ما 587 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

نووسین راوەستانە لەسەر چرکەساتە مێژووییەکان، ئەو چرکەساتانەی ئەوەندە رووداو بوون و ئەوەندە مەرگ تیایانا بەرجەستە دەبووەوە کە دەبا تەنیا تێیانپەڕێنی لەبەر ئەوەی تەنیا دوواتر دەکرا چاویان لێبکەیتەوە، چاولێکردنێک لە رێگای وشە و رستەکانەوە.

 

رەنگە شەڕ یەکێک لەو دیاردانە بێت مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی مێژوو لەگەڵیا ژیاوە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە عادەتی پێبگرێ و بەردەوام نیازی بە سەرلەنوێ کەشفکردنەوەی هەیە. دیاردەیەک کاتێک سەرهەڵدەدا بە هەزاران و بە میلیۆنان مرۆڤ تیادەبا و ژیان بە گشتی خاپوردەکا. نووسین ئەو شوێنەیە مرۆڤ دەتوانێ سەرلەنوێ بەم دیاردەیە لە ئاستێکی دیکەدا بچێتەوە و بەقووڵی بیداتەوە بەر لێکۆڵینەوەیە.

لە رۆمانی 'ستۆنێر' لە نووسینی نووسەری ئامریکائی 'جۆن ویلیامز'، یەکێک لە کاراکتێرە سەرەکییەکانی ناو دەقەکە دەڵێ: "... شەڕ تەنیا ژیان لە هەزاران و لە سەدان هەزار مرۆڤی گەنج ناسێنێ. شەڕ شتێک لە خەڵکدا دەکوژێ کە ئیتر بۆ هەمیشە مرۆڤ لەدەستی بووەتەوەو دۆڕاندوویەتی. ئەگەر خەڵکی بە رادەی پێویست شەڕەکان ئەزموون بکا ئەوەندەی پێناچێ تەنیا مرۆڤە دڕ و بەدفەڕەکان دەمێننەوە، ئەو بوونەوەرانەی ئێمە ـ تۆ و من و ئەوانی تر ـ لە قووڕاو دەرمانهێناونەتەوە،... نابێ داوا لە زانا بکرێ ئەوەی وا بە درێژایی ژیانی سەریەکی ناوە و خوڵقاندوویەتی، بیڕوخێنێ." (Stoner, John Wiliams, side 39, CAPPELEN, DAMM, AS, 2014). (لێرەدا مەبەستی کاراکتێری رۆمانەکە ئەوەیە زانا نابێ بچێ بۆ شەڕ ـ نووسەری وتار)

 مردنی شتێک، دۆڕاندنی شتێک بۆ هەمیشە، مانەوەی مرۆڤە دڕ و بەدفەڕەکان و پاراستنی مرۆڤی زانا (یاخود دەستکەوتەکانیان)؛ ئەمانە ئەو چەمک و مانایانەن وا لە پەرەگرافەکەی سەرەوەدا دەیانخوێنینەوە. لەم پەرەگرافەدا شەڕ بە گشتی تاوانبارە، جا لە هەر دەرکەوتەیەکی خۆیدا، چ ئەو شەڕەی وا پێی دەڵێن شەڕی رەوا و چ ئەو شەڕەی وا پێی دەڵێن شەڕی ناڕەوا. لە هەر دووکیاندا هەندێ شت دەمرن و دەدۆڕێن کە رەوا و ناڕەوابوونی شەڕەکە بەری پێناگرن. ئەوەی دەمێنێتەوە مرۆڤە دڕ و بەدفەڕەکانن، ئەوانەی وا بە هۆی شەڕەکانەوە زۆر شتیان لەدەستداوە. تەنیا ئەمەیش نیە. ئەوەی وا زاناکان بونیادیان ناوە، دەفەوتێ. بەم شێوەیە مرۆڤ لە دۆخێکدا خۆی دەبینێتەوە کە بەتەواوی جیاوازە لە دۆخی پێش شەڕ، لە دۆخی پێش شەڕەکان. بەم شێوەیە مرۆڤ بە سەر دوو قۆناخی پێش شەڕ و دووای شەڕدا دابەشدەبێ.

