جوانی و بەرپرسیارەتی

جوانی و بەرپرسیارەتی
مارسل پرۆست نووسەری رۆمانی 'لە شوێن زەمەنی لەدەست چوودا' لە شوێنێک لەم رۆمانەدا دەنووسێ: "وەک ئەو کەسانەی... پێیان وایە دەتوانن جوانیی خەون لە ژیانی راستیدا بدۆزنەوە."
 
 
ئەم رستەیە بە روونی لە جوانیی خەون وەک دیاردەیەکی دەروونی دەڕوانێ، دیاردەیەک کە لە جیهانی بەرهەست نابینرێتەوە و هەڵەیە گەر کەسێک پێی وایە تێیدا دیبینێتەوە. بە واتایەکی فەلسەفی، جوانیی خەون، دیاردەیەکی سۆبژێکتیڤییە نەک ئۆبژێکتیڤی.
 
بەڵام گەر ئەم بۆچوونەی مارسل پرۆست کە لە رۆمانەکەیدا باسی دەکا راستە، بۆچی مرۆڤ دەبێ بەشوێن جوانییەکەوە بێت کە لە جیهانی راستیدا نە دەبینرێتەوە و نە بە مانایەکی تر بەدی دێت؟ بۆ مرۆڤ دەبێ بە شوێن ئارەزوویەکەوە بێت کە تەنیا لە دەروونی ئەودا هەیە و بەس؟
 
رەنگە وەڵامەکە لەمەدا بێت کە ئێمە لە رێگای ئارەزوو و خەونەکانمانەوە هاوسەنگی بۆ ژیان دەگێڕینەوە. هاوسەنگییەکی سۆبژێکتیڤی کە ئەگەرچی لە ژیانی واقع دا دەست ناکەوێ، بەڵام کاریگەریی گرنگی دەبێ لەسەر ژیان.
 
بەم پێیە ژیان تەنیا بریتی نیە لە واقع، بەڵکو بریتیە خەون و لە ئارەزووەکانی ئێمە. ئەگەرچی ئەم خەونانە نە واقعن نە رەنگە بەدیش بێن. ئەو شتانەی تەنیا لە دەروونی ئێمەدا هەن و بەڵام لە هەمان کاتدا یەکێک لە دیاردە گرینگەکانی ژیانی مرۆڤن.
 
بەڵام لە راستید وەهایە کە پرۆست دەلێ؟ واتە هیچ جوانییەک ناتوانێ بەدی بێت؟ بۆ دۆزینەوەی ئەم وەڵامە وا چاکە هەر کاممان بڕوانینە ئەزموونی ژیانی تاکەکەسیی خۆمان. وادەردەکەوێ کە بە شێوەی کاتیش بێت جوانیمان وەک دیاردەیەکی ئۆبژێکتیڤی ئەزموون کردبێ. بۆ وێنە دیتنی کردەیەکی جوان، یان جوانیی عەشق.
 
بڵێی بەشێکی گرینگی ئەم جوانیانە پەویوەندی راستەوخۆی بە خۆمانەوە نەبێ لەبەدی هێنانیاندا؟
 
سایتی قەڵەم
٨ ئۆکتۆبری ٢٠١٧
Image result for skjønnhet kunst