شێعر و پەخشان

له‌به‌ر حه‌وت ده‌روازه‌كه‌ی دونیا

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

زۆردارانی دونیای نوێ ده‌دۆزمه‌وه‌

له‌ ڕۆژگاری لافاو و شۆڕشی مرۆڤ

ماسكی كارا‌كته‌ره‌كان گۆڕاوه‌

دونیا كه‌وتووه‌ته‌ ژێر چڕنۆكی وانه‌داده‌ری به‌ر سێبه‌ر‌ و

له‌ ژێر ڕه‌حمه‌تی گاڵته‌بازان

 

 

 

چه‌ند قه‌سیده‌یه‌كی خۆشه‌ویستی

له‌به‌ر حه‌وت ده‌روازه‌كه‌ی دونیا

 

عه‌بدولوه‌هاب به‌یاتی

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

 

- 1 –

 

له‌ بازنه‌ی ڕوناهییه‌وه‌ به‌ره‌و مێرگان هه‌ڵدێم

له‌ خانه‌ی هه‌ساره‌كانی دییه‌وه‌

بۆ (لووڤه‌ر) داده‌به‌زم

ته‌لیسمی شێردراوه‌ی ناو تابلۆكان‌‌

به‌ باڵداری كوێردا ده‌به‌م، عاشقاتیی ده‌كا

له‌ تاریكاییدا

به‌ وشه‌ و به‌ ئاگری شینی كوژاوه‌ی زه‌رده‌په‌ڕه‌وه

 به‌ سیمای (پیكاسۆ)

 له‌و دیو ڕووی ڕۆژگاره‌ ونبووه‌كان و دارستانان

ده‌یدره‌وشێنێته‌وه‌

به‌ فڵچه‌ به‌ركه‌وتنێكی

‌سه‌ر پێستی جه‌سته‌ی ژن و گوڵ و ئاسمان

به‌ هاواری گاڵته‌بازی ڕه‌شپێست

كه‌  ده‌بینێ ماسكه‌كه‌ی

له‌ (لوار) دا نقوم ده‌بێ

ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ -

سه‌ریشم ژاوه‌ژاوی شاری بارانێ و

جاڵجاڵۆكه‌ی ئاگری تێدایه‌

ده‌رگه‌ی ژووره‌كه‌م داده‌خه‌م، خۆم به‌ گاز ده‌كوژم .

 

- 2 –

خۆشه‌ویستم !

هه‌موو زیندانه‌كانی دونیای كۆنم ناسین

به‌ڵام ئێستا خه‌ریكم زیندانه‌كانی دونیای نوێ و

زۆرداریی و ڕیسوا كردنی ‌ ڕۆژگاری نوێ و

مردن له‌ ژێرزه‌مینه‌كانی شار و

ژووری ئوتێله‌ نه‌فره‌ت لێكراوه‌كان بدۆزمه‌وه‌ ..

زانیم : زۆردار

چۆن پێستیان له‌ وه‌ختی شكستدا ‌گۆڕی و

ده‌مامكی تازه‌یان پۆشی و

گۆرانییه‌ كۆنه‌كه‌یان گوته‌وه‌ ..

خۆشه‌ویستم !

هه‌موو زۆرداره‌كانی دونیای كۆنم بینین

چۆن ده‌نوون و ده‌خۆن

چۆن پێده‌كه‌نن و دڵداریێ ده‌كه‌ن

چۆن ده‌مرن و دویماهیان پێ دێ

لێ نووكه‌

زۆردارانی دونیای نوێ ده‌دۆزمه‌وه‌

له‌ ڕۆژگاری لافاو و شۆڕشی مرۆڤ

ماسكی كارا‌كته‌ره‌كان گۆڕاوه‌

دونیا كه‌وتووه‌ته‌ ژێر چڕنۆكی وانه‌داده‌ری به‌ر سێبه‌ر‌ و

له‌ ژێر ڕه‌حمه‌تی گاڵته‌بازان:

فرۆشیاری داروپه‌ردوو

پێش ئه‌وه‌ی یه‌كترمان خۆش بوێ

كوشتمانیان خۆشه‌ویستم !

شانۆكه‌شیان به‌ خوێن سواخ دا.

 

- 3 –

دز له‌ پاریس هێرشیان بۆ هێنام

ده‌فته‌ره‌كانیان لێ سه‌ندم

شه‌شپاڵوی نوور و قیڕیان له‌ خوێن سوور كرد و

به‌ مردوویی جێیان هێشتم

به‌ڵام من پێش به‌یانیدان هه‌ستامه‌وه‌ ‌ خۆشه‌ویستم

گوڵه‌ مێلاقه‌ی كێڵگان و ئێش و ئازاری پیت و

ئاگری ئه‌م چه‌رخه‌م

بۆ نیشتمانی وه‌ك گۆڕ كراوه‌م هه‌ڵگرتووه‌.

