شرۆڤە

دەروونناسی مناڵان (٨)

رەسوڵ سەفەریانی

لە روانگەیێکی دەرونناسیانەوە قۆناخەکانی گرینگی حەرەکاتی جەستەیی وەک گاوەڵکێ و ھەستانە سەرپێ زۆر گرینگن لەبەر ئەوەی ئەو ھەلە بۆ مناڵ دەڕەخسێنێت کە داھێنانی ببێت و رەفتارگەلی دڵخوازی خۆی ئەنجام بدات. ھەر وەک لێکۆڵەر ئێستا ئیتر مناڵەکە دەتوانێت زۆر شت بکات و دەستیوەردان بکات لە شتەکاندا و پاشان بە چاوی خۆی ئاکامەکانیان ببینێت.

 

دەروونناسی مناڵان (٨)

لە سوییدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

فێربوون لە بارەی دەوروبەر

بۆماوە (ارث) و ژینگە

 

مناڵ پێش ئەوەی بکەوێتە قسەکردن و فێری پرسیارکردن بێت، زۆر شت لەرێگەی چاودێری و بینین و بیستنەوە فێر دەبێت. بڕێک لە دەروونناسەکان لەسەر ئەو بڕوان کە ئەم خێراییەی فێربوونی منال مەدیونی جۆرێک لە توانایە کە بە شێوەی زگماگی لە مناڵدایە و، دەتوانێت زانیارییەکان لێک بداتەوە و بەم شێوە ئیمکانی فێربوون دەرەخسێنێت. هەرچەند ئەم شتە رەتکراوەتەوە و نیشان نەدراوە کە شتێکی زگماگی لە مێشکا ببێت کە کاری زانیاری لەسەر دونیا بکات، بەڵام هەرچی بێت ئەم فێربوونە ئێجگار خێرا روو دەدات و مناڵ زۆر زوو لەسەر دونیا فێر دەبێت. بڕێک لە زانیارییەکان کە ئەوان دەیانەوێت دەستی بخەن لە جۆری سنوردارن و دەست خستنیان زەحمەتە. بەڵام برێکیان ئاسانتر وەردەگێرێن. بۆ نمونە وادیارە کە ئەوان بە ئاسانی دەتوانن لە پەیوەندی نێوان هۆ و سەبەبەکان تێبگەن. ئەمە ئاماژەیە بەوەی کە بڕێک لە بوارەکان لەسەر دونیای دەوروبەر لە لای ئەوان پێشتریەتی  پێدراوە. ئەم پێشترییەتیدانەش کۆنترۆڵی "مەحدودیەتەکانی نێوەوەیی فێربوونی مناڵ" دەکات و دیاری دەکات کە مناڵ سەرنجی بەرەو لای چ شت و روداوگەلێک بەرێت. ئێحتمالێکی تریش هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئەم مەحدودیەتی فێربوونە نەتیجەی شێوەی کاری سیستەمەکانی حسی عەسەبی واتە کۆکردنەوە و کارلەسەر کردنی زانیارییەکان بێت. بۆ نمونە جوڵە و حەرەکەت یەکێک لەو حسانەیە کە ئاسان لە رێگەی بیناییەوە دەرک دەکرێت. بۆ دەتوانێن وا بیربکەینەوە و وا بڵێین، لەبەر ئەوەیە کە تەرکیز (تمرکز) کردنە سەرئەوەی چۆن شتەکان حەرەکەت دەکەن بەشێکی لە لایەن مقدار و ئەندازەی ئەو نێرۆنە عەسەبیانەوە دیاری دەکرێت کە لە بەشی حسسی حەرەکەتی دانراون (خانەکانی مێشک) و هەروەها جۆری هاندەرەکە (محرک) کە سیستەمەکە بۆ یەکەم گەشە پێویستیەتی.