بەڵام ئەگەر ئەمە بۆ نەوەیەک بخوات ئەوا دەکرێ بۆ هەموو مرۆڤایەتیش بخوات. واتە ئەوەی لە نەوەیەکدا بە هۆی شەڕەکانەوە بۆ هەمیشە لەکیس دەچێ، ئەوا لەکیس چوونێکە بۆ هەموو نەوەکان و بۆ هەموو مرۆڤایەتی. بەم پێیە، سەرلەنوێ بونیاتنانەوە بۆ نەوەکانی دوواتریش، ئەو نەوانەی وا رەنگە شەڕ ئەزموون نەکەن، دژواردەبێ. ئەوان رەنگە بتوانن زۆر شت بونیات بکەنەوە، بەڵام لە رۆح و لە دەروونی ئەوانیشدا شتێک مردووە و شتێک بۆ هەمیشە دۆڕاوە کە بۆ ئەوانیش دەستەبەرکردنەوەی ئەستەمە. بەم شێوەیە نەوەکان پێکەوە گرێدەدرێنەوە و سەرەڕای جیاوازیی زۆری ساڵەکان، بەڵام دیسان لەگەڵ یەکتر لە پێوەندیدا دەمێننەوە و لە یەک وننابن. مێژوو بەردەوام دەبێ. شەڕ دەبێ بە وەها چەمکێکی بەرفراوان و زەبەلاح کە کات و شوێنیش لە بەرینترین مانای خۆیاندا ناتوانن لێی قوتاربن. شەڕ دەکشێتە ناو کات و ناو شوێن لە مانا ئەبستراکتیەکانی خۆیاندا. شەڕ لێرەوە ئەگەرچی مانایەکی کۆنکرێتە و رووداوێکی فیزیکییە، بەڵام دەگۆڕدرێ بۆ مانایەکی میتافیزیکیی وەها کە حوزورێکی بێ سنوور بەهۆی سەرهەڵدانی فیزیکییانەی خۆیەوە پەیدادەکا. لێرەوە شەڕ دەبێ بە سەرچاوەیەک بۆ دیاریکردنی قۆناغەکان و بۆ دیاریکردنی بەروارەکان. تەنانەت ئەو نەوانەی وا شەڕیشیان نەبینوە، دیسان تاریخی سەرهەڵدانی شەڕەکانن بۆ ئەوانیش دەبن بە نیشانەکانی رەوتی کات و رەوتی مێژوو. راستییەکەی ئەوەیە هیچ دیاردەیەک بە قەدەر شەڕ ناتوانێ هەموو مرۆڤەکان بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، بۆیە زۆر ئاسان دەتوانێ لە بیرەوەرییەکاندا بمێنێتەوە. ئەوانەی شەڕیان ئەزموون کردووە هەمیشە یەکجار لەوانەی وا شەڕیان ئەزموون نەکردووە جیاوازترن. جیاواز لە هەست و جیاواز لە نیگا و جیاواز لە رووانینەکاندا. نەوەی شەڕ جگە لەمە نەوەیەکە زیاتر لە رابردوودا ماوەتەوە. رەنگە بەو هۆکارەیش کە هیچ شتێک بە قەدەر شەڕ بەقووڵاییەکانی هەستدا رۆناچێ. بیرەوەرییەکی تاڵ، کە لە هەمان کاتدا دەتوانێ خۆشترین بیرەوەریش بێت، لەبەر ئەوەی ئیتر هیچ شتێک ئەوەندە ناتوانێ هەست بخاتەوە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. ئەم حاڵەتەیش وەک گەنجیەتییە. چ مرۆڤێکیش بیر لە گەنجیەتی ناکاتەوە و ئەم قۆناغەی تەمەنی وەک گەشاوەترین قۆناغی تەمەنی خۆی نابینێ؟

