ما 682 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەحمەد حەقناس

شیعری (غەمگین بۆڵی) ئەو سێوە لاسوورەیە کە هەموو خوێنەرێک گازی خوێندنەوەی لێدەگرێت. لە شیعرەکانیدا قۆناغ بە قۆناغ گۆڕانکاریی تێدا کردوون، زۆر زیرەکانە داڕشتن و مانای لێک نزیک کردۆتەوە. بە ئاشکرا شیعرەکانی بۆ گەمەیەکی خوێندنەوەی زیاتر خستۆتە بەر زەینی خوێنەر. 

 

 

بەرایی:

لە ڕێی خوێندنەوە دەگەینە ناسینی نووسینەکان، زۆر سات ئەم ناسینانە دەبێتە هۆی ئەوەی لە یەک گەیشتنێک بێتە ئاراوە بۆ کرانەوەی گرێپووچکەی نهێنی مانا. ڕەنگە زۆر جاریش نالەیەک‌ گەیشتنێک بێتە نێوانەوە کە دوو لایەن تووشی وەهمی ناکامی بن. ئەمەیش مانا بە لەیەکنەگەیشتنەوە دەلکێنێت. ئەگەر خوێندنەوە بە سیستەمێکی لەیەکگەیشتن بزانین، ئەوە هەموو ماناکانی لەیەکگەیشتنمان بۆ پێناسە دەکات و بنەماخوازی یەکفیکری لەم ڕێیەوە دێتە نواندن و کرانەوەی هاوشێوەی زەینی. ئەوسا نەک هەر خوێندنەوە، بەڵکوو هەموو مانایەکی لەیەکگەیشتن دەکەوێتە خانەی گەمەی گەشانەوەی هاوبیری. زەینی خوێنەر ئەو توانایەی هەیە بە خوێندنەوەیەکی ئاسایی پەی بە ڕەش و سپیی نهێنی مانا ببات. ئەمە وەک سەرەتای دیوی یەکەمی خوێندنەوەیە، بەڵام وەک سەرەتای دیوی دووهەمی خوێندنەوە بە بەرنامەیەکی تۆکمەوە لێی دەچێتە پێش بە زیرەکی لە گۆشەی فرەفیکریدا بە هەڵسەنگاندنی فۆرم و ناوەڕۆک دەستپێدەکات. ئەمجار وەک دوکتۆری نەشتەرگەر کاری خۆی دەستپێدەکات لە سەر جەستەی کزی نووسین، تا ئایدۆلۆژی نووسین دەدۆزێتەوە. نووسین نوێنەری نووسەرە، ئەگەر هاتوو نەیتوانی سەرنجی خوێنەر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، نزمبوونەوەکە هەر دەگەڕێتەوە بۆ نووسەر و بەس. خوێنەر مافی خۆیەتی بە پێی تێگەیشتنی ڕەخنەی لێ بگرێت.

شێعر ئەو ژانرە ئەدەبییەیە هەموو کەس حەز بە خوێندنەوەی دەکات، بەڵام هەرکەس بە پێی ئاستی خولیای، خووی پێوە دەگرێ. جوانیی شێعریش لەوەدایە کە خوێندنەوە و ڕەخنە هەڵبگرێت وەک ئەو ڕایانەی کە خوێنەر لە سەری کۆکن. هەموو شێعرێ بە پێی گرنگی خۆی، چێژێکی مامناوەندی بە خوێنەری دەبەخشێت. ئەوەتا بەرهەمەکانی (غەمگین بۆڵی) سەرنجی هەستی چێژ وەرگرتنی منی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، تا بە ناوی: "ڕەنگێکی جیاواز لە ساباتی شێعرەوە"، خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانی بکەم. لەوەیش دڵنیا بن ئەمە ناسینی لەززەت و لەیەکگەیشتنی خوێندنەوە منی بەم کارە هەڵسانەوە نەک لەززەتەکانی هاوڕێیەتی. خوێندنەوە دەبێ بێ جیاوازی بێت، تا نووسینە بەبەهرەکانی بە ماڵی لالێکردنەوە نەسپێردرێن.

" چووزانم خۆم لێ ون بووە

سەیرە!