ئیمکانێکی تریش کە هەیە شێوەی رەفتارکردنی گەورەکان لەگەڵ مناڵانی بچووکە. گەورەکان لە کاتی تێکەڵاوی و نزیکبوونەوەیان لە مناڵانی ورد بە شێوەی زۆر تایبەت رەفتاری خۆیان دەگونجێنن. ئەم گونجاندنانە کە تێدا گەورەکە لێواولێوە لە زەوقوشەوق، لە مناڵەکە نزیک دەبێتەوە و بە تیکرار و دوپاتکردنەوە و روانین بۆ روخساری مناڵەکە، روانینێکی زۆر زیاتر لەوەی کە لە کاتی دواندنی گەورەکاندا ئەنجامدەدرێت، هەوڵ دەدات سەرنجی مناڵەکە زۆرتر رابکیشێت. هەمووی ئەمانە زۆر ئاسانکاری بۆ فێربوون دەکات.  لەو رەفتار و کردارانەی گەورەکان کە روویان لە منداڵە هەوڵ دەدرێت کە تا دەکرێت سادەتر بێت و قورسایێکی زۆریش بە نۆرەکرد دەدرێت. لە خوێندنەوەگەلێکی لەم بارەوە بۆ نمونە لە دایکێک فیلم گیراوە کە شتێکی پێیە و سەرەتا شتەکە پیشانی مناڵەکە دەدات و پاشان پیشانی هاوسەرەکەی. دواتر ئەم فیلمانە نیشان دراون بۆ مناڵان و پاشان داوایان لێکردون کە خۆیان فیلم هەڵبژێرن و سەیری بکەن. مناڵەکان حەزیان کردوە کە ئەو فیلمانە سەیر بکەن کە رووی کارەکانی لە مناڵانە. ئەم جۆرە ئولگوی رەفتاریانە کە روو لە مناڵانن زۆرتر سەرنجی مناڵان رادەکێشێت. وەک ئەوە وایە کە ئەم رەفتارانە پیان دەڵێت کە "ئەم هەڵسوکەوتانە بۆ تۆیە و پەیوەندیان بە تۆوە هەیە". ئەم جۆرە خوێندنەوانە دەیسەلمێنێت کە مناڵانی ورد ناچالاکانە فێری شت نابن. مناڵی بچوک لەو هەموو رووداو و حەرەکەتانەی کە لە بەرچاویاندا روودەدات دێن تەنیا ئەوەی خۆیان حەزیان لێیەتی هەڵیدەبژێرن و سەیریدەکەن.

مناڵ لە چالاکبووندا فێردەبێت نەک لە پاسیفی و ناچالاکیدا(٨)

لێکۆڵینەوەکان پیشانی داوە کە هەموو بینراو و بیسراوەکان کە مناڵی بچوک لەبار دەروونییەوە وەک جۆرەکانی زانست خۆی پێوە سەرقاڵ دەکات رێکخستن دەبینن. لە رێگەی گوێشلکردن و سەیرکردنی کەسانی ترەوە مناڵ فێردەبێت کە خەڵک چۆن رەفتار دەکەن (دەروونناسی سادە). کاتێ مناڵ سەیری شتەکان و رووداوەکانی دەوروبەریان دەکەن و گوێیان بۆ شلدەکەن تێدەگەن کە  دونیای فیزیکی چۆن ئیشدەکات. بۆ نمونە تێدەگەن کە بڕێ لە شتەکان سابت و بێ حەرەکەتن و بڕێ شتی تر دەکرێت بگوازرێنەوە و جێبەجێ بکرێن. هەروەها ئەوان فێر دەبن کە جیاوازی دابنێن لە نێوان شتە سروشتییەکان (گژ و گیا و ئاژەڵ) و شتە دەسکردەکاندا. بە فێربوون لە سەر شتەکان دەڵێن "فیزیکی سادە" و بە فێربوون دەربارەی دونیای سروشتی دەڵێن"بایولۆژی سادە". مناڵ هەر لە مناڵییەوە سێ جۆر لە زانست تێدا گەشەدەکات کە ئەم سێ جورە تا ئاستی زانکۆ بە جیاوزی لە یەک دەمێننەو. ئەم زانستانە بریتین لە دەروونناسی، فیزیک و بایولۆژی.

