شرۆڤە

دەروونناسیی مناڵان بەشی (٢)

لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

هۆی ئەوەی کە یەکەم ساڵەکانی ژیان زۆر گرینگن ئەوەیە کە لە ئەساس و بنەڕەتدا مێشک مەکینەیێکی فێربوونە. خانەکانی مێشک هەر لە پێش لەدایکبوونیش ئامادەن. ئەم خانانە "سلول" توانایێکی تایبەتیان پێ بەخشراوە یان باشترە بڵێین کە جۆرە شێوازێک لە "کار لەسەر زانیاری" یان تێدا دروستکراوە، ئەمە شتێکە کە لێکۆڵەران توانیویانە بیسەلمێنن.

 

دەروونناسیی مناڵان بەشی (٢)

لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

 

کۆرپەکان و ئەوەی کە  ئەوان دەیزانن

فێربوونی سەرەتایی

 

مێشکی کۆرپە هەر لە مناڵدانی دایکەوە دەسدەکات بە فێربوون. لە سێ مانگەی سێهەمەوە (٩-٦) مناڵ ئەتوانێ دەنگی دایکی ببیسێ و تەنانەت سەرەڕای هەبوونی ئاوی دەوری ئاوڵەمە (سەراو) کە ئەسەری دەنگبڕی یان دەنگ کەمکەرەوەی هەیە، لە کاتی لەدایکبوونیدا دەنگی دایکی لە ژنانی تر جیابکاتەوە. ئەم شتە لە رێگەی تاقیکردنەوەی ناسراوی بە ناو "ئەزموونی مژین"ەوە پیشاندراوە. لەم ئەزمونەدا مەمکەمژێکی تایبەت دەدەن بە مناڵەکان. یەکەم جار ریتم و خێرایی سروشتی مژینی مناڵەکان وەک ئاستی سەرچاوەیی تۆمار دەکەن، پاشان دەنگی تۆمارکراوی دایکیان کە خەریکە چیرۆکێک دەخوێنێتەوە بڵاودەکەنەوە. هەموو جارێک کە مناڵەکە خێراتر مژی لێدەدا دەنگی دایکیان بۆ بڵاودەکردەوە، بەڵام هەموو جارێک کە مژینیان خاوتر لە چاو سەرچاوەکە دەکردەوە ئەوە دەنگی ژنێکی تریان دەبیست کە هەمان چیرۆکی دەخوێندەوە. مناڵەکە خێرا فێری ئەوە بوو بۆ ئەوەی گوێی لە دەنگی دایکی بێت، دەبێت ئاستی مژینی خێراتر بکات. بەڕێوەبەری تاقیکردنەوەکە رۆژێ دواتر پلانەکەی وەرگێڕا بەو شێوەی کە مناڵەکە بۆ بیستنی دەنگی دایکی پێویستە ئارامتر و خاوتر مەمکەکە بمژێت. مناڵەکە ریتمی مژینەکەی بۆ مەبەستەکە تەنزیم کرد. ئەم "ئەزموونی مژینە " بە گێڕانەوەگەلی تر ئەنجام داوە. لەمەدا دایکەکان لە سێ مانگی کۆتاییدا هەموو رۆژێک چیرۆکێکیان بۆ مناڵەکەی سکیان گێڕاوەتەوە. لە کاتی لەدایکبووندا مناڵەکە توانیویەتی چیرۆکە ناسراوەکە کە دایکی هەموو رۆژێک خوێندبوویەوە لە چیرۆکە نوێکان جیابکاتەوە و بیناسێتەوە. ئەم تاقیکردنەوەی "ئەزموونی مژین" پیشانیداوە کە مناڵی کۆرپە ئەتوانێ هەر لە نێو مناڵدانەوە موسیقا بناسێتەوە. ئەو مناڵانە کە دایکیان لە دەورانی دووگیانیدا سەیری سریاڵیێ ئوسترالیایی بە ناوی "جیرانەکان"یان کردبوو، مناڵەکە پاش لەدایکبوونی دەنگی مێلودی کۆتایی سریاڵەکەی ناسیوەتەوە.

مناڵ لە مناڵدانا زۆر ئەجوڵێت. هەر لە حەوتوی پازدەوە ئاولەمە دەتوانێت چەند حەرەکەتی ئاشکار وەک باوێشکدان، خۆکێشانەوە و بەکارهێنانی پاکانی بۆ سوڕاندنی خۆی ئەنجام بدات. بڕێک شتی تایبەتی لە ژینگەی مناڵداندا هەیە وەک لێدانی بەنەزمی دڵی دایک کە وادیارە مناڵەکە دەیناسێتەوە و دواتر دەتوانێت ئەسەرێکی دڵدانەوەی ببێت. خوێندنەوەکان پیشانی داوە کە فرێکانسی دڵی جەنین بەرانبەر بە بڕێ دەنگ دابەزییوە کە ئەم رەتفێعلە وەک نیشانەیێک بۆ "سەرنج" ماناکراوەتەوە تەنانەت بینراوە کە ریتمی دڵی مناڵ بەرانبەر بەو هاندەرانەی کە زۆر ئاشنان لەلای، نەگۆڕ دەمێنێت (توشی گۆڕان نابێت) کە ئەمە وەک نئشانەیێک لە فێربوون لە لای مناڵی ئاولەمە لێکدراوەتەوە. خوێندنەوەکان لە سەر جەنین وانیشاندەدات کە مێشکی کۆرپە هەر لە مناڵدانەوە دەسدەکات بە فێربوون و لەبیرمان و سەرنج دان بۆ شت.

