شرۆڤە

دیالکتیکی تاک و مێژوو

محەممەد محەممەد مورادی

 

مرۆڤێک بە ئاگایی دەگات و لەپێناو جاویدانێتیی ئامانجەکانیدا یان هەمان گوڵی سوور کە شۆڕش بێت، نەفی دەبێتەوە و تەنانەت ئەگەر ئامانجەکان لە بڕگەیەکی کاتیدا بەدی نەیەن ڕەوەندێکی مێژوویی کەوتۆتە گەڕ و کۆمەڵگادا ڕیگای خۆی دەپێوێت.

 

خوێندنەوەیەک بۆ چیرۆکی «ژیان گەلێک شیرینە» بەرهەمی خالیدی خاکی

هەرچەند ئەم چیرۆکە ڕەنگە لەباری گێڕانەوە و تەکنیکی نووسینەوە زۆری قسە لەسەر بێت و کەموکوڕی زۆری هەبێت و لە زۆر شوێندا لەوانەیە نەک بە زمانی ئەدەبی بگرە زیاتر بە زمانی تیۆر بگێڕدرێتەوە بەڵام باسی ژیان و مۆڤمێنتێکی مێژوویی دەکات کە تێیدا پاڵەوانی چیرۆکەکە لە پێوەندییەکی دیالێکتیکیدا دەبێتە سووژە ئۆبژەی ژیان و فاکتە مێژووییەکان هەر بۆیە شایانی ئەوەیە خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ بکرێت.

وەک نووسەر خۆی ئاماژەی پێ داوە ئەم چیرۆکە لە دەیەی شەستدا و لە ڕەجایی شاردا هاتۆتە نووسین و بە گشتی ڕەوش و ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە دەگێڕێتەوە.

«دەنکە بەفر کاتێ لێوی ئاڵی گزنگی ڕووخۆشی تاوی زێڕین و پڕتینی بەهار گەییە سەر گۆنای سڕ و ساردی، لە خەوی چەند مانگە ڕاچەنی»

نووسەر لێرەدا کە باس لە بەهار دەکات مەبەستی کۆتاییهاتنی دواساتەکانی ڕژیمی پاشایەتی و هەڵهاتنی ڕۆژی هیوا و ئازادییە. کە دەڵێ «سۆزی ساردی سروە، بەردی دەهێنایە سەما» باسی جۆشوخرۆشی ئەو ساڵانە دەکات کە کوردستانیش وەک هەموو بەشەکانی دیکەی ئێران لە کەشوهەوای شۆڕشدا بوو.

کوردستان کە ساڵانێک بوو خەوی بە ئازادی و سەربەستییەوە دەبینی لەو هەلومەرجەدا هەستی دەکرد هەلێک ڕەخساوە بۆ وەڕاستگەڕاندنی خەونی سەربەستی.

لە سەروبەندی شۆڕشدا کە ڕژێمی پاشایەتی ڕووخابوو و ناوەند لە خواست و هەڵوێستی خۆی بۆ جێگیرکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران یەک هەنگاو پاشەکشێی نەدەکرد. هەر بۆیە زۆر ئاسایی و چاوەڕوانکراو بوو کە ناکۆکی بێتە ئاراوە.

نووسەر لەپێشدا باسی ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەی پێش جۆشوخرۆشی شۆڕش دەکات و دەڵێ:

«توانەوە و خۆسپاردن بە سەفەرێکی نابەڵەدی، خۆسپاردن بە ئاکامێکی نهێنی و نادیار لە جلوبەرگی ماچێکی گەرم و دڵبزوێندا بوو کە ژیانی پێ ڕاهاتووی دەسڕییەوە و شێوە ژیانێکی نوێی دەنەخشاند»