روانگەیێکی خەڵکی لە نێو دەرووناسی مناڵاندا هەیە دەلێت مناڵ وەک لێکۆڵەر وایە. هەردووکیان سەیردەکەن و چاودێری دەکەن  و تاقیکردنەوەدەکن و لە کۆتاییدا نەتیجەدەگرن. مناڵێکی ساوا کە شتێکی بەدەستەوەیە و فڕێی دەداتە سەر عەرزەکە و دایکی بەرزی دەکاتەوە و دیسان ئەمە دووپات دەکاتەوە، بەو نەتیجە دەگات کە ئەم دوو شتە، فڕێدانی ئەم و بەرزکردنەوەی دایکی، پێوەندیان پێکەوە هەیە. لەم رێگاوە بە هۆ و ئەسەر دەگات. (من فڕێی دەدەم دایکم بەرزی دەکاتەوە) هەر وەها بە ناراستەوخۆ دەگاتە نەتیجەی قانونی جازبە، یانی تێدەگات هەموو شتێک کە بەردەبێتەوە بەرەو خوار دادەکەوێت، واتە روو لە زەوی. لەم روانگەدا واتە روانگەی "مناڵ وەک لێکۆڵەر" دەڵێن کە مناڵ لەسەر ئەوەی کە دونیا چۆن کار دەکات خاوەن "تێوری سادە"یە. دەڵێن ئەم تێورییە بناخەی چاوەڕوانییە زگماگییەکانە.

ئەم نەوعە لە چاوەڕوانییە زاتییەکان (یان پرینسیپ یان ئەو سنورانەی کە فێربوون کۆنترۆڵ دەکەن) لەو ئوسول و پرینسیپانەن کە دەڵێت" هیچ شتێک ناتوانێت هاوکات لە دوو جێگا بێت". ئەم ئەسڵە زاتییە دواتریش لە رێگەی بینین وبیستن و بۆنکردن و حس و تامەوە گەشە دەکات و دەبێتە ئەوەی کە چۆن یەک شت ناتوانێت هاوکات لە دوو شوێن بێت، دوو شت دەتوانن هاوکات لەیەک شوێندا بن. ئەمە بەم شێوە مومکینە کە یەک شت لە نێو شتەکەی تردا بێت کە وەک راگر یەکەم لە خۆیدا رایگرتوە. (چەمکی فیزیکی "دەورگرتن").

یەکێک لە کاتە گرینگەکان و خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی مناڵانی ساوادا  دەر بارەی فێربوونیان، ئەو کاتەیە کە مناڵ دەتوانێت شتەکان بەدەستەوە بگرێت. لەو کاتەوە کە مناڵ دەتوانێت شت بەدەستەوە بگرێت و خۆی پێوە مەشغوڵ بکات فێربوونیان خیراتر دەبێت.  لە مەجموعەیێک تاقیکردنەوە و پشکنینی داهێنەرانەدا کە تێدا کۆمەڵێک مناڵی سێ مانگەی بەشدارییان کردبوو پیشانیدا کە مناڵان کە بتوانن خۆیان شتەکان بارەوبار بکەن فێربوونیان زۆر خێراتر دەبێت. ئەم ئەزمونانە بە ناوی"دەسکێشی چەسپدار ناوزەد کراوە و بەم شێوە بوو کە مناڵانی ساوایان هێنا و دەسکێشێکی چەسپداریان کردە دەستیان، دەسکێشەکە لە جنسی ئەو چەسپانەی پێوە بوو کە لە کاپشین و جلوبەرگا بەکاری دێنن. لێکۆڵینەوەکە پیشانیداوە کە کاتێ مناڵەکان توانیویانە بە یارمەتی دەسکێشەکە شتەکان کە لە جنسێکی نەرم دروستکرابوون و دەنوسان بە دەسکێشەکەوە و مناڵەکان لەم رێگاوە دەیان توانی بارەوباریان بکەن، ئاستی فێربوونی مناڵەکان تا رادەیێکی بەرچاو خێرایی بە خۆوە بینیووە. مناڵان بە شێوەی سروشتی لە چوارمانگەوە وردە وردە دەتوانن شتەکان بە دەست بگرن، بەڵام ئەم مناڵانەی کە لە سێ مانگەوە بە یارمەتی ئەو دەسکێشە چەسپدارانەوە توانیان کەرەسەی یارییەکان هەڵگرن فەرقێکی بەرچاویان بوو لە چاو هاوتەمەنەکانیان. زۆر زووتر توانیان لە چاو هاوتەمەنەکانیان رەفتارەکانی گەورەکان فێربن و لە شتەکان تێبگەن. ئەوان دەیانتوانی وەک گەورەکان دەسبکێشن بۆ شتومەکی یارییەکان و یاریان پێبکەن. بەڵام هاوتەمەنەکانیان تەنیا سەیری گەورەکانیان دەکرد کاتێک گەورەکان ئەو شتانەیان دەگرت بەدەستیانەوە. ئەمە نیشانی دەدات کە کاتێ بتوانیت بە شتێک داهێنان بکەیت و بەدەستی خۆتەوە بێت لە فێربوونی چالاکدا کاریکەری زۆری دەبێت.

