شرۆڤە

گێڕانەوە وەک مێژوو

 

رامیار حسەینی

تراژێدیا لە نەبوونی سیامەندا نیە بەڵکو لە بوونی سیامەندی پەسیڤدایە کە هەموو خەجەکان لە باری دەروونییەوە تووشی پاڕادۆکسی ڕزگاری و مرۆڤی ڕزگاری بەخش دەبن و ئەو کاتەیە کە کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ئارام و بێدەنگ لەناودەچێت و ئەو کاتەی کە سیامەندەکانمان بێدەنگ و بێ کەڵکن و خەریکی ژیانی ڕۆژانەی خۆیانن و ئەوندەی کە ژیان دەکەن قەت بیر لە ژیان و بیر لە جیهانێکی باشتر ناکەنەوە.

 

 

یادداشتێک دەربارەی ئایدیای خەج و...

 

ئەوانەی له‌هەوڵی فڕینان بەسەر ئاسمانی بەریندا، قارەمان نین!

ئەوانە قارەمانن، خۆڕاگرانە و پتەو

                           بەرەو ڕێگای دژوار و چەوتی ژیان دەڕۆن

و یارمەتی خواوەندیان ناوێ

خەڵکانێک کە پشتیان ئاشنای ئێشی قامچیە

و قاچەکانیان، بۆ سەر زەوی ناهەموار و چەوت هەڵمەت دەبات

خەڵکانێک کە دەتوانن لە کاتی ڕوانینی دژواریە ناخۆشەکانی ژیانیشدا

بزەیەک بیانگرێ و سەرکەوتووانە هەموو شتێک ببەنەوە

ئەمانەن قارەمان و قەلەندەرانی شەو

نەک ئەوانەی له‌هەوڵی فڕینان بەسەر ئاسمانی بەریندا[1]...!

 

پێشەکی:

گێڕانەوەی ڕووداوەکان چ ڕاستەقینە بێت وەک بیرەوەری کەسێک، چ خەیاڵاوی بێت وەک نوسینی ڕۆمان و چیرۆک، بنچینەیەکی مێژوویان هەیە[2]. کەواتە توانیویەتی کاریگەریەکی مێژوویش لە سەر مرۆڤی ئەم سەردەمە دابنێت.

ئامانجی ئێمە لەم بەشەی یادداشتەکەدا تیشک خستەنە سەر چۆنیەتی گێڕانەوەیە لە چیرۆکدا و ئاماژە دەکەین بە چەند خاڵێکی گرینگ لە چۆن بەدیهاتنی گێڕانەوەی مێژوویی و پاشان پێوەندی دیالێکتیکی نێوان ئەم شێوازە لە گێڕانەوە، لەگەڵ مێژوو و مرۆڤی مێژوویی دێنینە ئاراوە. ئەمە ڕاستە کە خاڵی هاوبەش لە هەردو گێڕانەوەکەدا ((ئەزمونی تاکە کەسی ژیانە)) بەڵام لە فۆڕمی خەیاڵاوی وەک چیرۆک و ڕۆماندا گێڕانەوەی روداوەکان ئەستەمە و دەبێ نووسەر خۆی لە هەڵە بپارێزێت چونکوو گێڕانەوە لەم فۆڕمەدا بە پێچەوانەی گێڕانەوەی بیرەوەریەکانمان دەگوازرێنەوە بۆ نێو ئاسەواری ئەدەبی و فەرهەنگی، کۆمەڵگای پاش خۆمان.