نووسەر لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا بە گشتی و لە چیرۆکی ژیان گەلێک شیرینە بە تایبەت، هەوڵی داوە بەم نەوە و نەوەکانی داهاتوو بڵێ کە هاوجیلەکانی ئەو لەو سەردەمە مێژووییەدا چۆن سەیری دنیایان دەکرد و چۆن لەگەڵ فاکتە مێژووییەکان ڕووبەڕوو دەبوونەوە. پێمان دەڵێ کە چۆن تاکی ئاسایی لە ژیانی ئاسایی هەڵ دەکەندرێت و دەکەوێتە ژیانی قارەمانانە و لە گۆڕەپانی مان و نەمان و مەرگ و ژیاندا دەبێتە قارەمان. ئەگەر ژیانی ئاسایی برێتی بێت لە کارگەلی بچووک و کەمنرخ و یەکچەشنی ڕۆژانە ، کەواتە ژیانی قارەمانانە خۆبواردن لەم چوارچێوەیە بۆ گەیشتن بە ژیانی دەگمەن و ناوازە کە نەک هەر هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئەگەری گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی بەڵکوو پێویستیشی بەوەیە کە ئاگامەندانە خودی ژیان بخرێتە مەترسییەوە. ژیانی قارەمانانە پیویستی بە بوێرییە. بوێرییەک بۆ هەوڵ و خۆڕاگری و مەترسیخوازی. جۆرج زیمێل لە وتارێکیدا دەربارەی مەترسیخوازی دەڵێ:

«مەترسیخوازی لە دەرەوەی گەڕی ئاسایی و ڕۆژانەی ژیاندا ڕوو دەدات و بەپێی بنەماکانی ئەو ژیانە، دەبێ دووری لێ بکرێت. مەترسیخواز دەرکێکی جیاوازی هەیە لە زەمان. دەرکێک کە پێویستی بە هەستیاریی توندە بەرامبەر بە هەنووکە و گوێنەدان بە ئایندە. ئێمە تەنها بە مەترسیخوازی دەتوانن خۆمان بخەینە داوێنی مێژوو و ڕووداوەکان کە دەتوانن ڕەزامەندمان بکەن یاخود هەر بەرەو نەمان بمانبەن.»

نووسەر هەرچەند لام وایە دەقاودەق ئەم ڕستەی «لودویگ بۆرنە» ـ (شاعیری ئەڵمانی سەدەی نۆزدەیەم.) دەگوازێتەوە: «ئەوەی نەگۆڕدرێت، خودی گۆڕانە و بەس.» بەڵام لەهەمان کاتدا زۆر بەجوانی و بەم شێوە: «ژیان یانی هەوڵ و تەقالادان. یانی بەرامبەر بە دژایەتی زنار وەستان. ژیان جوانە، مان بە شێوە و شێوازی جێکەوتوو، ژیرانەیە. بەڵام لە جێی خۆیدا، هەر نەمانێ گەشەی مانێکی دیکەیە. بەتایبەت ڕۆچوون یانی فەوتان بۆ درێژەدان بە ژیان.» بابەتی نەفیی نەفیی هێگل دەهێنێتە ئاراوە و ئەمە دیدێکی هێگلییە بەرامبەر بە ڕەوەندی مێژوویی کە دەنکە بەفرێک دێت و نەفی دەبێتەوە بۆ گەشەکردنی گوڵێک و دواتریش هەمان گوڵ نەفی دەبێتەوە. دەنکە بەفر لەپێناو گوڵدا و شۆڕشگێڕ لەپێناو شۆڕشدا.

