شرۆڤە

ژیان، ناسین و پرۆسەی ئەزموونێکی بەردەوام

فەرهاد بهێشتی

بەنرخترین ئەزموونەکانی ئێمە بۆ گەیشتن بە لووتکە لەمێژوودایە بۆیە دەنکە بەفر سات لەداوی سات بیرەوەرییەکانی لێکدەداتەوە و بەشانازییەوە باس لە سەفەری خۆی دەکات. نووسەر لەزمانی چیرۆکەوە جارێکیتر پێماندەڵێت کە نابێت هەرگیز فەرامۆشی بکەین گەورەترین ئەزموونەکانی دەنکە بەفر لە سەفەردا بوو نەک لە مانەوە و بێدەنگیدا.

 

لێکدانەوەی کورتە چیرۆکی "ژیان گەلێ شیرینە" بەرهەمی خالید خاکی
"قەدەری تۆ فڕینە خۆت مەسپێرە بە بێ باڵی، ئەم قەفەسە جێ بهێڵە... " (ئا، ج)

یەکێک لە پرسە بنەماییەکانی دونیا لە چەند سەدە لەمەوبەر هەتا ئێستا پرسی ناسین و ئەزموونی خودە. بەمانایەکیتر ئەنجامدانی کردەوەیەکی دیاریکراو کە جگەلە هۆکاری ناوەرۆک و کاریگەری ئەو کردەوەیە هەروەها بە مەبەستی تاقیکردنەوە و ئەزموونێکی سەربەخۆ و ڕامان لە هەناوی خود و هەڵسەنگاندنی پێگەی خود لە پانتایەکی گشتیدایە.
لێرەدا دوو قۆناغی دیاریکراو دێتە ئاراوە، یەکەمیان پێش ئەزموون و ناسین، دووهەمیش قۆناغی دوای ناسین و کردەوە. ئەم پرسە توانیویەتی هەموو دونیای ئێمە و هەروەها پانتای نووسین و بیرکردنەوەشمان بگرێتەوە. خاڵی گرینگی هەوڵدان بۆ دەستپێکی ئەزموونی ناسین و دەربازبوون لە چوارچێوەی پێشوودا هەبوون یان بە مانایەکیتر لەدایکبوونی سوژەیەکی پرۆبلماتیکە. چوونکوو لەبنەڕەتدا گوتاری ناسین و تێگەیشتن لە خود هەمان گوتاری ناسراوی سوژەی پروبلماتیکە. فۆڕمی زاڵ لێرەدا فۆڕمێکی ڕیالیستییە واتە ئەو فۆڕمەی کە جۆری قارەمانی چیرۆکی ئێمە دیاری دەکات و ئەویش کەسێک نییە جگە لە قارەمانی پرۆبلماتیک. ئامانجەکانی چیرۆک کە بەجۆرێک گرێدراوە بە ئامانجەکانی نووسەرەوە دیاریکەری ڕێگای قارەمانی چیرۆکە. بۆ پێناسەکردنی ئەو ئامانجانە کە بە جۆرێک ناسنامەی چیرۆکیش پێکدێنێت پێویستە جەخت لە کۆمەڵێک بەهای دیاریکراو بکەینەوە؛ واتە ئەو بەهانەی کە لێرەدا وەک بەها ڕاستەقینەکانی دونیای هاوچەرخی نووسەر و چیرۆک دێنەئەژمار. ئەو بەهانەی کە بۆ دەستەبەرکردنیان پێویستە نووسەر لە هەموو بەربەستە دیار و نادیارەکانی دونیای هەبوو و گەیشتن بە یۆتۆپیای دیاریکراو کە بەڕاستی شتێک نییە جگەلە هەمان جیهانی حەقیقی هاوچەرخ کە بە تەواوی لێی دوورکەوتۆتەوە خۆی دەربازبکات. بەم پێیە لەدایکبوونی بەرهەم و ئافراندنی قارەمانی نووسەر ئەنجامی دەربڕینی ناوەرۆکێکی بنەماییە. خالێکیتر دەربارەی ئەرکی نووسەر کە تا ڕادەیەکی بەرچاو بەباشی گەیشتووەتە ئەنجام تێپەڕبوونی نووسەرە لە ئاستی ووشیاری قارەمان. چونکوو یەکێک لە خاڵە بەرچاوەکانی هونەری نووسەر دەربازبوون لە دونیای دەرهەست و گەیشتن بە جیهانی حەقیقییە. لەم ڕووەوە لێکچوونێکی ئێجگار زۆر لەنێوان دونیای نووسەر و قارەماندا و هەروەها ئاوات و ئامانجەکانی نووسەر و قارەماندا بەدی دەکرێت.


