چیرۆک

تەنیا دراوسێ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

ئێوارەیەکیان درەنگان کاتێک دەیویست چایخانەکەی دابخا، پۆلێکی سەیر لە ئاوارەکان رێک هاتنە بەر دووکانەکەی، پاش کەمێک مڵومۆ و چرپەچرپی ناوخۆیی، روویان کردە ناو چایخانەکە. لە قوژبنترین شوێنی مومکین دانیشتن و داوای چاییان کرد. ـ "مامە حاجی گیان با خەست بێت!"

 

تەنیا دراوسێ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

حاجی ئەحمە کە نازناوەکەی 'حاجی چایچی'یە، ئەوەتەی خۆی و خەڵکی ئەم شارە لەبیریان دێ، چایچی بووە. ئەو بە پێچەوانەی زۆربەی خەڵکی، شانازی بە کەسابەتەکەی خۆیەوە دەکا. دەڵێ ئەگەرچی حاجییە، بەڵام تڕی زل نیە و لای ئاساییە بەو کەشییەی سەریەوە کە هی مەککە و مەدینەیە، چای بۆ خەڵکی دابنێ و بەو پەڕۆ مەشەدییەی دەوری ملی و لاپشتوێنیشیەوە مێزی بەر دەمی مشتەرییەکان بسڕێ و هەرچی پەڵە و پاشماوەی چایی رژاوە، خاوێنی بکاتەوە. لای ئەو بەڕاستی کاسب حەبیبی خوایە. حاجی ئەوەندە شانازی بە کارەکەی خۆیەوە دەکا کە ئاشقی نازناوەکەی خۆیەتی. بگرە گەر کەسێک نەیزانێ و بە هەڵە، یان بە ئەنقەست پێی بڵێ حاجی ئەحمە، ئەو دەستبەجێ بە ئارامی و بە گفتێکی میهرەبان بەڵام کەمێک رەقەوە بۆی راست دەکاتەوە و، دەڵێ "باوان، حاجی چایچی!" 'باوان' ێکی ئارام و 'حاجی چایچی'یەکی رەق.

دوکانی حاجی هەمیشە جمەی دێ. بەتایبەت زستانان. چایخانەکە شوێنی دۆمینە، تەختە، قسەوباس لەسەر رووداوە گرینگەکانی شار و دونیا و رابواردنی خەڵکی بە یەکترە. گەر رۆژێک بە هەڵکەوت لە رۆژێکی زستانیدا رێگات کەوتە ئەوێ، هەر کە دەرگا دەکەیتەوە، دەستبەجێ لە رێوە تەم و مژێکی خەست کە بەرهەمی جگەرەکێشانێکی زۆر و هەڵمی سێ سەماوەرە رووسییە زەلامەکانی حاجییە، بەرۆکت پێدەگرێ کە هەموو ناو چایخانەکەی تەنیوە. ئەوسا گەر تەحەمولت هەبێ و کەمێک  لە شوێنی خۆت راوەستی، بەرەبەرە ئەو کەلەسەر و زەلامانە دەبینی کە بۆ قسەکردن رێگا بەیەکتر نادەن. چایخانەکەی حاجی لە دەنگا خەریکە دەتەقێ. هیچ شوێنێکی ئەم دونیایە بەقەد چایخانەکەی ئەو بۆ قسەکردن رەوان و خۆش نیە.

بەڵام حاجی عادەتێکی گرینگ و سەیری هەیە. تا شتێ بە چاوی خۆی نەبینێ، باوەڕی پێناکا. بۆیە هەتا ئێوارێ ئەگەرچی بە دەیان و سەدان و هەزاران قسە لە چایخانەکەی دەبیستێ، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان وەک با بەلا گوێیدا دەگوزەرێن و وەک بڵێی قەت بە تووش گوێی حاجییەوە نەبووبێتن رێگای خۆیان دەگرن و، هەروا بەردەوام دەبن. حاجی قسەی یەک کەس بۆ ئەوی تر ناگێڕێتەوە.

