چیرۆک

هاوینی رق

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کاری ئەو کاسە کێشییە. لە نێوان کۆگای قوڕەکە هەتا دیوارەکە شوێنی راوەستان و هات و چۆی ئەوە. لەوە زیاتر ناتوانێ دوور بکەوێتەوە. ئەو دیوارەیش وا کورەکە لە بەریدا رادەوەستێ، دوو مەترێک لەم دوورە. موبایلەکەیش ئەوەندە گەورە نیە کە بتوانێ بە رێکەوتیش بێت ئەوەی ببینێت کە لە ناویدا روودەدات. تازە لەو هەوا گەش و روونەیشدا ئیتر یەکجار زەحمەتتر.

 

کە هاوینی لێدێت، بە قەدەر زستان دڵتەنگ دەبێ. رقی لە خشت و ئاجورەکان دەبێتەوە، رقی لە تۆزی سەر جل و بەرگەکان و بۆنی قوڕە،... لە بۆنی بن باخەڵ و بۆگەنی ناو پێڵاوە لاسیقییەکان و لەو دەم و لێوانەی توێژاڵێکی سپی دەگرن و کاتێک دەدوێن هاڵاوێکی گەرمی پڕ لە بۆنی ناخۆش بە دەوری خۆیاندا دەپژێنن. کە هاوینی لێدێت، ئەو رقی لە ئاسمانی بەرز و لە هەتاو دەبێتەوە. گەر شوێنێکی تریش هەبێ لە بانی ئەوانەوە، ئەوا رقیشی لەوێیە.

نە بۆ خۆی و نە کەسی تریش نازانن جەستەیەکی وەها بچوک چلۆن دەتوانێ ئەوەندە رقی تیا جێ بێتەوە. "شوێن" رەنگە کاری بە سەر گەورە و بچوکیی جەستەوە نەبێ.

ئێوارەیەک کاتێک بۆ ماڵەوە دەگەڕێتەوە، لە کۆڵانێکی نزیک خانووەکەیان، لە کاتی تێپەڕینی دا دەستە خوشکێک کە دانیشتوون، دەست بە لوتیانەوە دەگرن و روو وەردەگێڕن.

لەو رۆژەوە رقەکەی لە ئاسمانەوە دابەزی و هاتە سەر زەوی،... ئەوەندە نزیک کە ئیستاکە رقیشی لە خۆیەتی. لەو رۆژەوە پرسیارە گەورەکەیش رووی تێکرد: "مەبەست لە ژیان چییە؟"

 

ماوەیەکە شتێکی بچووکی دەستی منداڵی خاوەن کارەکەی کە هەر لە تەمەنی خۆیدایە، سەرنجی رادەکێشێ و، پێدەچێ بۆ ماوەیەکەیش بێت رقی بە گشتی لە بیر بردووەتەوە. بە تەواوی، هەست و نەست و سەرنجی لە سەریەتی. شتەکە تەلەفۆنە، بەڵام زیاتریشە لە تەلەفۆن. ئاگای لێیە لە بەر سێبەرەکەدا کاتێک لە گەڵ باوکی دێ بۆ سەردان، رادەوەستێ، بە دەستییەوە دەگرێ و سەیری دەکا. ئەوەندە نوقمی سەیرکردنە کە جاری وایە لە بیری دەچێتەوە لە کوێیە و لە گەڵ کێ هاتووە. گووشییەکیش بە گوێیەوەیەتی. جاری وایە قاقای پێکەنینی ئەوەندە دەڕوا کە هەندێ لە قوڕەکانی کەنار ئاجورە تازە دانراوەکان دەکەونە خوارەوە!