بابەت، ناوەرۆک و هەروەها فۆڕمی چیرۆک نواندنەوەی ژیان و دونیای واقیعی نووسەرە. چارەنووسی دەنکە بەفر ململانێی نێوان خەون و کردەوەیە. بەواتایەکیتر ئافراندنی چیرۆک هەنگاونان بەرەو ئەو حەقیقەتەیە کە ئامانجی قارەمان لە دەستپێکی سەفەرەکەیدا وەک خەونێک لە بەرچاوی دەگرێت بەڵام دەنکە بەفر لەچرکەساتێکدا بڕیار دەدات و خەونی خۆی بەئەنجام دەگەیەنێت بەم پێیە بەرهەمی نووسەر زێدەتر هەمووشت کردەکیکردنی خەونێکی هاوچەرخە. هەوڵی نووسەر بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکی مێژووییەتی کە لە واقیعدا هەمان دژایەتیکردنی دۆخی هەبوو و هەروەها ئینکاری کۆی ئەو دۆخەیە و بە مەبەستی سەلماندنی ئەو باوەڕە نەک پەنا بۆ خەیاڵ نابات بەڵکو بەرەو پراکتیک هەنگاو دەنێت و خۆی دەخاتە نێو ئەزمونێکەوە کە تا ڕادەیەک ئەنجامێکی دیاری هەیە. جگەلە هەموو ئەم تێبینیانە دەکرێت لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە بەرهەمی نووسەر لێکبدەینەوە، بۆ ئەم شیکارییە دەتوانین پێوەندی نێوان مێژوو و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بخەینەبەرباس و ڕاڤەکردن. چیرۆکی دەنکە بەفر ئەوەندە تێکەڵاوی مێژووی هاوچەرخی ئێمەیە و وروژێنەری هەستی بەکۆمەڵی جەماوەرە وەک ئەوەی ساڵ یان چەند مانگ لەمەوبەر ڕوویداوە و یاخود بە هیچ جۆرێک مێژوو نییە بەڵکو هەنووکە و هەر ئەمئێستای ژیانی ئێمەیە... . هەبوونی پێوەندی ئۆرگانیک لە نێوان قارەمان، دۆخی کۆمەڵایەتی، ئاستی وشیاری و هەروەها بارودۆخی مێژووییدا خاڵی گرینگی ئەو چیرۆکەیە. پرسی سەرەکی بۆ نووسەر و هەروەها لایەنی ڕەخنەگر توێژینەوە دەربارەی پێوەندی بابەتی هەرە نزیک لەنێوان هونەر و واقعییەتدا بەتایبەت واقعییەتی کۆمەڵایەتیدایە. لەم ڕووەوە ئەم پێوەندییە هاوکات جگەلە سەرەتا وەک ئامانجی ڕەخنەش دێتە ئەژمار. لێرەدا ئەرکی نووسەر ئەوەیە کە ڕەنگدانەوەی دونیای ڕاستەقینەی کۆمەڵگا لەدونیای چیرۆکدا بەوردی دەربخات. بەمجۆرە نووسەر لەڕێگای چیرۆکەوە مەزنبوون و هەتاهەتایەبوونی سەفەری قارەمانی خۆی لە چوارچێوەی بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای خۆیدا و لەشێوەی جموجۆڵێکی دیالێکتیکیدا وێنادەکات.