حاجی چایچی چونکە چاوەکانی کزن و باش نابینن، یەکێک لەو کەسانەیە لەم شارە دەستبەجێ عەینەکی سازکرد، بە شانازییەوە لە چاوی کردن و هەوڵدەدا جگە لە کاتی نووستن نەبێ، قەت لەخۆی دووریان نەخاتەوە.

هەر لەم چایخانەدا بوو کە بۆ یەکەم جار حاجی هەواڵی هێرشی عێراقی بۆ سەر کوەیت و پاشان هێرشی ئامریکای بۆ سەر عێراق بیست. پاش چەند رۆژ هێنان و بردنی هەواڵەکان لە لایەن مشتەرییەکانەوە، حاجی تێگەیشت کە ئێراق کە دراوسێی ئێرانە (حاجی ئەمەی چاک دەزانی چونکە کوڕی براگەورەکەی لەوێ بێسەروشوێن ببوو) لەگەڵ کوەیتیش دراوسێن و ئامریکایش وڵاتێکە لەوسەری دونیا. حاجی کە هەبوونی رادیۆ و تەلەفزیۆنی بە حەرام دەزانێ و قەت هیچ کام لەمانە لە ماڵەکەیدا دەست نەدەکەوتن، بە هەواڵی یەکەم سەرسام نەبوو. لای ئەو گەر دراوسێ پەلاماری دراوسێ بدا هیچ شتێکی عەجایبی تیانەبوو. دونیا شوێنی شەڕی دراوسێیانە. هەروەها شەڕی برا لە گەڵ برا. هەر وەک چۆن لە قورئانیشدا باسی هابیل و قابیل هاتبوو و مەلای مزگەوتی گەڕەک بە تەفسیل لە خوتبەی نوێژێکی جومعەدا بۆی باسکردبوون. بەڵام کاتێک هەواڵی دووهەمی بیست، وەها راما کە ئاگای لە دەنگی ئەو چەند مشتەرییە نەما وا لەو سەرەوە داوای چاییان لێدەکرد.لای حاجی ئەوە یەکێک لە عەجایباتی ژیانی ئەم سەردەمە بوو کە وڵاتێک لەو سەری دونیاوە هەستێ و بێت و هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی تر. ئەویش لە کاتێکدا وڵاتی یەکەم بە هیچ جۆرێک هیچ کارێکی بە سەر ئەو وڵاتەوە نیە و بگرە رەنگە خۆیشی بە دۆستی بزانێ. لای حاجی چایچی ئەمە یەکێکی تر لە نیشانەکانی کۆتایی جیهان بوو و ئیتر ئەوەندەی نەمابوو خودای لایەزال ئەوەی ناوی نابوو قیامەت و قەراربوو لە رێگای شەیپوورەکەی سوڕئیسڕافیلەوە رایبگەیەنێ، رایبگەیەنێ و یەکجار بۆ هەمیشە کۆتایی بەو گەمە ترسناکە بێنێ کە بۆخۆی لە یەکەم رۆژی خڵقەتەوە ناوی نابوو 'ژیان'.

خەڵکی، واتە ئەوانەی لە تەنیشت ریزە مێزی نزیک پێشخانەکەی حاجی دانیشتبوون، جوان لەبیریانە پاش ئەوەی مۆتەکەی هەواڵەکە، سینگی حاجی بەردا، حاجی چایچی وەها بە قایمی شەقێکی لە پشیلە رەشەکەی ژێر مێزی سەماوەرەکانی هەڵدا کە بەستەزمان پشیلەکە وەک تیسکەی تفەنگ لە دەرگای سەوز و نیوەڕزیوی دووکانەکەوە بۆی دەرچوو و هەتا ئێوارە درەنگان نەهاتەوە. حاجی کە ئەم پشیلەیەی لەبەر مشکی ناو دووکانەکەی راگرتبوو، سوێندی خواردبوو کە گەر هەواڵی ئەو هێرشە راست بێ ئەوا ئەم پشیلەیشی کە متمانەی دونیای پێ هەبوو، خوێڕی دەردەچێ و یەک مشکی لەمەبەدووا بۆ ناگیرێ و ئیتر شەوانە سەر مێز و کورسی و دەورووبەری سەماوەرەکانی دەبنە شوێنی تەراتێنی مشکە یاخییەکان! جا پشیلە سەگبابەکەیشی، تەنیا دەبێ دابنیشێ و سەیریان بکا و بە یادی ئەو رۆژانەوە ئاخ هەڵکێشێ کە شەونەبوو تیایا چەندین مشک راونەکا!

