چیرۆک

دەستپەڕی ناو زیندانی شۆڕش

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بەڵام حەمە بە تووش عادەتێکی خراپەوە ببوو. لەم دوواییانەدا حەزی دەکرد ئاوەکەی بە سەر شتی جۆراوجۆردا بپژێنێ. جاری وابوو بە سەر کومێدی ژوورەکە، جاری وابوو بەسەر وێنەی باو و باپیرانی، بەسەر وێنەی سەرۆکەکان، بەسەر جل و بەرگی دایک و باوکی، بەسەر پاکەتە جگەرەی براگەورەکەی، بەسەر کتێبخانەکە و... . 

 

دەستپەڕی ناو زیندانی شۆڕش

فەڕۆخ نێعمەتپوور

'حەمە شەرمن' زۆر حەزی بە دەستپەڕە. لەو رۆژەوەی دەمەونخون لە سەر کورسییە لووسەکەی ماڵەوە راکشابوو، بەرێکەوت خۆی لە سەری خشاندبوو و هەستی بە لەزەتێکی نایاب لە زەکەریدا کردبوو، ئیتر ئەم حەزە لە دەروونیدا بەتووندی چەکەرەی کرد و هەڵکشا و بوو بە درەختێکی باڵابەرزی سێبەر پان. وەک بڵێی کتوپڕ بەسەر رازێکی گرینگی ژیاندا کەوتبێ.

حەمە، کە کاتێک قسە دەکا وشەکان خۆیان بە جوانی بە دەستەوە نادەن و خۆیان رادەپسکێنن و لە شوێنێک لە نێوان دەمی و هەوادا ون دەبن، سەرەتا هەر لەسەر ئەم کورسییە خۆی راحەت دەکرد. ئەگەرچی هێشتا تەمەنی کەم بوو و خۆی تەڕنەدەکرد، بەڵام لەزەتەکە لەوەدا نەبوو! حەمە وەک مار لە سەر کورسییەکە پێچ و لوولی دەخوارد و لەکاتێکدا مێشکی لە هەر خەیاڵێک بەتاڵ بەتاڵ دەبووەوە و لیکی دەمی زیاتر هەڵدەستا و بەرەو سەر فەرشەکە رێچکەی دەبەست، لە کتێبخانەکەی باوکی دەڕوانی کە کەمێک لەولاتر بە رەفەی یەک لەسەر یەکی کتێبەکانەوە لەو رادەمان. حەمە رقی لە کتێبەکان بوو. بەتایبەت کاتێک باوکی بەزۆر دایدەنا و کتێبێکی زیقنی دەخستە بەردەمی و دەیگوت تا ئێوارە دەبێ تەواوی بکا. بە خۆشییەوە تەنیا کاتێک حەمە لە کتیبەکانی دەڕوانی و بەڵام نەیدەبینین، ساتی ئەم خۆخشاندنانە بوو. ئەوەندەی پێ نەدەچوو شەرمنەکەی ماڵ، نەرم نەرم بەسەر کورسییەکدا خاودەبووەوە و دەتڵیسایەوە. لای حەمە جاری وابوو کتێبخانەکە بۆساردی دەستپەڕی دەدا.

بەڵام ئەو سەردەمە زۆر خێرا تێپەڕی و، رۆژێک حەمە بینی لە دووای خۆخشاندن بە سەر کورسییە زەردە لووسەکەدا ناوگەڵی تەڕ بوو. وەها خەجاڵەتییەک دایگرت نەبێتەوە. ئیتر لەو رۆژەوە حەمە خۆی دەشارێتەوە و لەسەر کورسییەکە خۆی راحەت ناکا، بەڵکو دەچێتە ژوورەکەی هەرە پشتەوە و لە کاتێکدا جوان جوان گوێ هەڵدەخا داخۆ دەنگی هەنگاوی کەسێکی ناوەخت نەیەتە گوێی، کەسێک کە بیەوێ بێتە ژوورەوە، بەدەست خەریکی خۆی دەبێ هەتا جەستەی سست سست دەبێ، دادەهێزرێ و دەوەرێتە سەر عەرز. کە تەواویش دەبێ، بە پێچەوانەی سەردەمی کورسییە لووسەکە، ماندوویی و شەکەتیەکی سەیر دایدەگرێ. بۆیە دادەنیشێ و لە کاتێکدا بە عەجایەبی لە ئاوە سپییە رژاوەکەی بەردەمی دەڕوانێ، بیر لەو حەزو لەزەتە تایبەتە دەکاتەوە کە جار لە دووای جار لە لای خۆشتر و خۆشتر دەبێ.