لە بەدی هاتنی گێڕانەوەی ڕوداودا دەبێ کۆمەڵێک خاڵی گرینگ بەر چاو بگیرێت کە بە پێویستی دەزانین ئاماژە بە چەن خاڵی گرینگی ناوەڕۆکی بکەین؛ یەکێک لەم خاڵانە لەیادنەکردنی پێوەندیی نێوان کانتێکست[3] و دەقە؛ نوسەر دەبێ ئاگاداری ئەوە بێت کە دەقەکەی لە باری ناوەرۆکییەوە ڕەنگدانەوەی پانتای مەعریفی و فیکری و سیاسی و فەرهەنگی زۆرینەی کۆمەڵگای خۆی بێت و بە شێوەیەک ئەزمونە دەرونیکراوەکانی خۆ بگێڕتەوە کە خۆێنەر پێوەندیی خۆی لە باری ناوەڕۆکیەوە لەگەڵ نوسراوەکان ڕابگرێت و نووسەریش بتوانێت دەنگی خۆی و ژیانێک کە ئەزمونی کردوە بە گوێی بەر دەنگ بگەیێنێت. خاڵێکی تر کە لەم بەشدا جێگەی سەرنج بێت گێڕانەوەیە بە شێوەیەکی مێژوویی و پێوەندی ئەم شێوە گێڕانەوەیە لەگەڵ مرۆڤی مێژوویی، لێرەدا بۆ ئەوەی کە مەبەستمان لە گێڕانەوەی مێژوویی ڕوون بکەینەوە ، پێویستە بە شێوەیەک لە شێوەکان مرۆڤی نامێژووی پێناسە بکەین، چونکوو ئەم مرۆڤە نامێژوویانە خۆیان سەرچاوەی بەدی هێنانی گێڕانەوەی نامێژووین.

سوژەیەکی کۆمەڵایەتی کە تێگەیشتنێکی هەڵەی لە مێژوو ببێت، ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە دەگوازێتەوە بۆ نێو فەرهەنگ و دۆخی سیاسی سەردەمی خۆی؛ سەرچاوەی ئەم کێشە بێبه‌ریبيوونی ئەو سوژەیە لە سیستمێکی مەعریفی و مەفهومی بۆ خوێندنەوی کۆمەڵگا، یان دەکرێ بڵێین پێوەندیەکی ڕاستەوخۆ و بێ مێدیۆمی لەگەڵ مێژوو هەیە و وەک باخەوانێک دێتە بەر چاو کە له‌بری چاکسازی و پێڕاگەیشتن بەو درەخت و دارانەی کە هەم رەنجی پێوە کێشاوە و هەم بایەخێکی ماناداریشی هەیە، هەمویان لە ریشەوە بنەبڕ بکات. ئەم مرۆڤانە له‌بری چارەسەرکردنی پرس، بە یەکجاری خۆدی پرسەکە پاک دەکەنەوە، ئەم پێوەندیە بێ نێوەنجی و تا ڕادەیەکیش کۆمیکە، دەبێتە هۆی دروستکردنی مرۆڤێکی نامێژووی و ڕەوایەتێکیش کە دەکرێ، تەنیا گێڕانەوەیەکی نا مێژوویە لە ڕووداوێکی مێژوویی.

پاش ئەوەی لە سەر چۆنییەتی بەدی هاتنی گێڕانەوەی مێژووی باس کرا، لە درێژەی ئەم بەشەدا پێویستە هەندێکیش لەسەر مرۆڤی مێژوویی و مێژوو وەک پاڵنەرێکی رووداوساز بدوێین و هەر ئەو جۆرەی کە پێشتر وتمان بە گشتی لە پێوەندی دیالێکتیکی نێوان سوژە/شێوەی گێڕانەوە و مێژوو وەک بابەت(ئوبژە) بکۆڵینەوە:

ئەم چیرۆکانە بە گشتی بەرهەمی ئەو کانتێکستەن کە شان بەشانی مێژوو و گۆڕانکارییە سیاسی و کومەڵایەتیەکان نووسەر هێناویەتی و هاوکات نووسەریشیان هێناوە! و ئەمە یەکەم هەنگاو بووە بۆ بە مێژووی بوونی نووسەر(سووژە). لەم پێوەندیە دیالێکتیکییەدا کومەڵگا بە درێژای مێژووی ژیانی نووسەر هەلێکی ڕەخساندووە بۆ دروست کردن و کۆکردنەوەی هەندێک ماتریال بۆ سوژە؛ پێوەندی ژیانی نووسەر لەگەڵ ئۆبژەکەی(کۆمەڵگا) ئەزموونێکی پڕاوپڕ پاڕادۆکسیکاڵ بووە، "لە ئاستی بەگومانیدا(Skeptizism) لە ڕاستیدا ووشیاری خۆی بە شێوەیەک ئەزمون دەکات کە ڕۆح ئەم ووشیارییە لە خۆیدا لەگەڵ خودی خۆی لە ناکۆکیدا دەبینێت"[4] لەم ئەزموونەدا ڕۆح ئەو شتانەی کە لە قۆناغی خۆ‌‌‌ ووشیاریدا جیا لە یەکتر دەبینێت و ڕایدەگرێت، لەم دۆخەدا یەکجێ و هاوکات لە خۆییدا دەبینێتەوە. لەم چیرۆکانەدا نووسەر بە یارمەتی کۆمەڵێ ئەزمونی تاکەکەسی لایەنە مادی و بەرهەستەکانی ژیانی خۆی لەگەڵ لایەنە درهەست و ئابێستراکتەکانی ئەو ڕەوتە مێژوویە کە مارکووزێ دەرکەوتەی بەرهەمی هونەری لەو رەوتەدا بە هونەری ڕەسەن و شۆڕشگێڕانە دەزانێت  تێکەڵ دەکات کە دەرەنجام و سەنتێزێک بە نێوی (خەج و...) لەم دۆخە دیالێکتیکیەدا کە گوزەر و تێپەڕبوونێکە لە نەبوونەوە بۆ (بوون)[5] دەر دەکەوێت و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی سوژە بە شێویەکی مێژوویی و پێوەندی گرتنی لەگەڵ ئوبژە یان بابەتێک کە مێژوو بێت.