بەڵام خەم قورسە و مرۆڤ دەبێ بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی لێدەربازکات. بۆیە حاجی دەستبەجێ رێگا چارەیەکی بۆ ئەم هەواڵە بینییەوە و بۆ ئەم مەبەستەیش دەستەوداوێنی هەمان روانگەی کۆنی خۆی بووەوە. لەبەرخۆیەوە گوتی "کوڕە کێ ئەڵێ راستە، کێ تەیارەی بینی و کێ بۆمب و کێ مەیت و هەیهۆۆۆ... کێ سوپاو... هەیهۆۆۆ!" حاجی راستی دەکرد. هەر لە قەدیمەوە گوتبوویان تا شتێک بە چاوی خۆت نەبینی، باوەڕی پێ مەکە. حاجی ئەحمە ئەوەندەی تر سوورتر هەڵگەڕا لەسەر ئەوەی چاو تەنیا پێوەری راستی و دروستیی شتەکانە. هەر ئەو رۆژە جارێکی تر لەعنەتی کردەوە لە 'گوێ' کە دەبوو بە سەرچاوەی هەرچی بەدبەختی دونیا و ژیانی خەڵکیە. ئەی ئەوە نیە گەر قەراربووایە هەرچی بە رۆژا لەم چایخانە لەدەم مشتەرییەکانەوە دەهاتەدەر، باوەڕی پێ بکردایە، ئیتر دەبوا بارگە و بنە بپێچێتەوە و روو لە وڵاتی کافران بکا. "کە خودا نەکا ئەو رۆژیش بێت،... قەت قەت!"

لە کەین و بەینی قسە و قسەڵۆک و دەنگۆی شەڕ لە ناوچەکەدا بوو کە لای حاجی چاوەکانی وەها گرینگ بوونەوە دەستبەجێ لە پاش سالانی ساڵ سەرنەدانی دکتۆر و نەگۆڕینی چاویلکەکەی، کە شووشەکانی تەمیان هەڵێنابوو و لە قەراخەکانیشەوە سەوز و شین هەڵگەڕابوون، لەگەڵ زاوا خوێندەوارە دڵسۆزەکەی سوار ئوتوبووس بوو و رووی لە تەورێز کردەوە. پاش چەند رۆژ، بە دڵ و دەروونێکی خۆشەوە و بە جووتێ عەینەکی تازەوە کە شووشەکانیان لە دوورەوە شۆقیان دەدایەوە، گەڕایەوە بۆ شارەکەی خۆی. حاجی ئیتر ئامادەی تاقیکردنەوەی راستی و درووستیی قسە و قسەڵۆکەکانی سەردەمی شەڕ بوو.