ئەدەبیاتی ئێمە هێشتا بەڕادەیەکی زۆر گیرۆدەی کڵێشەیە و بەداخەوە هیچ هەوڵێک نابینرێت بۆ دیکانستراکتکردنی ئەم کڵێشانە. ئەم چیرۆکەش بێبەری لە کڵێشە نییە و نووسەر بەم شێوە درێژە بە گێڕانەوە دەدات: «هیچ شێوە مانێک بێکۆتایی نییە کەواتە گرنگ ئەوەیە کە ئەنجامی چۆن بێت و چۆن دابڕێژرێ و چ ڕەنگ و ڕەنگدانەوەیەکی ببێت و ...» دیارە ئەمە هەر ئەم دروشمەیە کە «لای هەڵۆی بەرزە فڕی بەرزە مژی/ چۆن بژی شەرتە نەوەک چەندە بژی.» بەڵام بە جۆرێکی دی داڕێژراوەتەوە. ئەم دروشمی «چۆن بژی شەرتە نەوەک چەندە بژی» لەڕاستیدا  نموونەیەکی پڕاوپڕە بۆ بابەتی [لە چەندایەتییەوە بۆ چۆنایەتی] لە فەلسەفەی هێگلدا و ئێجگار نزیکە لە نموونەی ئاو و پلەی گەرما کە بەزۆری هێگل باسی دەکات و دەڵێ گەرمبوونی ئاو تا پلەی ٩٩ چەندایەتییە و ئاو هێشتا هەمان ئاوە کە گەرم بووە بەڵام هەرکە یەک پلەی دی گەرم بێت و بگاتە پلەی ١٠٠، چەندایەتی تێدەپەڕێنێت و چیتر ئاو نییە. ماهیەتی گۆڕدراوە و هەڵمە و ئەم گۆڕانە چۆنایەتییە. مارکسیش هەر ئەم نموونە لە ئابووریی سەرمایەداریدا دەهێنێتەوە.

ئەم دروشمەش باس لە هەوڵێک دەکات بۆ تێپەڕاندنی چەندایەتی و گەیشتن بە چۆنایەتی. بەڵام لەڕاستیدا ئەم دروشمە چیتر تەنها کڵێشەیە و لەم سەردەمەدا کە سەردەمی کۆمێدیای مرۆییە دەبێ لە پەڕاوێزەکاندا بۆ هەڵۆ بگەڕین و بەپێچەوانەوە هەوڵێکی زۆر بێوێنە لەگەڕدایە بۆ بەرجەستەکردنەوەی قەلەکان. تەنانەت لە شانۆکانیشماندا دەبینین هەوڵێک لەگەڕدایە کە لە جلوبەرگی هەڵۆدا قەلی ڕووڕەش بەرز بکەنەوە و پەڕوباڵی پێبدەن. ئەمەش جگە لەوەیە کە لەسەر ئەرزی واقیع و لە واقیعدا لە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتەوە بیگرە تا ناوەندەکانی ڕۆشنبیری بوونەتە موڵکی تایبەتی قەلەکان و ئاسمانێکی شینن کە تێیدا تەنها شەقەی باڵی قەلەکان دەبیسترێت. هەربۆیە بەڕای من قەل حەقیقەتی پەتییە و باشتر وایە واز لە هەڵۆ و کڵێشەی هەڵۆ بهێنین. 

نووسەر لە درێژەی ڕەوایەتەکەیدا پاڵەوانی چیرۆکەکە بەنێوان گەلێک ڕووداوی جۆربەجۆردا تێدەپەڕێنێت و هەر لەو سەروبەندەدا کە زۆرێک لە هاوڕێکانی گیانیان بەخت کرد، ئەویش بەم شێوە بەرەوڕووی مەرگ دەکاتەوە:

«تەنانەت زۆری نەمابوو تکی هاوڕێشمان گل بخواتەوە و کۆتایی بە چیرۆکەکەمان بهێنێت بەتایبەت کاتێک گەیشتە حاس گوڵێکی تاساو و دۆڕاو و داخوازیی پڕتاسەی ئەوی بیست.»

