چیرۆک

براکلی و تەختی خەوەکەی

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

"جێت هەیە بۆ خواردن؟" هەر بەدەم ئەم پرسیارەوە چوو بە لای دٶڵابەکەو ئەو خواردەمەنییە پاشەکەوتخراوانەی هێنایە دەر کە بۆ رۆژانی زستان هەڵیگرتبوون. براکلی هەر وەکوو هۆشی لێبڕا بێ، راوەستا بوو سەیری ئەکرد، کە تینا نیسک و برینجەکەی خستە سەر چاوەی گازەکە.

 

                 براکلی و تەختی خەوکەی

ئێوارەیەکیان براکلی لە دەوروبەری بەنداوی 'ئیمبانکمێنت' چاوی ئەگێڕا بۆ شوێنێکی دانیشتن، بۆ ئەوەی ماندوویی لەشی دەرکا و نەختێک بیر لە ژیانی خۆی بکاتەوە. هۆکاری ئەمەو هۆی ئەوەی لەبەرچی کوڕەکان بانگیان لێئەکرد 'رۆکابی' لە درێژەی ئەم چیرۆکەدا پێدەزانین.

براکلی خەلکی توباگۆ بوو، ئەو شوێنەی کە دەگێڕنەوە رۆبینسۆن کڕۆزۆ و جومعە لەوێ بوون. ئەم دوڕگەیە هەموو شتێک رەشداگیرساوی بەر تاوە.

براکلی دێتە لەندەن و بڕیاری وایە کارێک پەیدا بکا. تازە دامەزرابوو کە نامەیەکی لەلایەن پووریەوە پێدەگا، تیایدا دەڵی:  تیناش گەرەکیە بێتە لەندەن. تینا خزمێکی دووری براکلی بوو. ئەم دوانە لە توباگۆ دوو هاوڕێی نزیکی یەکتر بوون. لە راستیدا هۆکارێک کە پاڵی نابوو بە براکلییەوە دوڕگەی توباگۆ بەجێبێڵێ، هەڵێ بۆ لەندەن ئەوە بوو هەستی دەکرد ئەو و تینا ئەوەندە لەیەک نزیک بوونەتەوە خەریکن دەبنە ژن و مێرد.

بۆیە یەکسەر بۆ پوری نووسی، نا نا، با نەیێت، چونکە هەست دەکا ئەگەر ئەم کچە بێتە لەندەن ئەکەوێتە گێژاو و دەردەسەرییەوە. پووریشی نووسیبوویەوە و گوتبووی مەبەستی ئوە نەبووە بڵێ تینا دەیهەوێ بێتە لەندەن، بەڵكوو مەبەستی ئەوە بووە کە تینا هەر ئێستا بەڕێوەیە بۆ لەندەن.

براکلی دەستی بە سەریەوە گرت و پڕ بەخۆی قیژاندی. ئەو ئێوارەیە کە قەتار لە بەندەرەوە گەیشتە ئیزگەی واتێڕلوو، براکلی خۆی گەیاندە ئەوێ. هەر کە تینا لە قەتار دابەزی،  بێئەوەی  خۆی خەریک بکا بە بەخێر هاتن و پرسینی هەواڵی کەسوکار و شتی لەو بابەتە، لە تینای پرسی: "بۆ هاتووی بۆ ئێرە؟ لە لەندەن چی ئەکەی؟ خۆ من نووسیبووم بۆ ماڵەوە لێرە ژیان چەند سەختە؟"

تیناش هەر بەو شێوە هاتە وەڵام و گوتی: "چی بووە، ئەم وڵاتەت کڕیوە؟ فەرمانڕەوای ئەم وڵاتە تۆی؟ شاژنی بریتانیا لە تەختی پاشایەتی هاتۆتە خوار؟.

براکلی وتی: "ئەزانی لە کوێی؟ ئەزانی بۆ کوێ بچی؟ ئەزانی چی بکەی؟"

تینا وتی: "راست ئەچم بۆ ئیدارەی کولونیاڵ."