ژیان وەک هەمیشە بێ روحمە و راستی چەند دووریش بێت خۆی دەسەلمێنێ. هێشتا چەند رۆژێک لە گەڕانەوەی حاجی لاینەدابوو کە پۆل پۆل ئاوارەی ئیراقی روویان لە شار کرد. هەواڵ هات کە نەک تەنیا ئێرە، بەڵکو بە درێژایی سنور کۆمەڵ کۆمەڵ خەڵکی لێقەوماو و داماوە خۆیان دەکەن بەم دیوا و داوای پەنا و خۆراک و ئاو دەکەن. های لەو چیرۆکە ناخۆشانە حاجی بیستنی، لەو بەسەرهاتە سەیرو سەمەرانە کە تەنیا لە چیرۆکەکاندا باسیان لێدەکرێ. لە مردنی منداڵ و پیر و پەککەوتە بەدەم رێگاوە لە رەق هەڵاتنی شیرەخۆرە دەم بە گۆپکی مەمکی دایکەوە. ئەمە ئەوی بیری زەمانی کۆن خستەوە. حاجی ئەگەرچی بۆخۆی ئەو سەردەمە منداڵ بووە و بە کۆڵ گێڕاویانە و هەربۆیە رووداوەکانی نایەتەوە بیر، بەڵام دایک و باوکی باسی شەڕی دووهەم و هاتنی سوپای رووسیان بۆ کردبوو. هەوالەکان، ئەو سەردەمەیان هێنایەوە بیر. باسی سووتانی شار بە دەستی حەمە رەشی خانی بانە و ئەو دووکەڵەی کە گوایا تا چەند رۆژ نەیهێشتبوو خەڵکی شار چاویان بە هەتاوی گەشی ئاسمان هەڵبێ. لە هەمووی ئەم چیرۆکانەی ئەو سەردەمەدا حاجی دوو شتی لا پەسەند بوو و حەزی دەکرد لە هەر رووداوێکی تر بەردەوام زیاتر بێنەوە بیری و یادیان بکاتەوە. یەکەمیان، خەڵکی بۆ یەکەمجار بوو دەیانبینی سەربازی رووس میوەیەکی سەیروسەمری خڕی زەرد دەخۆن کە ئەوان قەت بە حەیاتیان نەیان بینیبوو. سەربازەکان پێستی شتە خڕەکەیان لێکردبووەوەو ئەوسا ناوەکەیان خواردبوو. خەڵکی کە سەریان بەم میوە نەناسراوە سورمابو، شوێنی سەربازەکان کەوتبوون، پاش ئەوەی دوورکەوتبوونەوە، دانەویبوون، پێستە زەردەکانیان هەڵگرتبووەو و بە عەجایەبەوە لێیان روانیبوون و بۆنیان پێوە کردبوون. دووهەمین چیرۆکیش، دەیانگوت کاتێک حەمە رەشی خان فرمانی دابوو بەو پووت و بەرمیلە نەوتانە شار بسووتێنن کە لە خانووەکانی خودی خەڵکی ناوشاردا تفەنگچییەکانی دەستیان خستبوون، بۆ خۆی چووبووە ناو رەزە ترێکانی داوێنی کێوی ئاربەباوە و لەوێوە بە دووربینەکەی لە جەهەننەمە دەستکردەکەی خۆی روانیبوو. راستییەکەی ئەوە بوو حاجی چایچی چیرۆکی ئەم بۆن پێوەکردن و سەیرکردنەی زۆر لا خۆش و سەرنجڕاکێش بوو. لەو رۆژەوە ئەو پێی وایە هەمیشە نهێنییەک لە نێوان پرتەقاڵ و شەڕدا هەیە!

سەیر ئەوە بوو حاجی باوەڕی بەم چیرۆکانەی دایک و باوکی خۆی هەبوو. بۆ خۆی دەیگوت "دایکم و باوکم راست ئەکەن، ئەوان قەت لە ژیانیانا درۆیان نەکرد، من ئەگەرچی جوان ئەم بەسەرهاتانەم لەبیرم نایێ، بەڵام وەک تارمایی لەبەر چاوەکانمدا دێن و ئەڕۆن، بینیومن، هەر هەموویانم بینیوە کاتێک بە کۆڵی دایک و باوکمەوە بووم!"

