چیرۆک

سێوە گڕاوییەکان

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئیستا من شتێکم لە نێوان بیر و ئارەزووەکانمدا. ئارەزووەکان منیان برد و بیر منی هێنایەوە بۆ ئێرە، بە بێ ئەوەی شتێک گۆڕابێ. ئەوانەی رقم لێیان بوو هەر لێرە ماون و ئەوانەی خۆشم دەویستن هەر لەوێ،... ئێستا برینێکی ئارەزوەکانم بە روومەتەوەیە و، برینێکی بیر بە سەر دڵمەوە. نە لەوێ خۆش بووم و دەمتوانی بژیم و نە لێرە، نە لەوێ دەمتوانی پەرە بە ئارەزووەکانم بدەم و نە لێرە دەتوانم پەرە بە بیرم. شوێنێکی تریش لەم دونیایەدا بۆ ژیان شک نابەم. هەڵبەت گەر شوێنێکی وا هەبێ.

 

لە سەر باڵکۆنەکە دانیشتوون و بە سەر ئەو باخە سێوەدا دەڕوانن کە سێوە سوورەکانی وەک تیشکی ئاگر لە ناو گەڵا سەوزەکانەوە خۆیان نیشان دەدەن، لە سەر ئەو کورسییانەی وا لە نێوانیان مێزێکی گردی گوێزی قاوەییە. لە سەر مێزەکە تەرمۆسی چایی و دوو پیاڵە و چەند کلوە قەند و دەورییەک کە چەند دانە شیرینی لە سەرە. ژێر سیگارییەکیش رێک لە نزیک لێواری مێزەکەیە، ئەوەندە نزیک کە لەوانەیە بکەوێتە خوارە، بەڵام هیچ کامیان نایهێننە ئەم لاوە. وەک بڵێی گەر لەوێدا بێت، تەکاندنی سووتوە جگەرەکان ئاسانتر دەبێ. لە راستیدا ئاسانتریشە!

 

یەکیان کە برینێکی قوڵی بە سەر روخسارەوەیە، برینێک کە لە نێوان لاجانگ و لاچاوی چەپیەوە دەست پێدەکا و دەکشێ تا دەگاتە ناوەڕاستی گۆنای، برینێک وەک مانگ، پەیتا پەیتا جگەرە دادەگیرسێنێ و جار جارەیش نیگای بۆ ناو باخەکە شۆڕدەکاتەوە. ئەو نە تەنیا برینەکەی سەر روخساری ناشارێتەوە، بەڵکوو بە غورور و حەز و هەستێکی لە خۆباییانەوە پێ لە سەر ئەوە دادەگرێ کە حەتمەن دەبێ بە دەرەوە بێت. هەر بۆیە قژەکانیشی وەها چاک دەکا کە کەمترین قژ بە لاجانگەکانییەوە بێت. هەروەها سمێلیشی تەوا کورت دەکاتەوە. برینەکە وەک مانگی شەوی چواردە بە ناو ئاسمانی روخساریەوە دەدرەوشێتەوە. لە کاتێکدا بۆ جارێکی تر سووتوی جگەرەکەی لە سەر ژێرسیگارییەکەی نێوان مانەوە و کەوتنە خوارەوەدا دەتەکێنێ، دەڵێ:

ـ "لە تەمەنی کەمدا بیت و بڕیاری گەورە بدەیت، مانای ئەوەیە تەمەنەکە هەڵەیە نەک مێشک و بڕیارەکە. من پێم وایە بڕیار شتێکە لە دەرەوەی جەستە. لە دەرەوەیە و ژیان و بوونی تایبەت بە خۆی هەیە. کتوپڕ رۆژێک لە رۆژان جەستەیەک دەبینێتەوە و خۆی دەهاوێتە ناویەوە. هەڵبەت وەهایش نییە کە ئەم بینینەوەیە لە خۆوە بێت، نا لە خۆوە نیە، بەڵکوو جۆرێک لە هەڵبژاردنی بە شوێنەوەیە. بڕیاری گەورە، خۆی ناهاوێتەوە هەموو جەستەیەکەوە. دەبێ لێی راببینێ!"

