گرینگیی پرسی رێکخراو

گرینگیی پرسی رێکخراو

پرسی دیموکراسی پرسێکی گرینگە. هێشتا زۆرن ئەو کۆمەڵگایانەی دەناڵێنن لەوەی کە بۆچی نەیانتوانیووە وەها سیستمێک دروست بکەن. ئەوەی کە چ رێگرێک لە بەردەم بەدیهاتنی ئەم خەونەدایە، تێمای قسەو باس و لێکۆڵینەوەی زۆر کۆڕ و کۆمەڵ و کەسە.

 

یەکێک لەو گرفتانە، گرفتی رێکخراوە. هەبوونی رێکخراوە وەها کە تاک بتوانێ تێیدا کار و چالاکی بنوێنێ، یەکێک لە مەرجەکانی بەدیهاتنی دیموکراسییە. لە رێکخراودایە تاک دەتوانێ لە کۆبوونەوەدا بەشداری بکات، فێری بەکارهێنانی دەنگی خۆی بێت، هەروەها بەشداری لەو پرۆسانەدا بکا کە تێیدا بڕیار پەسند دەکرێن. بە بێ ژیانی رێکخراوەیی، تاک ناتوانێ تەمرین و راهێنانی رێکخستنی پێوەندییەکانی خۆی لە گەڵ کەسانی تر بکات، وەها کە بتوانێ بە هاوکاری و هاویاریی ئەوان لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بەشداری بکات.

لەو کۆمەڵگایانەی رێکخراو لاوازە، یاخود بوونی نیە، یەکێک لە پێشمەرجەکانی دابینکردنی دیمۆکراسی ونە و، بەم پێیە کۆمەڵگا لانیکەم بە مەودایەک دوورترە لەم خەونە.

بۆیە گرینگە کە تاکەکانی کۆمەڵگا ئەو کلتوورە لە خۆیداندا چی بکەن کە دەبێ رێکخراوە پێک بێنن و، بەشێکی گرینگی کاتی خۆیان بۆ ژیانی رێکخراوەیی تەرخان بکەن.

بە چاو خشاندنێک بە وڵاتانی پێشکەوتوو دەبینین کە ئەوان خاوەن دەیان هەزار رێکخراوەی جۆراوجۆر لە بوارەکانی پیشەیی، سیاسی، کلتووری و هەتا دووایی دان و، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی دەنگ و رەنگی خۆیان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ببیننەوە.

بۆیە کارکردن لە پێناوی دروستکردنی رێکخراوە و کارکردن تێیدا، ئەرکێکی گرینگە.

سایتی قەڵەم

٢٢ ئۆگۆستی ٢٠١٨

Related image