"ئەری، وائەزانی ئیدارەی کولونیاڵ چییە؟ پێتوایە هەموو کارێکت بۆ چێبەجێ ئەکەن؟ باوکی چاکت لەوێ هەیە کارت بو بکا؟"

بەدەم ئەم مشتومڕەوە، براکلی جانتاکەی تینای هەڵگرت و بەرەو ژوورە چکۆلەکەی لە گۆڵدین گرین کەوتنە ڕێ.

کە گەیشتنە جێ، تینا چاوێکی بە ژوورەکەدا گێڕا و مشەیەکی کرد و وتی:  ''تەماشای ئەو ژوورە کە! تۆ شەرم لە خۆت ناکەی؟" "گوێ بگرە،" براکلی وتی، "باشترە قسەی لێ نەکەی، هەر کە هاتی ئەمزانی ئەیکەیە هەرا."

تینا خێرا دەستیکرد بە رێک و پێک کردنی ژوورەکە و گوتی: "هەوا ساردی ئەکا." کورسییەکەی خستە ئەملا و مێزەکەی پاڵنا بەو لاوە. هەموو ماڵەکەی براکلی هەژاری سەرەو ژێر کرد.

"ئەی چۆن ئەم ژوورە گەرم ئەکەی؟ کوا زۆپا گازییەکەت، زۆرم لە سەری بیستووە؟" براکلی بە نابەدڵییەوە شیلینگێکی خستە میترەکەوە و گازەکەی هەڵکرد.

" جێت هەیە بۆ خواردن؟" هەر بەدەم ئەم پرسیارەوە چوو بە لای دٶڵابەکەو ئەو خواردەمەنییە پاشەکەوتخراوانەی هێنایە دەر کە بۆ رۆژانی زستان هەڵیگرتبوون. براکلی هەر وەکوو هۆشی لێبڕا بێ، راوەستا بوو سەیری ئەکرد، کە تینا نیسک و برینجەکەی خستە سەر چاوەی گازەکە.

"لەوانە گەڕێ." براکلی وتی . ''من ئیستا کار ناکەم، پارەش لێرە وەک توباگۆ بە دارەوە ناڕوێ."

لەکاتی خواردندا تینا وتی:  "ئەبێ خێرا کار پەیداکەی، تۆ هەمیشە پیاوێکی تەمەل بووی."

براکلی لە حاڵێکدا بەدڵەوە لە چێشتەکەی بەردەمی دەخوارد کە تینا بە شێوەی لای خۆیان لێینابوو، یەکەمجاریش بوو لەوەتەی هاتبووە لەندەن خواردنی وای دەخوارد، وتی: " بێدەنگ بە تۆ ئاگات لە هیچ نییە."

تینا دەڵێ: "ئەی سبەی بەیانی کەی لە خەو هەڵدەستی؟" براکلی بە شێوەیەکی ناروون  وەڵامی دایەوە، "نزیک بە سەعاتی دە."

"سەعاتی شەش باشە، ئەو کاتەی کەڵەشێر ئەخوێنێ." "تۆ لە لەندەن دەنگی کەڵەشێر نابیستی." براکلی وتی.  ئەمجا کەوچکی خواردنەکەی دانا و لەبەر خۆیەوە بۆڵاندی، "سەعات شەش! تۆ دەبێ شێت بی! سەعاتی شەش وەکوو نیوەشەو وایە لە زستاندا، خەڵک هێشتا لە گەرمەی خەودان."

تینا دووبارەی کردەوە، "سەعات شەش."

براکلی دەستی لە خواردن هەڵگرت. جگەرەیەکی داگیرساند و کەوتە گۆرانی وتن بە فیکە، هەروەک لە دنیایەکی تر بێ و ئاگای لە تینا نەبێ.

