چیرۆک

لە بیرم دێت (دووابەش)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە کۆتاییدا حەزئەکەم پێت بڵێم پێم وابێ ئەتوانی ئەمە وەک کتێب چاپی بکەی، من وەک خۆم کێشەم لەگەڵیا نیە. بگرە ئەتوانم یارمەتیشت بدەم. بەشێکی مێژووت گێڕاوەتەوە، بەڵام گەر لە جیاتی تۆ بم، مادام دە ساڵ لە گرینگترین ساڵەکانی ژیانت کە هاوکات بووە لە گەڵ گرینگترین رووداوی نیشتمان، لە خەوا بوویت، وا باشتر بوو دەست بۆ قەڵەم نەبەی.

لە بیرم دێت (دووابەش)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ماوەیەکە هەستێکی سەیرم هەیە. هەستێک کە ئەگەرچی ئازارم نادات، بەڵام خۆشیش نیە. من هەست دەکەم ترسنۆکم. دیارە لەوە پێش ئەم رستەیەم لەسەر خۆم بیستبوو. یەکەم جار ساڵانی ساڵ لەوە پێش عەبە بێقۆلی ئامۆزام پێی گوتبووم. کاتێک جارێکیان لەسەر رێگای کتێبخانە بەتووشییەوە ببووم، دەستی راستی لە ناو قۆلی درێژی کۆتەکەیەوە هێنابووە دەرەوە و لە کاتێکا بەردی لە چۆلەکەکان دەگرت، گوتبووی "ئیستا ئەزانم، تۆ ترسنۆکی و لەو کتێبخانەیە خۆت ئەشارییەوە. وەک چۆن چۆلەکە لە دەست پشیلە هەڵدێت!" ئەوسا بزەیەکی شەیتانی شەقامەکەی تاساندبوو.

چەند رۆژێکە فکر و زکرم چووەتەوە سەر ئەم قسەیە و ناتوانم لە خۆمی دووربکەمەوە. باشە بەڕاستی من ترسنۆکم؟ ئاوڕێکی سەرپێی لە ژیانی رابردووم دەدەمەوە. هیچ شتێکی وا نایەتە بەرچاوم کە بیسەلمێنێ من ترسنۆکم. تەنیا ئەوەیکە من زۆر تێکەڵی خەڵکی نەبووم. ئەمەیش جیاوازە و فڕی بەسەر ترسنۆکییەوە نیە. تازە، من لام وانیە عەبەی ئامۆزام کەسێکی ئازا بێت. شتێک لەودا هەیە قێزەونە، ئازارم دەدات، نەک من، بەڵکو زۆر کەسی تریش. لای من لە ئازایەتیدا شتێکی جوانیش هەیە، تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێش کە بە خۆیەوە سەرقاڵت دەکا، لەو تایبەتمەندییانەی بۆ هەموو کەس دەستنادا و، بۆیە دەبێتە داڵغە. عەبە داڵغەی کەس نیە، هەموو کەس خۆی لێ دەبوارد، بگرە رقیشیان لێی بوو. هەڵبەت ئەمە ساڵانی ساڵ لەوە پێش بوو.

ئەم بیرانە خۆشحاڵم دەکا، بەڵام هاوکات خەیاڵی ترسنۆکییەکەم لێ دوورناکەنەوە. تا رۆژێک بەڕێکەوت بەلای چەند کەسێکدا کە لەبەر مزگەوت راوەستاون و پێکەوە دەدوێن، رادەبوورم؛ گوێم لێدەبێ یەکیان بە گومانی خۆی بە ئەسپایی دەڵێ "ئەمەیش ئەو پیاوەی لە ترسانا دە ساڵی رەبەق خەوی لێکەوت!" دەپەشۆکێم. ئیتر ئەمە تەواو تازەیە. بەپەلە دەڕۆمەوە بۆ ماڵەوە. دەچمەوە ژوورەکەی باوەگەورە و دەرگاکە لەسەر خۆم قوفڵدەدەم و هەتا شەو نایەمە دەرەوە. دایکم و تەواوی خێزان یەک لە دووای یەک دێنە پشت دەرگاکە،... دەپاڕێنەوە و هەوڵدەدەن بمهێننە دەرەوە. ئەرێ رۆڵە چی بووە، بۆ وا زیزی، چی قەوماوە؟ بێسوودە. من لام وایە ئەو چەند کەسەی بەر مزگەوت درۆناکەن. من رێک لە سەردەمی گەورەترین رووداوی نیشتمان خەوم لێکەوتبوو و، کارەساتبارتر لە هەر هەموویشی ئەوەیکە هەتا ساڵانی دوواتریشی خەبەرم نەببووەوە. هەوڵدەدەم بێتەوە بیرم کە دوواڕۆژی من کەی بووە و چیم کردووە. بەڵام جگە لە چەند رووداوی سەرەکیی وەک رێگای کتێبخانە، هاتنی شا، ئاغای فەرەجی، ماڵی ئاغای ئەسەدی و حەمەسوور و شتی لەم بابەتە هیچی ترم نایەتەوە بیر. رابردوو تەنیا چەند وێنەی گەورەن لە تەنیشت یەکتردا و، ئیتر هیچی دیکە. قۆلەکانم لەسەر ئەژنۆکانمە و سەرم لەسەریانە، بەو هەموو وێنە ناڕوون و خۆڵەمێشییانەوە کە جاروبارە سەرتاتکێیانە و بە دەوری وێنە سەرەکییەکانەوە دێن و دەچن. شتێک لە رابردووەوە وەک سێبەری ناو تاریکی کە بەرەبەرە خۆی دەهاوێتە بەر هەتاو، دەردەکەوێ. جەستەم دەلەرزێ. ئێوارەیەکم دێتەوە خەیاڵ دایکم بە چاوە پڕ لە فرمێسکەکانییەوە لەسەر بەرماڵەکە لە دووای نویژی ئێوارە دەستەکانی بە نیشانەی دۆعا بۆ ئاسمان بەرزکردبووەوە و، بە دەنگێکی نەوی و کز و داماوانەوە داوای لە خوا دەکرد کوڕەکەی، یەعنی من، بۆ ماوەیەکی باش بەدوور لە دونیایە و لەم ژیانە رابگرێ بۆ ئەوەی لە هوروژمی بێ ئەمانی ئەو رووداوانەی وا بەڵێن بوو لە داهاتوویەکی نزیکدا بێن و نیشتمان لە خۆیاندا غەرق کەن، بە سەلامەتی دەربازبم. دایکم جاری وایە لەگەڵ بەرماڵەکە دەبنە یەک. جیاناکرێنەوە. سەرم بە ئارامی بەرزدەکەمەوە و، لە ژوورە تاریکەکە دەڕوانم. شەو لە دەرەوە روونترە لێرە. ئا، ئیستاکە جوان جوان دێتەوە بیرم. ئەو ئێوارەیە باوکم درەنگ هاتەوە، باوەگەورە لە حەوشە لەسەر بەردە نوێژەکە خەریکی نوێژکردن بوو، پوورم دیسان خەیاڵی شتێکی نادیار بردبوویەوە،... ئا،... ئیستا تەواو دێتەوە بیرم. رادەبم و دەچمە بەر پەنجەرەکە. لە کۆڵان چەند سێبەر تێدەپەڕن. دونیا بە شێوەیەکی سەیر بێدەنگە. باشە دایکم کە هەمیشە لە ماڵەوە بوو و سەری بە منداڵداری و چێشت لێنان و شۆردنی جلەوە سەرقاڵ بوو چۆن چۆنی توانیبووی پێش بینی داهاتوو بکات؟ دایکێک کە خوێندەواری نەبوو، رۆژنامەی نەدەخوێندەوە و هەمیشە بە سەرسوڕمانەوە لەو کتێبانەی دەڕوانی وا من لە کتێبخانە دەمهێنانەوە!

وەڕەز لەو غەدرە گەورەیەی لە من و لە ژیانم کرابوو، سەرئەنجام شەو درەنگان لە ژوورەکە دێمە دەرەوە. دایکم ئاوێزانم دەبێ و بە گریانەوە تێرتێر سەروچاوم ماچدەکا. چاوەکانمان یەکتر دەخوێننەوە. هەر دووکمان دەزانین چ خەبەرە. من قەت لێی ناپرسمەوە کە داخۆ بۆ وای کرد. ئەویش بێدەنگە. تا ساڵانی دوواتر تێدەگەم، یاخود کەسێک کە ئیستاکە لە بیرم نەماوە بۆم دەگێڕێتەوە کە رێک چەند رۆژ پێش نوێژی ئەو ئێوارەیەی دایکم، ئێوارەیەک درەنگان کاتێک خەڵکی لە ماڵەوەن، پۆلێک باڵندەی کۆچەری لە ئاسمانی شارەوە تێدەپەڕن و لە حەوش و دەرک و بانەکەی ئێمە دەنیشنەوە. تەنیا دایکم ئاگای لەمە دەبێ. بە ئارامی هەڵدەستێ و دەچێتە حەوشە. گوایا باڵندەکان دەوریان دابوو و بۆ ماوەیەکی باش قسەیان لەگەڵ کردبوو. کەسەکە دەیگوت باڵندەکان پێیان گوتبوو لە قەراغەکانی زەوییەوە، رێک لەو شوێنەوە بێکۆتایی دەست پێدەکا و ئاسمان و زەوی بە گوێی یەکتردا دەچرپێنن، هەواڵ هاتووە کە دونیا تا ماوەیەکی چاک سەرەوقون دەبێتەوە، گوتبوویان هەواڵەکە دەڵێ دونیا بە تەمای چاکە دەیەوێ وەرسوڕێ، بەڵام لێی تێکدەچێ و تا ماوەیەک کە نادیارە و کەس نازانێ چەندەیە پشێوییەکی سەیر دایدەگرێ. باڵندەکان بە دایکمیان گوتبوو ئاگات لە کوڕەکەت بێت. دایکی بەستەزمان کە تەواو هەراسان دەبێ و نازانێ چی بکا، پرسیاری ئەوە دەکا دەی چار، داخۆ چی بکا بۆ ئەوەی بتوانێ من لەوەها دۆخێک بپەڕێنێتەوە. یەکێک لە باڵندەکان گوتبووی بیخەوێنە! ئەوسا لە بن باڵە سپی و بە هێز و ماندووەکانییەوە گەڵایەکی بچووکی وەک گەڵای گۆزروانی دەرهێنابوو، کە گوایا لە تەنیشت کانییەکی سیحراوی بە دەندووک چنیبووی و هێنابووی، گوتبووی ئەمە بکە ئاوەوە و بیدەرێ با بیخواتەوە،... بۆ ساڵانی ساڵ خەوی لێ دەکەوێ. دایکم ترسی لێدەنیشێ و دەپرسێ چەند ساڵ؟ وەڵام وەردەگرێتەوە هەر چەند ساڵ تۆ خۆت پێ خۆش بێت. سەرئەنجام لەسەر دە ساڵ رێک کەوتبوون، هەرچەند باڵندەکان کاتێک هەڵفڕیبوونەوە بە لاچاو لە دایکمیان رووانیبوو.