 

نەفەری دووهەم کە چاویلکەیەکی لە چاودایە و "پیپ" ێکی رەش بە دەمییەوەیە، خەریکی لێدانی یەکەم قومە لە چاییەکەی، سەیری هاوڕێکەی دەکا و لە کاتێکدا تاڵە سپییەکانی لاجانگی سەرنجی رادەکێشێ، بیر لە سەردەمی گەنجیەتی بەرامبەرکەی دەکاتەوە. ئەو کاتانەی پێکەوە دەچوون بۆ مەلە و هێشتا هیچ باسێک لە سیاسەت و لە شۆڕش لە ئارادا نەبوو. بیری شەپۆلە روونە وردەکان دەکاتەوە کە بە ئارامی بە سەر جەستەیاندا رادەخوشا. هاوڕێکەی درێژە بە قسەکانی دەداتەوە:

ـ "کە بڕیاری گەورە دێت و هەڵتدەبژێرێ، ئیتر هیچ چارێک نامێنێ، تەنیا دەبێ بە قسەی بکەی و شوێنی بکەوی. وەک چۆن دەڵێن لە باربردنی منداڵ دەبێتە هۆی مردنی منداڵەکانی پێشووترت، لەباربردنی بڕیارە گەورەکانیش دەبێتە هۆی مردنی خۆت. حەتمەن دوواتر بە کارەساتێک دەمری. مرۆڤ هەم بە بێ ئیزنی خۆی دێتە دونیاوە و هەم بە بێ ئیزانی خۆی دەبێ بە هەڵگری پرۆژەیەکی گەورە و مەزن. لەو پرۆژانەی کە نموونەیان لە مێژوودا کەم نیە."

 

چاویلکە لە چاوەکە لە خواردنەوەی چاییەکەی دەبێتەوە. سەیرێکی باخەکەی دەکا و لە دڵەوە سوپاسی گەمەی نێوان هەتاو و گەڵا سەوزەکان دەکا. ئەو باخەیەی ئەوەتەی ئەوان هەن هەر باخ بووە و دونیایەک بیرەوەریی منداڵیی ئەوانی لە خۆیدا حەشار داوە. هاوڕێکەی هەر دەدوێ:

ـ "وەک بینیت منیش یەکێک لەوانە بووم. بڕیاری گەورە، بە خۆشی یان ناخۆشی رۆژێک لە رۆژان منیشی هەڵبژارد. ئەو رۆژەم جوان لە بیرە. کتوپڕ دونیا لە بەر چاومدا گۆڕا. هەموو شتێک نامۆ هەڵگەڕا. دونیا ئەوەندە تەنگ و بەرتەسک بووەوە کە هەستم دەکرد چیتر تێیدا جێگام نابێتەوە. (لێرەدا دەنگی نەوە دەکا). خۆیشت باشتر لە من دەزانی یەکێک لە ئاکامەکانی ئەم هەڵبژاردنە، رۆیشتنە. رۆژێک دێت هەست دەکەی دەبێ بڕۆی. بۆ کوێ؟ نە خۆت دەزانی و نە بڕیاری گەورە، بەڵام گرینگ ئەوەیە بزانی دەبێ بڕۆی، کە رۆیشتی، ئەوە دوواترە دیاری دەکرێ بۆ کوێ و چۆن. (سەیرێکی هاوڕێکەی دەکا کە خەریکی تێکردنی چاییەکی ترە). تەواوی مەبەستەکەیش هەر ئەمەیە: بیرێک یان بڕیارێک کە بۆ خۆیشی نازانێ سەرئەنجامی لە راستیدا چ دەبێ. خۆش نیە؟ هەموو ژیانت ئیتر دەبێ بە مەراق و چاوەڕوانی و هومێد. ئەمە لە راستیدا چارەنووس و شێوە ژیانی هەموو مرۆڤە گەورەکانی ناو مێژوو بووە. خۆش نیە دەتوانی پێ بنێیتە ناو وەها رەوت و رێگایەکەوە؟"

 

چاویلکە لە چاوەکە لە بیری دێت رێک پانزدە ساڵ لەوە پێش هەر لە ناو ئەم حەوشەیەدا بوو کە هاوڕێکەی هات و بۆ دووا جار ماڵئاوایی لێکرد. لە رۆژێکی هەر وەکوو ئەمڕۆدا. هاوڕێکەی کەمێک دەنگی گڕ و نەوی دەکا:

 

