داینامیکی داهێنان
هونەر و ئەدەبییات هگڵ گووتەنی شوێنی ئازادییە. لە هونەر و ئەدەبییاتدا بەپێچەوانەی زانستە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکان 'هۆ و هۆگر' لە دەقدا کەمتر بوونی هەیە و لەراستیدا هونەرمەند یاخود نووسەر بە تاودانی ئەسپی خەیاڵی هەوڵدەدا نامۆترین و تازەترین جیهانەکانمان بۆ بخوڵقێنێ.
کاتێک ئازادی دێتەئاراوە، زەینی مرۆڤ لە کۆت و بەندە باوەکان قوتاری دەبێ و هەوڵدەدا لە رێگای خەیاڵ و فەنتازایەوە جیهانی خۆی بخوڵقێنێ. بەڵام داخۆ کاتێک ئازادی بە وەها جیهانێک دەگا بە مانای ئەوەیە ئیتر هیچ چەشنە یاسا و رێسایەک لە خودی جیهانە خوڵقاوەکەدا نیە؟
بێگومان هەموو بەرهەم و دەقێک لە لۆژیکێکی دەروونی پێڕەوی دەکا، جیاوازییەکە تەنیا لەوەدایە کە ئەوان بەرهەمهێنەری لۆژیکێکی نوێن.
کەواتە دەتوانین بڵێین لە جیهانی هونەر و ئەدەبدا هەمیشە جۆرێک لە لۆژیک لەگەڵ خەیاڵ رێدەکا و کاتێک بەرهەم لەدایک دەبێ ئەم لۆژیکە نوێیە کە جیاوازە لە لۆژیکە باوەکانی هەتا هەنووکە، دەبێتە پێوەرێکی نوێ بۆ هەڵسەنگاندنی دەق.
دەتوانین بڵێین خەیاڵ و فەنتازیا سەرەڕای توانایان بۆ شکاندنی دۆخی باو، بەڵام سەرلەنوێ لە رێگای خوڵقاندنی بەرهەم و لۆژیکی نوێوە رێگا بۆ شۆڕشێکی تر لە خەیاڵ و فەنتازیادا دروستدەکەن و بەم شێوەیە داینامیکی داهێنان بەردەوام دەبێ.
سایتی قەڵەم
١٤ نۆڤێمبری ٢٠١٩