من نازانم دایکم چەندە لەوەدا تاوانبار یاخود خاوەن مافە کە بە بێ ئیزنی من بەم شێوەیە لەسەر ژیانی من بڕیاربدا، بەڵام چیرۆکی باڵندەکان لام یەکجار سەرنجڕاکێشن. ئەم چیرۆکە دەبێتە هۆی ئەوەی من بە ئاسانی بیبەخشم و لەسەر دە ساڵ تەمەنم پڕکێشی لێنەکەم. گرینگتر لە هەمووشیان ئەوەیە کە من سەرئەنجام بۆم دەسەلمێ پیاوێکی ترسنۆک نیم و تەنیا بە هۆی ترسی کەسێکی ترەوە و بە گوێرەی بڕیاری پۆلێک باڵندەوە بەشێکی گرینگی ژیانم لە رووداوەکان دوورخرابوومەوە.

بەڵام داخۆ هەندێ رووداو ئەوە دەهێنێ وەها ژیانتی بۆ لە دەست بدەی؟ ئایا مەرگ یان کارەساتەکان ئەوەندە ترسناکن بەم شێوەیە زەمەنیان بە قوڕگدا بکەی؟ دەڵێن تەواوی ئەو دە ساڵە کاتێک لە دەرەوە دەنگە سەیروسەمەرەکان دەهاتن و هەر رۆژەی لە شوێنێکەوە هەواڵێکی ناخۆش دەهات، دایکم کە لە پشت پەردەکانەوە لە دەرەوەی دەڕوانی، خەنی لەوەی کوڕەکەی لە خەوێکی قووڵدا ئەو رۆژانە تێدەپەڕێنێ، بەردەوام دۆعای بەخێری بۆ باڵندەکان دەکرد. لای ئەو مەلائیکەکان لە قەوارەی ئەواندا هاتبوون بۆ ئەوەی بەزەیی خوا بۆ خانووەکەی ئێمە بگوێزنەوە کە گواستبوشیانەوە.

رۆژێک لێی دەپرسم بۆ لای وابوو من شتێکم بەسەر دێت. لە جوابا دەڵێ مەگەر کارەسات دەپرسێ! ئەم وەڵامەم بەدڵ نیە و کەمێک لەو کۆشکەی لە خۆمم دروست کردبوو، دەڕمێنێ. لە تەمەنی بەرەوسەرتردایە تێدەگەم کە ژیان شتێکە وەک هەیکەلێکی ناڕوون و بە قەدەر هەموو بوون کە زۆر جار تەنیا بە گوێرەی حەزی خۆی دەجووڵێتەوە. دایکانیش چەند سەیرن و چەند دونیا تەنیا بە گوێرەی منداڵەکانیان لێکدەدەنەوە. ئەوان تا مۆخی ئێسقانیان خۆپەرەست و کۆنسێرڤاتیڤن. خۆشەویستی ئەوان بۆ منداڵەکانیان، هەموو یاسا و رێساکانی دونیا لەبابەت هەوڵی مرۆڤ بۆ دەستەبەرکردنی ژیان و دونیایەکی باشتر بەسەر یەکتردا دەڕمێنن. هێشتنەوەی منداڵ لە ناو ماڵ، گەورەترین غەدری دایک و باوکە لە منداڵ.

نازانم دایکم خۆش دەوێ یان نا، نازانم رقم لێیەتی یان نا؛ بەڵام گەر بە من بێت بێگومان بە جۆرێکی تر دایکان دروست دەکەمەوە. جۆرێکی وەها کە لە جیاتی ئەوەی منداڵەکانیان بشارنەوە، بیانکەن بە گژ جیهاندا. ئەو دایک و باوکانەی زیاتر لەوەی لە چارەنووسی منداڵیان بترسن، پەرۆشی چۆنیەتی پەروەردەبوونی کەسایەتی ئەوانن لە ژیانیاندا.

رۆژێک دایکم دەستم دەگرێ و دەمبا لە یەکێک لە چەمەدانەکانیدا پەڕێک دەردەهێنێ و پیشانم دەدا. دەڵێ ئەمە تەنیا پەڕێکە لە باڵندەکانی ئەو ساڵە بەجێ ماوە و ئەمە یەکەم جاریشە پیشانی کەسێکی دەدا. لێی دەڕوانم. دەڵێ گەر دەتەوێ دەتوانی هەڵیگری. من تەنانەت دەستیشی لێنادەم، چ بگا بەوەی لای خۆم رایبگرم. بە رای من خراپترین شت هەڵگرتنی ئەو سیمبۆلەیە وا هەموو جارێک بە بینینی دێتەوە بیرت کە تەنیا لەبەر مانەوە، وازت لە ژیانکردن هێناوە. دایکیشم کە لەمە تێدەگا، چیتر هەڵیناگرێتەوە و رۆژێک کاتێک کەس ئاگای لێ نیە، لە سەر بانی دەیداتەوە دەست ئەو رەشەبایە وا دەڵێی تەنیا بۆ هەڵگرتنی پەڕی باڵندەکە هەڵیکردبوو.

بەڵام بە خۆشییەوە دایکم لە یەک شتدا هەڵەی کردبوو. ئەویش دە ساڵەکە بوو. گەر دایکم دەیویست دەبارەت بە من دڵنیا بووایە، نەک دە ساڵ، بەڵکو لەوە دەچوو بە دەیان ساڵی تریش من دەبا بخەوتایەم،... بگرە هەتا دووای مەرگیشم! نیشتمان لەوە دەچوو زۆر خراپ تێوەگلابوو.

 

باوەگەورە کاتی خۆی کە نوێژی دەکرد، تەنیا دەمی دەجووڵا. یەک تاقە وشە چییە لێت نەدەبیست. سەری دادەخست و هەتا تەواودەبوو چاوی لە بەرماڵەکە یاخود بەردەکە دەبڕی. یەکێک لە ئارامترین ساتەوەختەکانی ژیانی ئەو، کاتی نوێژەکانی بوو. دەبوو بە کەسێکی تر. ئەمە ئاسایی بوو، لەبەر ئەوەی خوا پێی گوتبوو لەم کاتانەدا دەبێ هۆش و زەینی تەنیا لای ئەو بێت و بەس. من نازانم باوەگەورە تا چەندە لە کاتی نوێژکردندا ئاگای لای خوا بوو، داخۆ سەرداخستنەکانی هی ئەوە نەبوو کە زۆر بە ئاسانی خەیاڵی دەڕۆیشت و دونیای فانی سەرلەنوێ سەرنجی دەقۆستەوە؟ بەڵام من وای دادەنێم لانیکەم لەو کاتانەدا لە ژیانی دەورووبەر دادەبڕا و ئەمە یەکێک لەو کاتانە بوو کە من حەزم نەدەکرد قەت تەواوبێت. جاری وابوو حەزم دەکرد لە جیاتی پێنج جار لە شەو و رۆژدا، بیست جار نوێژ بکا. هەر جارەیشی زیاتر لەوەی پێویست بوو لە سەر بەرماڵەکە بمایەتەوە. ئەوەندە کە بەرەبەرە خانووەکە تووڕەییەکانی لەبیربباتەوە. باوەگەورە وەک بڵێی بەمە بزانێ، لەبیرم دێت کاتێک لێدەبووەوە، مۆڕەکەیەکی لێدەکردم و منیش نیگام لەسەری هەڵدەگرت و خۆم بە شتێکی ترەوە سەرقاڵ دەکرد. سەیرە لەگەڵ ئەوەی من قەت نوێژم نەکرد و قەت یەک تاقە رۆژوو چییە نەمگرت، کەچی دەنگی بانگ و نوێژ ئارامی دەکردمەوە و، ببوو بە بەشێک لە ژیانم. وەک هەموو شتەکانی دەورووبەرم کە بە درێژایی ساڵانی تەمەنم پێیان راهاتبووم. ئەمە زۆر جار دەبووە هۆی ئەوەی بیر لە خوا بکەمەوە. لای من ئەو ساڵانە خوا بوونەوەرێکی میهرەبان بوو کە باوەگەورەی پێنج جار لە رۆژدا لە ئێمە دووردەخستەوە و دەبووە هۆی ئارامی. لانیکەم لای من. کاتێک باوەگەورە مرد و من هەڵکشام و تەمەنم گەورەتر بوو، ئەم وێنایە لام هەر مایەوە.

مامەکانم بەپێچەوانەی باوکیان، هەمیشە بە دەنگی بەرز نوێژیان دەکرد. وشە بە وشەیان دەگوتەوە و وەک بۆخۆیان دەیانگوت، بە دەنگی بەرز نوێژخوێندن خێری زۆرتر بوو. دەیانگوت لەبەر ئەوەی هەم باشتر شەیتانی راوەدەنێ و هەم وشە موقەدەسەکان هەوایان خاوێن دەکردەوە. لای ئەوان، دەنگی کەلیمە قەت نەدەمرد و بۆ هەمیشە لە هەوادا دەمایەوە، هەتا گوێی تری پەیدادەکرد و بەم شێوەیە هەتا ئەبەد بەردەوام دەبوو. لای من ئەمە چەند خەیاڵێکی جوان بوو. بەڕاستی سەیریش بوو مامەکانم بەم شێوەیە خاوەن خەیاڵی وەها بن. بە ئیستایشەوە پێم وایە هەر چواریان ئەمەیان بیستبوو و لە راستیدا هی خۆیان نەبوو. پوورم بە گاڵتەوە پێیان دەڵێ "ئەرێ، هەر ئەم کەلیمانە بوون لە هەوادا مانەوە و کەسی تر هەڵیگرتنەوە و وەزعەکە وای لێهات!" بەڵام ئەوان وەڵامی نادەنەوە. لای ئەوان چونکە پوورم دەرسی شەیتانیی خوێندووە، تازە دەرکردنی لە مێشکی مەحاڵە و بەس لە رۆژی قیامەت مەگەر خودای گەورە فکرێک بە حاڵیان بکا. تازە ئەوەی کە شووی نەکردبوو، وەک تۆڵە و سزای خوا لەم دونیایەدا لێیان دەڕوانی. مامە تەنەکە چاوەکانی بچووک دەکردنەوە و دەیگوت "جا ئیتر تێبگە لەو دونیا چ خەبەر دەبێ!"

لە ناو براکاندا تەنیا باوکم نوێژ ناکا. یەعنی دەیکا، بەڵام تەنیا بە کاتی رەمەزاندا. جگە لەمە هەموو رەمەزانیش بەڕژووە و تاقی لێناخوا. مامە رەحمان لای وایە باوکم لە قنەوە لەغاوی کردووە! بە دەنگی بەرز دەڵێ "تڕحێو، جا ئەمە کەی موسوڵمانەتییە!" باوکیشم گوێ ناداتێ و پێی وایە خۆهەڵقورتاندن لەم سەردەمەدا لەو کاتەوە لە شا راپەڕین بووە بە کاری هەموو عەبدێک و ئەمە وەک گوناهێکی گەورە لێکدەداتەوە. منیش لام وایە خۆتێهەڵقورتاندن، گەر لە سنوورێک لابدا، جێی خوا و بنیادەم دەگۆڕێ و ئەمە بۆ خڵقەت شتێکی باش نیە. تەنانەت بیستوومە مامە چاییچی جاری وایە لە مزگەوت بانگ دەدا و ئەمە کارێکی کردووە کە بە تەواوی لە چوونە بەهەشت دڵنیا بێت و لە ئیستاوە بە بەرچاوڕوونییەوە لە داهاتووی خۆی لە دووای مردن بڕوانێ. هەڵبەت باوکم قەدیم نوێژی دەکرد و وەک هەموو براکانی تری قسووری نەدەکرد، بەڵام لەو کاتەوە دۆخ گۆڕابوو و شا رۆیشتبوو، کەمێک ئیمانی لەق ببوو. باوەڕی بە عەداڵەتی خوایی لەق ببوو. ئەو ئەم کارەی خوای پێ قووت نەدەدرا و بە دایکمی دەگوت "پێم وایە جاری وایە تەنانەت لە لای ئەویش دنیا لەسەر سەر دەگەڕێ!"... ئەستەغفوروڵڵا... ئەستەغفوروڵڵا! دایکم ئەمە لە تەنیایی خۆیدا دەڵێ و بەڵام هاوکاتیش لای وایە خوا لەوە گەورەترە کە بەم جۆرە کفرانە لە عەبدی خۆی وەرگەڕێتەوە و فەرامۆشی بکا،... بەتایبەت لە رۆژی قیامەت کە رۆژێکی یەکجار هەستیارە و خوا بە هۆی ئەو ئەشقەی مرۆڤەکان بۆ ژیان هەیانە، رەحمێک لە دڵیا دەگەڕێ و ئەوەی نابێ وا بە کەڕڕات لە کتێبە ئاسمانییەکەیدا بەڵێنی دابوو.