لێرەدایە کە بەرەوڕووی مان و نەمان دەبینەوە. پرسی مەرگ و ژیان کە بە درێژایی مێژوو ئۆبژەی مرۆڤ بووە. لە تراژیدیا شکۆمەندەکانی یۆنانەوە بیگرە تا ئەدەبیاتی مۆدێڕن بە گشتی هەموویان پەرژاونەتە سەر ئەم پرسە و بێگومان ئەگەر واش نەبووایە ئەو بەرهەمانە نەیاندەتوانی تا ئەو ڕادە سەرنجی خەڵک ڕاکێشن و لە مێژوودا بمێننەوە.

جگە لە ئەدەبیات لە بواری فکر و فەلسەفەشدا پرسی مەرگ و ژیان بە زۆرترین ڕادە لە فەلسەفەی هێگلدا ڕەنگی داوەتەوە. هێگل لە خوداکان و بەندەدا دەپەرژێتە سەر ترس لە مەرگ و دڵەڕاوکێی مەرگ و گیانبەختکردن لە پێناو ئەوی دیدا و دەڵێ:

«مرۆڤێک کە هەستی بە ترس لە مەرگ نەکردبێت نازانێ کە جیهانی بە سروشتی پێدراو، دژمنیەتی و هەوڵی بۆ کوشتن و لەناوبردنی ئەوە و وەها جیهانێک لە ناخی خۆیدا ناتوانێ بەشێوەی ڕاستەقینە ئەو دڵخۆش بکات... ئەو لە دواجاردا دەیەوێ جیهان ڕیفۆرم بکات واتە وردەکارییەکانی بگۆڕێت... بەبێ ئەوەی کاری بە تایبەتمەندییە جەوهەری و بنەڕەتییەکانی هەبێت و هەوڵ بۆ گۆڕینیان بدات. ئەم کەسە لە پێگەی ڕیفۆرمخوازدا، زیرەک و لێهاتوو و تەنانەت وەکوو خەڵکانی هاوڕەنگی جەماعەت کار دەکات بەڵام هەرگیز ناتوانێ شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینە بێت.»

هەر وەک پێشتر باسمان کرد پاڵەوانی چیرۆکەکە لە ژیانی ئاسایی هەڵکەندراوە و ئێستە لەپێناو بەها و ئامانجە مەزنەکانیدا ژیانی قارەمانانەی گرتۆتە بەر و لە فاکتێکی مێژووییدا بەرەوڕووی مەرگیش بووەتەوە کە بێگومان مێژوو جێگای شەپۆلانی ئەو چەشنە کەسانەیە و تەنانەت خالیدی خاکیش هەر لەم چیرۆکانەدا ناوی چەندێک لەو کەسانەی هێناوە و بەسەرهاتیانی گێڕاوەتەوە. ئێستە شتێک کە سەرنجمان ڕادەکێشێت ئەم پێوەندییە دیالێکتیکییەی نێوان تاک و مێژووە کە چۆن تاک لە ژیانی ئاسایی جیا دەکاتەوە و دەیبات بەرەو ژیانی قارەمانانە و قارەمانبوون و وەها ئاگاییەکی مێژوویی بەدەست دەهێنێت کە خۆی بۆ مەرگ ئامادە بکات.

مرۆڤ تاکە بوونێکە کە توانای وەڕاستگەڕاندن یان ڕیاڵیزەیشێنی خۆی هەیە و دەتوانێ لە هەموو پڕۆسەکانی بوون و بیکامینگدا، سووژەیەکی خۆبڕیاردەر بێت. وجوودی ڕاستەقینەی مرۆڤ هەمان پڕۆسەی دیفاکتۆکردنی ئەگەرەکانی و داڕشتنی ژیانیەتی بەپێی ئایدیاکانی هزر و هەر لێرەدایە کە ئێمە بەرەوڕووی پرسی ئازادی دەبینەوە کە دەکرێ بڵێین سەرانسەر مێژووی جیهان و بەتایبەت سەدەی هەڤدەیەم بەدوا هەوڵ و تێکۆشانی مرۆڤمان بۆ دەگێڕێتەوە بۆ ئازادبوون لە کۆتوبەندی سیاسی و ئابووری و ئایینی کە هەمیشە زنجیریان داوە لە دەستوپێی مرۆڤ. خەباتگێڕانی ڕێگای ئازادی کەسانی ستەملێکراو بوون کە بەدوای ئازادییەکانیانەوە بوون و بەرەوڕووی ستەمکاران دەبوونەوە و لەم بەرەوڕووبوونەوەدا کەسانێکی زۆر گیانیان لەڕێگای ئەم باوەڕەدا بەخت کرد کە مەرگ لە خەباتی دژە ستەمدا باڵاتر لە ژیانی بێ ئازادییە.

