووە، بەڵام جوانتر دەبوو لەگەڵ جنۆکەکاندا لە بڕی کەباب قەلیە و گۆشتبرژانی بەکارهێنابووایە فۆلکلۆریتر دەبوو، چونکە کەباب خواردنێکی زۆر شارستانییە.

لە بەشی (14) و لا(194 بۆ 197) کاتێک دژوار بۆ یەکەم جار لە ماڵێکی بچووکی نوێدا لە شاری سلێمانی چاوی هەڵدێنێت و هۆشی دەگەڕێتەوە، بە هۆی نەخۆشی دەروونی و بیرچوونەوە، بەشێک لە یادەوەرییەکانی لەدەستداوە. هەریەک لە دایک و باوکی و کاک ئازاد و هاوکار و دیبەر و فاتمەی ژنی ساڵح، هەموویان بەیەکەوە یەک لەدوای یەک سەر دەخەنە سەر نەخۆشەکە و یادەوەرییەک و راستی رووداوەکانی بۆ باس دەکەن، دواتر دکتۆر هیوا بەوردی لەدەستدانی بیر و شێتبوونی و نەخۆشییەکەی تێکڕا بۆ دژوار دەگێڕێتەوە، بە حسێبی خۆی دکتۆر هاوکاری نەخۆشەکە دەکات، بەڵام لە باری دەروونی هەر نەخۆشێکی دەروونیدا، ناکرێت تۆ لە یەک کات و بە جارێک هەموو روانینە هەڵەکان و یادەوەرییە ناخۆشەکانی بیر بهێنیتەوە و هەڵەکانی بۆ راست بکەیتەوە، دەبێت ئەمە پڕۆسەیەکی بەردەوامی پراکتیکی بێت نەوەک هەموو شتێک بۆ نەخۆشەکە باس بکرێت، بەمەش باری دەروونی نەخۆشەکە شێواوتر دەبێت.

 

زمان و رستەسازیی

رۆماننووس جگە لە شێوەزاری خۆی، شارەزاییەکی باشی زمانی شار و شارۆچکەکان و هۆز و شێوەزارەکانی دیکەی کوردییە، رۆمانەکەی بە زمانێک و رێنووسی و رێزمانییەکی جوانی ئەدەبیی کوردیی نووسیوییەتەوە.

تەنیا لە بەشی (15) و لا (207) دژوار باسی باپیری دەکات کە هەرگیز بە هۆی شەرموونی گوێڕایەڵی ئەوەی وەک نەوەیەک لا پەسند نەبووە، کەچی ئامۆزایەکی دیکەی دەم هەڕاش و سەرەڕۆی خۆشویستووە، بۆیە وا دەپەیڤێت: من باسی باوکی ئەو ئامۆزایەم نەکرد کە ناوی سەردار بوو. لێرە رۆماننووس سەر لە خوێنەر تێک دەدات، ئایا سەردار ناوی ئامۆزاکەیەتی، یان ناوی مامییەتی، گەر سەردار مامی دژوار بێت، دەبوایە بەم جۆرە بنووسێت: من باسی مامە سەردارم نەکرد، کە باوکی ئەو ئامۆزیەم بوو. یان پێچەوانەکەی بەم جۆرە دروستە: من باسی باوکی سەرداری ئامۆزاکەم نەکرد.

 

ئەنجام

رۆمانەکە یەکێکە لە رۆمانە جوانەکانی کوردی، کە لە زمان و ناوەڕۆک و شێواز و بونیادی رۆمانی هاوچەرخ لە نێو ئەدەبیاتی کوردیدا جێگای خۆی گرتووە، هەوڵ و ماندووبوونی رۆماننووسی پێوە دیارە و هەرچەندە رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار کەمترین لای لێکراوەتەوە، بەڵام ئەرخەیانم کە رۆمانەکە دەبێتە رۆمانێکی درەوشاوە لە ئەدەبییاتی کوردی دا.