هەڵبەت گۆڕانێکی تریش لای حەمە روویداوە. ئەگەر جاران بە مێشکێکی بەتاڵ و بەدوور لەهەر چەشنە خەیاڵێک خۆی لە کورسییەکە دەسوو، ئیستا دەبێ وێنەیەک یاخود کەسێک بێنێتە بەرچاوی خۆی. ئەوەی باشە وێنەکە بۆخۆی دێ. بە بێ ئەوەی بانگی بکا. ئەویش وێنەی کچەکەی دراوسێیانە کە رێک لەتەمەنی خۆیدایە و هەمیشە بە ژێرشەڵوارێکی تەنک و چەسپ و بلوز و لەچکەیەکەوە خەریکی گسکدانی حەوشەکەیانە. حەمە شەرمن لە پشت پەردەی ئەو پەنجەرەوە وا بەسەر حەوشەکەی ئەواندا دەڕوانێ، وەک گورگی برسی لێی رادەمێنێ و دەست بە خۆیدا دێنێ. گەر لەوێیش نەبوو، ئەوا خۆخەیاڵەکەی لەوێیە، بگرە خۆشتریش. خۆشترە چونکە حەمە دەتوانێ لە خەیاڵی خۆیدا بە جۆرەها شێوە کچەکە بیهێنێتە بەرچاوی خۆی: بە رووتی، بە نیوەڕووتی، بە راکشاوی، بە پێوە، لە پێشەوە، لە دوواوە، بە نیوەشەو لەناو جێگادا، بە رۆژ لە ناو حەوشەکەیاندا یاخود لە سەر تەنوورەکەیان، هەروەها جاری وایشە لەناو ئەو حەمامەی کاتێ باوکی هەفتانە لەگەڵ خۆی دەیبا بۆ شۆردن. هەڵبەت حەمە لەناو هەموویاندا حەمامەکەی بەدڵە. ئەوێیش وەک کورسییەکە لووس و خزە. هەروەها گەرمیش.

بەڵام ژیان سەیرە. حەمە شەرمن کتوپڕ بینی چیتر کچە دراوسێکەیان وەک جاران تام و چێژی نەما. لەبەر چاویا وەک پەڕۆ کۆنی لێهات. خەیاڵی گسک بەدەست دەفڕی، ئیتر خۆی بە دەستەوە نەدەدا. سەرەتا بۆی سەخت و دژوار بوو. هەوڵی تەواوی بۆ دا بۆ ئەوەی بیگێڕێتەوە، بەڵام بێسوود بوو. تا کتوپڕ تێگەیشت دەکرێ بیر لە کچ و ژنی تر بکاتەوە. بەڵام کێ؟ خەیاڵ و بیرکردنەوەی حەمە وەک مەلی سەرکەش فڕی. کۆڵان و کۆڵان، شەقام و شەقام، خانوو بە خانووی ئەو کەسانەی وا دەیناسین. کتوپڕ واشەی دەندوک تیژ و چنگ رەقی لەزەت، کۆترێکی راوکرد. کۆترەکەیش ژنێکی شەلی دوورەخزمیان بوو کە قەیرەیی ژاکاندبووی و شووی نەکردبوو. قەیرەژنێک کە رۆژ تا ئێوارە لەناو ماڵە باوکدا دەهات و دەچوو و ببووە دارەدەستی دەستی باوکە پیرەکەی. ئەو ژنەی ئەگەرچی لەشی تەپیبوو، بەڵام شوێنێکی هەر وا بە سەرنجڕاکێشی مابووەوە. ژنەکە کە دەڕۆیشت سمتێکی دەردەپەڕی. ئەوەندە جوان کە دەستبەجێ سەرنجی دەقۆستەوە. ئای کە حەمە شەرمن حەزی بەم دەرپەڕینە بوو! حەمە بەم خەیاڵەوە لە هەمان ژووری پشتی پشتەوە ماوەیەکی تریشی تێپەڕکرد. ئەمە ئەوەی باش بوو کە چیدی پێویست نەبوو هەستێ و پەردەی بۆ لابدا. ئەمەیان ئیتر، زیاتر لە رەگەزی خەیاڵ بوو. ئەسڵەن خودی خەیاڵ بوو. با ئەوەیش بڵێین حەمە شەرمن چونکە کوڕی چاک بوو، کە لەدەستپەڕ دەبووەوە شەرمێکی سەیر دایدەگرت و بەزەییەکی وەهای بەو ژنە شەلەدا دەهاتەوە نەبێتەوە. لەم کاتانەدا زۆر رقی لەخۆی هەڵدەستا. ئاخر چۆن دەکرێ پیاو تەمەح بکاتە ژنێکی شەل و سەقەت؟ بەڵام بۆ جارەکەی تر دیسان خەیاڵەکە بۆخۆی دەهاتەوە. بگرە روونتر و جوانتر. ئیتر حەمە شەرمن شێت و هار هەڵدەگەڕا. لەم کاتانەدا جاری وابوو وەها خۆی ئازاردەدا و وەها زۆری بۆ خۆی دەهێنا کە سک ئێشەی دەگرت و بگرە خوێنیش لە سەری زەکەرییەوە بە دەڵەمە پەیدا دەبوو و دەهاتە خوارەوە.

