ما 581 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەنووسین لەبەر ئەوەی دەمانەوێ بەجۆرێک ئەوی تر بین و لەوی تر بگەین. دەنووسین لەبەر ئەوەی لەوی تر گەیشتن قووڵبوونەوەیە لە رەوتێکی نووسین ئامێزدا. چونکە تەنیا وشە و رستەکانن ئەو ئیزنەمان دەدەنێ لە بەرینترین و قووڵترین ماناکانی خۆیاندا بە ناو کەسایەتی ئەوانی تردا شۆڕبینەوە. نووسین خۆکوشتنی خۆمانە لە پێناوی ئەوەیکە خۆمان ئیزنی دەربڕینی بیروڕاکانی هەبێ.

 

کۆمەڵگا شوێنی هەبوون و خۆدەرخستنی هێزە جۆراوجۆر و زۆر جار دژ بە یەکەکانە. ئەو هێزانەی پێکەوە لە سترۆکتۆرێکی پێکەوە گرێدراو دەژین و بۆیە لەگەڵ ئەوەی دەتوانن وەک بوونێکی جیاواز و سەربەخۆ بنوێنن، بەڵام هاوکات بوونی خۆیان لە یەکترەوە وەردەگرن. ژیان، شوێنی هاوکاری و لە هەمان کاتدا ململانێی نێوان ئەم هێزانەیە. رەنگە هەوڵی هەر هەمووشیان ئەوە بێت کامیان دەتوانن لە کۆتاییدا رۆڵی سەرەکی پەیدابکەن و ئەوانی تر بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە. ئابوری و سیاسەت بە جوانی دەرخەری ئەم دیاردەیەن. ئابوری و سیاسەت بۆ وێنە لە سەردەمی مودێڕندا کە پێوەندییە کاپیتالیستییەکان زاڵن، لەم یاسا نەگۆڕە پێڕەوی دەکەن. ئەوەی نەچێتە ئەم گەمەیەوە دەیدۆڕێنێ. مەرجی سەرەکیی سەرکەوتن، ملکەچبوون بەم یاسایەیە. ئەوەی نەتوانێ بەستێنە گشتییەکە بخوێنێتەوە، ناتوانێ لە دیاریکردنی ئامرازەکان و باش کەڵک لێوەرگرتنیان سەرکەوتووبێت. لێرەوە ژیان سەرتاپا دەبێ بە ململانێیەکی بێ بەزەییانە کە هەم سەرچاوەی سەرکەوتن و هەم سەرچاوەی ژێرکەوتنە. بۆیە لە وەها سترۆکتۆرێکدا، ململانێ بە دووائاستی خۆی دەگا. مرۆڤەکانی ناو وەها کۆمەڵگایەک ئەوەندەی لە پێشبڕکێ و ململانێدا خۆیان دەبیننەوە خۆیان لە پێوەندە کۆمەڵایەتییەکانی تردا نابیننەوە. لێرەوە جۆرێک لە لەخۆنامۆیی مرۆڤ لە ئاست خۆیدا روودەدا، چونکە مرۆڤ لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و بە بێ یەک ناتوانێ درێژە بە ژیانی بدا و بۆیە زەقبوونەوەی لەرادەبەدەری ململانێ ئەم خەسڵەتە کۆمەڵایەتییەی دەخاتە ژێر گوشارەوە و، دۆخێکی ناسروشتیانەی بۆ دەخوڵقێنێ. سروشتی مرۆڤ وەک بوونێکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ دەستکردبوونی لەرادەبەدەری سیستمی مودێڕن دەکەوێتەوە ململانێوە.

