گاڵتەی مێژوو

گاڵتەی مێژوو

کاتی خۆی 'هیگڵ' فیلسووفی ئاڵمانی لە داڕشتنی فەلسەفەی خۆیدا کە تێیدا رۆحی رەها دەوری سەرەکی دەگێڕێ، گوتی ئەم رۆحە لە گەشتی خوڵقێنەرانەی خۆیدا سەرئەنجام لە دەوڵەتی پرۆس دا بە دووا پلە و بە دووا قۆناغی خۆی دەگا و بەم شیوەیە گەشتی خۆی بە کامڵترین شێوازی مومکین بە کۆتایی دەگەیەنێ.

 

بەڵام سەد ساڵ لە دووای مەرگی هیگڵ، فاشیزمێک لە ئاڵمان دێتە سەر کار و جڵەوی حوکم بەدەستەوە دەگرێ کە دوواتر دەبێتە هۆکاری سەرەکیی یەکێک لە پڕکارەساتترین شەڕەکانی مێژوو، واتە شەڕی دووهەمی جیهانی کە تێیدا زیاتر لە هەفتاد میلیۆن مرۆڤ لەناو چوون.

هەڵبەت ناتوانین بڵێین مەبەستی هیگڵ لە دووا قۆناغی گەشتی رۆحە موتڵەقەکەی، هاتنە سەر کاری فاشیزم بووبێت. روانگەی ئەو سەبارەت بە جیهانی رۆژهەڵات کە پێی وابوو ناتوانێ تەمسیلی ئازادی بکا و دسپوتیسم بەسەریدا زاڵە، بەجوانی هۆگریی ئەو بۆ ئازادی پیشان دەدا، بەڵام رەنگە بتوانین بڵێین کاتێک فەلسەفە لەگەڵ رۆحی ناسیونالیزم تێکەڵ دەبێ و هەوڵدەدا خۆی لە قەوارەی وڵاتێک و کلتورێک دا سنوردار بکاتەوە، دەتوانێ چ ئاکامێکی ترسناکی هەبێ.

یان رەنگە ئەمە گەمەی هەر ئەو مێژووە بێت بە سیستمی فەلسەفیی هیگڵ کە هیگڵ زۆر بایەخی پێدەدا. مێژوو رقی لە سنورداربوونی خۆیەتی و بەم شێوەیە تۆڵە دەکاتەوە!

سایتی قەڵەم         

٣٠ یانواری ٢٠١٨

Bilderesultat for hegel