شێعر و پەخشان

هاوینی ٢٠٥٧

 گۆران ڕەسووڵ

شەوێکیان باوکم مرد
بەرماڵەکەی دەربەست نەبوو
نوێژەکان گوێیان پێنەدا
ڕۆژووەکان، یەکێکی تر هەر دەبێ بیانگرێ.

 

 

هاوینی ٢٠٥٧

گۆران ڕەسووڵ

کەس ناوی یەکەم و دوایین مردوو نازانێ

ئادەم چ ئاژاوەیەکی بۆ ئێمە ناوەتەوە!

 

لەبەر گۆڕستان

شوێنمان بۆ پیاسە نەماوە،

هاکا بینیت سەر باڵەخانە و

حەوشەی ماڵەکان بوون بە گۆڕستان.

مردووی ئەم هەموو ساڵانە

ئەم هەموو ساڵانە... ئەم هەموو... ئەم... ئ...

 

لەچاوەڕوانی مەرگدا

من و ئەیوب

حیکمەتی ئەفسانەکان بۆ یەکتر دەگێڕینەوە.

 

 

بۆ مەرگ

بەردەوام خەونی جۆراوجۆر دەبینم.

 

شەوێکیان باوکم مرد

بەرماڵەکەی دەربەست نەبوو

نوێژەکان گوێیان پێنەدا

ڕۆژووەکان، یەکێکی تر هەر دەبێ بیانگرێ.

 

بەدەم ڕێگەوە بوو خەونێکی تر

هەموو مردن

ئازار هەر نەمرد.

 

شەوێکی تر نا، بەیانییەکی سارد

لە خەونێکی ڕەشوسپیدا

مرۆڤێک لەناومندا مرد

ڕەنگە خۆم بووبم

نا

من هەرگیز وا لەسەرخۆ نەمردووم

مردنەکانی من لە مەرگە کتوپڕەکەی باوکم دەچێ.

بۆنی خاک دەکەم

کەسێک لەناومندا دەیەوێ ببێتەوە بە قوڕ

من دەمەوێ کە مردم لەدایک نەبمەوە

لەنێوان مردن و لەدایکبوونەوەدا

بۆنی خۆڵ دەکەم.

 

سواری شەمەندەفەرێک دەبم

پڕاوپڕ لە مردوو

لە تەنیشت زیندوویەک نا،

مردوویەک دادەنیشم.

لاپتۆپێک لەسەر ڕانەکانییەتی

لە مێسنجەردا بەدوای ژووری ئەنفالەکاندا دەگەڕێ.

 

یەکێکی تر بەرامبەرم

دەیەوێ شتێک بڵێت

شتێک ناڵێت،

فرمێسک...

 

ئێمە بە بڵاوی ژیان

مردین، بۆ ئەوەی کۆببینەوە.

 

خواپەرستەکان لە مردن دەترسان

هیچپەرستەکانیش لە خوا

ئەمە بوو چیرۆکی بیرکردنەوە.

 

لە ژیان بێزارین

کە دەشمرین هێشتا

لە بوون تێرنەبووین.

 

ئێرە فڕۆکەخانەیەکی گەورەیە

لەناکاتدا

بەرەو نادیاری هەڵدەفڕین،

ئاهـــ جانتاکانمان بیرچوون.

 

مەرگ چیتر کێشەی مردووان نابێ،

زیندووان

بە ژیان و گۆڕ و مەرگەوە سەرقاڵ دەبن.

 

خەونێکی تر نا

ئێوارەیەکی شەکەت

لە ترافیکێکدام

لە سایدێک،  ئۆتۆمبیلێکی تازە لەدایکبوو

کەژاوەی ئاهەنگێڕانی بوک و زاوایەک.

لەوەی تریان پیکابێک

خەڵکانێک بەسەر تەرمێکدا

شین و واوەیلا،

ئەمە بوو چیرۆکی ژیان.

 

 

تۆ نا

من،

نازانم چۆن دەمرم

ڕەنگە لەناو فڕۆکەیەکدا بەرببمەوە ناو زەریای هێمن

بە هاژوهوژەوە بمرم

تەرمەکەم جەمێکی چەوری نەهەنگێک بێ.

نا

پێدەچێ لەوکاتەی وەک کیسەڵ دەچم بۆ توالێت

یان

کە چواردەورم بووە بە تەکنەلۆژیا، بمرم.

 

بە ئیمەیلێک هەواڵی مردنەکەم بڵاودەبێتەوە

دۆستانم،

خزمانم،

بە چەند وشەیەکی ئەلیکترۆنی وەڕەس

دڵنەوایی نەوەکانم دەدەنەوە.

 

کەس کاتی بۆ مردوو نامێنێ،

ئەلوو، سەنتەری ناشتنی مردووە؟

مردووییەکمان هەیە بەم ئەدرێسە

گەڕەکی ڕۆبۆتەکان

شەقامی ئایدز

نهۆمی ١٤٧

 

باڵەخانەی ماکدۆناڵدز.

Image result for sommer grav