بیر و چیرۆک

بیر و چیرۆک
هەندێ چیرۆک دەنووسن چونکە پێیان وایە چیرۆک تەنیا رەوایەتە. دۆزینەوەی رەوایەتیش زۆر قورس نیە، چونکە ژیان پڕە لە رەوایەت و خۆی لە خۆیدا رەوایەتە. بەڵام داخۆ تەنیا بە گێڕانەوە دەکرێ چیرۆک لە دایک بێت؟
بێگومان رەوایەت بێ ئەوەی ببێ بە چیرۆک، دیسان رەوایەتە، بەڵام نەک لە شێواز و بەرگی چیرۆک کە فۆڕمێکی هونەرییە، بەڵکو لە شێواز و بەرگی ناهونەریانە. لە راستیدا بۆ ئەوەی رەوایەت ببێ بە چیرۆک، دەبێ گەلێک تایبەتمەندیی تر لە ئارادابن. بۆ وێنە زمانی هونەری، تەکنیک و هەڵبژاردنی رەوایەت (واتە ئەو رەوایەتانەی لە هەناوی خۆیاندا هەڵگری قوڵاییەکانی ژیانن).
 
بەڵام زیاتر لەمانە 'بیر'ە گرینگیی تایبەتی هەیە. نووسەر پێش ئەوەی رەوایەت بگێڕێتەوە، دەبێ بیرمەند بێت. واتە دەبێ پشت ئەستوور بە ئایدیا و روانگەی قووڵ بێت سەبارەت بە ژیان و بە بوون. ئەو نووسەرەی بێ بەهرەیە لەمە، ناتوانێ رەوایەتگەری باش بێت. لەبەر ئەوەی لە کاتی هەڵبژاردنی رووداوەکاندا خاوەن قووڵایی نابێ، ناتوانێ خوڵقێنەری زمانی ئەدەبی بێت و نایشزانێ چۆن ئەو رووداوانە وەها پێکەوە گرێ بدات کە بتوانێ بە چڕترین شێواز ئایدیاکەی خۆی بنوێنێتەوە.
 
چیرۆک و بیر زۆر پێکەوە گرێدراون. رەنگە باشترین نموونەکانیان 'سارتێر' و 'کامۆ' بن، کە چلۆن یەکیان هەوڵدەدا بەشێوەی ئەدەبی فەلسەفەی وجودگەرایی بنوێنێتەوە و، ئەوی تریان ئەبسوردیسم واتە فەلسەفەی پووچی.
 
سایتی قەڵەم
١٢ دێسامبری ٢٠١٧
 
Bilderesultat for novelle bok