حاجی بە دیتنی ئاوارەکان، ئەژنۆی شل بوو. ئەو هەموو خەڵکە ئاوارە، ئاماژە بە کارەساتێکی گەورە بوون. بەڵام هەر دڵخۆشیی خۆی دەدایەوە "کوڕە کێ تەیارەی بینیوە،... کێ بۆمبی بینیوە و... ، تازە کێ ئەڵێ ئەمە هەر بە هۆی شەڕی دراوسێ لەگەڵ دراوسێ ئاوارە و پەرتەوازە نەبوون... خەڵکی پێیان خۆشە چیرۆکی خۆیان سازبکەن،... هەیهۆۆۆ،... هەیهۆ!"

ئێوارەیەکیان درەنگان کاتێک دەیویست چایخانەکەی دابخا، پۆلێکی سەیر لە ئاوارەکان رێک هاتنە بەر دووکانەکەی، پاش کەمێک مڵومۆ و چرپەچرپی ناوخۆیی، روویان کردە ناو چایخانەکە. لە قوژبنترین شوێنی مومکین دانیشتن و داوای چاییان کرد.

ـ "مامە حاجی گیان با خەست بێت!"

ئەگەرچی درەنگ بوو، بەڵام حاجی بێ دڵی نەکردن. کاتێ چایی بۆبردن، دەستی بە چاویلکەکەیەوە گرت و جوان لەنزیکەوە لێیان وردبووەوە. پێنج پیاوی تەمەن گەنج و تەمەن مامناوەندی، بە روخساری درشت، تەپ و تۆزاوی و سووتاوی بەر هەتاو و باوە کە پیس و پڵۆخی لە سەرتاپای جەستەیانەوە دەباری. مشتەرییەکان لە کاتێکا بە سەرسوڕماوییەوە لە چاییە کاڵەکانیان دەڕوانی، هیچیان نەگوت و داوای خواردنیشیان کرد.

پێنج مرۆڤە سەیرو سەمەرەکە خۆیان بە سەر سمتەوە نەدەگرت. لەسەر کورسییەکان بەلادا دەهاتن، یاخود دەچوونە سەرعەرزەکە و پاڵدەکەوتن. ماندووییەکی لەڕادەبەدەر لە سەروسیمایانەوە دەباری. کەچی بەردەوامیش لە قسەکردن نەدەکەوتن. بەو لەهجە و شێوە ئاخافتنە سەیرەیانەوە سەرنجی حاجییان بە تەواوی راکێشابوو. حاجی کە هێلکە و رۆن، یاخود هێلکە و تەماتەی چاکی سازدەکرد، دوو جێی بۆ سازکردن و لەگەڵ چەند نانی تەنوور لەبەردەمیاندا داینان. مشتەرییەکان وەک گورگی برسی بەربوونە خواردنەکە. پاروو بە پاروو دەیگوت جێم بکەوە!

حاجی کە بە درێژایی تەمەنی مرۆڤی زۆری بینیبوو، بە تایبەت ئەو کاروانچییانەی جاروبارە روویانکردبووە چایخەنەکەی و بە رواڵەت و بە کردەوە لە خەڵکی تر جیادەکرانەوە، بەڵام لەم شێوازەی نەبینیبوو. لەبەر خۆیەوە بە ئەسپایی و بە نادڵنیاییەوە گوتی "هی شەڕە و هی ترس!" بۆیە دەسبەجێ بەو ئاکامە گەیشت کە بەراستی لەو دیو شەڕە و شەڕبووەو، بەو هۆیەوە خەڵکانێک پێوەبوونە.