                             ---------------------------------------------

بە پرسیارێکەوە کە ئاراستەی خۆمانی دەکەم نەوەک نووسەر دەچینە سەر خوێندنەوەی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە بە گشتی و گێڕانەوەی (خەج و...) بە تایبەتی: ئایا نووسەر هەوڵی نەداوە لەم چیرۆکانەدا لانی کەم هەندێک لە وتەزای ژیانی پراکتیکی[6] خۆی  بەر چاو بخات؟ وتەزای ژیانێک کە بەرهەمەکانی کۆمەڵیک ئەزموون و ناخۆشی و ئێش و دژواری لەگەڵە و ڕەنگە تەنیایش بەرهەمێکی تری ئەم وتەزا مێژووییە بێت! پێشتر تا ڕادەیەک باسمان لە مرۆڤی مێژوویی و پڕۆسەیی بە مێژوویی بوونەوەی مرۆڤەکانمان کرد بەڵام تێچووی ئەم بە مێژوویی بوونەوە ئاسان نابێت بۆ کەسێک کە بیهەوێت پاکی ئەو پرەنسیپە ئەخلاقیانەی نیو دڵی کۆمەڵگا ببپارێزێت هەر بەم هۆیە دەتوانین بڵێین: ئەم چیرۆکانە خەون و ئارمانەکانی سووژە نیە کە بە شێوەیەکی دەرهەست و پەسیڤ نیشاندرا بێت! ئەمە نیشاندەری ئەزموونە ئارمانییەکانی ژیانێکی ئارمانی مرۆڤێکی مێژوویە لە مێژوو کە بە شێوەیەکی تیپیکاڵ و سابجێکتیڤ نووسراوەتەوە.