ـ "هەڵبەت،... هەڵبەت لە بیرم دێ هەر لەو سەردەمەیش دا ئەگەرچی تەمەنم کەم بوو، بەڵام جۆرێک لە دڵتەنگی رووی تێکردم، دڵتەنگییەک کە بە لامەوە زۆر سەیر بوو. دەزانی، دڵتەنگی جاری وایە دێت، بەڵام ئەگەر زۆری خایاند و دوواتر هەر بەرۆکی بەرنەدایت و دیسان و دیسان رۆژەکان و مانگەکانی تر بەرۆکت پێبگرنەوە، ئیتر ئەمە دڵتەنگی نیە، ئەمە شتێکە زیاتر لە دڵتەنگی. من ئەو سەردەمانە نەمدەزانی، بەڵام جوان هەستم دەکرد، تێدەگەی هەستم دەکرد نەک ئەوەی ئەقڵم پێ شکابێ، ژیان دەبێ لە بنەڕەتدا شتێکی زۆر بێ مانا بێت. هەر ئەم بێ ماناییە زۆر یارمەتی دام بۆ ئەوەی جوانتر وەڵامی بڕیاری گەورە بدەمەوە. (لێرەدا دەنگی دیسان هەڵدێنێ). دەزانی، رێگا نادیارەکان و هەڵبژاردنیان زۆر پەیوەندیی بەم جۆرە حاڵەتانەوەیش هەیە."

 

سێبەرەکە لە سەر باڵکۆنەکە خەریکی کشانەوەیە. دەبێ سایبانەکە داداتەوە. کە دایدەداتەوە، دووکەڵی سیگارەکان بە ئاستەم لە ژێریدا مۆڵ دەخۆن. بەڵام هەوا لەوە وشکترە کە بهێڵێ ماوەیەکی زۆر خۆیان لە لێک بڵاوبوون بپارێزن. بڵاو دەبنەوە و بێدەنگ و نادیار لە شوێنێکی ئەو دونیایە دەخزێن.

 

ـ "دیارە نامەوێ بڵێم هەر ئەمەیە. باشیی هەڵکشانی تەمەن ئەوەیە فێری ئەوەمان دەکا شتەکان لە زۆر شوێنەوە ببینین و باسیان لێبکەین. من ئەو سەردەمانە پێم وابوو کە ئەوە تەنیا و تەنیا ئامانجەکانی بڕیاری گەورە بوو منی بەرەو ئەو شوێنە پاڵ پێوەنا. بە راستیش پێم وابوو. بەس دوواتر تێگەیشتم شتەکانی تریش هەن، ئەگەرچی جارێکە ناپەیدا. دیارە نامەوێ بڵێم کە چونکە ئەو شتانە هەن کەواتە درۆیەک لە کارەکەدا و لە هەڵوێستەکەدا هەبووە، نا، بە پێچەوانەوە، وەک گوتم دوواتر بۆت دەردەکەوێ مرۆڤ زۆر لایەنی تری هەیە. منێک کە سەرەتا زۆرتر ئەدەبییات و شیعر و بابەتی سیاسیم دەخوێندەوە، ئیتر لەو کاتەوە کە بەمەم زانی فێری خوێندنەوەی فەلسەفەیش بووم. لە ناو هەمووشیاندا کانت زۆر سەرنجی راکێشام کاتێک باس لەوە دەکا کە مرۆڤ دەبێ جورئەتی هەبێ بیر بکاتەوە و، نابێ بهێڵێ خەڵکی تر لە جیاتی ئەو بیربکەنەوە. دەزانی ئەمە جوانترین وتەیە کە من لە ژیانمدا بیستوومە، هەتا ئیستایشی پێوە بێ! دەزانی ئێمە کە منداڵ بووین باوکمان لە جیاتی ئێمە و بۆ ئێمە بیری دەکردەوە، دوواتر مامۆستای قوتابخانە، دوواتر حیزب و بەرپرسی حیزبی. بەس،... بەس کانت فێری کردم کە دەبێ وا نەبێ و خۆم لە سەر پێی خۆم راوەستم. ئەی ‌هیوم بۆ ناڵێی؟ بێگومان ناویت بیستووە،... فیلسوفە سکاتلەندییەکە دەڵێم. کاتێک باس لەوە دەکا کە دووپاتبوونەوەی دیاردەکان بە هەزاران و میلیۆنان جار بەو مانایە نیە کە دیسان سبەی بۆ جارێکی تر دەبێ هەر بە هەمان شێوە دووپات ببنەوە. هە هە هە هە،... گومانکردن لە داهاتوو. دەزانی بەمە هەر زۆر سەرسام بووم. من چەندە ساویلکە بووم کە پێم وابوو ئەوەی من دەیبینم، بۆ سبەیش هەر هەمان دەبێ. حەح،... چ دونیایەکم بە روودا کرایەوە. (لێرەدا دیسان دەنگی نەوی کردەوە). دەزانی تەنانەت بەو ئاکامە گەیشتم کە بڕیاری گەورەیش لە جیاتی من بیری کردووەتەوە و ئەو شتانەی بۆ خۆی باوەڕی پێیان هەبوو کردنی بە حەقیقەتە ئەزەلییەکانی ژیان، من،... من زۆر سادە بە یارمەتی فەلسەفە خۆم لەم شێوازی بیرکردنەوەیە دەرباز کرد. بە رای تۆ زیرەکانە نییە؟"