لە کاتێکدا بە قاچی پاڵی بە پشیلەکەوە دەنا تا لەبەر پێی خۆی دووری بخاتەوە، گوتی:

ـ "ئەرێ رۆڵە، وەک بیستوومە وڵاتێکی تر، پێم وابێ ناوی 'کوت'ە هاتووەتە سەرتان، بۆیە وا لێتان قەوماوە؟"

هەر پێنجیان سەریان بەرزکردەوە و، تێکڕا لە حاجیان رووانی. بزیەک نیشتە سەر لێویان. سەرئەنجام یەکیان لە کاتێکدا بەردەوام پارووەکەی ناو دەمی دەجوو، بە دەنگێکی کپەوە هاواریکرد:

ـ "ها مامە حاجی گیان!... ها! (حاجی هەڵیدایە: باوان، حاجی چایچی!). ئەها مەبەستت 'کوێت'ە. نەوەڵلا 'کوێت'ی داماو پەلاماری کەسی نەداوە بەقوربان،... بەساقەی ئەو کەشیە رەنگ ئاڵوواڵایەت بم! ئەوە عەراقی نەگبەت و سەددامی فاشییە ئەمەی کردووە. ئەو پۆخڵەواتە تا توانی لە ئێوەی کوشت و وڵاتی وێران کردن و ئیستا رووی چەکەکەی لەو وڵاتەی وەرگێڕاوەتەوە وا بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانە لە دژی ئێوە یارمەتی دابوو!"

حاجی کە قسەکانی بۆ سەریەک نەدەخرانەوە و لە هەندێ وشە هەر تێنەدەگەیشت، دەستی برد جگەرەیەکی لە پاکەتە دەرهێنا و، گوتی:

ـ "یەعنی وڵاتەکەی تۆ چووەتە سەر ئەوی تر، کوێی پێ ئەڵێن، ئەها کوت!"

ـ "ئەیچۆن مامە گیان (حاجی هەڵیدایەوە: باوان، حاجی چایچی!) هەڵتهێنا، وەرتگرت،... قۆپچەکەت رێک بە شوێنی خۆیەوە نا بەساقە!"

یەکی تریان کە لە ناوەڕاستی نانخواردنەکەدا جگەرەی دادەگیرساند، گوتی:

ـ "ئەو ژن حیزە بێ رەحمە، جگە لە خۆی چاوی هیچ شوێنێکی تر نابینێ، لە کەسەکانی خۆیشی وەک مریشک ئەڕوانێ، مریشکی قوربانی!"

ـ "باشە من تێناگەم، چۆن پیاو لە وڵاتێ هەڵدێ کە پەلاماری وڵاتی تری داوە؟"

پێنج نەفەرەکە دیسان سەیری یەکتریان کردەوە. هەمان ئەوەی کە قسەی دەکرد هەڵیدایەوە و، گوتی:

ـ "بە ساقەی ئەو کەشیە رەنگ زەردە جوانەت بم! چیرۆکەکەی درێژە، رێک وەک کلکی ماکر، کە دەگەییە بنەکەیشی ئەوجا بۆنە حیزەکەی، حیز و کاست ئەکا. بە قوربان! سەرەتا سەددامی گەوا هێرشی کرد، دووایی ئەمەریکا هات و وتی هۆش کەرە، راوەستە! پاشان لە کوردستان بوو بە ئینتیفازە، کە هێرشەکانی ئەمەریکا راوەستا سەددام بە دەرفەتی زانی و هاتە سەرمان و ئەو بەڵایەی بەسەرا هێناین کە دەیبینی."

حاجی مژێکی لە سیگارەکەی دا. پێێ سەیر بوو بۆچی ناوی 'کوت' یان نەهێنابووەوە. دیسان کۆمەڵێک وشە لە قسەکانیداندا بوو ئەم تێی نەدەگەیشت.

ـ "بەڵام حاجی گیان! بە میوانی چاوە جوانەکانت بم، ئەمشەو شوێنمان نیە رووی تێکەین، ئەم شارەیش جمەی دێ، گەر ئەکرێ ئیزنمان بەی ئەمشەو لێرە رۆژ بکەینەوە، هەر چەنەیشی کرد ئەیخەینە سەر چاومان، ئاگایشمان لە چاخانەکەت ئەبێ، نەکا خوانەخواستە لەم قەرەباڵغییەدا دزییەکت لێبکەن. تا شوێنێ ئەدۆزینەوە."