حەمە لەبیری دێ کاتێک شۆڕش کرا، خەڵکی رژایە سەر شەقام و دەستیان کرد بە دروشمدان، ئەو هەر لە ژوورەکەی پشتەوە خەریکی مشتاو بە ژنانی شارەوە بوو. بەڵام شۆڕش بۆ ئەو هیوایەکی تازەی لەگەڵ خۆی هێنا. گوێی لێبوو لێرە و لەوێ دەیانگوت بۆ دەبێ گەنجەکان نەتوانن ژن بێنن و ببن بە خاوەن بنەماڵە! دەیانگوت تا کەی بێکاری و نەداری و شەرم و حەیای دوواکەوتووانە نەهێڵی گەنجەکان پێکەوە بن و وەک مرۆڤی ئاسایی رابوێرن؟ ئای کە حەمە حەزی بەم قسانە بوو. بۆیە ئەگەرچی نەیدەتوانی وەک خەڵکی دروشمەکان بڵێتەوە و لیک دەنگی دەخنکاند، بەڵام هەوڵی دەدا لە هەموو خۆپیشاندانەکاندا بەشداری بکا. حەمە قەت ئەم هیوایەی لێنەبڕا کە رۆژێک لەدووای یەکێک لەم خۆپیشاندانانە ژنێکی دەدەنێ و دەستی دەگرێ و، دەیباتەوە بۆ ماڵەوە. هیوایەک کە قەت بەدی نەهات.

حەمە شەرمن جوان لەبیری دێ تا سەردەمی شۆڕش لانیکەم نیوەی ئەو ژنانەی کردبوو وا دەیناسین. بەخۆشییەوە خۆپیشاندانەکانیش ئەوەندەی تر ژنی نەناسیاوی پێ ناساندبوو و ئیتر بۆ یەک دووساڵی داهاتوو پەکی نەدەکەوت. بگرە شۆڕش جۆرێک لە جۆراوجۆریشی هێنابووە ئاراوە. بۆ وێنە ژنی پانتۆڵ لەبەر، ژنی کەواو پانتۆڵ لەبەر، ژنی جامانە بەسەر، ژنی قژ پەرێشان بە سەر شان و سینگ و پشتدا، ژنی چەک لەشان بە قڵشتی بە ئاستەم دیاری مەمکانەوەو...،... حەمە ساڵانی دوواتر بوو کە زانی سیاسییەکان بەمەیان دەگوت پلورالیزم! ساڵانی ساڵ حەمە شەرمن لە ژوورەکەی پشتەوە دەستپەڕی بە پلورالیزمەوە کرد و پێشی وابوو کە ئەو سەردەمە خۆشترین سەردەمی مشتاوەکانی ئەو بووە. رێک وەک خودی شۆڕش و مێژوو و ئەو وادانەی کە دایان.