راستی ئێمە تا چەندە مافی ئەوەمان هەیە خودا وەک حەقیقەتێکی ئەزەلی و ئەبەدی بێنینە بەرچاومان؟ چاوەکانم دەقونجێنم و هەوڵ دەدەم ئەزەلی و ئەبەدی بێنمە بەر چاوەکانم. زەمەنێک وێنادەکەم کە لە رابردووییەکی نادیارەوە دەکشێ، دەگاتە ئێرە و پاشان لێرەوە هەتا داهاتوویەکی نادیار. پاش کەمێک هێنان و بردن، لێی تێیدەگەم، بەڵام بۆم کۆ ناکرێتەوە. گەر خوا ئەمە بێت، ئەوا هیچ فڕی بە سەر ئێمەوە نیە و ئێمەیش بە هەمان شێوە. ئەو لە جیهانی خۆیدایە و ئێمەیش لە خۆماندا. ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا خۆ پیاهەڵواسینێکی روودارانەیە کە تەنیا لە داماویی مرۆڤەکانەوە دێت. نا، ئەو کاری بە ئێمە نیە، ئەوە ئێمەین خۆمانی پیا هەڵدەواسین تەنیا لەبەر ئەوەی لە دەست کورتیی تەمەن دەربازبین. باوەڕ بەخوابوون، هەوڵدانێکی بێسوودە بۆ درێژکردنەوەی خۆمان لە زەمەندا. ئەو زەمەنەی وا ناتوانین تێی بگەین و کەچی بۆ خوای جێ دێڵین تا بەو رەحمەی وا دیسان دەیخەینە پاڵی، بۆمان بگەڕێنێتەوە.

من پاشماوەی تەمەنم، هەر بەم هۆکارە، خۆم لە نوێژ و لە رۆژوو و لە باوەڕ بەدوور رادەگرم و لام وایە ژیان بەم شێوەیە دەستەمۆترە. حەزدەکەم بەقەدەر ئەو کاتەی وا دەژیم، خەیاڵم بڕوات. بڕواناکەم خوا پێویستی بە من بێت. بڕواناکەم چۆنیەتیی ژیانم لەسەری کاریگەری هەبێ. چرکەساتەکان لەوە بچووکترن لە بێکۆتاییەکاندا ببینرێن.

رۆژێکیان رێک لە دووای نانخواردنی نیوەڕۆ کاتێک هەموو خێزان راکشاون و خەریکی پشوودانی دووانیوەڕۆیانن، لە کاتێکدا دەنگی ویزەویزی مێش و مێشوولەکان تەنگیان پێ هەڵچنیوین، لە حەوشە دەبێ بە حەشر و حەلەلایەک نەبێتەوە! پۆلێکی زۆری چۆلەکە، بە جریوەجریویان دەرک و بان هەراسان دەکەن. رادەبم و دەچمە بەر پەنجەرەکە. دایکم دەڵێ داخۆ لەسەر چی شەڕیانە. لێیان ورد دەبمەوە. دەڵێی بە شوێن یەکیاندا وێڵن. لەم شوێن بۆ ئەو شوێن، بە خێراییەکی سەیرەوە دەفڕن. وەک لاسیقی خڕ، لەسەریەک لەسەریەک دەکشێن و دیسان کۆدەبنەوە. هەرچی زیاتر لێیان ورد دەبمەوە، بێ فایدەیە. هیچ شتێکی وەها سەرنجم راناکێشێ. دیسان گوێم لە دەنگی دایکم دەبێتەوە "ئەڵێن چۆلەکەکان ئەتوانن لەگەڵ خوا قسەبکەن!" ئەوسا وێنەی ئەو چۆلەکەیەم دێتەوە بیر کە لە تەنیشت سەر و دەندووک و سینگیدا ئایەتێکی قوڕئان نووسرابوو. وێنەیەک کە لەوە پێش لە شوێنێک بینیبووم. وەک بڵێی رستەکان لە دەندووکی ئەوەوە دەهاتنەدەرەوە. ساڵانی دوواتر لە دەقێکدا دەخوێنمەوە سلێمانی پەیامبەر رۆژێک لە رۆژان توانیویەتی لە گەڵ دوو چۆلەکە قسەی بکا کە تیایا مێینەکە گلەیی لە ئەشقی درۆینەی نێرینەکە کردووە و نێرینەکەیش بۆ ئەوەی سەرنجی مێینەکە راکێشێ خۆی فش کردووەتەوە و باسی لە فڕێدانی تاج و تەختی سولەیمان بە دەندووکی خۆی کردووە بۆ ناو دەریا!

چۆلەکەکان هەمیشە هەن. ئەوان، زستانە هەرە دژوارەکانیش تێدەپەڕێنن. هی بچووکییانە، زۆربوونیان، زیرەکیان یان توانای قسەکردنیان لەگەڵ خوا، نازانم. هەر ئەوەندەی،... ئەوان هەن. وەک هەموو ئەو شتانەی وا هەن. جاری وایە بوون خۆی دەبێتە هۆکار. هۆکاری خۆی.

لە پەنجەرەکە دەکشێمەوە و دەچمەوە رادەکشێمەوە. مێشکوژەکە هەڵدەگرم و ئەوەی لە تەنیشتمدا بنیشێ، پانی دەکەمەوە. چۆلەکەکان میشخۆرن. چەند حەزدەکەم هەر ئەو پۆلە خۆیان بە ژوورەوەدا بکەن و تاقبڕیان بکەن.

بە دەنگی بانگی عەسر خەبەرم دەبێتەوە. خەوێکی قورس، بە پێچەوانەی خواستی خۆم، دایگرتبووم. سەرم قورسە و دونیا جۆرەیەکی تر دێتە بەرچاوم. خۆم درەنگ دەبینمەوە. دەنگی مەلا، بەو هەوا گەرم و بێدەنگە حوزن بڵاودەکاتەوە. بازاڕ، ئەوەندەی نەماوە قەرەباڵغ هەڵگەڕێتەوە. جاران ئەم کاتانە باوەگەورە داوای چایی دەکرد. رێک لە حەوشە لەسەر بەردە نوێژەکە. چۆلەکەکان لەمێژە رۆیشتوون. دەنگێکی سەیر، دەنگێک وەک تەپڵ و زوڕنا، سەرنجم دەقۆزێتەوە. بێگومان دراوسێیەک گوێ لە گۆرانی دەگرێ. پوورم خۆ بە ژوورەوەدا دەکا و دەڵێ کۆڵانێک ئەولاتر زەماوەندە. دەڵێ وەک ساڵی ساڵان لۆتیان بانگ کردووە!

هەڵدەستم و بە پەلە خۆم دەگەیەنم. خەڵکێکی زۆر کۆبوونەتەوە و رەشبەڵەکە. سەرچۆپی کێشەکە، هەموو ئازای ئەندامی شەڵاڵی ئارەقە. لەسەر بانەکان وەک جاری جاران خەڵک راوەستاون کە زۆربەیان ژن و منداڵن. کاکی شایەر لە نێوان دوو شاباشدا پشوویەکی بۆ وەردەگرێ و دەنگ هەڵدەبڕێ "بووک زێنێ عەمرم زێنێ، ئەمنم خەڵکی گەرمێنێ، شێخی... خوایە لە منت نەستێنێ!" وشەکانی دووای 'خوا' ناگەنە گوێم. بە خۆم دەڵێم دوواتر لە چۆلەکەکان دەپرسمەوە.

کە دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە، هەنگاوەکانم سووک سووکن، خۆشییەکی یەکجار زۆر لە دەروونمدایە. بە خۆم دەڵێم "کەواتە لۆتییەکان لە دووای ساڵانی ساڵ گەڕاونەتەوە!" بە خۆم دەلێم وادیارە بەرادەر شەب ئاویزیش کەیفی بە شایی و زەماوەند دێت! بێگومان باوکیشم زۆری پێ خۆش دەبێ، هەرچەند تەمەنی هەڵگەڕاوەتەوە.

بەڵام هێشتا نەگەیشتوومەتەوە ماڵەوە کە دوو لەندکڕۆزێری پڕ لە چەکدار بە بەردەمی ماڵەکەماندا تێدەپەڕن. ئەژنۆم شل دەبێ. بە دڵنیاییەوە بەرەو ئەوێ دەچن.

دوواتر دەبیستم شاییەکەیان تێک نەدابوو. تەنیا ئەوەی ماوەیەکی باش لەو دەورووبەرەوە مابوونەوە و لە خەڵکیان رووانیبوو و،... دوواتر رۆیشتبوون.

باوکم دەڵێ نە جلوبەرگی کوردی بەو فش و هۆڵییەوە خۆی لە خۆیا بۆیان کێشەیە و نە ئەو تەپڵ و زوڕنایەی لە هەزاران ساڵ لەوە پێشەوە خەڵکی پێی سەما ئەکەن.

من شەو پێش خەوتن، لە ژوورەکە بەتەنیا سووکە هەڵپەڕکێیەکی بۆ دەکەم. هەمان شەو لە خەویشمدا پۆلە چۆلەکەکە دەبینمەوە کە دەستیان گرتووە و لە حەوشەکەی ئێمە هەڵدەپەڕن. لۆتییەکان هەر ئەوانەن وا دوێنێ بینیوومن. رۆژی دوواتر بۆ دایکمی دەگێڕمەوە. بۆ ئێوارێکەی بێ ئەوەی من بزانم دایکم چارشێو لەسەر دەکا و روو لە 'خاهاجەر' دەکا کە بەناوبانگە بۆ لێکدانەوەی خەو.

دایکم کە دەگەڕێتەوە زۆر خۆشحاڵە. هەموو گیانی پێدەکەنێ و دەجریوێنێ. چارشێوەکەی لەسەر ناکاتەوە کە ئاوێزانم دەبێ، ماچم دەکا و دەڵێ ئینشائەڵلا ژیانت پڕ دەبێ لە خۆشەویستی و لە ئارامی.

لە دەرەوە ئاسمان بە هۆی مانگی چواردەوە هیشتا رووناکە و، مل ناداتە تاریکی.

