گەر بمانەوێ

 گەر بمانەوێ

یەکێک لە مەرجەکانی دیالۆگ،هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی جۆرێک لە ئەقڵانیەت لە خیتابی ئەوی بەرامبەرە. بۆ ئەم مەبەستەیش دەبێ ئەو مەیلەمان تێدابێ کە کەسی بەرامبەر، وەک کەسێکی خاوەن ئەقڵ بێنینە ئەژمار. کەسێک کە گوتەکانی دەتوانێ لانیکەمی هاوسەنگی تێدا بێ و بتوانێ لەلانیکەمی خۆیدا ئاماژە بە حەقیقەتێک بکا. لێرەوە ئیتر رەوتی دیالۆگ دەتوانێ دەست پێ بکا.

 شەڕەکان زۆرتر لەو کاتەوە سەرهەڵدەدەن کە پێمان وایە هیچ چەشنە ئەقڵانیەت و حەقیقەتێک لە کەسی بەرامبەردا نیە و ئەوەی دەیڵێ، هەر هەمووی بێ بنەما و فێڵ و درۆن. لێرەوە ئیتر مەیلی سڕینەوەی جەستەیی سەرهەڵدەدا و جۆری پەیوەندی دەگۆڕدرێ.

بەڵام بۆ ئەوەی وەها حاڵەتێک لە مرۆڤەکاندا سەرهەڵبدا، دەبێ جۆرێک لە هاوسۆزی بەرامبەر بە کەسی رووبەڕوو لە دەروونماندا سەرهەڵبدا، هەرچەند ئەم هاوسۆزییە بەمانای ملکەچبوون نیە، ئەوەندەی کە دەمانەوێ جۆری پەیوەندییەکە بگۆڕین بۆ پەیوەندییەکی مرۆییانە، کە تێیدا دەتوانین سەرئەنجام لەسەر کێشەیەک یاخود بابەتێک بە لانیکەمی تێگەیشتنێکی هاوبەش بگەین.

هەڵبەت رەنگە نەتوانین لەسەر هەموو بابەتەکان بەوەها حاڵەتێک بگەین، واتە نەتوانین بگەینە قۆناغی دیالۆگ. بەڵام بەمەرجی وەها روانگە و نییەتێک تیاماندا بێگومان دەتوانین لەزۆر بواردا بگەینە دیالۆگ و بەم شێوەیە هەتا دەتوانین لە شەڕە جەستەییەکان دووربکەوینەوە.

دیالۆگ خۆی پێویستی بە ئەقڵانییەتە و لەهەمان کاتدا برەوپێدەریەتی. مرۆڤانەترین پێوەندی کە لەگەڵ خۆی زۆرترین ئارامیمان بۆ دێنێ.

سایتی قەڵەم

 

١٩ ئۆکتۆبری ٢٠١٧

Image result for dialog kunst