زۆربەی ئەو خانانەی کە مێشک پێکدێنن هەر لە پێش لەدایکبوونەوە دروست دەبن. ئەگەر ژینگەی نێو مناڵدان بڕی زۆر لە مادە ژارسازەکانی (toxiner) تیا بێت، وەک ئەلکول و مادە هۆشبەرەکان، دەتوانێت لەسەر گەشەی مێشک کاریگەری خراپی ببێت (لێرا مەبەست ئاستێک لەو مادانەیە کە کەسانی گیرۆدە لە جەستەیاندایە نەک جار وبار و تاک گلاسێک شەراب). هەرچەند ژینگەی ژیانی مناڵەکە بتوانێت لە بڕێک لە بواری گەشەکاندا تا رادەیێک ئەو کاریگەرییە نەرێنییە نەرمتر بکاتەوە، بەڵام ئەم کاریگەرییانە قەرەبووهەڵگر نین، یانی ناکرێت ئەو تەئسیراتە خراپە دواتر بە شێوەیێک جوبران بکەیتەوە. مێشک تەواوی تەمەنی مرۆڤەکەدا هەر بە هارمونیک ونەرم دەمێنێتەوە. ئەم حاڵەتە نەرم و لاستیکییە دەبێتە سەبەبێکی گەورە بۆ پێکهێنانی پێوەندی لە نێوان ئەو خانانەیدا کە دروسیبوون و هەن.هەموو هاندەرە ژینگەییەکان دەبنە هۆی دروستبوونی پێوەندیە نوێێکان. بەڵام هاوکات لەوانەیە ئەو پێوەندی و ئیتسالاتەی کە زۆر بەکار ناهێندرێن پاک بکرێنەوە. بۆیە ئەزمون و بەسەرهاتی تاک و تەرا ناتوانێت کاریگەری چارەنوسسازی لە سەر گەشە ببێت. لەو باریتریشەوە ئاکامی رووداوەکان ئەتوانێت تەئسیرێکی ناوەندی لەسەر ئەوە ببێت کە کام یەک لە پێوەندییەکان دەبێ پاک بێتەوە یان کامانەیان بمێنێتەوە. ئەو بەشەی لە پێوەندییەکان کە بەهێز دەبن، لە لای ئەو مناڵەی کە ئاشکرا و بەرچاو سۆز و خۆشەویستی لە ژیانیدا هەست پێدەکات، بەتەواوەتی جیاوازن لە چاو ئەومناڵەی وا بەردەوام لە نیگەرانی و ترسدا دەژی.

هۆی ئەوەی کە یەکەم ساڵەکانی ژیان زۆر گرینگن ئەوەیە کە لە ئەساس و بنەڕەتدا مێشک مەکینەیێکی فێربوونە. خانەکانی مێشک هەر لە پێش لەدایکبوونیش ئامادەن. ئەم خانانە "سلول" توانایێکی تایبەتیان پێ بەخشراوە یان باشترە بڵێین کە جۆرە شێوازێک لە "کار لەسەر زانیاری" یان تێدا دروستکراوە، ئەمە شتێکە کە لێکۆڵەران توانیویانە بیسەلمێنن. ئەم توانا زوو پێدراوەی ئەم مەکینەی فێربوونە دیاری دەکات کە لە داهاتودا چەندە موئەسێر مناڵەکە دەتوانێت شت فێربێت. لە کاتی لەدایکبووندا مێشکەکان جیاوازیێکی ئەوتۆیان لەگەڵ یەک نییە. هەموویان یەک شێوازی کار لەسەر زانیارییان تێدایە، بەڵام ئەو مێشکەی کە هەر زوو شتی باشی بۆ دەڕەخسێت دەتوانێت بە شێوەیێکی کاریگەرترگەشە بدات بە بینای دارێژراو و ئامادەی و شێوەکارەکەی بەهێزتر بکات. ئەو مێشکەی کە لە ژینگەیێکی دڵخواز و خاوەن پێداویستی بۆ فێربوون لەدایک دەبێت بەدڵنیاییەوە لە تەواوی ماوەی ژیانی کەسەکەدا باشتر دەبێت تا ئەو مێشکەی وا لە ژینگەیێکی کەمتر دڵخواز و باش لەدایک دەبێت. لەلایێکیتریشەوە لەبەر ئەوەی کە مێشک لە سەرەتاوە حاڵەتی شکڵ وەرگری (قالب پذیری) هەیە، هەمیشەدەتوانین بە گۆرانی ژینگەی مناڵ کاری ئەرێنی بکەینە سەر گەشەی مێشکی مناڵەکە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو ئیتسالاتەی لە مێشکدا  بۆ کار لەسەر زانیارییەکان پێویستە، بە شێوازێکی دڵخواز و موئەسر دروستی بکات. بۆ نمونە گواستنەوەی مناڵ لە ژینگەی نالەبار بۆ ژینگەی باش و لەبار. ئەمە حاڵەتێکی تایبەتە لە ساڵەکانی سەرەتای ژیانی مناڵدا، کە بە باشتر کردنی ژینگەی ژیانی منالەکە دەتوانین کاریگەری ئەرێنی و باش لە گەشەی داهاتووی ئەودا دروست بکەین.