هەڵبەت حەمە لە سەرێکیشەوە، ئەگەرچی لە کاتی شۆڕشدا ژنی دەست نەکەوت، زۆر مەمنونی دەستپەڕەکانیەتی. بۆ خۆی دەڵێ لە سەردەمێکدا کە شۆڕش سەرکەوت و رۆژ نەبوو خەڵکی تیا نەگرن و نەیانبەنە زیندان و ئیعدامیان نەکەن، دەستەپەڕ ئەوی لە مەترسیی مەرگ پەڕاندەوە. رێک وەک کۆتربازەکەی دراوسێیان کە ئەو ساڵانە لەبانی نەهاتە خوار. دەڵێ گەر ئەمە نەبوایە ئەوا ئەویشیان دەگرت و لە یەکێک لە رۆژەکانی ئەو ساڵانەدا زۆر بێ بەزەییانە بێ سەروشوێنیان دەکرد. رێک لەو ساڵانەدا بوو کە حەمە شەرمن لە جیاتی پەردە کۆنەکە، پەردەیەکی رەشی ئەستووری بە پەنجەرەکەدا هەڵواسی و ئیتر بەو پەڕی دڵنیاییەوە دادەنیشت و بە دەم خەیاڵەوە کارەکەی خۆی جێ بە جێ دەکرد.

بەڵام حەمە بە تووش عادەتێکی خراپەوە ببوو. لەم دوواییانەدا حەزی دەکرد ئاوەکەی بە سەر شتی جۆراوجۆردا بپژێنێ. جاری وابوو بە سەر کومێدی ژوورەکە، جاری وابوو بەسەر وێنەی باو و باپیرانی، بەسەر وێنەی سەرۆکەکان، بەسەر جل و بەرگی دایک و باوکی، بەسەر پاکەتە جگەرەی براگەورەکەی، بەسەر کتێبخانەکە و... . بگرە بەمەیش رازی نەبوو. لە ژوورەکە هاتە دەر و شێتانە بە شوێن شتی تریشدا دەگەڕا. ئەمجارە ئاوەکەی بەسەر درەخت، بەسەر شێرەئاوی حەوزەکە، بەسەر کورسییە لووسەکەی جاران کە ئیستا باوکی لەسەری دادەنیشت، بەسەر ئۆتۆمبیلی دراوسێکاندا، بەسەر شەش خانی منداڵان، بەسەر دیوارەکان و ئیتر بەسەر هەر شتێکدا دەستی دەکەوت.

حەمە شەرمن ئیتر حەمە شەرمن نەمابوو. کاتێک ئاوی دەهاتەوە، وەک شێر دەینرکاند و دەیمڕاند.

زۆری پێنەچوو رۆژێک ئۆتۆمبیلێک بە چەند چەکدارەوە لەبەر خانووەکەیان راوەستا و چەکدارەکان خۆیان بە ژوورەوەدا کرد و لە حەمە شەرمن گەڕان. سەرئەنجام حەمەیان لە ژوورەکەی پشتەوە پەیدا کرد و لەگەڵ خۆیان بردیان.

حەمە، ئیستا لە زیندان خەریکی مشتاوکردنە. ئەگەرچی بە هۆی هەتاوی کەم و خواردنی خراپ و تەندرووستیی لاوازییەوە وەک جارانی پێناکرێ و بەزەحمەت راحەت دەبێ، بەڵام کاتێک راحەت دەبێ وەها دەقیڕێنێ کە هەموو زیندانییەکان دێنە تەنیشت مێڵەکان و هەوڵ دەدەن سەیری ئەو ژوورەی بکەن وا لەو سەری هۆڵەکەیە و تەنیا بە کونێکەوە بە راڕەوەکەوە بەستراوەتەوە.

حەمە دەقیڕێنێ و بە دەمی خاو و لیکناوییەوە دەڵێ: "خۆشترین مشتاو، مشتاوی ناو زیندانەکانی شۆڕشە!"

 Image result for GALE MENNESKER kunst