وە نموونەی مێژوویی بۆ مەرگی خۆویستانە سوقراتی باوکی هزر و ئەندێشەی ڕۆژاوایە کە لە دوایین ڕۆژی ژیانیدا کە بە هەڵقوڕاندنی جامی ژار کۆتایی هات و لە دوایین وانەی خۆیدا گوتی ئاکاری شایستە بۆ پیاوی ئەندێشمەند و فەیلەسووفی ڕاستەقینە، نەترسان لە مەرگە.

هەرچەند لەم سەردەمی کۆمێدیا مرۆییەدا، یان بە دەربڕینێکی دی سەردەمی هێژمۆنی قەلەکان، کەسانی شەرافەتمەند زۆرن کە بە بێدەنگ خەریکی کارکردنن بەڵام زۆر ئاسایی و چاوەڕوانکراوە کە شێوەڕۆشنبیر و سووژەی کۆمیک بەرهەم بێت. کەسانێک کە تەنها هەوڵیان بۆ ئەوەیە فوو بە ئێگۆیاندا بکرێ و زۆر دڵخۆش بە دۆخی باون و خزمەت و بەرگریی لێدەکەن. وە ئەگەر زۆر گەشبینیش بین لە باشترین حاڵەتدا وەک «نژدانۆڤ» پاڵەوانەکەی ئیڤان تۆرگینیەڤ لە ڕۆمانی «Virgin soil»دا، ڕاستگۆیانە دڵیان لای ئاپۆڕەیە بەڵام لە جەوهەردا هەو نین و کاتێک دەچنە ناو ئاپۆڕە هەست بەم پاڕادۆکسە دەکەن و تەنانەت شەرابی ئاپۆڕەشیان بۆ ناخورێ و بە دوو گیلاس لەو شەرابەی ئەوان دەکەونە شەرارەی مەرگ. هەرچەند نژدانۆف پەی بە پاڕادۆکسەکانی خۆی دەبات و دەزانێ بە نەفیکردنەوەی خۆی ڕیگا بۆ سالۆمینەکان ـ شۆڕشگێڕی ڕاستەقینەـ خۆش دەکات و ڕاستگۆیانە خۆی دەکوژێت و تەنانەت پێش نەفیکردنەوەی خۆی دەستگیرانەکەی دەسپێرێتە دەستی سووژەیەکی ڕاستەقینە، بەڵام پێم وانەبێ ئەم شێوەڕۆشنبیرانەی ئێمە بتوانن و بوێرن بەرەوڕووی پاڕادۆکسەکانیان ببنەوە و زۆر بەجدی ڕێگایان لە کەسانی دڵسۆز و ڕاستگۆ گرتووە و پێویستە بەجدی بەرەوڕووی پاڕادۆکسەکانیان بکرێنەوە.