لێکدانەوەی ئەم بەرهەمەی نووسەر لەڕوانگەی جوانیناسیشەوە گەلێک جێگای سەرنجە؛ چونکوو بەرهەمی نووسەر پێداگری لەسەر دۆخی هەبوو و هەروەها وەسفی واقعییەتی کۆمەڵگا بەشێوەیەکی سیمبۆلیکە. لێرەدا جیاوازی نێوان جوانیناسی ئایدیالیستی و جوانیناسی ڕیالیستی بەباشترین شێوە دەردەکەوێت. لە ڕوانینی ئایدیالیستیدا ئەگەرچی هونەر شێوەی سیمبۆلیکی کولتورە بەڵام نووسەر خەریکی دووبارە ئافراندنی هەموو جۆرەکانی سیمبۆلیکی واقعییەت نییە بەڵکوو خۆی ئافرێنەری واقعییەتە لەم ڕووەوە نووسەر توانای تێگەیشتنی واقعییەتی نییە بەڵکوو واقعییەت دەخولقینێت. ئەم ڕوانینە شتێک نییە جگەلە ڕوانگەی پۆزیتیویستی دەربارەی ئەدەبیات و هونەر. بەپێچەوانەی ئەم بۆچوونە پۆزیتیویستییە، ئەدەبیات لەڕوانگەی جوانیناسی ڕیالیستییەوە ئەو هونەرەیە کە هەمووکات لەگەڵ ڕەنگدانەوەی واقعییەت لەژیاندا ڕووبەڕوومان دەکاتەوە ئەگەرچی ئەو ڕەنگدانەوە دەتوانێت دروست یان نادروست بێت. چیرۆکی ئێمەش خۆی لەم سنوورەدا دەۆزێتەوە، و هەوڵ دەدات دەلاقەیەک بێت بۆ ئەوەی جەماوەر لەو ڕێگایەوە دونیای بابەتی لێکبداتەوە و بەمجۆرە ڕاڤەی بکات. ئەم هەوڵ و چالاکییەی نووسەر بەجۆرێک پرۆسەیەکی هونەرییە کە بەشیوەیەکی تایبەت وەک کارێکی داهێنەرانە دێتەئەژمار. لەڕاستیدا تایبەتمەندی داهێنەرانەی هونەر بەگشتی و ئەدەبیات بەتایبەتی بۆ ئەو هۆکارە ئەگەڕێتەوە کە نووسەر لەدوای ئافراندنی بەرهەمی خۆی لەهەناوی بەرهەمەکەیدا درێژە بە چییەتی کۆمەڵایەتی خۆی ئەدات. لێرەدا چیرۆکی نووسەر جگەلەوەی خاوەن بابەت، فۆڕم و ستایلی تایبەت بەخۆیەتی هەروەها خاوەن شوناسێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراویشە. بۆ نموونە بابەتی چیرۆک دیاردەیەکی جیهانی دەرەکی یان بەمانایەکیتر نواندنەوەی دیاردە دەرەکییەکانی دونیای نووسەرە. بەم پێیە پرسی سەرەکی نووسەر وروژاندنی هزر و بیری خوێنەر یان لە ئاستێکی بەریندا ئەندێشەی جەماوەرە. ڕەوتی سەفەری قارەمان ڕەوتێکی بەرچاو و دیاریکراوە، دەنکە بەفر بەردەوام خەریکی کەشفکردنی دونیای خۆیەتی و لەڕێگەی ڕوانینی گەشەکەرییەوە لە ئەنجامدا دەگاتە وشیاری کۆیی. دەنکە بەفر لە زەمەنەکی جەغزدا دەژیت؛ لە لووتکەوە بۆ لووتکە لە سپیترین ڕەنگەوە بۆ سپیترین ڕەنگ. ئەنجامی سەفەری قارەمان واتە کۆتایی ژیانی بەپێچەوانەی هەر ئەنجامێکی ئاسایی مەرگ و کۆچی قارەمان نییە بەڵکوو لەدایکبوونێکی سەرلەنوێ و درێژەدان بە پرۆسەی ژیان و خەباتی زیندووی ئەوە. بە مانایەکیتر ژیانی ئەو هەمان ئەزموونی گرینگی بێ پسانی ژیانیەتی. ئەو دراوسێی هەتاوە بەڵام چاوی بڕیوەتە پێدەشت. حەزدەکات وەڕێکەوێت و ڕێگەی گوڵالە سوورەکان هەنگاو بە هەنگاو بپێوێت. بەرز و مەزنبوونی نیشتمان و پێگەی دەنکەبەفر ڕێگر نییە لەبەردەم پڕۆسەی ناسین و تێگەیشتنی لە ژیان و دونیای دەوروبەریدا. هەوڵی نووسەر بۆ ئینسانیکردنی دونیای دەرەوە واتە سروشت و کۆمەڵگا هەوڵ و تێکۆشانێکی بەردەوامە چونکو وەک قۆناغێکی گرینگ بۆ گەشەکردنی مرۆڤ، پەرەسەندنی ئاسۆی ژیانی تاک و هەروەها وشیاری دەربارەی هەست و ڕێبازی ئازادی دێتە ئەژمار. ئەوەی ڕوودەدات گۆڕانێکی بنەڕەتی لەپێناو پێوەندی تاک لەگەڵ دۆخ و هەروەها ڕووداوە گرینگەکانی کۆمەڵگایە. هەر کەشفێکی دەرەکی بۆ قارەمانی چیرۆک وەک وشیاربوونەوەیەک لەمەڕ هێزە دەروونییەکانییەتی. قارەمانی چیرۆک خاوەن دونیابینییەکی دیاریکراوە، کاتێک بڕیاری ڕۆیشتن دەدات بەجۆرێک دان بەوەدا دەنێت کە خاوەن ئیرادەی خۆیەتی و توانای ناسینی هەیە. ئەیهەوێت هاوڕێی و هاوسەفەری جەماوەر بێت، لەڕووباربووندا گەورەترین هەستی شکۆ و شانازی دەردەبڕێت. لەڕووباردا هەست بە شوناسی ڕاسەقینەی خۆی و هەروەها چییەتی بوونی خۆی لەگەڵ جەماوەردا دەکات. لەڕووباردا لەگەڵ بەشێک لە واقعییەتی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەردەمی خۆیدا ڕووبەڕوو ئەبێتەوە.