چایی دووهەم هەست دەکا کەمێک تاڵە. لە بیری دێت کە هاوڕێکەی رۆیشت گوتی یەکێک لەو شتانەی لە بیری ناچێتەوە ئەم باخەیە. گوتی ئەم باخە دەبێ لە هەموو خانووەکانی تردا هەبێ. ئەم چەند بە رۆیشتنی هاوڕێکەی خەمین بوو. سەیری برینە قوڵ و دیارەکەی سەر روخساری دەکاتەوە. چەند رواڵەتێکی قورس و پیاوانەی پێداوە. بێگومان گەر دەست بخەیتە سەری و فشاری بدەی، هێشتا هەر دەیشێ. شوێنی برینە قوڵەکان زۆر لە ئارەزووەکانی سەردەمی جەوانی دەکەن.

 

ـ "دڵتەنگییەکان ئیتر لێیان گەڕێ،... ئەوان شتێکی ترن. هەن، دێن، بەڵام من قەت خۆم نەدانە دەستیان. هەستم دەکرد جوانم دەکەن، جوانترم دەکەن، بۆیە لێیان نەدەترسام، بە پێچەوانەوە حەزم دەکرد لە گەڵما بن. تەنانەت ئەو رۆژەیش ئەم برینەم هەڵگرت، ئەوانیش لەوێ بوون. ئەوانیش حەتمەن وەک من ژانەکانی منیان لە بیر ماوە! دەزانی دڵتەنگییەکان گەرچی زۆر لە چاو شتەکانی تر گرینگ نین، بەڵام جیاوازترن، جێگای خۆیان هەیە. لە هیچ شتێکی تر ناکەن، زیاتر لە هەر شتێکی تر بە تۆ نزیکن و هی خۆتن. تەنانەت ئەوانەی وا لە جیاتی تۆ دەیانویست بیر بکەنەوە، حەزیان نەدەکرد کە باس دەهاتە سەر باسی دڵتەنگییەکان، خۆیان بکەن بە خاوەنیان. هەمیشە لێیان هەڵدەهاتن. جا رەنگە لە بەر ئەمە بێت کە مرۆڤ دڵتەنگییەکانی خۆی زۆر خۆش دەوێ و حەز دەکا لە گەڵیان بمێنێتەوە و ساتەکانیان لە گەڵ بەڕێ بکا. دەزانی شیرینن،... شیرین. کە دەگەیشتمە ئەوان سەرەڕای ئەوەی زۆرم خوو بە فەلسەفە گرتبوو بەڵام حەزم نەدەکرد بە قسە فەلسەفییەکان بیانشەمزێنم. دەزانی، دڵتەنگییەکان زیاتر لە ئەدەبییات نزیکن. لە جنسی شیعر و چیرۆکن، هەروەها مۆسیقا. ئیفلاتون لە خۆوە رقی لە شیعر نەبووە (لێرەدا بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوەکانی. لە کاتێکدا سەیرێکی باخەکە دەکاتەوە، دەڵێ)، دڵتەنگییەکان لە رەگەزی ئەم باخەن،... لە رەگەزی ئەو سێوە گڕاوییانە کە سەردەمانێک خەونەکانی من لەوانیان دەکرد!"

