شێعر و پەخشان

نۆ چوارینه‌ له‌ عه‌بدولوه‌هاب به‌یاتییه‌وه‌

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

سیاسییه‌ پیشه‌وه‌ره‌كان داره‌مه‌یتان ساف ده‌كه‌ن

تۆش له‌ غوربه‌تدا نه‌ ده‌ژی و نه‌ ده‌مری

له‌ چاوه‌ڕوانی ڕێگران

به‌فر و ئه‌ستێره‌ و یاقووت ده‌تشێرنه‌وه‌.

 

نۆ چوارینه‌ له‌ عه‌بدولوه‌هاب به‌یاتییه‌وه‌

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)

 مه‌سیح خوێنی خۆی به‌ پاشای كه‌ر فرۆشت

شۆڕشگێڕانیش به‌زین و

چیهان له‌ چڵپاودا نوقم بوو

ڕووپۆشی گاڵته‌جاڕانیش كه‌وتنه‌ زڵكاوه‌كانی شه‌رمه‌زاری .

(2)

ئاگرم له‌سه‌ر پێخه‌فی خۆشه‌ویستیم كرده‌وه‌

له‌به‌ر ده‌رگایاندا به‌جێی هێشتم پیر ببم، بڕوخێم

سووتاندمی ، به‌ خۆڵه‌مێشییه‌وه‌ فووی پیا كردم و

وه‌كو مار له‌ دیواریدا نووستی.

(3)

هه‌ڵكه‌ن به‌ وشه‌ په‌تكیان پساند

كه‌وتنه‌ تاریكایی بیران

پا‌ڵه‌وانی سه‌ر په‌تكانیش

وه‌ك توانه‌وه‌ی شێوانی شه‌و له‌ ڕۆژدا، توانه‌وه‌.

(4)

سوكرات!

ده‌بێ مانایه‌ك ببینینه‌وه‌ و به‌روانكه‌كان بدڕێنین

ده‌بێ بیبڕێنینه‌وه‌

ده‌بێ پێستی مه‌ڕ دابماڵرێ و ئه‌و شێواویه‌ بدرێته‌ به‌ر شواڕكان.

(5)

سیاسییه‌ پیشه‌وه‌ره‌كان داره‌مه‌یتان ساف ده‌كه‌ن

تۆش له‌ غوربه‌تدا نه‌ ده‌ژی و نه‌ ده‌مری

له‌ چاوه‌ڕوانی ڕێگران

به‌فر و ئه‌ستێره‌ و یاقووت ده‌تشێرنه‌وه‌.

(6)

ده‌بێ هه‌ڵبژێرین

باهۆز بگرین و سفران بخوولێنینه‌وه‌

ده‌بێ مانایه‌ك له‌ پشت بێهووده‌یی ژیان بدۆزینه‌وه‌

ژیان له‌م جه‌مسه‌ره‌ داخراوه‌دا خۆكوژییه‌.

(7)

ده‌بێ ڕۆما بڕوخێ و

له‌و خۆڵه‌مێشه‌دا گه‌ش بێته‌وه‌ ئاگر

برووسكه‌ دره‌ختان بسووتێنێ

ده‌بێ له‌م كۆرپه‌ڵه‌ مردووه‌دا له‌دایك بن شۆڕشڤان .

(8)

ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ ، كێ ده‌زانێ، ناگه‌ڕێینه‌وه‌

بۆ دایكه‌ زه‌مین كه‌ كۆرپه‌ی ئومێدی چاوه‌ڕوانكراوی

 له‌ هه‌ناویدا هه‌ڵده‌گرێ و ‌قووڵی ئه‌م خه‌م و به‌ڵێنانه

په‌پووله‌ی بوون به‌ ده‌وری ئاگرماندا ده‌خوولێته‌وه‌.

(9)

مردووی زیندوو بێ نان و بێ ئامانج

فوو له‌ خۆڵه‌مێش ده‌كا

به‌ڵكو نیشاپور

وه‌ك مار به‌رگی خه‌می داده‌كه‌نێ و كۆت ده‌پسێنێ.

 

 

* له‌ (عبدالوهاب البیاتی – الاعمال الشعریة‌) به‌شی دووه‌م

  بڵاو كردنه‌وه‌ی (المؤسسة العربية للدراسات والنشر) –

  بێرووت 1995 ل 95 .‌