 

بیژەن ئەسغەرنژاد کە کوڕی ئاغای بورهانی ئەسغەرنژادە و کارمەندی سازمانی ئاوە، کە سەرخۆش دەبێ هەتا دەتوانێ کوڵ و کفی دەروونی هەڵدەڕێژێ و شەرمی لەکەس نیە، بەڵام تەنیا لە کۆڕی هەڤاڵە نزیکەکەنیدا. ئەگینا هەتا بڵێی لەلای خەڵکی خۆی دەگرێ و ملی دەماسێنێ. بورهانی باوکی سەرەتا شۆرەتیان چێودار بووە و دوواتر کراوە بە چاودار و سەرئەنجام بە هەوڵی خۆی کرابوو بە ئەسغەرنژاد. بورهان زۆر حەزی بەوەیە ناوەکەی حال و هەوای فارسانەی هەبێت و لە پاش گەڕانێکی زۆر سەرئەنجام لەسەر ئەسغەرنژاد ساخ ببووەوە. دیارە ئەو کات نەیدەزانی ئەسغەر لە بنەڕەتدا عەرەبییە، هەرچەند دوواتر کاتێک زانیشی، هیچی لە دۆخەکە نەگۆڕی. لای ئەو وشەکان بە رەگ و ریشەیان ناناسریێنەوە، بەڵکو بە شێوە و رادەی بەکارهێنایانە دەناسرێنەوە. بۆیە لای ئەو، ئەم شۆرەتە تەواو لە جێی خۆی بوو، بەتایبەت کە 'نژاد'یشی پێوە لکابوو. بورهانیش کۆنە مامۆستایە و ئەویش وەک پوورم هەموو شانازییەکەی ئەوەیە کە ئەگەرچی یەکەم مامۆستای شار نیە، بەڵام لە نەوەی یەکەمە و، جگە لەمە لە شاران دەرسی خوێندووە. ئەم پیاوە بەپێچەوانەی کوڕەکەی نە دەخواتەوە و نە ئەهلی قسەی قۆڕە و نە فرەوێژیشە. لای ئەو، ژیانی دەرەکی و دەروونی وەک ئاوێنە یەکتر دەنوێننەوە و بۆیە یەکجار ئاگای لە خۆیەتی. من کاتێک لە بیژەنی کوڕی دەڕوانم کە بە جۆرێک هاوڕێی سەردەمی منداڵیمە و ئیستاکە دیسان بە گوڕێکی زیاترەوە بووینەتەوە بە رفیق، دەگەمە ئەو ئەنجامەی کە بیژەن لە داخی باوکی وادەکا، یاخود لەبەر ئەوەی هەموو تەمەنی حەسرەتی ئەوەی بووە کەمێک ژیانێکی کراوەتر و خۆشتری هەبێ. بیژەن لە دڵەوە رقی لە باوکیەتی، بەڵام بە گوێرەی ئەو نەریتەی وا لە کۆمەڵگادا هەیە و کوڕ دەبێ رێزی باوک بگرێ، ئەویش لەگەڵی رایدەکێشێ.

بەهەرحاڵ.

بیژەن مشت دەکێشێ بە مێزە نزمەکەی بەردەمیدا و دەڵێ ئاخ چەندە بیری ئەو سەردەمە دەکەم!... ئاخ چەندە تاسەی بۆنی قنە خڕ و سپییەکانی سەر سەندەڵیی دووچەرخەکان دەکەم. کچە ناسکۆڵە فارس و تورکەکان دەڵێم. پوولی دۆمینەکان یەک بە خۆیان هەڵدەخەنەوە و ریزیان دەشێوێ. سیانەکەی تر دەنگیان بەرزدەبێتەوە و دەنگی دەدەن. یەکیان دیسان پوولەکان یەکدەخاتەوە. هەر وەک جارانیان. لە شوێنێکا حەپی بەیازەکەی خراپ داناوە، دەنگی دەدەن. ئەویش راستدەکاتەوە. من کە لە کەنارەوە دانیشتووم و سەیریان دەکەم، لە بۆنی تێکەڵی سیگار و ئارەقی سەگی سەرم لە گێژەوە دێت و، بۆ ساتێک بە خۆم دەڵێم ئەرێ تۆ لێرە لەناو ئەمانەدا چیدەکەی. هەمووی خەتای بیژەنە کە بە زۆر من بەم لاولادا رادەکێشێ، دەڵێم نا، نایەم و، کەچی وازناهێنێ. چەن قیرسیچمەیە. وەک گەنە پێتەوە دەلکێ. ئاخر منێک کە نە دەخۆمەوە و نە جگەرە دەکێشم و نە دوو قسەی قۆڕیشم پێدەکرێ، چی دەکەم لەناو ئەمانەدا؛ تازە باشیش پێناکەنم. تەنیا بزەیەکم لێوە دێت. لە راستیدا تەنیا شتێک کە هەمە ئەوەیە دەتوانم بە چەندین رۆژ دابنیشم و گوێ بگرم. تەنانەت گەر بێ ماناترین شتەکانیشم بۆ بگێڕنەوە. بێدەنگم. هیچ کەس هیچ شتێک لە من نابیستێتەوە. ئیستا دەزانم بیژەنی ئەسغەرنژاد بۆ ئەوەندە حەزی لە هاوڕێیەتی منە. لە سەردەمێکی وەک ئەمڕۆدا، کەسی وەک من زێڕە،... لانیکەم بۆ ئەوانەی وا وەک بیژەن وان. ئەوەی پێیان خۆش بێت لەبەر دەمیدا دەیکەن و جگە لەمە هەمیشە گوێگرێکی وەفاداریشیان هەیە کە قەت هیچ نادرکێنێ.

ـ وەی وەی وەی،... خۆ لە بیرتان دێت!... من کە دووچەرخەکەم دەبردەوە، هەتا یەک هەفتە لە ژێرزەمینییکە نەمدەجووڵاند، پیاوی ئەویست بەرەولای بچێت و دەستی لێبدات. رۆژی چەند جار بۆنم پێوەدەکرد. هەتا کونی رۆحم هەڵمدەمژی،... جوان جوان. کە پێم ئەدان سواری بن، ئیتر بۆ خۆم هەتا ماڵەوە ئەوە دووچەرخەکە بوو سوارم دەبوو! ئاخ چ زوو ئەو رۆژانە رۆیشتن،... چیمان بەخۆمان کرد. پیاو دڵی دەردێ تا قنێکی خڕی وەک جاران دەبینێتەوە و بگرە هەر نایشیبینێ. مەگەر دەکرێ بەم مانتۆ و چارشێو و جلوبەرگە فشۆڵانەوە!

من دیسان دەچمەوە ئەو ساڵانە. هەموو شتێک چەندە لە خەونێکی کتوپڕ دەچێ. هەڵبەت هیچ هەستێکم نیە بۆی. ساتەکان، هەرچەند بە درێژایی هەزاران ساڵیش بن؛ کەچی کاتێک یادیان دەکەی لەچەند چرکە زیاتر نین. مێشکی مرۆڤ چەند بێڕەحمانە هەموو کاتەکانی رابردوو دەکا بەو چرکانەی وا ئێمە سەرلە نوێ، کورت کورت، وێنایان دەکەینەوە.

بیژەن پوولێک بە تووندی دەکێشێ بە مێزەکەیدا و، دەڵێ ئەوە چییە دیسان داڵغە لێی دایتەوە؟!

من سەیری بیجامەکەی دەکەم. چوارمیلکە دانیشتووە و هەتا ئەژنۆکانی هەڵیکێشاوە. تووکی سەر سینگی لە جەنگەڵێکی چڕ دەچێ. گەر جوان بیپشکنی، تیایا شێر و پڵینگ دەبینیتەوە. ئیتر ئەوە مار و دووپشک گارانتییە. بەڵام دەبێ وەک پاڵەوانەکەی چیرۆکی ئالیس لە سەرزەمینی عەجایەب، ئەوەندە بچووک بیتەوە کە تۆیش لە ناو سینگیدا ون بیت. یەک لە سیانەکە دەپرسێ دەی عاقیبەت چیت لە دووچەرخەکەت کرد... نەکا قووتت دابێ؟

ئەوانی تر قاقا دەستدەکەن بە پێکەنین. یەکی تریان دەڵێ بەشەرەفم لەوەیش کەرترە! سێهەمینیان دەڵێ کەر نا، بڵێ بارگیر!

دووکەڵ چڕتردەبێتەوە. من هەستدەکەم لە دەرەوە کەرێک یاخود چەندین کەر پێکەوە خەریکن دەزەڕێنن. لادەکەمەوە، لە پەنجەرەکە دەڕوانم و زیاتر گوێ هەڵدەخەم. بیژەن دەڵێ خێرە، دە ساڵەکە بانگت لێ ئەکەنەوە؟! دەنگی زەڕینی کەرەکان هەتا دێت بەرز و بەرزتر دەبێتەوە. بیژەن دەڵێ بەخوا لەم پیاوە بەختەوەرتر لە دونیایا دەست ناکەوێ، ئەوەی نەبینی وا ئێمە بینیمان. دە بڵێن خۆزگەم بە خۆی! کتوپڕ یەکیان دوواپوول بە مێزەکەدا دەکێشێ و، دەڵێ دۆمینە! بیژەن تێکدەچێ،... بەڵام بێسوودە. شەریکەکەی لای وایە گەر بیژەن ئەوەندە نەڵێ و ئاگای لە کایەکە بێت باشترە. بیژەنیش لە وەڵامدا دەڵێ لە هەرە کۆنەوە توانیوویەتی چەندین کار پێکەوە ئەنجام بدا و ئەمە تایبەتمەندیی تایفەی ئەسغەرنژادە. ئەم دۆڕانەیش تەنیا بۆ خراپی دەستەکەی دەگەڕێتەوە.

من هەڵدەستم و بەرەو پەنجەرەکە دەچـم. نا، هەڵەم نەکردووە. دەیکەمەوە و دەڵێم گوێتان لێیە؟ یەکیان دەڵێ یەکەم جارە دەنگی کەر دەبیستی؟! هەموو دەیدەنە قاقای پێکەنین. بیژەن دەڵێ بەشەرەفم ئەمەیان پێکێکی تری ئەوێ، ئادەی یاڵڵا. من جاری وایە دەڵێی نایناسمەوە. ئەوسا درێژەی پێدەدا:

ـ لە گەڕەکی لادەییە خۆشەویست و بەڕێزەکانەوە دێت، گوێدرێژەکانیشیان لەگەڵ خۆیان هێناوە. کەسیان لە عایلە جێ نەهێشتووە، گوێدرێژیش وەهایە، یەکیان بزەڕێ، ئەوی تریشیان دەست پێدەکا، وەک کەڵەشێری گەڕەکە جۆراوجۆرەکانن کە گوێیان لە یەکترە، تازە خوا بگا چاوییان بە ماکەرێک نەکەوێ، ئیتر ئەبێ بە حەشروحەلەلا!... وەرە کاکی خۆم، وەرە دانیشە، دونیا هەر ئەمەی کەم بوو، با ئەم زەرەزەڕەیشی بێتەسەر.

بەڵام من هەستدەکەم کەرەکان تەنیا بەم هۆکارانە نیە دەزەڕن. ئەوان کاتێک بە لەجا دەکەون و رق هەڵدەگرن؛ یان کاتێک تووڕەیشن، دەزەڕن. پەنجەرەکە بە نیوەکراوەیی جێدێڵـم و دێم لە لایان دادەنیشمەوە. هێشتا هەفتاوشەش بە چل و نۆن. واتە بیست و شەشی باڵا بە چل و نۆی پایین! بیژەن لای وایە ئەوان بچنە سەدیش، هەر دەیدۆڕێنن. ئەو سوورە لەسەر ئەوەی بۆ بردنەوە خوڵقاوە.