بەڵام وەک لە پەرەگرافی رۆمانەکەدا دەردەکەوی وەها نیە کە لە دووای شەڕەکان تەنیا مرۆڤە بەدفەڕ و دڕەکانن ماونەتەوە. نا، نوخبە و زاناکانیش ماون. ئەوانەی وا ئەرکی لە قووڕاو دەرکێشانەوەی بەدفەڕەکانیان لە ئەستۆیە. ئەوانەی وا سەرلەنوێ دەبێ دروستبکەنەوە، دیارە گەر دروستکردنەوەیەک مابێ. لەبەر ئەوەی شتێک بووە مردووە و شتێک بووە بۆ هەمیشە دۆراوە. ئەوان دەبێ لەسەر ئەم شتە مردوو و شتە دۆڕاوە، سەرلەنوێ سازبکەنەوە! ئاوەدانییەک لەسەر وێرانی،... زیندوویەک لەسەر مردوو،... دەستکەوتێک لەسەر دۆڕاو. داخۆ دەکرێ؟ بێگومان دەکرێ، بەڵام بەو تێبینییەوە کە ئاوەدانی و زیندوو و دەستکەوتەکە ئیتر هەمان دیاردەکانی لەوە پیش نین. هەموو شتێک بە هۆی شەڕەوە لە بەرینترین و قووڵترین مانای خۆیدا گۆڕاوە و ژیان بە بارێکی تردا کەوتووە. لە راستیدا مرۆڤی خاوەن بیرەوەریی شەڕ ئیتر هەمان مرۆڤ نیە. رەنگە وێناکردنی وەها مرۆڤێکیش قەت مومکین نەبێ. چونکە مرۆڤی ناو مێژوو، مرۆڤێکە شەڕی ئەزموونکردووە. وە چونکا مرۆڤ لەناو مێژوودا دەژێ کەواتە وێناکردنی مرۆڤی دەرەوەی بازنەی شەڕ مەحاڵە. مێژوو بە رووداوەکانییەوە مێژووە، مێژوو بە رووداوەکانییەوە دەناسرێتەوە و یەکێک لە رووداوە گرینگەکانی ناو مێژوویش شەڕە. بۆیە وێناکردنی مرۆڤیش بە بێ شەڕ مەحاڵە. بۆیە دەتوانین بڵێین مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی مرۆڤە، بەڵام قەت خۆی نەبووە. پێش لەهەر شتێکیش بە هۆی هەبوونی شەڕەوە. ئەمە ئەو پارادۆکساڵەیە رەنگە قوتاربوون لێی ئەستەم بێت، بگرە مەحاڵیش. بەڵام مرۆڤبوونیش بە بێ ئەم قوتاربوونە دەستنادا. ئێمە بۆ ئەوەی مرۆڤ بین، دەبێ لەدەرەوەی بازنەی شەڕ بژین. رەنگە ئەمە دژوارترین ئەرکی مرۆڤ بێت. چونکە شەڕ لە ناو سروشتدا هەیە و مرۆڤیش رەگێکی بەهێزی لەناو سروشتدا هەیە.

کاتێک 'ئەکیل'ی ناو 'ئیلیاد'ی هومیرۆسی یۆنانی دەکوژێ بۆ ئەوەی نەمریی بۆ خۆی دەستەبەربکا، لە راستیدا ملکەجی ئەم یاسایەی ناو سروشت دەبێتەوە. بەڵام کوشتنەکانیش بێسوودن، چونکە نەک تەنیا نەمری دەستەبەرناکەن بەڵکو دەگەنە مردنی خۆیشی. دیارە رەنگە لێرەدا بگوترێ باس لە نەمرییەکی سیمبۆلیانەیە. بەڵام هیچ نەمرییەکەی سیمبۆلیانە ناتوانێ کاتی بوونی مرۆڤ بسڕێتەوە. مەرگ حەقیقیترین بوونە و بگرە ژیانیش چێژ و گرینگیی خۆی لەم چەمکەوە وەردەگرێ. بۆیە شەڕ وەک سەرچاوەیەکی بەرهەمهێنەری مەرگ هەمیشە جێگای سەرنجی مرۆڤ بووە.

ئێمە دەنووسین بۆ ئەوەی بە ناو هەموو ئەم پارادۆکسانەی 'بوون'دا بچینەوە. دەنووسین بۆ ئەوەی بزانین پیش شەڕ و دووای شەڕ ئێمە چین و چەندە جیاوازین. دەنووسین بۆ ئەوەی لە رێگای نووسینەوە دەتوانین بە رابردوودا بچینەوە و هەموو ئەو حاڵەتانەی وا نەوە لە دووای نەوەی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە سەرلەنوێ کەشف بکەینەوە. نووسین خوێندنەوەی میراتە بەڕوالەت فەرامۆشکراوەکانی رابردووە. نووسین راوەستانە لەسەر چرکەساتە مێژووییەکان، ئەو چرکەساتانەی ئەوەندە رووداو بوون و ئەوەندە مەرگ تیایانا بەرجەستە دەبووەوە کە دەبا تەنیا تێیانپەڕێنی لەبەر ئەوەی تەنیا دوواتر دەکرا چاویان لێبکەیتەوە، چاولێکردنێک لە رێگای وشە و رستەکانەوە. نووسین گەڕان و دۆزینەوە خەسڵەتە هاوبەشەکانی ناو نەوەکانە، ئەو خەسڵەتانەی هەر جارەی بە شێوازێک خۆیان نیشاندەدەن و کەچی لە بنەڕەتدا یەک دیاردەن. نووسین، بینینەوەی مردووەکان و دۆڕاوەکانە. ئەوەی کە پێیان بڵێین هەموو شتێک بریتی نەبوو لە سەرکەوتنەکان. ئەوەی کە پێیان بڵێین ئەوان لە شتێک کە کاروانی ژیانە جێمان، جێمانێکی دەستکرد بە هۆی کردەیەکی ناشیرینی مرۆڤەوە.

درێژەی هەیە...