لە کۆتاییدا نووسەر دەرفەتێکی تر دەڕەخسێنێت و پاڵەوانی چیرۆکەکە بەم شێوە بەرەوڕووی مەرگ دەکاتەوە:

«هەموو شتک وەکوو پار دەچوو، بەڵام دەنکە بەفر، دەنکە بەفری ساڵی پێشوو نەمابوو، دیسانیش وەکوو ساڵی پاری نەماو، دەنکەی ناوبراو لەگەڵ هاوڕێیانی کۆن و نوێ ڕێی گرتە بەر. بەڵام ئەم جارە کۆرپەی ئاکامێکی پیرۆزی لە دڵدا دەلاواند. هەر بۆیە بە هەوەڵ گوڵ کە گەیشت بێسرتە و بە گورجی خۆی خشاندە بەرپێی و هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و گوتی:

ئۆخەی وا بە ناختدا ڕۆدەچم و ئەنجام تێگەیشتم کە مانای ژیان چییە.»

هەموو شتێک لە شوێنی خۆیدایە و دنیا هەمان دنیایە و ئەم ساڵیش وەک پار بەڵام مرۆڤێک بە ئاگایی گەیشتووە، ئاگایی بە مانای قۆناغێک لە ناسین کە تێیدا سووژە و ئۆبژەی ناسراو کە ژیان بێت، لە جەوهەریاندا هاوشکڵ و هومۆژێنن و ناسین لە ناوەوە و نەک لە دەرەوە ڕوو دەدات. بە واتایەکی تر جیاوازیی نێوان سووژە و ئۆبژە و هەر بەو پێیە جیاوازیی نێوان تیۆر و پراکسیزیش بزر دەبێت و تیۆر بەبێ ئەوەی هیچ لە تەواوەتی و حەقیقەتی خۆی بەخت بکات  بە کردە دەبێت. بەڵێ مرۆڤێک بە ئاگایی گەیشتووە و ژیان و مانای ژیانی ناسیوە و تەنانەت مەرگەکەشی واتادارە و لە ئاسمانی تاریکی مێژوودا وەکوو ئەستێرەیەکی گەش دەدرەوشێتەوە. وە سەرەنجام نووسەر بەم شێوە  گوڵی سووری تینوو کە پاڵەوانی چیرۆکەکە خۆی لەپێناویدا بەخت کردبوو و پاراوی کردبوو دەکات بە سیمبولی ژیانایی و جاویدانێتی.

«گوڵی سووری گەشەکردوو شەنیایەوە، بزە گەڕایەوە سەر لێوانی و گوتی: بەرامەی خۆش! ئەی کۆرپەی خوازتم! بەرەی ئامێزەبوونی خۆبەختکردن و شیلەی شیرینی گیانم! دوور بڕۆ و بەرز ڕاگەیەنە: ژیان گەلەک شیرینە!»

مرۆڤێک بە ئاگایی دەگات و لەپێناو جاویدانێتیی ئامانجەکانیدا یان هەمان گوڵی سوور کە شۆڕش بێت، نەفی دەبێتەوە و تەنانەت ئەگەر ئامانجەکان لە بڕگەیەکی کاتیدا بەدی نەیەن ڕەوەندێکی مێژوویی کەوتۆتە گەڕ و کۆمەڵگادا ڕیگای خۆی دەپێوێت.

 

سەرچاوەکان:

١ـ پدیدارشناسی جان/هگل؛ ترجمه باقر پرهام؛ تهران؛ نشر کندوکاو ١٣٨٩

٢ـ خرد و  انقلاب/ هربرت مارکوزه؛ ترجمه محسن ثلاثی ـ تهران؛ نشر ثالث. ١٣٨٨

٣ـ تزهای بلوم؛ گزیدە مقالات سیاسی/ گئورگ لوکاچ؛ ترجمە امید مهرگان. تهران؛ نشر ثالث ١٣٩٠

٤ـ شمارە ٢٦/٢٧ فصلنامه فلسفی ادبی فرهنگی ارغنون/ مرگ

٥ـ شمارە ١٩ فصلنامه فلسفی ادبی فرهنگی ارغنون/ فرهنگ و زندگی روزمرە

 

٦ـ خاک بکر/ ایوان سرگیویچ تورگنیف؛ ترجمە عبدالرحمان رزندی نشر: امیرکبیر 1392