ـ ئەرێ نەتگو عاقیبەت دووچەرخەکە چی لێهات ماڵ کاول،... فرۆشتت، فڕێتدا، بەخشیت یان هەر ماوە؟

ـ کوڕە کاکە، فڕێدانی چی و فرۆشتنی چی و بەخشینی چی،... هەتا ساڵانی ساڵ هەروا لە ژێرزەمینییەکەدا مایەوە، من ساڵانی دوواتریش، بگرە کە ژنیشم هێنا، هەر دەچووم و بۆنم پێوە ئەکرد، بەڵام بەرەبەرە ژنگەکەی وەها زیادی کرد کە تەنیا بۆنی ژەنگم ئەکرد و ئیتر نەچوومەوە بەلایەوە. هەتا رۆژێک بینیم لەوێ نەمابوو، باوکم دابووی بە دووچەرخە فرۆشێکی شار و وەسسەلام... نامە تەمام! منیش لێم نەوت، ئەگەرچی سەرەتا زۆر دڵم تەنگ بوو.

ژوورەکە گەرمە و، بۆنی ئارەقی لەشیش دێت. من لە کتێبەکاندا وەسفی ئارەقخۆرەکانم بینیوە. بەو ئاکامە گەیشتووم ئارەق هەرچی بیت هەرچیترت دەکا! گەر ئازابیت، ئازاتر دەبی، گەر ئاقڵ بی ئاقڵتر، گەر ترسنۆک بیت ترسنۆکتر، گەر روودار بیت روودارتر، گەر خەمین بیت خەمینتر، گەر بێدەنگ بیت بێدەنگتر. ئەگەرچی کەمێک لە بەشی ترسنۆکییەکەی دڵنیانیم و، دەبێ زیاتر بیری لێ بکەمەوە. یەکیان روودەکاتە بیژەن و، دەڵێ:

ـ هەتیو لەبەر ئەوەی کۆنە چێودارن، چاک لە کەر و شتی وا ئەزانی، بەم گۆڕینی شۆرەتە خۆتانتان لێمان گۆڕیوە! بەڵام هەر ئەوەن کە بوون. باشە ئیستا چێودار شتێک، ئەی ئەم چاودارە چی بوو،... کەرە!؟

ـ هەتیوە، باوکم سەرەتا چاودار بە عەینەک تێگەیشتبوو، هەتا پێی چوو وانیە، بەڕەکە ئاوبردبووی، بۆیە ئەمجارە تەواو ناوێکی تازەی دانا.

جەماعەت پێدەکەنن. نازانم بە چی پێدەکەنن. پێم وابێ زۆرتر جەوەکەیە جووڵاندوونی.

شەو کە دەڕۆمەوە بیر لەوە دەکەمەوە کە ئەوە چییە من بە بیژەنەوە گرێدەدا و، بۆچی من بە بێ هیچ مقاومەتێک بەقسەی دەکەم و لەگەڵی دەڕۆم. لەپڕ تێدەگەم من وەهام. من لەگەڵ ئەوەی حەزم بە تەنیایی خۆمە، کەچی دەتوانم لەگەڵ هەموو کەس هاوڕێ بم. هەر ئەوەندەی پێم بڵێن. وەک بڵێی تاقیکردنەوە، تەنیا هاندەر و تەنیا ئامانجی من لە ژیاندا بێت. نەکا هی کتێبەکان بێت. بە پوورم دەڵێم عادەتێکی خراپت فێرکردم. پوورم لە وەڵامدا دەڵێ کتێبخوێنەکان یان دەبێ ببن بە مامۆستای زانکۆ، یان نووسەر، یان لە حیزبێکی سیاسیدا ببنە ئەندام؛ ئەگینا سنووری نێوان خۆیان و خەڵکی تریان لێ تێکدەچێ و هاوڕێیەتی هەموو کەس دەکەن. من کە تازە بە هۆی دە ساڵی خەوەکەمەوە ناتوانم ببم بە ئەندامی حیزبی سیاسی یاخود مامۆستای زانکۆ، بیر لە نووسەری دەکەمەوە. ئا، من دەتوانم ببم بە نووسەر. دەتوانم،... تەنیا بەو مەرجەی دە ساڵەکانی تەمەنم، لە دەروونی خۆمدا زیاتر و زیاتر بکم. وەها نە خۆم خۆم لە نووسینەکانمدا بناسمەوە و نە ئەوانی تر. وەک غەریبێک کە چیرۆکێکی ئاشنا دەگێڕێتەوە.

 دوو مانگ دوواتر بیژەن بەسەر ئارەقخۆرییەوە دەگیرێ. لە ناو بازاڕ، لەبەر دەمی خەڵکی پەنجا زەربە شەللاقی لێدەدەن و جەریمەیەکی باشیشی دەکەن. بەختی دەبێ دەریناکەن، بەڵام وەرەقێکی پێدەنووسن کە گەر جارێکی تر دووپاتی بکاتەوە، ئەوا لە دایرەکە دەریدەکەن.

بیژەن ئیستا تەنیا لەگەڵ من دەخواتەوە. هەر خۆی. دیسان نازانم چ تامێکی هەیە. من وەک هەمیشە گوێم لە چیرۆکە کۆنەکانیەتی. رۆژێک دەڵێ دەبێ راوەستێ تا تەمەنی هەڵدەکشێ بۆ ئەوەی بیرەوەریی تری بەسەردا بێت. هەر لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ داخۆ ئەم رۆژانە هی ئەوەن ببن بە بیرەوەری!

 

بورهان ئەگەرچی ئەم سەردەمەی بەدڵ نیە و بگرە بەدڵیش رقی لێیەتی، بەڵام هەوڵدەدا وەک خۆی دەڵێ واقع بین بێت و شتەکان وەک خۆی ببینێ. چاکە چاکەیە و خراپە خراپە. هەر کەسێکیش، بەتایبەت گەر موسوڵمان بێت، بە چاکە بڵێ خراپە و بە خراپە چاکە، ئەوا لای ئەو لە رێگای خوا لایداوە و بێگومان لە پاش مردن نسیبی جەهەننەم دەبێ. هەرچەند لایشی وایە لە دووای مردن، بگرە لای خودی خوایش یاسای تر زیاتر لەوەی وا لە دەقە ئایینییەکاندا هاتووە، حاکمە و بگرە لە دووامانادا کەس نازانێ کێ بەهەشتییە و کێ نا. لای بورهان پردی سیڕات زۆر لقی تریشی لێدەبێتەوە و، ئەم رازە تەنیا لای خوا خۆیەتی و لە کن عەبدی نەدرکاندووە. جارێکیان بیژەن گوتی باوکم لای وایە دیوی شاراوەو و ناوەوەی مرۆڤەکان زۆر گرینگە و ئەمە ئەو بەشەیە کەس لێی نازانێ و بۆیە واچاکە لە ئاست یەکتردا بێدەنگ بین. بە شوێن ئەمەیشدا بە باوکی رادەبوێرێ کە ئەوەندە بێدەنگە جاری وایە لە موجەسەمە جیاناکرێتەوە.

تا ماوەیەکی باش ئەم قسەیە بە خۆیەوە مەشغوڵم دەکا. هەتا ئیستا من بەم شێوەیە لەم پرسەم نەڕوانیبوو. راستە، ئەوەی ئێمە لەسەر کەسانی تر دەیزانین روواڵەت و کردەیانە، قسەکانیانە، ئیتر کاتێک بێدەنگ دەبن، یاخود هیچ شتێک ناکەن، تەواو دادەخرێن. بەڵام مرۆڤ لێرەدا راناوەستێ، هەوڵدەدەین بەوەی لە رابردوودا کردوویانە، دیسان بیانخوێنینەوە. تەنانەت بێدەنگکییەکەیشیان. ئێمە بێدەنگیی مرۆڤەکان قبوڵ ناکەین. لای ئێمە هەموومان هەمیشە خەریکی شتێکین. بەردەوام. راوەستان مانای نیە. تا رۆژیک تێدەگەم کە من بەبێ ئەوەی بە خۆم زانیبێ، لە راستیدا لە تەواوی ئەم سالانەی وا ژیاوم، توانایەکی سەیرم لە خوێندنەوەی بێدەنگییەکانی ئەوانی دیکە هەبووە. ئەمەیش بۆ کتێبەکان دەگەڕێتەوە. کاتێک ئینسان لە بێدەنگی خۆیدا بە سەعات دادەنیشێ و لە لاپەڕەکان، یەک لە دووای یەک رادەمێنێ، بە بێ ئەوەی بە خۆی بزانێ، فێریش دەبێ هەر بەو شێوەیە لە مرۆڤەکانیش بڕوانێ و وەک رستە بێدەنگەکان بیانخوێنێتەوە. لەخۆوە نەبوو منیش ئەوەندە مرۆڤێکی بێدەنگ و گۆشەگیر بووم. نانا،... گۆشەگیر نا! حەزم لەم وشەیە نیە. گۆشەگیر دەکرێ گێژۆکەیەکیش بێت.

بەم خوێندنەوەیەی خۆم، هەستێکی لەخۆبایی بوون دامدەگرێ. سینگم راستدەکەمەوە و ملم دەکێشم. لە دوورەکان دەڕوانم. خوایش رەنگە لەم کاتانەدا لەسەر ئەستێرەیەکی دوورەدەستی ناو کاکەشانەکان هەر ئەم کارە بکات. لە خۆشیا تەسبێحێک لە جوانترین ئەستێرەکان بە پەتی تیشک سازدەکا و، حەمد و سەنای تواناکانی خۆی، لەگەڵ خۆی بۆ میلیۆنان ساڵ دەیبا. ئەو ساڵانەی وا لای ئەو چرکەیەکن.

بورهان لای وایە لابردنی 'کارخانەی بەرق' و وەسڵکردنی شار بە کارەبای سەرتاسەریی وڵاتەوە، یەکێک لەو کارە باشانەیە وا دەسەڵاتی نوێ کردوویەتی. کاتێک بیژەن ئەم قسەیەی باوکی بۆ ئێمە دەگێڕێتەوە، دێتەوە بیرم پێش ئەوەی خەوی دە ساڵە لە خۆیدا نوقمم بکا، شار بە هۆی مەکینەیەکی یەکجار گەورەوە کە بە قەدەر خانوویەک دەبوو و رێک لەناو گەڕەکەکانی شاردا، لە ناو حەوشەیەک بە دوو حەوزی گەورەی ئاوەوە کە بینایەکی شیروانی گەورەیان لە تەنیشتدا بوو، جێگیرکرابوو، بەرقی بۆ دابیندەکرا. خەڵکی ناویان لێنابوو کارخانەی بەرق! دەنگی کارخانەکە هەر زۆر زل بوو و، لە هەموو شوێنێکی شارەوە جگە لە گەڕەکی پشت تەپۆڵکەی قەبرستانەکە کە بەسەر هەموو شاردا دەیڕوانی، دەبیسترا. ئەم مەکینە گەورەیە هەمیشە بۆ رێبواران جێگای سەرنج بوو. نەدەکرا لە کۆڵانەکەی تەنیشتییەوە تێپەڕی و بۆ ماوەیەکی باش لێی نەڕوانی و بیری لێنەکەیتەوە. دەنگەکەیشی بەڕاستی ترسناک بوو، گوێی کپ دەکرد، بەڵام خەڵکی شار عادەتیان پێکردبوو و وەک بڵێی هەر دەنگی لێوە نایەت! من کە نازانم کەی و چۆن ئەم کارخانەیە گواسترابووەوە، بە بیژەن دەڵێم راستی کەی لێرە بردیان؟ بیژەن دەڵێ ئەویش بە جوانی لەبیری نیە و لای وایە کە یەکێک لە رۆژەکانی ناوەڕاستی وەرزی هاوین بووە. دێتەوە بیرم بیرەوەریی خۆش و ناخۆشم لەم کارخانەیە هەبووە. کاتی خۆی کە منداڵ بووم، بۆ ئاوهێنان لەگەڵ دایکم دەچووین بۆ ئەوێ، بۆ حەوزەکان. لەگەڵ ژنان و منداڵانی تریش. سەیری حەوزە قووڵەکان و مەکینە ترسناکەکە چ دونیایەک بوو! دەستم بە کراسەکەی دایکمەوە دەگرت و هەتا دەهاتمەوە دەرەوە، بەرم نەدەدا. دایکم کە هەڵگرتنی پووتە ئاوەکان بەم شێوەیە بۆی زەحمەت دەبوو، دەنگی دەدام؛ بەڵام من هەتا دەهاتینە دەرەوە وازم نەدەهێنا. هەر جارەو شوێنێکی کراسەکەی. دایکم بە هۆی قورسایی پووتەکانەوە شین و رەش دەبووەوە. کوڵمەلانی سوورسوور هەڵدەگەڕان. بەم شێوەیە دڵتەزێنرتین و جوانترین دیمەنی دونیا لەبەر چاوەکانمدا لەدایک دەبوو.