-4-

( ئاركادیا ) دوای ( نیشاپور)

جادووگه‌ره‌كه‌ به‌ ده‌رزیله‌یه‌ك

به‌ نه‌خشه‌ی جیهانییه‌وه‌ كرد

به‌ شووره‌یه‌ك ده‌وره‌ی دا

برین ده‌كاته‌وه‌ و

خوێن به‌سه‌ر كتێبه‌كانی جادوو و

به‌سه‌ر جه‌سته‌ی عاشق و مه‌عشوقدا دێته‌ خوارێ

ده‌رزیله‌ی ڕاكێشا و له‌گه‌ڵی جووت بوو

فانۆسی كوژانده‌وه‌

كێ له‌ ده‌رگا ده‌دا؟

ئاگرپه‌رست به‌ ژێر سێبه‌ری په‌لكه‌ دار خورما

 گه‌ڕانه‌وه‌ وڵاته‌كه‌یان

ده‌گرین و با یش ده‌گری

(ئاركادیا) پاش (نیشاپور)

شه‌و چه‌ند بێ مه‌فه‌ره‌ و

 نوور چه‌ند ده‌ست قوچاو

له‌م ماڵ و شه‌قامه لاڵانه‌دا

كه‌ خۆشه‌ویستی و ژیان و مه‌رگی

له‌به‌ر ده‌روازه‌كاندا قه‌ده‌غه‌یه‌.

(5)

نووسراوی لاگیریم

 پێشكێش به په‌یامبه‌ری‌ خوداوه‌ند و

نوێنه‌ری گه‌ل كرد

تا خۆری خوا

به‌سه‌ر سبه‌ینێی تارمایی و ترسنشین دا هه‌ڵبێ

كه‌چی حه‌واڵه‌ی زیندان و پۆلیس و

ژووری ئه‌شكه‌نجه‌دان و

دوورخستنه‌وه‌و ونبوونی كردم ..

سككه‌ی خراپ

له‌ شاره‌كانی سه‌رده‌می نوێدا

سككه‌ی نوێی باشی وه‌لا ناوه‌

كوێری ( ڕۆما )یش نه‌جیبزاده‌ و

شۆڕشگێڕ و عاشقه‌كانی ده‌ركردن

پێڵاوی كون كون و كه‌لاوه‌ی كه‌چه‌ڵ و

كه‌ڕه‌نایان دانان .

- 6 -

خۆشه‌ویستی له‌ كوێوه‌ دێ خۆشه‌ویستم!

كه‌ مه‌حكووم بین به‌  عیدام

كه‌ ئێمه‌ له‌ سێرك و باخچه‌ی ئاژه‌ڵان بین

زمان سۆزانی و مێژوو و وه‌هم و

نه‌زۆكی و وێرانه‌

كه‌ دوو هه‌زار ساڵه‌ گه‌مارۆ دراوین و

هه‌وڵ ئه‌ده‌ین له‌ بازنه‌ی سفران ده‌ربچین .

-7-

شه‌وانه‌ ئه‌م ئاگره‌ له‌ چیای ( قه‌فقاس ) هه‌ڵده‌گرم

به‌ناو كه‌ڕه‌نایان ده‌قیژێنم و

بۆره‌ شۆڕشگێریش

له‌ نیشتمانی نوقمی نائومێدی

له‌ ئۆقیانووسه‌وه‌ بۆ كه‌نداو

نووستن و نوێژ

خۆشحاڵترن له‌و وڵساتانه و

ئه‌و سرووشته‌ بێده‌نگه‌ لاڵه‌

له‌ نه‌دارانی شاره‌ نه‌خۆشه‌كان و

له‌ هه‌رچی و په‌رچییه‌ مردووه‌كانی گوندان

به‌ڵام من له‌گه‌ڵ توڵعی به‌یانیدا

به‌سه‌ر شووره‌كانه‌وه‌ له‌ خاچ ده‌درێم. ‌

 

 

 

 

* ‌له‌ (عبدالوهاب البیاتی – الاعمال الشعریة – الجزء الثانى) بڵاوكردنه‌وه‌ی 

( المؤسسة العربية للدراسات والنشر) بێرووت , لوبنان 1995 ل 250 ،

كراوه‌ به‌ كوردی .‌