پرسی سەرەکی بۆ قارەمانی ئێمە "پرسی ژیانە"؛ بەڵام ژیان لێرەدا تەنیا وەک ژیانێکی ئاسایی و فیزیکی لەبەرچاو ناگیردرێت. ژیان بریتییە لە ژیان لەپێناوی ئازادیدا... . ئازادبوون لە هەموو کۆسپ و بەربەستەکانی ژیانی ئاسایی واتە گەیشتن بە لووتکەی هەرەبەرزی ژیانی ئازاد. لەم ڕووەوە دەنکە بەفر لەپرۆسەی وشیاربوونەوەدا سوژەیەکی تەواو سەربەخۆ و ئازادە و هەوڵ دەدات سەرچاوەکانی ئازادی بۆ خۆی و هەروەها جەماوەر دیاری بکات. ئەو هەر لە سەرەتای سەفەرەوە ئازادە چونکو خۆی تاکە بڕیاردەری ڕۆیشتن، وەستان و یاخود گەڕانەوەیە. خاڵێکیتر ڕەوتی داهێنان و ئافراندنە، بەم پێیە نووسەر ئافرێنەری دەنکە بەفرە؛ لەلایەکیتریشەوە خودی بەفر ئافرێنەری ڕووبارە. توانەوەی بەفر سەرەتای داهێنانێکی نوێیە و بەرووبار بوونی بەفر ئەو داهێنانە گەشە دەکات و دواتر و لە ئەنجامدا واتە لە زەریابووندا دەگاتە لووتکە. ئەکرێت ئاماژە بەوەیش بدەین سیمایەکی دیکەی ژیانی بەفریش لە ئارادایە ئەگەرچی لێرەدا نووسەر ناچێتە نێو ئەو بابەتەوە بەڵام ڕەنگە پاش توانەوەی بەفر دەربکەوێت و ئەوەش هەرەس یان سەرهەڵدانی ڕنووە واتە ئەو کاتەیە کە بەفر دەتوانێت تووڕەیی و جۆش و خرۆشی خۆی دەربخات. هەر لە ڕەوتی سەفەردا بەفر لەشێوەی ڕووباردا ئافرێنەری دەیان ژیانی نوێیە چ لە شاخ و یان لە پێدەشتدا، بۆ نموونە ڕواندنی سەدان گوڵالە سوورە و ئافراندنی هەزاران دیمەنی سروشتی دیکە .