ـ "ئەوە چییە دەتوانێ بەم هاوینە گەرمە مرۆڤ وەها بێنێتە پێکەنین؟"

منداڵەکە ئەگەرچی لە تەمەنی خۆیایەتی، بەڵام جگە لە یەک رۆژی یەکەم کە کەمێک سەرنجی چووبووە سەر ئەم، ئیتر لەوە بەدووا دەڵێی هەر نەیشی بینیبوو. پەیکەرێکی حازری ون. بەڵام ئەم هەمیشە ئەوی دەبینێ. نەک هەر ئەو، بەڵکوو ماشینەکەیان، جل و بەرگەکەی، پێڵاوەکانی و تەنانەت جۆری قژی و مودێلەکەی. لەو رۆژەیشەوە وا قاقای پێکەنینەکانی گوێ لێ ببوو، حەسرەتی زانینی ئەوەی کە لە لە ناو تەلەفۆنەکەدا چی دەگوزەرا، شێتی کردبوو.

ـ "ئەوە چ شتێکە دەتوانێ وەڕەزیی ناو گەرما بڕەوێنێتەوە؟"

کاری ئەو کاسە کێشییە. لە نێوان کۆگای قوڕەکە هەتا دیوارەکە شوێنی راوەستان و هات و چۆی ئەوە. لەوە زیاتر ناتوانێ دوور بکەوێتەوە. ئەو دیوارەیش وا کورەکە لە بەریدا رادەوەستێ، دوو مەترێک لەم دوورە. موبایلەکەیش ئەوەندە گەورە نیە کە بتوانێ بە رێکەوتیش بێت ئەوەی ببینێت کە لە ناویدا روودەدات. تازە لەو هەوا گەش و روونەیشدا ئیتر یەکجار زەحمەتتر.

بەڵام ئەو دەبێ بیبینێ،... بیدۆزێتەوە! بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا شوێن کەمێک دەگوڕێ، ئیستا لەو تەنیشتەوە قوڕ تێدەکا و دەیبا کە بە دیوارەکە نزیکترە، بەڵام دادێک نادا. تەرمۆسی ئاوەکە بۆ رۆژی دوواتر لە لای دیوارەکە دادەنێ، بەو هیوایەی لە کاتی ئاوخواردنەوەدا بتوانێ بیبینێ، بەڵام بێ سوودە. هەوڵ دەدا بە دەم کوڕەکەوە پێبکەنێ و بەڵکوو ئەمە بەرەو دەرفەتێکی ببات، بەڵام کوڕەکە وەک بڵێی هەر لە دونیایەیشدا نیە،... ناژی و قەتیش نەژیاوە.

ئێوارەیان لە ماڵەوە بیری لێدەکاتەوە. بە هیچ کوێیەک ناگا. کە سەیری تەلەفزیۆنیش دەکا هەر بیری لێدەکاتەوە.

ـ "رەنگە کارتۆن بێت، وەک ئەم کارتۆنانە."

بەڵام ئەم زۆری پێکەنین بە فیلمی کارتۆنەکان نایەت. ئەو پێکەنینیەی کوڕەکە پێدەکەنێ، شتێکە لە چەشنی شێتیەتی. لە چەشنی شتێکی یەکجار خۆش. ئەم ئاگای لێیە کە جاری وایە هەم ئەم و هەم هەندێ لە کرێکارەکانی تر لە گەڵی خۆ بە خۆ دەکەونە پێکەنین. پێکەنین هەمیشە وابووە. هەموو تێوە دەگلێنێ. ئەگەرچی لە ژێر هەتاوێکی برژاویشدا ئارەق بڕێژیت و نەیشزانی هۆکاری پێکەنینەکە چییە.

رۆژێک کاتێک کوڕەکە لە گەڵ باوکی دێتەوە بۆ سەردان، کورسی و مێزێکی بچکۆلانەیش لە گەڵ خۆی دەهێنێ. لە کاتێکدا بە لاچاو سەیرێکی ئەم دەکا، کورسی و مێزەکە لە بن دیوارەکەدا دادەنێ و لە سەری دادەنیشێ و قومقومەی ئاوەکەیشی دەخاتە سەر مێزۆچکەکە. ئەوجار ئایفۆنەکەی دەردەهێنێتەوە و، دەست دەکا بە سەیرکردنەوەی. پێکەنینەکان ئەوەندەی تر شەپۆلەکانی گەرما دەوروژێنن. ئارەق هەدا نادا.