حاجی کە چاوەڕوانی ئەمە نەبوو، گوتی:

ـ "یەعنی ئێوە نە لەدەست کوت و نەلەدەست ئەمریکا، بەڵکو لەدەست حکومەتەکەی خۆتان هەڵاتوون؟"

ـ "ئەرێ وەڵڵا، چاکت پێکا مامە حاجی گیان (حاجی هەڵیدایەوە: باوان، حاجی چایچی)،..."

ـ "جا شتی وا ئەکرێ؟ پیاو پشتی وڵاتەکەی خۆی نەگرێ کە ئەوەننە بەهێزە بتوانێ پەلاماری وڵاتێکی تر با، کەچی کاتێ وڵاتێکی تر بێتە سەر پشتی تێکا و هەڵبێ! جگە لەمە، مەگەر ئەکرێ کەسێکی تر لە وڵاتێکی تری یەکجار دوورەوە ئەو هەموو ئەسلیحە لەگەڵ خۆی هەڵبگرێ و رووبکاتە وڵاتێکی تر و ئەوەی پێی خۆش بێ بیکا؟ کاکە، خەڵکیتان بە کەر زانیوە؟"

ـ "یەکێک لە پێنج نەفەرەکە، کە بە رواڵەت لە هەموویان بە بەتەمەنتر بوو، گوتی:

ـ "حاجی گیان! ئیستا مانووین، لێمان گەڕی با لێرە بمێنینەوە و بنووین، سبەی زیاتری لە سەر ئەڕۆین. تێ ئەگەم ئاڵۆزە،... تێ ئەگەم، بە فیدای مرادخانییە پڕ قۆپچەکەت بم!"

ـ "لێرە بخەون؟!... جا چۆن شتی وائەبێ، چۆن دووکان بەلای غەریبا جی ئەهێڵم، حەی حەی! تەواومان کرد،... هەر ئەمەمان مابوو!"

ـ "حاجی گیان، تکایە هەر ئەمشەو. ئەوە خەریکە بارانیش ئەبارێ. حاجی گیان بە خوا، خوا گەڕ و گولمان ئەکا لە شوێنێ پیاو پەنای ئەدرێتێ بیەوێ شتی ناماقوڵ بکا. حەک خوا گەڕ و گولمان کا گەر هەر بیر لە شتی وایش بکەینەوە. ئەشیزانی مزگەوتەکانیش پڕن، ئێمە لەم شارە کەس ناناسین، نە خزمێ نە قەومێ. تۆ ئیستا باوک و باپیرمانی بە قوربانی پێچی پیرۆزی کەشیەکەت بم!"

حاجی چایچی جوان لێیان وردبووەوە. ئەزموونی ژیان پێی دەگوت لەم جۆرە مرۆڤانە هیچ شتێکی ناخۆش و ناحەز ناتوانێ سەرهەڵبدا. بەڵام هیشتا یەک شتی بۆ ساخ نەدەبووەوە. ئەو شتەی بەردەوام دڵی کڕمۆڵ دەکرد. گوتی:

ـ "وەڵڵا کاکە پێم وابێ هەر هەمووتان درۆ ئەکەن، ئاخر چۆن ئەکرێ وڵاتێ لەو سەری دنیاوە بێت و پەلاماری وڵاتێ بدا کە یەکجار لێی دوورە! درۆئەکەن کاکە درۆ ئەکەن،... عالەمتان پێ بخەڵەتێ منتان پێ ناخەڵەتێ! (حاجی دەستی بۆ چاویلکەکەی برد)، من ناتوانم پەنای ئەوانەی بەم وا درۆ ئەکەن، بەدرۆ هەڵاتوون و بەدرۆیش وڵاتی بەدبەختی تر پێوەئەکەن،... نەوەڵڵا! من کە نەمبینیوە."

