بەرخۆدان ژیانە و سازانیش ژیانە

سیاسەت تەنیا خۆڕاگری و سەرکەوتن نیە، بەڵکو توانای راگرتنی سەرکەوتنیشە. رەنگە بەشی سێهەم واتە 'توانای راگرتنی سەرکەوتن' لە دوو بەشەکەی تر گرینگتر بێت. ئەمەیش ناکرێ بە بێ چێکردنی کلتورێکی تر کە جیاوازە لە کلتوری خۆڕاگری و سەرکەوتن.

بە چ واتایەک؟

بەو واتایە کە لە سەردەمی خۆڕاگری و سەرکەوتن جۆرێک لە کلتور زاڵە کە زیاتر رەگی لە رۆمانتیزم و حیماسە و زمانێکی پڕ لە هەستدا هەیە. لەم قۆناغەدا 'بیر و تێفکرین' لە چاو سەردەمی سێهەم رەنگە ئەو دەورەی پێویستە نەیگێڕێ، بەڵام لە قۆناغی سێهەمدا بیرتیژی و جۆرێک لە بیری ستراتیژی دەوردەبینێ کە دەبێ زۆر زیاتر لە 'ئیستا' و لە 'داهاتووی نزیک' ببینێ. لە قۆناغی سێهەم بە بێ ئەم دووربینیە بەردەوامبوون زەحمەتە.

بۆیە کلتوری قۆناغی سێهەم، زۆر زیاتر لەسەر زانست راوەستاوە. لێکدانەوەی هەموو ئەو فاکتەرانەی وا لە بەردەوامبوون دەتوانن دەورببینن و هەروەها ئەو فاکتەرانەی رێگرن، کارێکی یەکجار دژوارە. هەروەها خوێندنەوەی بزۆزی و گۆڕینی هەڵوێستەکان کە بەردەوام لە جیهانی سیاسەتدا روودەدەن، خالێکی ترە کە دەبێ سەرنجی بدرێتێ.

قۆناغی سێهەم، قۆناغی مێشک ساردییە. قۆناغێکە 'دڵ' دەبێتە ملکەجی مێشک. ئیتر تەنیا بەرخۆدان نابێ بە ژیان، بەڵکو سازانیش دەبێ بە ژیان.

گەر قۆناغی خۆڕاگری و سەرکەوتن زۆرتر هەڵگری تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕییە، ئەوا قۆناغی راگرتنی سەرکەوتن زۆرتر قۆناغی پراگماتیزمە.

سایتی قەڵەم

١٨ ئۆکتۆبری ٢٠١٩

 

Bilderesultat for ‫دیپلماسی‬‎

گەڕان بۆ بابەت