جەلال وەک خەڵکەکەی ژیا و بۆ نان وشەی نەدا و بۆ مان نەپاراوە. هەتا ما خۆی بوو و قەڵەمەکەی. کە مردیش شێعرەکانی وەک پۆلە ریشۆڵی ئێواران بە هەموو دار و حەسارێکی شار و دێ دا نیشتنەوە و رەشپۆشانە و مات مەرگی پەنجە بەهێزەکانی جەستەیێکی لاواز و دڵێکی فراوان تازییەباریان دەکات.
جەلالی مەلەکشا شاعیری قەڵەم ئازاد
قەڵەمی ئازاد لە دونیای فریو و رەنگ و درۆ زەحمەت دەتوانێت هەناسە بکێشێت، ئازار دەبێتە خۆراکی و هەناسەی پڕ دەبێت لە ژاری بێنازی و تۆزی خەفەت.
جەلالی مەلەکشا ئەو قەڵەمە بوو کە بۆ سەربەخۆییەکەی باجی دا. قەڵەمەکەی راگرت و هەموو دونیای توڕدا. پشتی کردە دەسەڵاتەکان و رووی کردە خەڵکەکەی. قەڵەمەکەی کردە گوڵ، کردیە گوللە، وشەکانی دڵ لاوێنی خەڵکی بوو و دڵ لەرزێنی دوژمنی گەلەکەی. جەلال وەک خەڵکەکەی ژیا و بۆ نان وشەی نەدا و بۆ مان نەپاراوە. هەتا ما خۆی بوو و قەڵەمەکەی. کە مردیش شێعرەکانی وەک پۆلە ریشۆڵی ئێواران بە هەموو دار و حەسارێکی شار و دێ دا نیشتنەوە و رەشپۆشانە و مات مەرگی پەنجە بەهێزەکانی جەستەیێکی لاواز و دڵێکی فراوان تازییەباریان دەکات. لەگەڵ ئەوان هەموو کوردستان تازییەبار و خەمبار دeبن. لاپەڕەکانی فەیسبوک و هەموو میدیاکان باس لە قووڵی رۆچوینی رەگی خۆشەویستی جەلال لە دڵی تاک و کۆمەڵی کۆمەڵگای کوردی دەکات.
ئێمەش وەک سایتی قەڵەم مەرگی جەلال دەمانتەزێنێت و هاوخەمیی خۆمان دەردەبڕین و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی کاک جەلال و دونیای ئەدەب دەکەین. هیوادارین رێگای قەڵەمی پڕ رێبوار بێت و ناو و یادی بەرز.
هەتا لووتکە چەندی ماوە؟
دانامرکێ
هەتا دێ هەر زیاد ئەکا
گڕ و گڵپەی ڕۆحی یاخی بووی ئەشقیام
ڕامەوەستە، بڕو لە لام
با تاوانی من تۆش نەگرێ
ستاقی سایتی قەڵەم
٣١ ئۆکتۆبری ٢٠٢٠