لە ئاوێنەشەوە خۆم بۆ نادۆزرێتەوە!"

 

ئاوێنە لای مرۆڤەکان هۆیەکە بۆ جوان دیتنی ڕووخسارەکان.

شاعیر لێرەدا بە داڕشتنی تەکنیکەوە گۆڕانی سەرسووڕمان بە خۆیەوە دەبینێت.

"مریشکێک لەولامەوە

وەک من ئارامی لێبڕاوە

ئەو بۆ هێلکەکردن

من بۆ شێعرنووسین."

 

بیری مێشکی ئاقڵ هەردەم لە هەوڵ و تەقەلادایە بۆ هێنانەدی ڕەوتی نوێ. جیا لەوەی پێش هەست کردنی خۆی. زمان لەم کۆپلەیەدا زمانێکی گشتییە، شاعیر بە ئاسانی ڕازەکانی دەگەیەنێ زۆر هۆشیارانە ئەم ئیشەی ئەنجام داوە.

"من لە خۆم دەگەڕام

تۆم دۆزییەوە!

تۆیش لە خۆت گەڕای

منیشت ون کرد!"

 

ساتی گەڕان خۆشە کە دۆزینەوەی خۆی تێدا حەشار دابێ نەک ئەو گەڕانەی کە وەک گرتەیەکی کامێرا بە سینگی دیواری ئەگەرەوە هەڵبواسرێت.

"دەشێت خۆم ون کردبێ

وشەکان بە سەر تەنافی گوتنەوە

خەیاڵە تەڕەکانم بدەنە بەر هەتاوی شێعر

دەشێت وشەکانم حاشام لێ‌بکەن

من دز دەرچم و

خۆمم دزیبێ."

 

ئەوەتا شاعیر ( غەمگین بۆڵی) وەک بیرمەندێکی لێزان گفتوگۆیەکی فیکری خستۆتە چوارچێوەی شیعرەکەیەوە، وەک فیلمێکى سینەمایی کار لەسەرکراو دیمەنەکان یەک لە دوای یەک نیشانی خوێنەر دەدات. هەڵبەت خوێنەری زیرەک هەست بەم دیمەنانە دەکات.

"چرای سەبر هەڵچوو

ژووری پڕ کرد لە دووکەڵی خۆشنوودی

ئاوێنە کاوێژی بەدمەست‌بوونی دەکردەوە

جادە شل و کوتە تۆزاوییەکان

بە دەم سەمفۆنیای فلووتەوە سەمایان دەکرد

مارشەکانی گوتن لە خەو هەستان

لەم نێوانەدا

چووزانم، شتێکم ون کرد."

 

ئەگەر هەڵچوون لە دەلاقەی لێکدانەوە لێی بڕوانی، تەنیا هۆکاری نییە بۆ ورووژانی نەگەیشتنەکان، بەڵکوو ئاشکراکردنی هزری داهێنانی کردەوەکانە، کێشێگی موگناتیسی هەیە. تا ناجیاوازییەکان نەبنە مایەی ململانێی خوڵقاندن. شاعیر سوودی لەو توانایە وەرگرتووە. لە ڕووی ڕووناکییەوە سەمای هەڵبوون دەکات، کە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە خۆی دەگونجێنێت. هەڵچوون حاڵەتێکی دەروونییە، مرۆڤ دووچاری هەڵکێش و داکێش دەکات.

"وریا بن شتێک دەشکێت:

ڕەنگە گەردیلەی هەناسەکانی چرای بێهوودەیی بێت

ڕەنگە قاچەکانی کەرێکی قوڕبەسەری لەقوڕچەقیو بێت

ڕەنگە لێکترازانی پەرژینی هەنارە دڵپڕەکان بێت

ڕەنگە کەوتنە خوارەوەی بێتاقەتیم لە دوانهۆمی تەنیایی بێت

ڕەنگە بەربوونەوەی هەسارەیەک بێ بەسەر قەفەزی سینگمدا

ڕەنگە سەروابوونی جامی پەیمانەی شەڕابی ئەڤین بێت

ڕەنگە تووڕەبوونی ئاسمان بێ لە زەوی

ڕەنگە کەسێک بێ خۆی لە خۆی جیا کاتەوە

ڕەنگە هیچیش نەبێ،

هەر من بم بە دەوری خۆمدا!"