دەزانین رۆمان لە بنەڕەتدا دیاردەی سیستمی کاپیتالیستییە. واتە کاتێک 'تاک' بەرجەستە دەبێتەوە و چیدی وەک جاران 'کۆ' خاوەن مانا و خاوەن گرینگیی نیە. رۆمان بەرجەستەکردنی تاک و رۆچوونە بە ناو ناخ و ژیانی تاکدا لە نوواندنەوەیەکی ئەدەبییدا. بەسەرهەڵدانی تاک و پچڕانی لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی جارانی، نووسەر ئەو دەرفەتەی بۆ دەخوڵقێ لە فەزایەکی مودێڕنی کاپیتالیستیانەدا ئەم بوونەوەرە بداتەوە بەر سەرنج. تاکێک کە بە هۆی ژیانی شارنشینی، تەریک کەوتنەوەی لە کۆمەڵگادا و هەروەها سەرهەڵدانی دەرفەتە زیاترەکان لەبەردەمیدا ئەو مەجالەی بۆ دەخوڵقێ دونیای خۆی لە ئاست دەروونی و دەرەکیدا بەرفراوانتر و قووڵتر بکاتەوە و بەم شێوەیە جۆرێکی تر لە مرۆڤ پیشانبدا.

بەڵام داخۆ وەک دونیای سیاسەت و ئابووری، دونیای ئەدەبیش ملکەچی ململانێ و پێشبڕکێە؟ بە واتایەکی تر لە دونیای ئەدەب، واتە لە ناو دەقدا، نووسەر لە خوڵقاندنی کاراکتێرەکانی خۆیدا بە تەمای پیشکەشکردنی نموونەیەکە بۆ ئەوەی بە مرۆڤەکانی تریش بڵێ بۆ ئەوەی لە وەها کۆمەڵگایەکدا ئێوەیش سەرکەوتووبن، دەبێ وەهابن؟

لەگەڵ ئەوەی نووسەر خۆی لە خۆیدا خاوەن ئایدیۆلۆژیا و روانگە و بۆچوونی تایبەت بە خۆی لە ژیانیدایە، بەڵام بە پێچەوانەی دونیای ئابووری و سیاسەت، لەگەڵ دەقی خۆی وەها مامەڵەیەک ناکا. بە واتایەکی تر دونیای ئەدەب دونیای ملکەچبوون بە ململانێ و پێشبڕکێ و سەلماندنی ئەم جۆرە دونیایە نیە، ئەوەندەی تەنیا دەیەوێ لە رێگای نواندنییەوە پیشانی بدا کە ئێمە لە چ سەردەمێکدا و بە چ تایبەتمەندییەکەوە دەژین. ئەوەندەی کە دونیای دەق دونیای نوواندنەوەی وەها راستییەکە.

بۆ نواندنەوەی وەها دونیایەکیش رەنگە کەس بەقەدەر نووسەر پێویستی بە حوزوری هەموو جۆرە کاراکتێرێک لە ناو دونیای دەقی خۆیدا نەبێ. گەر لە ناو دونیای ئابووری و سیاسەت، فوکوس و خڕبوونەوە لەسەر مرۆڤە سەرکەوتووەکانە و ئەوانن هەمیشە لە ریزی پێشەوەن، بەڵام لە جیهانی ئەدەبدا جاری وایە پێچەوانە دەکەوێتەوە و ئەوانەی وا وەلانراون، رۆڵ و نەقشی سەرەکی پەیدادەکەن. یاخود زۆرجار دەبینین کاراکتێرە جۆراوجۆرکان پێکەوە دونیای دەق پێکدێنن. لە وەها دونیایەکدا جاری وایە دژەپاڵەوان باشتر خەسڵەتەکانی دونیای پڕ لە پاڵەوانی دەرەوە دەنوێنێتەوە.

لە راستیدا جیهانی دەقی ئەدەبی، جیهانی گەڕانە بە شوێن کەسایەتییە فەرامۆشکراو و نەدیتراوەکانی ناو کۆمەڵگادا. گەڕانە بەشوێن ئەو دیاردانەیدا وا کەمتر دەبینرێن و کەچی هاوکات زۆر کەسیش ئاگای لێیانە! ئاگادارییەکی پڕ لە فەرامۆشکاری و پڕ لە خۆبواردن. یاخود فرامۆشکارییەکی پڕ لە ئاگاداری. تەنیا لەبەر ئەوەی وەها بیرهێنانەوەیەک بەمانای لەبیرکردنی دونیای پڕ لە ململانێی دەرەوەیە و ئەمەیش لە دووائەنجامدا بە مانای دۆڕاندنی خۆمانە لەوەها جەنجاڵێکدا. ئەدیب ئەمەمان بە بیردێنێتەوە.