بیژەنی ئەسغەرنژاد راستدەکا. ئیستا لەمێژە ئەو دەنگە لەم شارە ونبووە. ئەو دەنگەی من چەندە غەریبیی دەکەم. دێتەوە بیرم جاری وابوو با لەگەڵ خۆی بە شەوانەدا دەیهێنا و دەیبرد، گا بەرز و گا نەوی. چەند بە تامەزرۆییەوە گوێم بۆ ئەم گەمە سروشتییە هەڵدەخست.

بیژەن قاقا پێدەکەنێ و، دەڵێ لە بیرت دێ ئەو بنەماڵەیەی رێک لە تەنیشت کارخانەکەدا دەژیان و، باوکیان بەرپرسی مەکینەکە بوو؟ دەڵێم ئەیچۆن لەبیرم نایەت. دەی مەگەر هەر ئیستایش لەوێ ناژین؟ دەڵێ با... با، هەر لەوێن، مەبەستم ئەو سەردەمەیە. دەڵێم ئێ!؟

دەڵێ لە بیرت دێ کاتێک لە کوڕەکەیمان ئەپرسی ئاخۆ ئەو دەنگەدەنگە ئازاریان نادا و ژیانکردن لە تەنیشتی وەها دێوەزمەیەکا زەحمەت نیە، ئەیگوت عادەتمان پێگرتووە و هەر ئاگایشمان لێ نیە! من سەیری دەکەمەوە و دەڵێم دەی راستە، باوەڕناکەم درۆی کردبێ. بیژەن وەک بڵێی رقی هەستابێ، دەڵێ کوڕە ئەی لەبیرت نەبوو چەند گەمژە ئەینواند، نەک خۆی بەڵکوو هەموویان! لەبیرت نایەت کاتێک قسەمان لەگەڵ ئەکرد چۆن گوێ رائەگرت و چەننە درەنگیش جوابی ئەدایەوە؟! ئەوسا قاقا پێدەکەنی. بیژەن راستدەکا. ئەمەم بەجوانی لەبیرە، بەڵام ئەوەی هۆکاری ئەمە کارخانەکە بووبێ یان نەخۆشی، تیایا ماوم. بیژەن درێژەی دەداتێ و دەڵێ لە کاتی شۆڕشدا تەنیا بنەماڵەیەک بوو پێم وابێ گوێیان لە هەراهەرای تەزاهوراتەکان نەبوو و بێ خەیاڵ لێی دانیشتن. دەڵێ تەنیا بنەماڵەیەکیش بوون کەسیان هیچیان لێ بەسەرنەهات. دەپرسم باشە لە دووای گواستنەوەی مەکینەکە باوکیان چکارەبوو؟ دەڵێ کوڕە ئەوە گرینگ نیە، خوا تیکەکە نانێ هەر ئەگەیەنێ.

بیر لە کووڕەکە دەکەمەوە. چەند مرۆڤێکی ئارام و مەزڵووم بوو. ئەوەی دەنگەدەنگی مەکینەیەکی گەورە، رێگای ژیانی کۆمەڵێک خەڵکی بە پێچەوانەی زۆرینە گۆڕیبێ و بە بارێکی تریدا خستىبێ، لام وەک رێکەوتێکی سەیر و عەجایەب دێتەبەرچاو. هەرچەند هەر ئەوان نەبوو ئەمە چارەنووسیان بوو. سەردەمە گەورەکان مرۆڤە لاکەوتەکان لەبیردەکا و لە بەرچاوانیان دووردەخاتەوە. دەزانم بیژەن وەک هەمیشە خەریکی گاڵتە و جەفەنگە، بەڵام گەر شۆڕش دەنگی ناو شەقامەکان بێت، ئەوا نەبیستنی بەهۆی دەنگێکی ترەوە کە بەڕێکەوت رێک لەبەر دەمی ماڵەکەتدایە، دەکرێ کردنەوەی رێگا یاخود پەنجەرەی رووانینی تر بە سەر رووداوە مێژووییەکاندا بێت.

ماسییە زەردو سوورەکانی بن حەوزەکانم دێنەوەیاد. ماسییەکانی بن قەوزەکان کە بە سەرتاسەری ئاوەکەدا پەخش و بڵاو بوون و ئەوەندەی دیکە حەوزەکانیان ترسناک دەنواند. دایکی من کە زیاتر لە هەموو ژنەکانی تر لە ئاو دەترسا و لە کاتی پڕکردنی تەنەکەکانیشدا دەستێکی هەر بە منەوە بوو، وەک من چاوی لە بنی حەوزەکە هەڵنەدەگرت. من و دایکم پێکەوە دەترساین. من هەمیشە بەخیلیم بەو منداڵانەی تردا دەهاتەوە کە بە بێ خەیاڵ و بە بێ ئەوەی کەسوکارەکانیان بەریان پێ بگرن، بە دەوری حەوزەکاندا هەڵدەهاتن، دەچەمینەوە، دەستیان بە ئاوەکەدا دەکرد و بەدەنگی بەرز پێدەکەنین. ئەو پێکەنینەی کە بە هۆی مەکینەکەوە نەدەبیسترا. لەوێ لە حەوشەکە گەورەکان پێکەوە نەدەدوان، یان کە دەدوان وەک بڵێی بەسەر یەکتردا دەیانقیژاند. جاری وابوو هەستم دەکردن پێکەوە قسەیان دەکرد بەس لەبەر ئەوەی لەناو ئەو هەراهەرایەدا بەڕێکردنی وشەکان، دونیایەکی تر بوو. کە دەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە هەتا ماوەیەکی باش گوێکانم جۆرەیەک بوون. کپ دەبوون و هەوڵمدەدا بە لەپی دەستەکانم، لە گەمەیەکی درێژخایەندا، رزگاریان کەم. جاری وابوو دەگەییمە ئامانج و جاری وابوو نا.

بیژەن دەلێ مەکینەکەیان بەسەر ترێلییەکی یەکجار گەورەوە راگواست. هەموو خەڵکی شار چووبوونە سەیری. دەڵێن ئەمجارە بردبوویان بۆ شارۆچکەیەکی دوورەدەستی تر لەو سەری نیشتمان. ئەو مەکینەیەی کەس قەت قەت هەوالێکی لێ نەبیستەوە.

ساڵانی دوواترە دەبیستمەوە کاتێک شا هاتبوو بۆ ئەم شارەی ئێمە، کارخانەی بەرقیان لەبەر ئەوەی رێک لە تەنیشت شەقامە سەرەکییەکەی شار بووە، ئەو خیابانەی وا شا لێیەوە گوزەری کردبوو و دەستی بۆ خەڵکی راوەشاندبوو،  کوژاندبووەوە. ئیستا دێتەوە بیرم ئەو رۆژە یەک تاقە گڵۆپ چییە رۆشن نەبوو. تەنیا دروشمی سەر کاغەز و سەر پەڕۆکان و گوڵ و هەراهەرا و ئیتر هیچی تر.

گەر بە حسێبی ساڵان بێت، گەر بیژەن ئیستا کارمەندی سازمانی ئاوە، منیش دەبێ کارمەندی ئیدارەی بەرق بم! من چیم لەو کەمترە. تازە گەر بزانن ئارەقخۆرە دەریشی دەکەن و وەک ئەحەی ئارەقخۆری لێ دێ کە تەنانەت بیرکردنەوە لەوەی ببێ بە کارمەندی حکومەتیش بۆی خەونە. حەتاڵ و بەتاڵی ناو جادەکان، مەجبووری کاسبیی سەرپێی، وەک دەڵێن. ئەحە دەڵێم.

رۆژانی داهاتوو هەوڵدەدەم بیرەوەریی کارخانەی بەرق لەبیر خۆم ببمەوە. یەک دوو جارێک بە یادی ساڵان بە ناو کۆڵانەکەی تەنیشتیدا دەڕۆمەوە. دڵم تەنگ دەبێ. رقم لە خۆمە کە لەو کاتەوەی لە خەوی دە ساڵە هەستاومەتەوە، بۆ یەک جاریش بێت، خەیاڵم نەچووبووەوە بۆ سەر ئەو مەکینە جادووییەی وا ساڵانی ساڵ ئەم شارەی رووناک کردبووەوە. سپڵەم؟ نا نیم. تەنیا ئەوەندەی کە خەوە درێژخایەنەکان دەتوانن زۆر بیرەوەری بکوژن و بۆ هەمیشە لە مەیدان بەدەریان بکەن. بەڵام بە خۆشییەوە ئارەقخۆرەکان هەن! ئەوان بیرمان دێننەوە. تەنیا ئەوەندەی دەبێ جورئەتی ئەوەمان هەبێ لە مەجلیسیاندا دابنیشین و لامان وانەبێ کە سەرخۆش دەبن بەتەمای کاری خراپە لەگەڵماندان. رێک وەک من.

لە رۆژێکی خۆشی هاوینیی کۆتایی خەرمانان، هەستدەکەم بیژەن و ئەحە، سەرەڕای جیاوازیی زۆری دۆخیان، کەچی یەکجار لەیەک دەچن و، وەک ئەم شارە ئێمە پێویستییەکی زۆرمان پێیانە. ئەو مرۆڤانەی مێژوونووسەکان، گەر بەڕاستی بەتەمان مێژووی راستەقینە بنووسنەوە، دەبێ ئاوڕیان لێ بدەنەوە!