 

شکان ئەو ڕەمزە بزوێنەرەیە هەمو دەمی پێ دەتریقێتەوە بۆ وەرچەرخانی ئاڵوگۆڕییەکان. غەمگین بۆڵى هاتووە لە سەر بنەمای ڕەنگەوە وێنەکان یەک لە دوای یەک دێنێت و یەکتریشیان پێ تەواو دەکات. دەرخەرییش ئەوەیە کە ئایدۆلۆژیاى فیکری شاعیر چەند بەسەر دەقەکەدا زاڵە. داهێنان ئەو مانایەیە کە شاعیر دەیخوڵقێنێت.

"حەیامێکە لە خۆم دەگەڕێم

تۆم لێ ون بووە

ئەرێ بەڕاست کەس تۆی نەبینیوە؟"

 

شاعیر لێرەدا "فلاشبەک"ی بەکار هێناوە، تا لە زیندووبوونەوەی خەونێکی دڵەڕاوکێدا بکەونە جووڵە و بزواندن.

 

"چووزانم

کە گەڕامەوە هەموو ماڵم بەدوایدا هەڵپشکنی

مێشێک لە قاوەکەمدا خۆی خنکاندبوو

منیش لە کفنکەی خۆمدا وەرمپێچا و

لە سێبەری مردندا نێشتم".

«چووزانم» زمانی نیگەرانییە بۆ خاوێنکردنەوەی ڕێڕەوی شتە ونەکان، تا شاعیر چەمک و دەلالەتی خۆی لە نێو دەقدا دەستنیشان بکات، ئەوسا بە ڕێژەی ئەندازەیی مامەڵە لەگەڵ وشەکان دەکات.

"کەس پێم نەڵێت:

خوا نەکات

ماڵم بە قوڕ گیرێ!

لەگەڵ خۆشم هەڵناکەم."

 

هیوا بە دواڕۆژ لە دیدی ڕەوانناسانەوە تەجرەبەیەکی خۆئاگاییە. لە بنەڕەتا پێویستی بە ئۆقرەیەکی ڕۆحی زەینییە. بەڵام هەڵنەکردن گرێبەستی دوو لایەن هەڵدەوەشێنێتەوە لە ژێر کاریگەریێتی مانا گەیاندن بناغەی سەرنجڕاکێشان دادەمەزرێنێ.

"شاعیرێک شیعرێکی دزی

ناچار ناوی خۆی خستە نێو بیری گووەوە

ببوورن!

ئێستا ئەو شاعیرە گووی لە شیعری جوانترە."

ڕەنگە هەر خوێنەرێک بە خوێندنەوەی ئەم کۆپلەیە بێزی لە خوێندنەوەیش بێت، بەڵام نا! زۆرجار ناوهێنانی شتە ناحەزەکان لە چوارچێوەی نووسیندا جوانی خوڵقاندنێکی پڕ داهێنەری بە نووسینە دەبەخشێت. هەموو نووسینێک داهێنانی زەینییە خوێنەر لە ساتی خوێندنەوەیدا هەست بە جووڵە و بزواندنی دەکات. (غەمگین بۆڵی) شاعیر ئەم وشانەی بە ئەنقەست بەکار هێناوە، تا ئەوە بە خوێنەر تێبگەیێنێت پێویستە زۆر سات بۆ گەیاندنی ماناکان دەبێ سوود لە تەکنیکی ڕەنگە ناحەزەکان وەربگیردرێت، چونکە زۆر جار نووسین وەک ڕووداوێکە هەرگیز ناتوانێت لەوە پێش چاوەڕوانی لێبکەی چی دەبێ و چی نابێت؟ زۆر سات نووسەر، یان شاعیر دەست بە نووسین دەکات لە سەرەتاوە بیر لە شتێک دەکاتەوە، کەچی نووسراوەکە شتێکی تر لە ئاو دەردێت.