کاتی خۆی 'ڤۆڵتێر' بیرمەندی فەڕەنسی لە سەدەی هەژدەدا رستەیەکی گوت کە یەکجار ناوبانگی دەرکرد. ئەو دەلێ ئەگەرچی من لەگەڵ بیروڕای تۆ نیم، بەڵام ئامادەم لە پێناوی ئەوەیدا تۆ بتوانی بیروڕاکەت دەرببڕی، گیانی خۆم بدەم! ڤۆڵتێر کە بە باوکی تۆلێرانس بەناوبانگە، لە رێگای ئەم بۆچوونەوە تەنیا باس لە پرسێکی ئەخلاقی ناکا، بەڵکو پێ لەسەر ئەوە دادگرێ کە توانای دەربڕینی بیروڕا کپکراوەکان دەکرێ ببنە سەرچاوەی گەلێک زانیاری گرینگ کە مرۆڤ لە راستیدا پێویستی پێیانە. ئەو کە بۆخۆی سەردەمی دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی پاشاکانی پێش شۆڕشی فەڕەنسەی ئەزموونکردبوو، بە جوانی لەم راستیە دەگەیشت.

گەر بمانەوێ ئەم هەڵوێستەی ڤۆڵتێر بە دونیای ئەدەبەوە گرێ بدەین، دەتوانین بڵێین نووسەر بەردەوام دەبێ بە پێچەوانەی ئایدیۆلۆژیا و روانگەی خۆی لە دەقدا بجووڵێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ باشتر دەربڕی ئەو دیاردانەی بێت وا دەیەوێ بیانوێنێتەوە. نووسەر دەبێ بە خۆی بڵێ "ئەگەرچی من لەگەڵ ئەم بیروڕایە نیم بەڵام ئامادەم لە پێناوی ئەوەی بتوانم دریبڕم، گیانی خۆم بدەم!" لێرەدا نووسەر دەبێ بە دوو. دەبێ بە چەندین کەسایەتی. وە لە گەمەی نێوان ئەم کەسایەتییانەدایە دەق لە دایک دەبێ. نووسەر لە راستیدا لە کاتی نووسیندا روانگە و ئایدیۆلۆژیای خۆی وەلادەنێ و مامەڵەیەکی یەکسان لەگەڵ هەموو ئایدیۆلۆژیەکان دەکا. گەر وا نەکا دەقی ئەدەبی سەرکەوتوو ناخوڵقێ. گەر وانەبێ ناتوانێ وەها فەزایەکی پڕ لە جۆراوجۆری بخوڵقێنێ کە تێیدا تەنانەت بیروڕاکەی خۆیشی بە جوانترین شێواز خۆی پیشاننەداتەوە. بەم پێیە نووسەر دەبێ خاوەن گیانی ڤۆڵتێریانە بێت. دەبێ بکوژی خۆی بێت. دەبێ بەردەوام لە خۆی تێپەڕی بۆ ئەوەی بتوانێ بەوی تر و بەوەکانی تر بگات. نووسەر بەردەوام لە ناو تراژێدیای ژیان و مەرگی خۆیدا دەژی. بەردەوام دەمرێ و بەردەوام دەژیێتەوە. لەم رێگایەیشدا کەس خوای ئەو نیە جگە لە خۆی نەبێ. تەنیا خۆی بەرپرسی ژیانەوە و مردنی خۆیەتی. بۆیە بەردەوام دونیا لە بەرچاویدا نوێ و هاوکات زۆر خێرایش ئەم نوێیە کۆن دەبێتەوە. لە ناو دەقی وەها نووسەرێکدا هەمیشە بەرامبەرەکانی خۆی حوزورێکی بەرچاوی و گرینگیان هەیە، بۆ ئەوەی هەم خۆی باشتر بناسێ و هەم باشتر بتوانێ خۆیەتی خۆی بنوێنێتەوە. نووسەر ئەوەندەی پەنا بۆ وەها هێزێک دەبا پەنا بۆ هێزی تر نابا. لێرەوە دەق جگە لەوەی لە تاک گوتاریی رزگاری دەبێ، بەڵکو لە بەرزترین ئاستیشدا خەسڵەتی دیمۆکراتی وەردەگرێ. هاودژەکان لە بەستێنێکدا کۆدەبنەوە. جا گەر قەراریشە ململانێ هەبێ، ئەوا تەنیا ئەوانەی وا براوەن لەم ململانێیەدا نانوێنرێنەوە. براوە گەورە و بچووکەکان، دۆڕاوە گەورەو بچووکەکان هەر هەموویان پێکەوە لەوێن. جاری وایشە بۆ ئەوەی بزانین براوەی گەورە چەندە براوەیە، باشترین رێگا نواندنەوەی بچووکترین دۆڕاوە. لێرەوەیە سادەترین دیاردەکان دەبنە خاوەنی گەورەترین ماناکان. ئەمەیش ئاسان نیە. بۆ ئەوەی بتوانین زۆر کاراکتێر بین دەبێ لە خۆماندا توانای جێگۆڕکێیەکی فراوانمان هەبێ. دیارە ئەمە بەم مانایە نیە نووسەر دەتوانێ بە کردە چەندین ژیانی جۆراوجۆر بژی، نا، بەو مانایەیە نووسەر دەبێ توانای وێناکردنی خەیاڵییانەی چەندین ژیانی هەبێ. ئەمەیش نابێ مەگەر ئەوەی نووسەر لە ژیانی خۆیدا بەناچار بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیبێ. واتە ئەزموونکردنی ژیانە جۆراوجۆرەکان لای نووسەر ئەوەندەی لە ژیانی راستەقینەدا بەسەریدا سەپاوە، لە کردەیەکی خۆویستانەدا نیە، چونکە لە کردەی خۆویستانەدا کەس ناتوانێ بگاتە قوولایی ژیانی کەسانی تر.