 

ساڵەکان کە سەرەتا هەمیشە بە کاوەخۆ و ئارام لەبەر چاومدا تێدەپەڕین، هەنووکە دەفڕن. هەدانادەن. گەر ساڵان لە جۆبارێکی ئارامی بن شاخێکی بەرز و گەردنکەشیان دەکرد کە بە ناو مێرگ و گوڵزار و گیاجاڕەکاندا تێدەپەڕی، ئێستاکە لە رووبارێکی خرۆشانیان دەکرد کە بەناو دۆڵێکی بەستێن یەکجار لێژی پڕ لە گابەرد و گڕەبەرددا رێیان دەکرد کە تەواو بە پەلە بوون لەوەی بگەنە کۆتایی خۆیان. رووبارێک کە جاری وایە لە دەنگی بەسامی خۆی هەراسان دەبێ. زەمەن بە هەموو بوونی خۆیەوە لەبەر دەممدایە. لەهەر چرکەیەکیدا هەستدەکەم رەنگە ببم بەو دڵۆپانەی کە لە پێچێکی کتوپڕیدا لە رووبارەکە دادەبڕێن و بۆ هەمیشە لەناو زەوی زبر و وشکی کەنار بۆ هەمیشە وندەبن. بگرە رەنگە بۆ من ئەم خێراییە یەکجار زیاتر بێت. ئەویش تەنیا لەبەر ئەو دە ساڵەی وا لەو ژوورەی تیایا لەدایک ببووم، خەوم لێکەوتبوو. خەوێکی بێ مانا کە بە هیچ شتێک پاساو نادرێتەوە. بەڕاستی ژیانی من چەندە بوو؟ ئەم رۆژانە هەستدەکەم غەدرێکی گەورەم لێکراوە، غەدرێک کە لەوە پێش زۆرم هەست پێنەدەکرد. نا، دەبێ ئەو دە ساڵە وەربگرمەوە. بەڵام لە کێ؟... روو لە چ کەسێ بکەم؟ من ساڵە جۆبارییەکانم لەکیس چووبوون. ئەو ساڵانەی وا تەنانەت شۆڕشیش نەیدەتوانی بیانکا بە رووبارە پڕ لە هاژەکان. لە پەنجەرەکەوە لە دەرەوە دەڕوانم. ژیان و دەرەوە وەک هەمیشەن. لە دیمەنەکەی بەر دەممدا هیچ شتێک نەگۆڕاوە. گەر چاو بقونجێنم و هەموو ئەو ساڵانەی وا تێپەڕیون لە دەروونی خۆم بسڕمەوە، دەتوانم سوێندبخۆم تەنیا دوو رۆژ لەو رۆژەی گوزەراوە وا بۆ ئێرە گواستمانەوە. تەنانەت دەتوانم سوێندبخۆم هێشتا نەیشمانگواستووەتەوە. چاو بە دەورووبەری خۆمدا دەگێڕم. لەم خانووەدا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو تەنیا من و پوورم ماوینەتەوە. هەموو ئەوانی تر رۆیشتن. جا یان بەرەو ئەو شوێنەی وا ناویان لێناوە دونیایەکی تر، یاخود شوویانکرد و ژنیان هێنا و ئیستاکە بۆ خۆیان خاوەن ماڵ و حاڵی خۆیانن. خوشک و براکانم دەڵێم کە قەت من بە درێژایی ژیانم نەمتوانێ پێوەندی خوشک و براییان لەگەڵ دروستبکەم. ئەمەیش تاوانی کتێبەکانە. تاوانی ئەوانەی وا لەیەکەم چرکەکانەوە منیان فێرکرد ئەوەندەی سەرنجم دەبێ لە سەر دەرەوە بێ، نابێ لەسەر ناوەوەی ئەو چواردیواریانەی بێت وا تیایانا دەژیام. نا، لەمەیشدا هەڵەم. ئەی ئەوە نیە بەشێکی بەرچاوی چیرۆکەکەم باسی باوەگەورە و پوورم و باوکم و دایکمە؟! من وردیلەکانم نەبینی. جا یان هی ئەوە بوو خۆیشم وردیلە بووم، یان رەنگە هی ئەوە بوو من زۆر زوو هەوڵمدا بگەمەوە ژیانی گەورەکان، یەکجار زووتر، پێش ئەوەی هەڵبدەمێ و بگەمێ. نەکا هۆکاری خەولێکەوتنی دە ساڵەم ئەمە بێت؟ زەمەن لێم ترسا. ئەوانەی زووتر لە تەمەنی خۆیان، خۆیان هەڵداوێنە ناو رووبارە گەورەکەوە، خودی زەمەن تۆڵەیان لێدەکاتەوە.

پوورم کە پیر بووە و لەمێژە وازی لە خەونی شووکردن هێناوە، دەپرسێ داخۆ من وازم لە بیرکردنەوە نووسراوئامێزەکانم هێناوە، یاخود بەردەوام لەسەر هەمان پلانی جارانم. رووی تێدەکەم و دەڵێم "جادەکەت لەبیرە؟ وازم لێناهێنێ. ئیستایش هەر لەوێم." وە بۆنی چنارە باڵابەرزەکان لە جەستەم دەئاڵێ. کتێبخانەکە وەک هەمیشە چاوەڕوانمە. باڵندەکان بەردەوام دەفڕن. پوورم دەڵێ "ببورە دەستم گرتی و بردمی بۆ ئەوێ، گەر بمزانیایە دونیا وەهای لێدێ، لێ ئەگەڕام تۆیش وەک هەموو ئەوانی تر بی." دەڵێم "ئەزانی لە ترسا پیاوانی شار روویان تێنەکردی و بۆیە وا تەنیا مایتەوە!" بزەیەکی چرچی دێتێ و دەڵێ کە من هەڵەترین پیاوی دونیام و ئەمەیش دیسان تاوانی خۆیەتی. چاوەکانی پڕدەبن لە فرمێسک. دەڵێ "ئەزانی من تۆم رێک وەک خۆم لێکرد، پیاوێکی تەنیا وەک ژنێکی تەنیا،... ببورە... لێم ببورە، بەڵام ئەمە لە نیەتما نەبووە. بمبەخشە!" من کە سەرەڕای هەموو رووداوەکان خۆشحاڵم لەوەی کە هەم، بزەیەکم دێتێ و دەڵێم من زۆر هەست بە بەختەوەری دەکەم. پوورم چاوم لێهەڵدەگرێ و نیگا وەردەگێڕێ. لە دەرەوە دەنگی بانگی عەسر دێت. دووانیوەڕۆیەکی یەکجار گەرمی هاوینە. کەڵەشێرەکان باڵەکانیان بە یەکتردا دەکوتن بە بێ ئەوەی بخوێنن. شار هەناسەی قورسە و، تامەزرۆی بایەکی فێنکە کە لە شاخەکانەوە داگەڕێ و هەموو کۆڵان و جادەکان لە ئامێزی خۆی گرێ. فێنک فێنک بیانلێسێتەوە. دەڵێم راستی لە هەموو ئەو شتانەی وا رابردن تۆ چ شتێک زیاتر لە هەمووی سەرنجی راکێشای؟ پوورم هەروا لە خەیاڵی خۆیایەتی. چاوەڕوانم. رووم تێدەکا و دەڵێ خۆم. دەڵێ "لام وابوو خۆشبەختترین ژنی ئەم شارە ئەبم کەچی بەدبەختترینیان بووم. زانست فریام نەکەوت!" پاش کەمێک بێدەنگیی تر، هەڵدەداتەوە و دەڵێ "هەروەها تۆیش،... تەنیا جیاوازیی من و تۆ ئەوەیە من مێینەم و تۆ نەرینە." لەبەر خۆمەوە بە بێدەنگی بە خۆم دەڵێم "رەنگە ئەوەندەی نەمابێ لەگەڵ تەرمەکەی ئەمیش بچم بۆ گۆڕستان!" ئەوسا خانوویەکی تەنیا، تەژی لە خۆمی تەنیا دێتە بەرچاوم. بەلاچاو سەیری قەفەسەی کتێبەکان دەکەم. خۆشبەختانە وەک هەمیشە لەوێن. من و ئەوان پێکەوە دەمێنینەوە. دڵنیام ئەو رۆژەی دەمرم، ئەوانیش لەگەڵ من دەمرن،... دەڕۆن. ئەوسا خانووەکەیش وەک میرات بۆ هەمیشە بەسەرهاتەکەی لەم چیرۆکەدا تەواودەبێ. بزەیەکی تاڵم دێتێ. ترسناک نیە. نا،... نیە. لەبەر ئەوەی شتەکان هەر هەموویان رۆژێک لە رۆژان دەگەنە کۆتایی خۆیان. ئەوەی ترسناکە ئەوەیە کە ئێمە لە ژیانمان نەگەیەنە کۆتاییمان و هەست بکەین ‌هێشتا زۆر شت ماوە دەبێ ئەنجامی بدەین. دەڵێم چۆنە وەک ساڵان دەستم بگریت و لە جادە بەناوبانگەکەوە پێکەوە جارێکی تر تێپەڕینەوە؟ پێدەکەنێ.  سەرم لێ بادەدا. دەزانم یەعنی نا. دەڵێم ئەو ساڵانە نەمانزانی عەکسێک بگرین. بەڵام کوا کامێرا. ئەو ساڵانە، یان وێنە لە خودی وێنەگرییەکاندا دەگیرا، یان لە سەیران. لە ناو شار کەم کەس رووی ئەوەی هەبوو عەکس بگرێ. ئەو وێنانەی هەموو کەس وەک سەرباز، رەق و تەق، تیایاندا رادەوەستان. وەک بڵێی سەرگروبان یان مامۆستا بە شووڵەکەیەوە دەردەکەوت کە "بۆچی خوار وەستاوی!" تەنیا ژنەکان بە منداڵەکانی باوەشیانەوە  راحەت بوون. ئەویش بەناچاری. بە مەلافەیەکی رەش، یان سپی دیواری ناشیرینی حەوشەکانیان دادەپۆشی بۆ ئەوەی عەکسەکان شارستانیانەتر بێن. عەکسە رەش و سپیە ئەبەدییەکان کە بۆ رۆژی دوواتر، گەر لێت بڕوانیایە، دەڵێی هی سەد ساڵ لەوە پێش بوون.

بە پوورم دەڵێم زەمانی قەدیم هەر ئەو کاتیش زۆر قەدیم بوو،... لانیکەم ئەوەیکە قەدیم دەینواند. ئەو لە گەڵ ئەمە نیە و لای وایە من دیسان وەک هەمیشە خەریکە لە چاویلکەی ئیستاوە سەیری ئەوسا دەکەم. دەڵێ لای وابوو کتێبەکان فێری ئەوەیان کردووم کە بتوانم لە کاتدا جێگۆڕکێ بکەم و وەک جەستەیەک هاوکات لە چەندین شوێن هەبم. بێدەنگ دەبم. دەڵێم لات وانیە ئەم قسەیەی من جۆرێکە لەو جێگۆڕکەیەی وا باسی لێدەکەی؟ پوورم لای وایە من سەرەڕای هەموو شتێک بەڕاستی زیرەکم. لەلای ئەو، تەنیا مانەوە، باشترین دەرکەوتەی زیرەکییە. مرۆڤە زیرەکەکان لەگەڵ کەس ناسازێن، لەبەر ئەوەی بیرکردنەوەیان لە هەموو شتێک لا گرینگترە. لەبەر ئەوەی هەر خۆیان پێ راستە.

دیسان لەبەر خۆمەوە لەگەڵ خۆم خەریکی دروشمدانم. پوورم دەڵێ عەیبی نیە، هەموو کەس لەم ژیانەدا بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێ دڵی خۆی رازی بکا.