"خواردنێکی ناخٶش نەبوو" لە لای زۆپاکەوە پەلی لێ راکێشا. ئەوسا وتی: "سەیر کە تینا، چەند دانەیەک پەتووە کۆنت ئەدەمێ، کۆتەکەیشت وەک سەرین بپێچەرەوە بۆخۆت دەتوانی لەو قوژبنە لەسەر عەرزەکە راکشێی..."

"من، لەسەر عەرز؟ شەرم ناکەی!؟

"ئەرێ، تۆ دەبینی تەنیا تەختێکی خەومان هەیە..."

"من لەسەر تەختەکە دەنووم."

"کچێ زستانە، بیر بکەرەوە ئەگەر بمەوێ لەو گۆشە بە دوو پەتووی کۆنە بنووم بەیانی وشک و رەق هەڵدەستم لە خەو..."

سەرەنجام ئەمە براکلی بوو لە گۆشەی ژوورەکەدا تا بەیانی لە سەرما هەڵلەرزی و تیناش لەسەر تەختەکە پرخەی خەوی ئەهات.

وادیار بوو براکلی هێشتا چاوی نەچووبووە خەو تینا رایوەشاند، "هەستە، سەعات شەشە."

براکلی لە ژێر لێوەوە دەستی کرد بە کوفر کردن

تینا وتی، "ئەمە نابێ، تا من لێرەم زمانی خراپ لە دەمتا بگەڕێ."  خێرا خێراش دەهات و دەچوو، ناشتایی داێە براکلی، جلی پێ لەبەرکرد و بەو سەرمایە بە بٶڵەبۆڵ ناردی بۆ خیابان. "بڕۆ، کارێک پەیداکە، کارێک."

نزیک بە سەعاتی دە، ئەوکاتەی کە لە کافەیەک خەریکی قاپ و کەوچک شتن بوو، براکلی زانی چیی بەسەر هاتووە.

ئێوارێ کە رۆیشتەوە ماڵ، تینا پەردەیەکی بەسەر تەختەکەدا کێشابوو، هەموو شتێک خاوێن و رێکوپێک بوو. براکلی نەیدەزانی بۆ کوێ بڕوانی بۆ کورسییەک لەسەری دانیشێ.

"ئەبینم خۆت بۆ ئەم ماڵە ئامادە کردوە." براکلی بە شێوەیەکی رقانی وتی. تیناش وەڵامی دایەوە، "ئەی تۆ چۆن بیر ئەکەیەوە؟"

"جاروبار هاوڕێ کوڕەکانم بۆقومار دێنە ئێرە."

"ئەوە ئیتر تەواو."

"جارجاریش کچێکی دۆستم دێتە دیدەنیم."

"ئەویش ئێستە تەواو."

"کەوایە هەموو شتێکت داگیر کردوە.''

"پوورم گوتی ئاگام لێت بێ."

"ئەبێ بزانم ئەتۆ بۆ هاتووی بۆ ئینگلیس؟"

بە تێپەڕبوونی چەند حەوتوویەک جۆرێک هەڵس و کەوت لە نێوانیاندا دامەزرا، بەڵام ئەوەی کە براکلیی نیگەران دەکرد، تەختی خەوەکەی بوو. هەموو شەوێ بەدەم لەرزینەوە تا بەیانی لە گۆشەیەکا وەنەوزی ئەدا.

"هەستە کوڕە، سەعات شەشە، دەبێ بچی بۆ کار."

براکلی بۆ چەند حەوتووان لەسەر تەختەکەی نەنووست. ئەمەش بۆی ببوە وەسواس. لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لە بەر ویترینی ئەو دووکانانەی تەخت و دۆشەکی نەرمیان دانابوو بۆ سەیر کردن، چاوەکانی ئەقونجاند و ئاخی هەڵئەکێشان.

تەختێکی یەک کەسی، تەختێکی دووکەسی، بچیە سەری بێیتە خوار، هەموو ئەو شتەبوو چاوی بۆ ئەگێڕا.