کەواتە دەنووسین لەبەر ئەوەی دەمانەوێ بەجۆرێک ئەوی تر بین و لەوی تر بگەین. دەنووسین لەبەر ئەوەی لەوی تر گەیشتن قووڵبوونەوەیە لە رەوتێکی نووسین ئامێزدا. چونکە تەنیا وشە و رستەکانن ئەو ئیزنەمان دەدەنێ لە بەرینترین و قووڵترین ماناکانی خۆیاندا بە ناو کەسایەتی ئەوانی تردا شۆڕبینەوە. نووسین خۆکوشتنی خۆمانە لە پێناوی ئەوەیکە خۆمان ئیزنی دەربڕینی بیروڕاکانی هەبێ. نووسین لابردنی پەردە و لەمپەرە دەرەکی و دەروونییەکانە، گەمەیەکی پڕ لە خۆتێپەڕاندنە. کۆکردنەوەی هەموو هێز و بوونە دژبەیەکەکانە لەناو خۆماندا. نووسین ئەو شوێنەیە خودا و ئەهریمەن پێکەوە تیایا دەژین. کەسیشیان ناتوانێ جێگا بەوی تریان لەق بکا.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی تێبگەین ئەهریمەن پێش ئەوەی لە شوێنێک لە دەرەوە حوزوری هەبێ، لێرە لە دەروونی مندایە. خودایش هەر بەو شێوەیە. بۆ ئەوەی تێشیان بگەم ناچارم وەک چیرۆکی هەمیشەیی ژیان بەگژ یەکتریاندا بکەمەوە، هەڵبەت لە بەستێنێکی تردا و لە چیرۆکێکی تردا. کەسیش نازانێ بۆ ئەم دوو چەمکە ئەوەندە هەڵگری چیرۆکە نەگوتراوەکاننن لەگەڵ ئەوەی تا هەنووکە بێ ئەژمار چیرۆکیشیان گێڕاوەتەوە! وەک بڵێی سێوەکەی دەستی ئادەم هەر خەریکی بەربوونەوە و هەر خەریکی قووتدانەوە بێت لە لایەن ئادەمەوە. بەربوونەوە و خواردنێکی بێ کۆتایی.

دەنووسین لەبەر ئەوەی دەزانین هەتا هەین ناچارین بە گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانەی کە ئەگەرچی لە رواڵەت و فۆڕمدا و هەروەها لە چۆنیەتی رووداوەکاندا جیاوازن، بەڵام لە هەوێندا هەر هەمانن. دەنووسین چونکە نامانەوێ ژیان بەردەوام هەر ئەوەی بێت کە هەیە.

درێژەی هەیە...