"شەڕی تەنیایی

تازە تەنیاییم زوویر کردووە

ژیانم گەمەکانی لە مەرگی دزیوە

تازە ئەم شەڕە ناوەستێت

شەوێک دێ لە پشتی سەراب بگەڕێتەوە

شەوێک دێ لێم هەستێتە سەر وشەکان

وەک ئەمشەو..،

 شەوێک دێ تەنیایی تووڕەیە

ئەم تەنیاییەم دەخاتە جانتای سەرابی تەنیاییەوە."

 

غەمگین بۆڵی لە ڕێی تەنیاییەوە کە شێکی درامیی خوڵقاندووە، هاتووە خۆی لە پشت تەنیایی خستووە و باسی شەڕی خۆی و ئەو کەسایەتییە دەکات، کە بووەتە سەرابی شێعرەکانی، بە کورت ‌وێژی سیما و خەسڵەتی فرەڕەنگیمان پێ‌دەناسێنێت. داهێنانێکی تەواو نوێ لەم شێعرەدا بنیات ناوە بیرۆکەی داڕشتنەکەی لە ژێر کاریگەریی دەنگێکی نوێدا کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کانی زوڵاڵی زەینی خۆی.

"شێر هەر شێرە

شێری ناو قەفەزیش، ترسی هەیە."

 

هەر گیانلەبەرێک خرایە ناو قەفەزەوە، بەو مانایە نییە تازە ئەو هیوابڕاو بووە. ڕەنگە ئیتر ترس نەتوانێت بەشێک لە زاکیرەی داگیر بکات. شاعیر لە ژێر هێڵی زمانی ئازایەتی گەورەیی ژیانی هەموو گیانلەبەرێکی لە سەر هێڵێک ڕاگرتووە و پڕ جووڵەی کردووە، مەبەستی ئەوە بووە مەسەلەی مرۆڤایەتی بخاتە ڕوو.

"دەخوێنمەوە

تۆزی بێدەنگیی سەر پەیڤەکان

                        دادەوەشێنم."

پێگەیشتن لە بواری خوێندنەوەدا بە خوێندن و خوێندنەوەی وردبینانە پێدەگەی نەک خوێندن و خوێندنەوەیەکی سەرسەری. غەمگین بۆڵی وەک بنیاتنەرێکی وزەبەخش لە بێدەنگییدا ئاڵوگۆڕخوازی هێناوەتە کایەوە، تا خوێندنەوە فێری ناسینی پیتەکانی بێ، وەک گۆزەیەک ڕاڤەی لەیەکگەیشتن ئەدەڵێنێت.

"(جیاوازی)

ئەگەر جیاوازی دۆزەخ و بەهەشت

ژیان بێت

جیاوازی من و تۆش عەشقە!"

وشەی جیاوازیی ئەو حەزەیە کە لای هەموو کەسێک جێگە و پایەی بەرزی هەیە. بە زمانی گۆڕانکارییەکان دەناسرێ. بۆ زیاتر ناساندنی شاعیر پێناسەیەکی جوانی بۆ کردووە بۆوەی خوێنەر لەوە ورد بێتەوە کە سەروەرییەکان بە پێی کات‌وسات گۆڕانی بە سەردا دێت. بە خوێندنەوەی ئەم کورتە شێعرە تێدەگەی غەمگین بۆڵی چ شاعیرێکی وردەکارە.

"(منداڵییم)

بە پێکەنینەوە پارەی ڕۆژانەی وەرگرت و

چووە کۆڵان.

بە گریان گەڕایەوە!"

مناڵی، ئەو ژیانە بێگەردەیە کە پڕیەتی لە کۆلکەزێڕینەی ڕەنگاوڕەنگی هەوری خەیاڵ. (غەمگین بۆڵی) لە ڕووی دیالۆگەوە ڕۆچووەتە ناخی بیرەوەرییەکان و ڕووداوەکانی سەردەمی مناڵی و ئێستە شیدەکاتەوە بۆ ئەوەی بڵێ هەرکەس فەرهەنگی بیرەوەری تایبەت بە خۆی هەیە، بەمەیش زمانێکی زیندووی بە پەیڤەکانی ناو شێعرەکە بەخشیوە. کەرەسەی شێعر سەرەتا هەست و دوای وشە شاعیر دەتوانێت کاری بەنرخی پێ ئەنجامبدا. کەرەسەیەکی زیندوون پانتاییەکی فراوان لە جەستەی شێعردا دروست دەکەن. بەڵام هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ زانست و ئاگامەندی کەسایەتی شاعیر.