لە کۆتاییدا ئەبێ بڵێین کە هەمیشە جیاوازی تاکەکەسی لە نێوان مێشکەکاندا هەیە. لە سەرەتای لەدایک بووندا ئەم جیاوازییە پتر دەچێتە سەر شێوازی کارکردنی مێشک لەسەر چالاکییە هەستییەکان (وەک ئەوەی کە چەندە میکانیزمی عەسەبی بەشی بینایی و بیسایی کاریگەرییانە کاردەکەن)، هەر وەها خێرایی لە کاردانەوەدا، واتە چەندە مرۆڤەکە خێرا بەرانبەر بە هاندەرەکان کاردانەوەی دەبێت. بەڵام ژینگە یان شوێنی ژیان دیاریدەکات کە ئەم جیاوازییە تاکەکەسیانە  کە هەموومان هەمانە، لە ئاکامدا چەندە کەم بایەخ یان بەرچاو بنوێنن. مێشکێک کە توشی کەمکاری لە بەشیێکی تایبەتدا بێت هەمیشە مەترسی ئەوە هەیە کە ئاکامەکەی کەسەکە بخاتە بەر نوقسانی گەشە لە بوارێکی تایبەتدا. بۆ نمونە کەسێک خەلەلی مێشکی لە کارکردنی بەشی بیساییدا بێت دەتوانێت لە داهاتودا خاوەنەکە لەباری زبانییەوە توشی خەلەل بکات و  توانای فێربوونی زبانی توشی موشکڵە بکات و گەشەی پێویست نەکات.

بەڵام ئەم جیاواییە تاکەکەسیانە خۆیان بەتەنیا و بە شێوەی ئاوتومات بەمانای جەبری دواکەوتن لە گەشەدا نین. تا کاتێک کە شوێنی ژیانەکە هاندەرییەکانی لە ئاستی پێویستدا بێت دەتوانێت رادەی فێربوونی مناڵی مێشک کەمکار بباتە ئاستی مناڵانێک کە مێشکیان چالاکترە. ئەگەر پێشوەخت لە کەمکاری توانای مێشکی مناڵەکە ئاگادار بین دەتوانین بەر بە دابڕانی لەگەڵ ژینگە بگرین، بۆ نمونە ئەگەر هەر زوو بزانین مناڵەکە نابیسێت یانی کەڕە. لە زۆر حاڵەتدا بە چاندنی میکرۆ چیپێک لە پشت گوێ کۆرپەکەدا (چاندنی لولپێچ ـ COCHLEAIMPLANTAT) یارمەتی دەدرێت کە وەک مناڵانی هاوتەمەنی لە باری زبانییەوە گەشەی ببێت.

جیاوازی تاکەکەسی تەنانەت لە لفەودووانەی یەک هێلکەیشدا هەیە، واتە سەرەڕای ئەوەی هەردووکیان لەیەک توخم درووست دەبن، بەڵام لەگەشەکردندا جیاوازن. هۆی ئەم جیاوازییە تا ئێستاش بۆ کەس روون نییە، بەڵام بۆچوون هەیە کە دەڵێت لەبەر ئەوەی لەوانەیە هەر مناڵێک هەست و ئەزمونی تایبەتی خۆی لە ژینگەی نێو مناڵدانی دایکی ببێت. هۆی ئەمەش دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کە بە عام یەکێک لە دووانەکان باڵادەستە و وەک یەکەم دێتە شوێنەکە و جێگەی خۆی دەکاتەوە. ئەم یەکەمە لە چاو دووهەمی کە دوای ئەم دێت جۆرێکی تر دۆخەکە دەبینێت و ئەوی تریش کە دواتر دێت بە دڵنیاییەوە وەزعیەتەکە وەک ئەوەی یەکەم هەست پێناکات. واتە هەر کامێکیان جۆرێکی تایبەت بە خۆیان ژینگەکە هەست پێدەکەن. لێکۆڵینەوەکان لە سەر لفەودووانەکانی یەک هێلکەیی پیشانیداوە کە بایولوژی شتێکی دیاریکراو بڕیارلێدراو نییە و ژینگە دەتوانیت دەوری بەرچاو و گرینگی تێدا بگێرێت.

 

درێژەی هەیە...