شەوێکیان کە شیشەی چاوە پەنجێرەکان سەهۆڵیان بەستبوو، براکلی لە خەو ئاگای بۆوە، بینی ناتوانێ بجووڵێ. هاواری کرد:

"تینا."

"چییە."

"خەوتووی؟''

"بەڵێ."

"تینا، دەخوازی شوو بکەی؟"

"شووو، بەکێ؟"

"بەمن." 

"بۆچی."

"چونکە دەتوانم لەسەر تەختەکەم بنووم، مەبەستم ئەوەیە ئێمە لە تۆباگۆ یەکترمان باش ئەناسی، ئێستاش تۆ لە لەندەنی، چی بیر ئەکەیەوە؟"

"باشە زۆر چاکە، بەڵام تۆ دەبێ ئاڵوگۆڕێک بەسەر خۆتا بێنی."

"باشە تینا." 

"ئەگەر زەماوەندمان کرد، ئیتر کەریەتی دوایی دێ. لە کارەوە راست دێیە ماڵەوە. نامەوێ تەماشای یەک کچی سپیش بکەی."

 "باشە تینا."                                                               

کاری خێر هەرچی زووتر بکرێ باشترە. براکلی پاڵینا بە تیناوە بۆ دایرەی تۆمار کردن. کارەکان کە تەواو بوون، ئیتر هەر بیری لەوە ئەکردەوە، دوای خەوتن لەسەر ئەو عەرزە ساردە، نووستن لەسەر تەختی خەو چەند خۆشە تیناش لەگەڵتا بێ و گەرمت کاتەوە.

دوای ری و رەسمی مارەکردن، تینا وتی: "ئەی مانگی هەنگوینمان؟" براکلی وتی، "بۆ هاوین" جارێ با بچینەوە ماڵ، من زۆرماندووم، هەست ئەکەم ئەتوانم چەند حەفتەیەک بنووم." "لە رێی گەڕانەوە بەرەو ماڵەوە، تینا وتی: "براکلی! خەبەرێکی خۆشم هەیە بۆت. بزانە ئەمشەو کێ دێ بۆ لەندەن بۆ لامان." "براکلی بەدەم باوێشکدانەوە گوتی: "باوە مەسیح." "نا، نا، پوورێ دێت. من بۆم نووسی بێت، چونکە ژوورەکە زۆر بچووک نییە، تا جێگایەک پەیدا دەکەین دەتوانین پێکەوە بسازێین. دوایی من و ئەو دەتوانین کاریش پەیدا کەین. ئەویش یارمەتیما ئەکا." براکلی بە نووزەنووز وتی، "تۆی نەفام دۆزەخمان بۆ ساز ئەکەی." دوای ئەوەی کە گەیشتنە ماڵ، ترسێکی زۆر رووی لە براکلی کرد. پێش ئەوەی بکەوێتە قسە لەسەر کورسییەک دانیشت و بە ئارامی وتی: "بەڵام تینا، ئێمە جێگەمان نییە پوورێ لێی بنوێ."

تینا وتی: "خەمت نەبێ، ئەو دەتوانێ لەگەڵ من بنوێ تا جێگایەکی تر پەیدا دەکەین."

 

ژێرنووس:

نووسەر: سامۆئیل سیلڤۆن

١٩٩٤ـ١٩٢٣

سامۆئیل سیلڤۆن لە ترینیداد لە دایک بووە، بەڵام لە ساڵەکانی ١٩٥٠دا دەگوێزێتەوە بۆ لەندەن. ئەو بۆ گاڵتە و پێکەنین لەسەر خۆڵق و خووی کۆچبەرانی خەڵکەکەی خۆی(هیندی رۆژاوا) نووسیویەتی. شێوازی نووسینەکانی زاراوەیی و نارەسمییە، لە زاراوەی چیرۆکبێژانی نیشتمانەکەی خۆی ئەچێ.