 

چاویلکە لەچاوەکە کە نازانێ مەبەستی هاوڕێکەی کامە خەونە، خەونی ئەو کاتەی دەیویست بڕوات، یان خەونی ئەو کاتەی کە ئیتر رۆیشتبوو، سەیرێکی باخەکەی خۆی دەکاتەوە. ئەو باخەی سەردەمانێک دایک و باوکیشی کاریان تێدا کردبوو، لە بەری درەختەکانیان خواردبوو، لە ژێریدا چایی ئێوارانیان خواردبووەوەو سەرئەنجام بە جوانییەکەی سەرسام ببوون.

 

ـ "دەزانی ئیتر من بەرە بەرە بەو ئاکامە گەیشتم کە هەم دەتوانم وەک جاران خەون و ئارەزووەکانی خۆم بپارێزم و هەم نەهێڵم کەس لە جیاتی من بۆ من بیر بکاتەوە. تەنانەت باوەڕی گەورەیش. هەڵبەت بۆ من دەورانێکی یەکجار دژوار بوو. دەزانی چیها شەو دەبوایە بیرم لێبکردایەوە لە ناو جێگادا گێنگڵم بدایە بۆ ئەوەی بتوانم سەرئەنجام خۆم بە شوێنێک بگەیەنم. ئاسان بە دەست نەهات. جاری وابوو رابردوو بە سەرمدا زاڵ دەبوو و جاری وابوو لە نێواندا دەمامەوە و گێژ و وڕ دەبووم و جاری وایش بوو باوەڕەم بە هیچ نەدەما،... بەڵام،... بەڵام سەرئەنجام توانیم. سەرکەوتم. دەبێ سوپاسی فەلسەفەیش بکەم. دەزانی، بە رای من پیاو تا فێری فەلسەفە نەبێ گوناحە گوێ لە بڕیاری گەورە بگرێ. ساویلکانەیە. هەڵبەت من ئیستا گومانم هەیە لەو شێوازە لە بڕیاری گەورە. ئەوە چۆن بڕیارێکە کە تەنیا یاخود زۆربەی کات دەتوانێ تەنیا کەمتەمەنەکان و گەنجەکان لە گەڵ خۆی بخا؟ تۆیش پێت وانیە؟ من کە هەر یەکجار پێم وایە! ئەسڵەن بۆ دەبێ بڕیاری گەورە هەبێ؟ (لێرەدا رادەوستێ، دەستێک بە برینەکەی سەر روومەتیدا دێنێ)، وەک بڵێی ئەم برینە برینی فەلسەفەیە نەک تەقە تفەنگی دوژمن (پێدەکەنێ)، جاری وایە هەست دەکەم هەموو مێژووی ئێمە گوناحێکی تێدایە، گوناحێک کە کەسیش لێی بەرپرسیار نیە. دیارە گەر هەم مێژووناس و هەم فیلسووفمان هەبایە وا نەدەبوو."

 

چاویلکە لە چاوەکە لە دەروونەوە سوپاسی ئەوە دەکا کە ژیان سەرئەنجام ئەوانی کە دوو هاوڕێی کۆنی سەردەمی منداڵی بوون دیسان بە یەک گەیاندبووەوە. ئەو لە دووای مەرگی دایک و باوکی، کە زۆر خێرا بە شوێن یەکتردا رۆیشتبوون، هەستی بە دڵتەنگییەکی سەیر دەکرد. خانوو و حەوشە و باخەکە یەکجار بۆنی تەنیاییان دەدا. دیتنەوەی هاوڕێیەکی کۆن کە کاتی یەکجار زۆر بوو بۆ سەردانی ئەو، یەکجار یارمەتیدەر بوو. لای ئەو ناخۆشترین شت ونبوونی پێکەوەی بەشەکانی رابردوو بوو لە یەک ئان و ساتدا. بینینەوەی هاوڕێکەی بەری بەمە گرتبوو. بەشێکی رابردوو کتوپڕ گەڕابووەوە. هیشتا بە تەواوی باوەڕی نەدەکرد. لە کاتێکدا جار و بارە لە ژێر چاویلکەکانییەوە سەیری باغەکە و سەیری هاوڕێ زۆربڵێکەی دەکرد، لە ورشەی گەڵاکاندا نەغمەی سوپاسێکی دەبیست.