شەو درەنگانە. هەستدەکەم کەسێک لە پشت دەرگای ژووری خەوەکەمە. دەنگ هەڵدەبڕم کێیە. شێتانەتر دەنگ هەڵدەبڕم. وەڵام نیە. دڵم لەسەر هەزار لێدەدا. دەمم وشک دەبێ. لە کاتێکدا جەستەم سەر ئارەق نیشتووە، دەچم و بەپەلە دەیکەمەوە. کێیە؟ کەسێک بە لاتەنیشتی درگاکەوە خۆی حەشارداوە. لەگەڵ ئەوەی هەموو ئازای ئەندامم دەلەرزێ و دەنگم لە قوڕگمدا پەنگدەخواتەوە، بە هەر دوو دەست یەخەی دەگرم و بەرەو خۆم رایدەکیشم. دەیناسم. سیمای وەک هەمیشە چەند ناشیرینە. هاواردەکەم بەم نیوەشەوە چی دەوێ. دەڵێ هیچی ناوێ و بەهەڵە رێی کەوتووەتە ئێرە! بۆنی گرتن و زیندان و سالە پڕ لە تەنیاییەکانی ژوورە تاکەکەسییەکانی لێوە دێت. چاودەگێڕم. لە تاریکاییەکاندا کەسی تری لەگەڵ نیە. بەڵام هاوکات هەستدەکەم بەرادەر شەب ئاویز لەوێ لە شوێنێکە و هەموو رووداوەکە دەبینێ. بەس من تووڕەم، وازناهێنم. رایدەکێشم و توند دەیدەمەوە بە دیوارەکەی پشت سەریدا. دەڵێم ئاخر جارە لێرە دەتبینم... ئاخر جار،... تێدەگەی!؟ دەلێ بەرادەر شەب ئاویز داوای دەستنووسەکانم دەکا. دەڵێ نەک لەبەر ئەوەی لای وایە شتێکی خراپم نووسیوە و لە یاسا لامداوە، نا، لەبەر ئەوەی ئەویش حەزدەکا بیانخوێنێتەوە. دەڵێ بەرادەر شەب ئاویزیش وەڕەزە و زۆر کات نازانێ چی بکات. گوتوویەتی لەم شارە بچوکەی سەر سنوور، وەڕەزی گەورەترین دوژمنی مرۆڤە. ئەوسا پێش ئەوەی فڕێی بدەمە دەرەوە، لەناکاو خۆی لە ناو دەستەکانمدا وندەبێ! من دەمێنمەوە و دەستە پڕ لە هیچەکانم.

خەبەرم دەبێتەوە. هەناسەم سوارە لەوەی خەیاڵ دەتوانێ وێنای بکا،... شەڵاڵی ئارەقم. بەپەلە دەچمە ئەو دیو. بزانم داخۆ پوورم چۆنە. لە ناو تاریکییەوە وەک هەمیشە گوێم لە دەنگی هەناسەیەتی. هەناسەی پیری. کاتێک دڵنیایی ئەم ساتە خۆشانەی خەو، خۆی لە خۆیاندا نیعمەتێکی گەورەن. دڵنیام قیژاندوویشمە. لەو قیژانەی کەس بەخەبەر ناهێنن. لەو قیژانەی تەنیا هی خۆتە. چۆنە دەستنووسەکانم ببەم و پیشانی بەرادەر شەب ئاویزی بدەم؟ جا گەر قەرار بێت من نووسەر بم و کتێب بنووسم، ئەویش مافی خۆیەتی بیخوێنێتەوە. کتێبەکان هی هەموانن. ئەوەیکە چۆنی لێکدەداتەوە لە جێی خۆی. ئەمە فڕی بە نووسەرەوە نیە. رەنگە بتوانێ بەشەکەی خۆیشی تەدقیق بکا. مەسەلەن بڵێ گەر ئەو نەبایە نیشتمان لەمێژ بوو هەڵوەشابوو و هەر بەشەی گورگێکی ناوچەکە قرتاندبووی و بردبووی،... بۆ هەمیشە. وە من دێتەوە بیرم کە خراپترین ئەشکەنجەکانیش هەمیشە جوانترین بیرەکانی لە پشت بووە. بکوژەکان خۆیان خۆیان قانع نەکەن، قەت ناتوانن ئەوەی بکەن وا دەیکەن. من لام وایە لە پشت هەموو شتێکەوە بڕیارێکی تاکەکەسیانە هەیە. کەس لە راستیدا ناتوانێ کەسی تر مەجبووربکا، ئەگەر مەیلێک لەکەسەکەدا نەبێ. پەشیمانییەکان لەوە لێمان نزیکترن وا بیری لێدەکەینەوە.

بۆ سبەی بە هەموو وەرەقەکانەوە دەچم بۆ لای برادەر شەب ئاویز. دەڵێ باش بوو هاتی، ئەگینا کەسی ترم دەنارد. ئەوجا دەزانم دوێ شەو خەوم نەبینیبوو! دەڵێ جێیان بێڵە، دەیانخوێنمەوە و جوابت لێ دەگێڕمەوە. ئەوسا دەپرسێ داخۆ دەتوانێ سەرنج و تێبینییەکانی خۆی لەسەر بنووسێ. دەڵێم بۆ نا.

هەفتە و مانگ دەگوزەرێ و وەڵام نیە. نایشوێرم بچمەوە بەر دەرگای. دەزانم ئەم رۆژانە سەرقاڵە. ئاوری شۆڕش لێرە و لەو دیو سنوور کڵپە دەستێنێ. هەواڵەکان سات بە سات دەگەنە گوێ. هەناردەکردنی شۆڕش وەک هەناردەکردنی سێو و هەنگوین و فەرشی کاشان و نەوت و گاز نیە. منیش وەک نووسەرێکی باش، زیاتر، چاودێری هەواڵەکانم. چاوەڕوانم. دڵنیام رۆژێک لە رۆژان بەرادەر وەڵامم دەداتەوە.

سەرئەنجام ئەو رۆژە دەگا. دەستنووسەکان وەردەگرمەوە و دەچمەوە ماڵەوە. تەنانەت بە پووریشم ناڵێم. دەیانکەمەوە. لە سەر یەکەم لاپەڕە، لە سەری سەرەوە، سەرەتا نووسیویەتی:

"خوێندمەوە. سوور بە مانای لابردنە."

پەڕە بە پەڕە هەڵیاندەدەمەوە. دەڵێی سورێژە لێیداون. سوورەکان وەهان کە رستەکانی ژێرەوەیان ناخوێنرێنەوە!

لە خوارترەوە (وشە و رستەکان تەواو نین و هەم لە باری ئیملاوە و هەم لە باری رێزمانەوە کێشەیان هەیە. ساخیان دەکەمەوە)، نووسیویەتی:

"سەرنجەکان:

ـ پوورت بە ناردنی تۆ بۆ کتێبخانە وەک بەمەعلیم بوونەکەی خۆی هەڵەیەکی کوشندەی تری کرد،

ـ مامەکانتم خۆش ئەوێ. لە شارەکەی منیش وەستاکارەکان وەهان. بەدەم هەڵچنینی دیوارەوە ئەوەننە سەیری ماڵان ئەکەن و ئەوەننە ژنی جۆراوجۆری بە بێ حیجاب ئەبینن کە وەک مامە جوێنفرۆشیان لێدێت. لەخۆوە نیە ئێمە باوەڕی قووڵمان بە حیجاب و بەوە هەیە کە ژنان ئەبێ لە ماڵەوە بن،

ـ باوەگەورەت زۆر لە خۆڕازی یاخود بەخۆ کەم باوەڕ بووە (تووڕەییەکانی بۆ داپۆشینیان بووە)، یەک تۆز ناوچاوی کراوەتر بووایە و لە جیاتی خۆگرتن قسەی دڵی خۆی بکردایە، هەر بە حەواوە ژنی تری ئەستدەکەوت،

ـ لە خۆوە دڵت خانە سازمانییەکانی گرتووە. دەوڵەتی پێشوو ئەمانەی لە زۆر شوێن سازکردبوو. ئەمانە گەڕەکی تایبەت بە تاغووتییەکان بوون و بە هەڵاتنی شا، سەردەمیان کۆتایی پێهات،

ـ ئاگام لە باوکت بوو و ئەمزانی چی لە دەروونیا ئەگوزەرێ، باش بوو ئاقڵ بوو و تەنیا لە خەیاڵاتی خۆیا ژیا،

ـ حەزم لە کەسایەتی عەبە بێقۆلە، نموونەی زۆر بێت، بەڵام بە شەرتێک رووی لەم لاوە بێت،

ـ حەمە عوممانە تاوانی نیە، سەرباز ئەبێ گوێڕایەڵ بێت. نیشتمان بۆ هەر شوێنێکی ناردی، دەبێ لەوێ بیت،

ـ ئاغای ئەسەدی خائینی بە تەواو مانابوو، دڵنیام بە سزای خۆی گەیشتووە. جەمشیدی کوڕیشی بە کەیفی خۆی! گەر بچێتەوە سەر رێبازی باوکی، ئەوا ئەویش چارەنووسی باشتر نابێ،

ـ فەرەجیی پاسەبان، ئیستا حەتمەن ئارەقخۆرێکی پیرە. ئەگەرچی ئەمە خۆی لە خۆیا زەرەرە، بەڵام گرینگ ئەوەیە بۆ سەر نیزام هیچ مەترسییەکی ناتوانێ ببێ، لەبەندەر عەبباسیش چی زۆرە، تریاک!

ـ خازوڵەیخا و بەکرە کوێر لە مرۆڤە ونەکانی ناو مێژوون، ئەوانە هەن بۆ ئەوەی کەسانی تر هەبن. خوای گەورە نموونەیان زیادکا،

ـ حەمە سوور لە مێژە پیاوی خۆمانە، شۆرش بە بێ ئەوان سادرناکرێ،

ـ کاک بەختیار لای وایە زۆر زیرەکە،... لێی گەڕێ با ببێ!

ـ چارەنووسی عومەری کۆسە، چارەنووسی هەموو ئەوانەیە وا لەگەڵ ئێمە تێدەکەون، ئافەرین بۆ وەسفت!

ـ مینەی بنجۆگەڕ، شێخ عەوداڵ، ئەحەی ئارەقخۆر، حاجی براییمی قۆزاخ، مامۆستا سینا و ماشینەکەی، مریەمی ژنی عەبدوڵڵا کوردە، خا هاجەر، بورهانی ئەسغەرزادە و بیژەنی کوڕی و هەموو ئەوانەی تر وا ناویانم لە بیر نەماوە، لێیان ئەگەڕێم. ژیان بە هەموو رەنگەکانییەوە جوانە بەتایبەت گەر زەرەریان نەبێ بۆ پەزەکە!

لە کۆتاییدا حەزئەکەم پێت بڵێم پێم وابێ ئەتوانی ئەمە وەک کتێب چاپی بکەی، من وەک خۆم کێشەم لەگەڵیا نیە. بگرە ئەتوانم یارمەتیشت بدەم. بەشێکی مێژووت گێڕاوەتەوە، بەڵام گەر لە جیاتی تۆ بم، مادام دە ساڵ لە گرینگترین ساڵەکانی ژیانت کە هاوکات بووە لە گەڵ گرینگترین رووداوی نیشتمان، لە خەوا بوویت، وا باشتر بوو دەست بۆ قەڵەم نەبەی. کوڕی باش، هەر کەس ناتوانێ ببێ بە نووسەر. خۆ بەوە نیە پوورت دەستت بگرێ و بە جادەیەکی چۆڵدا بتبات بۆ کتێبخانە. گەر وا بووایە دونیا لەبەر نووسەر جمەی ئەهات! بە قەولی هاوڵاتیانی خۆت شەقت لە پووت هەڵدایە نووسەر دەردەپەری! "

لە زیرەکیی بەرادەر شەب ئاویز سەرم سووڕدەمێنێ.

ماڵی بەرادەر ئاوا! ئیستا دەزانم من بۆ قۆناغەکانی تەمەنی خۆمم قەت بۆ لێک جیانەدەکرانەوە.