هەر ئەو جۆرە پێشتر باسمان کرد دەمانهەوێ بە شێوەیەکی تایبەت تیشک بخەینە سەر گێڕانەوەی (خەج و...) و هەندێک لە لایەنە بنچینەیەکانی بەر چاو بخەین. هەڵبەت کۆمەڵێ کێشە و لاوزیشی تێدا دەبینرێت کە دواتر ئاماژەیان پێدەکەین؛ لەم چیرۆکەدا کەسایەتی پیرەژنێک بەر چاو دەکەوێت کە لە دوو سەردەمی ژیانی خۆیدا ڕۆڵی خەج دەگێڕێت: یەکەمجار لەسەردەمی لاویەتیدا و هەر بەو فۆڕمە عاشقانە و کلاسیکەی کە لە ئەفسانەکاندا هاتووە، دووهەمجاریش لەکاتی بەساڵاچویدا بە ڕەوایەتی نووسەر کاتێک لای بنەماڵەکەی دانیشتووە و خەریکی تروکاندنی گوڵەبەڕۆژەن و ئەویش لە بیرەوەریەکەیدا کە بۆ چەن خولەک نوقم بوبوو بە خۆیدا دێتەوە و لەو کاتەشدا کەسایەتی ئەو پیرەژنە نیشاندەری کەسایەتی خەجە و بەڵام لە فۆڕم و شێوازێکی دیکەدا، نووسەر لەجاری دووهەمدا کەسایەتی خەج و سیامەند لە فۆڕمی مێژووی خۆی دێنێتە دەر و دەیانگوێزێتەوە نێو دڵی دۆخ و کۆمەڵگایەکی ئاشنا بە تراژێدیا و رووداو. نووسەر جیا لەوەی کە ویستویەتی بە شێوەیەکی ریالیستی خەج و سیامەند پێناسە بکات بۆ بەردەنگ، توانیویەتی چەن تایبەتمەندیش ببەخشێ بە ئەم دو کەسیایەتیە، بۆ وێنە یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی کە نوووسەر بەخشیویەتی بە خەج، گشتگیربوونە، واتە خەج بە لایەنی رەنجدەر و لاوازی(بەو مانا کە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی وای کردووە کە پێویستی بە یارمەتی"سیامەند"هەیە) کۆمەڵگایە کە بە ووشیاریەک بەرانبەر بە کێشەکانی خۆی(بە پێی گێڕانەوەی نووسەر: خەج واتە پیرەژنەکە دەزانێ بە هۆی خراو بونی ددانەکانی ناتوانێت گۆڵەبەڕۆژە بتروکێنێت) گەیشتوە. خەج تایبەت بە جنس و رەگەزێکی تایبەت و دیاری کراو نیە رەنگە من خەج بم یاخود نووسەر یان...  یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی تر کە نووسەر بە خەجی داوە ئەو ئاوتە مێژووییەیە کە خراوەتە دڵی خەجەوە بۆ ڕزگار بوون لەو کێشانەی کە قەت بەبێ سیامەندیش چارەسەر نابێت، بە پێی گێڕانەوەی چیرۆکەکە کاتێک خەج حەزی لە خواردنی گوڵيبەڕۆژەیە و بە هۆیی خراپ بوونی ددانییەوە ناتوانێت بیتروکێنێت و تەواوی هەوڵی خۆیشی دەددات(گوڵە بەڕۆژەکە تەڕ دەکات کە بتوانێت نەرمی بکاتەوە و بیخوات). بەگشتی و بە پێی پێناسەی نووسەر دەتوانین لە مەبەستی وا تێبگەین کە ویستوویەتی بڵێ کۆمەڵگای ئێمەش دووبەشە بەشێکی رەنگە زۆرینەشن خەجە و بەشێکی دیکەش سیامەندن....

سیامەند نوێنەری ئەو ئیرادە سابجێکتیڤەیە کە توانا و خۆ ووشیارە بەرانبەر بە کێشە بنچینەی و مەعریفیەکانی کانتێکستەکەی خۆی و هەروەها ڕزگار کردنی خەج لە تراژێدیای ژیانێکی کۆمیکیشی لە ئەستۆیدایە، لە ڕاستیدا ئەم چیرۆکە دەرخەری پەسیڤ بوونی سیامەندەکانە و ئارەزوویەکی مێژوویشە بە شێوەیەکی سابجێکتیڤ بۆ ئەکتیڤ کردنەوەی سیامەندەکان، مەبەستم لە سابجێکتیڤ بوونی چیرۆکەکە لە شێوەی گێڕانەوەکەی نووسەردا دەردەکەوێت کە چۆن ئەو کاتەی پیرەژنەکە هەم ئاگاداری دۆخی ددانەکانیەتی و هەم دەشزانێت کە بۆ خواردنی گوڵە بەڕۆژەکە پێویستی بە "یارمەتی" هەیە و کێشەکەشی بە دەستی سیامەند چارەسەر دەبێت و نووسەریش کە ئەو کارەی خستبووە ئەستۆیی سیامەند و ئەویش هەر ئەو کارەی کرد کە ئەشێ!! (واتە گوڵەبەڕۆژەکەی بۆ پیرەژنەکە تروکاند).