"(کەواتە دەمرم)

بۆ ئەوەی زیاتر لە ژیان تێبگەم

ئەوەندەم بەسە کە هەمیشە بیر لە بوونم بکەمەوە

کەواتە دەژیم."

 

هەموو هەستێک سەرەتا پڕ ئازارە، هەموو بایەک خۆشمروورە. هەموو شتێک دەبێ لە مابەینی مردن و ژیان ببیندرێت. لەم شیعرەیدا غەمگین بۆڵى هاواری شاعیر بە گوێی خوێندنەوە دەبیسترێت، کە سەرنجی بوونی ماناکان بۆ لای هەستەکان ڕادەکێشێت. ئەمەیش مۆسیقایەکی بوونی ژیانەوەیە.

" سەفەری پێڵاوەکان تەواو نابن

پێڵاوەکانم لە نێویاندا بەندن

دەشێ ئەم پێڵاوە کۆتایی بەم سەفەرە بێنێت؟

ئەم پێڵاوەم دەمێکە لەپێیە

زۆر حەزی لە سەفەرە

دەترسم سەرم بخوات

هەر ئەمشەو پێڵاوەکانم خۆیان بۆیاغ کرد

چوونەوە سەفەر

ئەو سەفەرەی پڕە لە پێڵاوی دڕاو

ئەو پێڵاوەی پڕە لە سەفەری دۆڕاو

سەیرە! پێڵاوەکانم جووتێک پێڵاویان کڕیوە

دەشێ ئەمانیش سەفەری بن!".

سەفەر ئەو ساتە زێڕینەیە کە پڕیەتی لە بەهرە و ئاڵو‌گۆڕی. سەفەر بۆ خۆشی کات‌ ڕابواردن نا، بەڵکوو بۆ پێناسەکردنی ئەو ڕەنگانەی لە کاتی سەفەردا لە زاکیرەتا جێیەک بۆ بیرەوەری داگیر دەکەن تا لە داهاتوودا ببێتە وزەیەکی تۆکمە و کارامە بۆ ڕیزبەندی بەرنامەی ژیانێکی پڕ داهێنەری. شاعیر بەر لەوەی قورسایی مانای سەفەری پێڵاوەکەی بخاتە سەر شانی وشە، خستوویەتە سەر شانی ئەو سۆزە ڕەنگینە کە بە بیر و هەستی بوونیدا تێپەڕیوە تا بەپێزترین مانای ڕەمزی بەئەنجام بگەیەنێ. بێگومان شاعیر لە سەفەردا باشتر دەتوانێ بدۆزێتەوە.

" دوودڵم...

دوودڵیش پڕی ناوچاوم بووە

جەستەمی کردۆتە وێستگەی بوون و نەبوون

زۆر بێزارم، تا ئەو سنوورەی لەگەڵ خۆشم بەشەڕ دێم

نازانم دنیا چۆنە؟

بۆچی لێرەم؟

 ئێرە کوێیە؟

ـ ئەرێ بەر لە من، من لێرە نەبوومە؟

ئەرێ ئەوەی دەینووسم، کەسێکی تر نەینووسیوە؟"

 

شاعیر دوودڵە لەو ناخۆشییەی تێی کەوتووە، هەستەکان گۆڕاون، بێجگە لە شازبوون، کرانەوەی دەوێ.

"ئەم دوودڵییەی سەفەر چەندەها شێعری

چەشنی پێڵاوەکانم دڕاندوون

دەبێ هەستم!