خاڵێکی گرینگی تری وەرچەرخان لە ژیانی مناڵاندا ئەوکاتەیە کە بتوانن بە بێ پشتگیری و یارمەتی دابنیشن. مناڵان بە نۆرماڵ لە تەمەنی بەینی چوار تا شەش مانگ دەتوانێت دابنیشێت. لەم تەمەنەوە مناڵان دەتوانن زۆربەی حەرەکات و کردارەکان ئەنجام بدەن کە ئەمە کاریگەری زۆر بەرینی دەبێت لە دونیای دەوروبەریاندا. ئێستا ئیتر ئەوان دەتوانن بۆ نمونە شتەکان بەدەستەوە بگرن و وەریچەرخێنن و هەڵیانگەڕێنەوە و سەروخواریان پێبکەن. ئەوان دەتوانن دەست بدەن لە شتەکان و لەباری زبری و نەرمی و شکڵە جۆراوجۆرەکانیانەوە هەستیان پێبکەن و هاوکات لە گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە بیانبینن و دەستاودەستیان پێبکەن. وا دەرکەوتوە کە توانای تێگەیشتنی مناڵ لە شتەکان لە باری سێ بۆعدی بوونیانەوە پەیوەندی هەیە بە توانای دانیشتنیانەوە. یەکێکی تر لە خاڵە گرینگەکانی تەمەنی مناڵان لە باری گەشە و پێشکەوتنەوە کە توانایان پێدەبەخشێت کاتێکە کە بتوانن شوێن بگۆڕن و لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر بڕۆن. مناڵ سەرەتا گاوەڵکێ فێر دەبێت و پاشان فێری رۆیشتن دەبێت یان بڵێین پێدەگرێت. لێرەوە مناڵ دەتوانێت بچێت بۆ ئەو شوێنەی کە خۆی دەیەوێت. لە کاتی گاوەڵکێدا، ھەرچەندە فێریش بێت خێرا بڕوات، بەڵام ناتوانێت شت لەگەڵ خۆی ھەڵبگرێت و بیبات. بەڵام کە پێیگرت ئەمەی بۆ دەکرێت و لەوە بەدوا مناڵ لە ھەر یەک کاژێری کاتی خەبەربوونی نزیکەی ٤٠-٣٠ خولەکی بە شتەکانەوە سەرقاڵ دەبێت و کاریان لەسەر دەکات. ئەو شتانە پاشان دەبات و پیشانی گەورەکانی دەدات. مناڵ ئەگەریش زۆر شارەزا و زیرەکیش بێت لە گاوەڵکێدا و خێراش بێت لە ھاتوچۆ و خۆگواستنەوەدا ھێشتا ھەر سورەلەسەر ئەوەی کە فێری رۆیشتن بێت و بە پێ بڕوات. مناڵانی وڵاتانی رۆژاوا لە نێوان یازدە و دوازدە مانگیدا ھەوڵ بۆ پێگرتن دەدەن و بە ئامانجەوە تەمرینی رۆشتن دەکەن و فێری دەبن. خوێندنەوەیێک پیشانیداوە کە مناڵی پێگرتوو لە سەعاتێکدا ٢٠٠٠ ھەنگاو ھەلدەگرێت.  ئەمە یانی بە ئەندازەی حەوت جار بەدەور زەوی فوتباڵدا رۆیشتن. بەڵام بە شێوەی مامناوەند (متوسط) ٧٠٠ متر لە کاژێرێکدا، کە ئەمەش خۆی یانی مناڵێک نزیکەی پێنج کیلومتر لە یەک رۆژدا بە شێوەی پچر پچر (راوەستان لە کاتی خواردن وخۆشۆردن و...) دەڕوات .