"ئەدبیات، تەنیا بەو هۆیە کە بۆ چینی کرێکار یان بۆ شۆڕش نووسراەوە، شۆڕشگێڕانە نیە، بەڵکو دەبێ لە مانای دروست و تەنیا لە پێوەندی لەگەڵ خۆیدا ئەدبیات بە شۆڕشگێڕانە بزانین. واتە لە ئاستی ناوەڕۆکێکدا کە فۆڕمێکی تایبەتی لە خۆ گرتوە"[7]. بە پێی ئەم ڕستەی مارکوزێ دەتوانین ئەم چیرۆکە بە دەقێکی شۆڕشگێڕانە بزانین کە لە ڕاستییدا ڕەسەنایەتی بەرهەمی هونەریش هەر لەم واتادایە وەکوو شیعرەکانی بوودلێر و "جیهانی سەگی" بەرهەمی گۆنتێرگراس. ڕاستە ئەم چیرۆکە باس لە لایەنێکی مێژوویی و لە ڕەهەندێکی پەسیڤی کۆمەڵگا دەکات و توانای ئەوەشی بوو کە دەقێکی سابجێکتیڤ بێت و لە دیالێکتیکی ئەزموونی ژیان و ئارەزووەکاندا و لە گێڕانەوەی مرۆڤێکی مێژووییدا  سەنتێزیکی ڕەنگە مێژوویشی بە بەردەنگ دابێت، بەڵام چ لە باری جوانیناسی و چ لە باری پەروەردەکردنی ناوەرۆکییەوە هەندێک کێشەیان هەیە کە پێویستی دەزانین لێرەدا ئاماژەیەن پێبکەین: وەکوو تێمی سەرەکی چیرۆکەکە  دەکرا خەج لە پانتایەکی مەعریفی و چالشێکی سیاسیدا ئارەزووی، بوونی سیامەندی بکردبایە و هاوکات لە وەها دۆخێکدا بوو کە ڕۆڵی سیامەندیش بەرچاوتر دەبوو و ئەمەش یارمەتی چیرۆکەکەی دەدا بۆ بە ڕێالیستیتر بوونەوەیی و هەم کاریگەرییەکی چاکتریشی لە سەر خوێنەر دادەنا، بەڵام کە هەموو وتەزاکانی ناوەڕۆکی چیرۆکەکە(وەک: ئارەزووی ڕزگاری، پەسیڤ بوونی کۆمەڵگا، نەبوونی سیامەند و...) دابەزینە ئاستی خواردنی گوڵەبەڕۆژە، خراوبوونی ددانەکان و... هاوکات ئاستی ڕیالی چیرۆکەکەش دادەبەزێت و ڕەنگە خوێنەر لە پێوەندی گرتندا تووشی کێشە بێت ئەمە بە تایبەت لە کاتێکدا زۆرتر دەبێت کە زمانی گێڕانەوەکە وەک فاکتێکی سەرەکی تا ڕادەیەکی زۆر سەخت و دوور بێت لە زمانی پێوەر.

 لە دەرەنجامی باسەکەدا دەکرێ بڵێن تراژێدیا لە نەبوونی سیامەندا نیە بەڵکو لە بوونی سیامەندی پەسیڤدایە کە هەموو خەجەکان لە باری دەروونییەوە تووشی پاڕادۆکسی ڕزگاری و مرۆڤی ڕزگاری بەخش دەبن و ئەو کاتەیە کە کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ئارام و بێدەنگ لەناودەچێت و ئەو کاتەی کە سیامەندەکانمان بێدەنگ و بێ کەڵکن و خەریکی ژیانی ڕۆژانەی خۆیانن و ئەوندەی کە ژیان دەکەن قەت بیر لە ژیان و بیر لە جیهانێکی باشتر ناکەنەوە.

 

سەرچاوەکان:

بعد زیباشناختی/ هربرت مارکوزە/ ترجمە داریوش مهرجویی/ انتشارات اسپرک

پدیدارشناسی جان/فردریش هگل/ باقر پرهام/ کندوکاو

درامدی بر جامعەشناسی ادبیات/جعفر پویندە/ نقش جهان

اصول نقد ادبی/ آرمسترانگ/سعید حمیدیان/علمی فرهنگی

ادبیات امروز آلمان/تورج رهنما/نشر چشمە

 



[1]. Paul Laurence dunbar

[2] .هەڵبەت لە ئەزمونی کوردستانیدا تەمەنی رۆمان کەمترە و رەوتی مێژووی چیرۆک و رۆمان لە کوردستاندا پێچەوانەی وڵاتانی ترە لە ئوروپا و دواترەکان رۆمان نوسین دەستی پێکرد!

[3] Context

[4].G.W.F.Hegel

[5] .extant

[6] .practical

 Herbert marcuse.[7]