 

ـ "مرۆڤ کە فێر دەبێ لە سەر پێی خۆی بیربکاتەوە، بەرە بەرە هەست بە تەنیایی دەکا. تەنیاییەک کە لە دەورووبەر داتدەبڕێ، لە هەموو ئەو شتانەی کە رۆژێک زۆر ئەبەدی و ئەزەلی دەهاتنە بەرچاوت. تراژێدیایە،... دەزانی تراژێدیایە! من لەو کاتانەدا زۆر جار بیرم لەوە دەکردەوە کە خۆزگە ئەو رۆژەی وا ئەم برینەم هەڵگرت، ئەوەندە قوڵ بایە کە ئیتر گەڕانەوەم بۆ ئەم دونیا و بۆ ئەم ژیانە مەحال بوایە. کە لە غوربەت فێری بیرکردنەوە بوویت، لە گەڵی بێمانایی دێت. غوربەت لە راستیدا تەنیا سەربازی دەوێ. گەر سەرباز بوویت، باشتر هەڵدەکەی. من نازانم رقم لە فەلسەفە بێت یان نا، رقم لە کانت و لە هیوم بێت یان نا،... (لێرەدا هەڵدەستێتە سەرپێ، دەچێتە قەراخ باڵکۆنەکە و روو لە باغەکە رادەوستێ)، کاتێک دەمخوێندنەوە زۆر جار بۆنی ئەم باخەیش دەهاتەوە لووتم، بریا ئەو رۆژەی رۆیشتم، لێرەوە نەڕۆیشتبام!"

 

بیردەکاتەوە چەند راوەستانی هاوڕێکەی لەوێدا جوانە. بەو نیوە روخسارە بریناوییە و ردێنە تەنکەوە کە ئیستاکە لە بەر تیشکی هەتاودا زەرد دەچێتەوە. ئەم، ئاوا هاوڕێکەی لە بیر نیە. ئەو کاتەی رۆیشت یەکجار گەنج بوو. کەمێک کشاوەتر لە دارە سێوەکانی ئێستا.

 

ـ "ئیستا من شتێکم لە نێوان بیر و ئارەزووەکانمدا. ئارەزووەکان منیان برد و بیر منی هێنایەوە بۆ ئێرە، بە بێ ئەوەی شتێک گۆڕابێ. ئەوانەی رقم لێیان بوو هەر لێرە ماون و ئەوانەی خۆشم دەویستن هەر لەوێ (دەستێک بەرەو ئەو دیوی باغەکە رادەکێشێ)،... ئێستا برینێکی ئارەزوەکانم بە روومەتەوەیە و، برینێکی بیر بە سەر دڵمەوە. نە لەوێ خۆش بووم و دەمتوانی بژیم و نە لێرە، نە لەوێ دەمتوانی پەرە بە ئارەزووەکانم بدەم و نە لێرە دەتوانم پەرە بە بیرم. شوێنێکی تریش لەم دونیایەدا بۆ ژیان شک نابەم. هەڵبەت گەر شوێنێکی وا هەبێ."

 

چاویلکە لە چاوەکە هەست دەکا دەبێ دڵی بۆ هاوڕێکەی بسووتێ. شێوەی راوەستان و دەست راداشتن و قسەکردنی، چەند خەمگینن. ئارام هەڵدەستێ و دەچێ لە دارسێوەکان چەند دانەیەک سێوی سوور کە رەنگیان لە گڕ دەکەن، دەکاتەوە و دەیانخاتە سەر دەورییەک و دەیانهێنێ و لە سەر مێزەکە لە تەنیشت ژێرسیگارییەکە دایاندەنێ. هاوڕێکەی دادەنیشێتەوە. سەیرێکی هاوڕێ چاویلکە لە چاوەکەی کە ئیستاکە چاوی لە چاو جاران یەکجار زیاتر کز بووە و لە سێوەکان دەکا و، دەست و دەبا یەکێک لە سێوە سوورەکان هەڵدەگرێ. لە کاتێکدا فرمێسکەکانی بە سەر گۆنایدا دێنە خوارەوە و دەکەونە سەر سێوەکە، قەپاڵ لە سێوەکە دەگرێ و لە گەڵ فرمێسکەکانی دەیخوا.

 

لێرەدا بیری سێوی مەعریفەت لە سەرەتای خڵقەتدا دەکەوێتەوە. لە خۆوە نەبوو لە غوربەتدا ئەم باغە زیاتر لە هەر شتێکی تر ئەوی بە خۆیەوە مەشغوڵ کردبوو.