ئەوەی وا لە هەموویان بە تەمەنتر دەینواند، هەستایە سەر پێ و بەرەو حاجی هات. هەر گەیشتە لای حاجی، جوان لێی وردبووەوە. وەک بڵێی نیگاکانی لە سەر چاویلکەکانی حاجی راوەستان و ئیتر نەگەیشتنە ئەو دیوییەوە. ئەوسا باوەشی بە حاجی چایچی دا کرد و دەستی کرد بە ماچکردنی سەرشانەکانی:

ـ "هەرچی نووری دنیایە بە سەر گۆڕی باو و باپیرانتا ببارێ، کێ ئەڵێ ئەمەریکای گەوا هاتووە و پەلاماری عەراقی داوە،... هەر کەس ئەمەی وت گووی خوارد، پڕ بە دەمی خۆی و باو و باپیری. لەگەڵ ئەوانیش ئەم کەرە زۆڵانەی دوواوە! نەوەڵلا مامە حاجی گیان (حاجی هەڵیدایەوە: "باوان، حاجی چایچی!")، حاجی چاچی گیان، رێک کوێتی گەوادی خوشک حیز بوو. هات، بە خۆی و بە سوپا زەبەلاحەکەیەوە، تۆپ  و فڕۆکە بۆمب هاوێژ و دەبابە ماڵ وێرانکەرەکانییەوە،... هات و هیچی نەهێشتین،... بە ساقەت بم! ئیستایش لەدەستی ئەو زاڵمە هەڵاتووین و روومان لە جەنابت کردووە، دەسدرێژی کردووەتە سەر ماڵ و خێزانمان،... داری بە سەر پەردوومانەوە نەهێشت، ژن و منداڵی بردین، ئەتکی کردین، کوشتنی، لە خوێن گەوزاندینی، ئیستایش خوا رەحمی پێکردین و ئەو مەجالە جوانەی بۆ رەخساندین روومان لە گەورەیەکی وەک مامە حاجی چاچی گیان کردووە. حەک ماڵم لە دەورت گەڕێ، بە ساقەی رووی نوورانیت بم! ئەوانەی دوواوە گویان خوارد وا ئەڵێن. بەقەی دونیا گوویان خوارد!"

حاجی بەم قسانە ناوچاوانی بەرەبەرە کرایەوە. دەستی بردە چاویلکەکەی داگرت و بە پەڕۆیەکی خاوێنی بەردەستی شووشەکانی بە بزەیەکەوە خاوێن کردنەوە.

***

پێش ئەوەی لە چایخانەکەی بێتە دەر، چوو لە سەر رەفەکانی تاقە ژوورێکی بچووک کە لەناو دووکانەکەیدا هەیبوو، چەند پەتوو و بەتانیی پیس و کۆنی هێنا و دای بە مشتەرییەکانی. پێی گوتن وەک هەمیشە بەیانی زوو سەعاتی شەش دێت و چایخانەکەی دەکاتەوە. وتی بەیانی دەبێ زووتریش بێت.

حاجی چایچی کاتێ بەرەو ماڵەوە دەڕۆیشتەوە، لەبەر دەم خۆیەوە بە دەنگی بەرز لە گەڵ خۆی دەدوا و دەیگوت:

ـ "نەمگوت! ئەم خەڵکە لێی نازانن،... ئاخر چۆن ئەبێ لەو سەری دونیاوە وڵاتێ بێ و ژیانت لێ بشێوێنێ. ئەویش بەو ئەسلیحە قورسانەوە کە هیچ ئەسپێ هەڵیانناگرێ. ئەیچۆن، گەر بیاندوێنی خۆیان شەرعی خۆیان ئەکەن و راستییەکەی ئەدرکێنن. پەککوو لەم خەڵکە گێژە!... تەنیا دراوسێ ئەتوانێ دراوسێ دەرکا، تەنیا ئەوان دەتوانن ماڵت کاول کەن... تەنیا دراوسێ!"

 

 Bilderesultat for realitet kunst