 


ژیان و چیرۆکی دەنکە بەفر زێدەتر لە هەمووشت باسکردنی گرینگترین ئەزموونی قۆناغێکی ژیانی ئەوە کە لەڕاستیدا دیاریکەری مێژوویەکی گرینگی ئەوسەردەمەیە. سەردەمی ناسین، بڕیاردان و هەروەها تێکۆشان. دونیای بەفر بەشێک لە واقعییەتی دونیای ئێمەیە بەڵام بەجۆرێک گرینگترین بەشی ئەو واقعییەتەیە. چیرۆک پێماندەڵێت کە لە سەردەمێکی دیریکراودا جگەلە ژیانی ئاسایی سەرشەقام و نێوماڵان ژیانێکی دیکەش بوونی هەبووە... .ژیانی باسکراو تەنیا بەرهەمی زەینی نووسەر نییە بەڵکوو وەسفی ئەزمونی ژیانە. ژیانێکی هاوبەش کە دیاریکەری چارەنووسی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگایە. سەفەری بەفر بەڕواڵەت سەفەری تاکەکەسییە بەڵام لە پێناوی ئامانجێکی هاوبەش و چارەنووسی کۆمەڵگایەکدایە. چیرۆک بەشێوەیەکی بەرچاو گێڕانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنێکی مێژووییە. هەڵبژارن لە نێوان دوو گوتاردا؛ وەستان یان نەوەستان؟ بەسەرهاتی بەفر بەڕوونی پێمان دەڵێت ئێمە ناتوانین واز لە مێژوو بهێنین چوونکوو بەنرخترین ئەزموونەکانی ئێمە بۆ گەیشتن بە لووتکە لەمێژوودایە بۆیە دەنکە بەفر سات لەداوی سات بیرەوەرییەکانی لێکدەداتەوە و بەشانازییەوە باس لە سەفەری خۆی دەکات.. نووسەر لەزمانی چیرۆکەوە جارێکیتر پێماندەڵێت کە نابێت هەرگیز فەرامۆشی بکەین گەورەترین ئەزموونەکانی دەنکە بەفر لە سەفەردا بوو نەک لە مانەوە و بێدەنگیدا... . نووسەر، چیرۆک و قارەمانی ئێمە هەوڵ ئەدەن پێمان بسەلمێنن ئەوەندەی کە ئیمە بەشێک لە کۆمەڵگاین بەشێکین لە مێژووش واتە مێژوو شتێک نییە جگەلە نووسینەوەی ژیان و ئەزموون و هەروەها کردەوەی ئێمەیە و بەم پێیە هەر هەموومان لە بەرانبەر مێژوودا خاوەن بەرپرسایەتی تایبەت بە خۆمانین.