خەندەکانی ئەمڕۆ جیاوازن. یەکجار شێتانە و خۆشن. وەها کە کرێکارەکانیش هەموو سیمایان دەبێ بە بزە بەردەوامەکان. کوڕەکە جاری وایە دەست بە سکییەوە دەگرێ و بە لادا دێ. کورسییەکە لە سەر خۆڵەکەی ژێری دەکەوێتە خشە خش. ئەم هەست دەکا تەنانەت هەتاویش بەو سەرەوە پێدەکەنێ. بەلاچاوسەیرکردنەکانی کوڕی بەر سێبەرەکە بەردەوامن. دڵی ئەمیش خەریکی ئارەق کردنەوەیە.

کتوپڕ کوڕەکە هەڵدەستێ و دەڕوا. تەلەفۆنەکەیش لە سەر مێزۆکەکە بەجێدێڵێ. دەڕوا و لە ناو بیناکە ون دەبێ. ئەم کە یەکەم جارە شتی وا دەبینێ، بە سەرسوڕماوەیەوە چاوەکانی لە نێوان تەلەفۆنەکە و بیناکەدا دێن و دەڕۆن. "رەنگە کاری بە باوکی بێت، یاخود کاری ئاودەست" چەند خولەکێک تێدەپەڕێ. نیشانێک لە گەڕانەوە نیە. هەتا ئایفۆنەکە، دوو مەتر مەودایە. گەر بیەوێ و زیرەک بێت دەتوانێ بیبینێ. ئاوات، یەکجار نزیکە، نزیک بە قەدەر جورئەتێک. بە بیانووی ئاوخواردنەوەوە خۆی لێ نزیک دەکاتەوە. نیوەی پرداخەکە دەخواتەوە. رادەوەستێ و سەیرێکی دەورووبەری دەکاتەوە. هەموو مەشغوڵن. عادەتی کار، سەرنجی دەورووبەری پێ لەبیربردوون. نیوەی تری پەرداخەکە هەڵدەگرێ بۆ سەر کورسییەکە! رێک، بێ پەروا دەچێ و لە سەری دادەنیشێ و دەست بە جێیش دەست دەداتە تەلەفۆنەکە. بە خۆشییەوە وێنەکان هەر وا لەوێن. لە چاوەکانی نزیکی دەکاتەوە. رۆشنایی و تیشکی گەشی هەتاو ناهێڵن. کەمێک ئەم لاو لای پێدەکا و سەرئەنجام گۆشەنیگای گونجاو دەدۆزێتەوە. لە سەر سەفحەکە نووسراوە:

ـ "لە قو... دایکت بەم!"

رستەکە لە سەر ئەو وێنەیەیە کە ئەم لە کاتی قوڕتێکردندا پیشان دەدا.

دادەچڵکێ، تەلەفۆنەکە فڕیدەداتە سەر مێزۆچکەکە و رەپ هەڵدەستێتە سەر پێ. بە پڕتاو سەیری دەورووبەری دەکا،... سەیری کرێکارەکانی تر. بە خۆشییەوە کەس ئاگای لێ نیە، بەڵام پێکەنینێکی شێتانەی کتوپڕی، شێتانەتر لەوەی ئەم رۆژانە گوێی لێبووە، نیگا و سەرنجی دەقۆزێتەوە. کوڕەکە دەبینێ کە لە ناو دەرگای ناتەواوی بیناکەدا راوەستاوە، سەیری ئەم دەکا و، پێدەکەنێ و پێدەکەنێ. ئەو دەستانەیش دەبینێ کە جاری وایە ئاماژەن بە ئەم و، جاری وایشە بە رانەکاندا شێتانە دەکیشرێن.

زستان خۆشترین وەرزی ساڵە لای ئەو، ئەگەرچی یەکێک لەم زستانانە بوو دایکی لە گەڵ خۆی برد.