توندئاژۆیی و مرۆڤ

توندئاژۆیی بریتییە لە توندڕەوی لە ئەندێشە و لە کرداردا، جا لە هەر سیستمێکی فیکریدا بێت. کەسی توندئاژۆ هەمیشە ئەو ئیزنە بە خۆی دەدا کە خاوەنی راستترین بۆچوون و لێکدانەوەیە لەو بوارەیدا بۆ خۆی لە بەرچاویدایە. توندئاژۆ پرینسیپگەرایە، واتە بۆ پاڵپشتی کردنی کرداری خۆی روو دەکاتە دەقەکان و کەمتر روودەکاتە دان و ستانێکی دیمۆکراتیانەی گفتوگۆئامێز لە نێوان گروپی باوەڕداردا.

 

لای کەسی توندئاژۆ مرۆڤ کەمتر لە پرینسیپ بایەخی هەیە، واتە بۆ ئەو مرۆڤ ئامرازە نەک ئامانج. بۆیە بۆ توندئاژۆزۆر ئاسانە کە مرۆڤەکان بەرەو بەرەکانی جەنگ و کوشتن یاخود تیرۆر و لەناوبردنی جەستەییانەی نەیارانی خۆی هان بدا.

کەسی توندئاژۆ، باوەڕی بە شتە پیرۆز و موقەدەسەکانە. پیرۆز و موقەدەس دەکا بۆ ئەوەی دیاردەیەکی وەها بان لە دەسەڵات و توانای مرۆڤ دروست بکا بۆ ئەوەی زۆر راحەت بتوانێ هەم خۆی بسەلمێنێ و هەم بچێتە شەڕی ئەوانی تر. توندئاژۆ لە بیری دەباتەوە کە لە پێناوی هیچ باوەڕ و عەقیدەیەکدا هیچ مرۆڤێک شیاوی کوشتن و ئەشکەنجەدان نیە.

 

جاران کە جیهان کەمتر لە گەڵ یەکتر پەیوەندی هەبوو و کۆمەڵگاکان تا رادەیەکی زیاتر دوورتر لە یەکتر دەژیان، رەنگە توندئاژۆیی بە قەدەر ئەمڕۆکە کە جیهان زیاتر پێکەوە گرێ دراوە و بە جیهانی بوون زۆرتر پەرەی سەندووە، دیاردەی توندئاژۆیی زۆر ترسناک نەهاتبێتە بەرچاو. بەڵام لە جیهانێکدا کە رەش و سپی و سوور و زەرد، موسوڵمان و جولەکە و مەسیحی و کومۆنیست و ئینسانگەرا و لائیک، دەرگا بە دەرگا دەژین، توندئاژۆیی دەتوانێ ترسناکترین دیاردە بێت. لەم سەردەمەدا ئیتر بۆ ئەوەی باوەڕدار بە ئاینێک، باوەڕدار بە ئاینێکی تر بکوژێ پێویست ناکا لەشکرکێشی بکا و سنورواسنور بڕوات. بە پێچەوانەوە دراوسێکەی لەوێ لە تەنیشتیدایە و هەر بۆیە دەست پێڕاگەیشتنی یەکجار ئاسانتر!

 

هەربۆیە لەم جیهانەی ئێمەدا مرۆڤ پێویستی بە شێوازێکی تری ژیان هەیە، شێوازێک کە تێیدا هەر مرۆڤێک لە گەڵ پاراستنی باوەڕی خۆ، رێز بۆ باوەڕی ئەوانی تر دابنێ و خۆی نەخاتە ئەو ئاستەوە کە ئەرکی گۆڕینی ئەوانی لە رێگای هەڕەشە و توند و تیژییەوە لە ئەستۆدایە. تۆلڕانسە، ئازادی باوەڕ و ئەقیدە، دیمۆکراسی و باوەڕ بە ماڤەکانی مرۆڤ ئەو چوار ئەرکانەن وا دەتوانن ئارامی و هێمنی ژیانی ئەمڕۆی بەشەر دابین بکەن، رایبگرن و بەردەوامی پێببەخشن.

سایتی قەڵەم

 

١٦ یانواری ٢٠١٥    

بازدید: 1334