جوڵەی  خۆسازکردوو دەورێکی گرینگی لە گەشەی مناڵدا ھەیە. مناڵ لە رێگەی گاوەڵکێ و پاشانیش بە پێ رۆیشتنەوە دەتوانێت بگاتە ئەو شوێنەی کە مەبەستیەتی و لەویێش دەستی بەو شتە بگات کە دەیھەوێت. ئەمە دواتر دەبێتە ھەوێنی دروستکردنی نێوان و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەسەر شتەکان لەگەڵ کەسانی تر.

ھەر وەک ھەموومان دەزانین زۆر جێگە ھەیە کە ئێمە وەک گەورەکان حەزناکەین مناڵەکان بچنە ئەو شوێنانە. وەک نمونە سەر پلیکان و بەر ئاگردان و ھەروەھا نامانەوێت نزیکی شوێنی پریزی کارەبا ببنەوە.  پشکنینەکان سەلماندویەتی کە مناڵێک تازە کەوتوەتە سەر پی توانای ھەڵسەنگاندنی زۆر خراپە، بۆیە لەوانەیە کە مناڵێک کە لەسەر تەپۆڵکەیێک روو لە خوارەوە و دوو دڵ راوەستاوە، لە ئەنجامدا بەسەرەوە خۆی بەر بداتەوە، یان بکەوێتە نێو چاڵ و بۆشایی کە لەسەر رێگەکەیەتی و لاقی ناگات کە بپەڕێتەوە، بەڵام ھەوڵ ئەدات و دواجار تێیدەکەوێت. خوێندنەوەکان دەریخستوە کە مناڵانی تازە پێگرتوو بە شێوەی مامناوەند ١٧ جار لە کاژێرێکدا دەکەون، بەڵام زۆربەی ئەم کەوتنانە  گونجاون و مناڵەکە لیانەوە فێردەبێت و تەجروبە دەگرێت.

لە روانگەیێکی دەرونناسیانەوە قۆناخەکانی گرینگی حەرەکاتی جەستەیی وەک گاوەڵکێ و ھەستانە سەرپێ زۆر گرینگن لەبەر ئەوەی ئەو ھەلە بۆ مناڵ دەڕەخسێنێت کە داھێنانی ببێت و رەفتارگەلی دڵخوازی خۆی ئەنجام بدات. ھەر وەک لێکۆڵەر ئێستا ئیتر مناڵەکە دەتوانێت زۆر شت بکات و دەستیوەردان بکات لە شتەکاندا و پاشان بە چاوی خۆی ئاکامەکانیان ببینێت. نمونەی زۆرمان ھەیە کە لێکۆلینەوەکانی مناڵ و تاقیکرنەوەکانیان گەورەکانی توڕە کردووە لەوانە کاتێ گەورەیێک خەریکی گەسکدانە بە گەسکی بەرقی کە لە پڕدا مناڵەکە ویەرەکەی( سیمەکەی) لە بەرق دەرھێناوە یان بە کۆنترۆڵی تەلەڤزیون و ئەمانە یاری کردووە و کاناڵەکانی گۆڕیووە، ێان دەسی لە زۆرشت داوە و لە جێگای خۆی نەیھێشتووە.

درێژەی هەیە...