بەرلەوەی پێڵاوەکانم بدڕێ ئەم سەفەرە تەواو بکەم

بەرلەوەی سەفەر بڕیار بدات

تەلەفۆنێک بۆ یارە کراسەڕ‌ِەشەکەم دەکەم

پێی دەڵێم:

تۆ هێندەی مۆمە دڵبەخەمەکانی شەوانی وەڕەزبوون

فرمێسک دەتکێنی؟

تۆ هێندەی گزنگی عیشق،

شەوت بۆ مەعشووق ڕووت کردۆتەوە؟"

 

لە سەر بنەمای لاری پەنجێرەیەکی مانای زیندوو بۆ خوێنەر دەکاتەوە تا بتوانتێ بە گوێرەی توانایی فیکری خۆی، مانایەکی تری لێ بەرهەم بێنێ. داڕشتنی جوان چى شیعر چى چیرۆک و هتد...

 دەق وەک مرەبا شیرین دەکات، ئەمە تەنیا ڕێی یەکەمی دەربازبوونە بۆ سەرکەوتن، تا لاوازی نووسین جێ بهێڵین.

"تۆ،

 هێندەی چرکەی کاتژمێرە ترساوەکەم

 لاسایی دڵەکوتانەی چاوەڕوانیت کردۆتەوە؟

تۆ،

هێندەی من لە نێو خۆتدا سەیری خۆت کردووە؟

پێڵاوەکانت لە پێ بکە و

کراسە ڕەشەکەت داکەنە!"

 

کات لە کاتدا زۆرجار پاڵاوتنی زەینی دەپژێنێت بۆ هەستانێکی دڵخواز. وەکو ئەم نموونە شیعرییەى شاعیر:

" وەرە قەرزی ئەو سەفەرە بدەینەوە

ئێمە ساڵەهای ساڵە هەنگاو دەنێین

بەیانی تاکوو ئێوارە

ئەم ڕێگەیە دەکوتینەوە

تازە زانیومانە لە شوێنی دوێنێ دەستپێدەکەینەوە

کراسە ڕەشەکەت داکەنە و

پێڵاوەکانت لە پێ بکە

تا بە عەشق پەیوەستی،

لە لاچەپێکی دڵت بمهێڵەوە

تا بە ژیان پەیوەستی،

پێڵاوەکانت لە پێ مەکە."

 

دیسانەوە شتێک کە لە سەفەر لێوەی فێر دەبێت، کات بۆ سەفەری دەرخستنێت بۆ کردنەوەی پرۆسەی تازەگەریی. (غەمگین بۆڵی) لە کۆتایی ئەم شیعرەیدا وەک سەرەتا جگە لە دەنگی سۆز و هەستی، دەنگی سەفەر و پێڵاو دەخاتە ڕوو، هەریەکەو دەنگ و هەڵوێستی خۆی پێداون، دەنگ و هەڵوێستەکانی هێندە جوان نەخشاندووە، کەم شاعیر لە قورسایی دەنگ و هەڵوێست توانیویەتی دەرباز بێت بە شێوازی تایبەت.

 

ئەنجام:

شیعری (غەمگین بۆڵی) ئەو سێوە لاسوورەیە کە هەموو خوێنەرێک گازی خوێندنەوەی لێدەگرێت. لە شیعرەکانیدا قۆناغ بە قۆناغ گۆڕانکاریی تێدا کردوون، زۆر زیرەکانە داڕشتن و مانای لێک نزیک کردۆتەوە. بە ئاشکرا شیعرەکانی بۆ گەمەیەکی خوێندنەوەی زیاتر خستۆتە بەر زەینی خوێنەر. ئەمانە هەموو نیشانەی ئەوەن کە شاعیر لە زەوی شیعرییدا توانیویەتی تۆوی بەرهەمی بچێنێت. خوێنەریش وەک دروێنەوانێکی بە ئەزموون خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی بکات.

 

ژێدەر:

1ـ ڕووتبوونەوەی وشەکان، شێعری غەمگین بۆڵی، 2012

2ـ ڕەگەزەکانی دراما لە شێعری لیریکی کوردیدا، پەروین عەبدوڵڵا، 2008

3ـ دەنگەکانی ڕەخنە، وتار، ئەحمەد حەقناس، دەسنووس

4ـ گۆڤاری بەرهەم، ژمارە. 2، 1389

5ـ شعر ژاپنی از آغاز تا امروز، احمد شاملو و ع. پاشایی، 1390

 

6_ ئەدەبیاتی کلاسیکی و نوێخوازی کوردی، د. کەماڵ مەعرووف، 2003