شرۆڤە

بنا‌غە گشتییەکانی پەروەردە و گەشە ناسی منداڵ

قادر نیکپوور

له‌م ته‌مه‌نه‌دا، منداڵ هه‌م  له‌‌ باری فیزیکی، هه‌میش له‌باری ده‌روونییه‌وه‌‌ ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا دێت‌‌. کۆنتڕۆڵی به‌ سه‌ر خۆیدا نیه‌‌‌، له‌ هه‌مان کاتدا شێوه‌ی په‌روه‌رده‌ و بارهێنانی گرینگه‌ که‌ منداڵ تووشی هه‌ڵه‌ نه‌کات. وشیاری و ناوشیاری دایک وباوک له‌م قۆناغه‌دا بۆ پێشکه‌وتنی منداڵ‌ دەور دەبینێت، بە تایبەتی له‌ بواری هه‌ڵبژاردنی دوست و هاوڕێ. 

 

بنا‌غە گشتییەکانی پەروەردە و گەشە ناسی منداڵ

قادر نیکپوور

لە بابەتی ئەمجەرەمان تیشک دەخەینە سەر بناخە کشتییەکانی پەروەردە و گەشە ساندن لە روانگەی "زیگموند فرۆید"ەوە. فرۆید گرینگێکی پڕ بایەخی بەم خاڵانە داوە کە هەریەک بە نۆبەی خۆی لە کەسایەتی منداڵ رەنگ دانەوەیان هەیە. کە واتە شارەزایی لەسەر ئەم بەشە گرینگانە یارمەتیمان ئەدەن منداڵ باشتر بناسین، بە شێوەیەکی سووک و ئاسان منداڵ پەروەردە بکەین. هەر وەک خۆمان باش دەزانین پەروەردە و دروست بارهێنانی منداڵ یەکێک لە ئەرکە گرینگەکانی دایک و باوکە. "بۆ گەشە پێدان بەکۆمەڵگایەکی مۆدێڕن پێویستیمان بە پەروەردەی دروست هەیە. پەروەردەی نادروست کۆمەڵگە بەرەو دواوە دەباتەوە"

قۆناغە گرینگەکانی پەروەردە و گەشەناسی بریتین:

قۆناغی یه‌که‌م، ئۆڕاڵ "Oral"، له‌ یەکەم رۆژ تا ١٨مانگی

قۆناغی دووهه‌م، ئاناڵ "Anale"، ١٨ مانگی تا ٣ ساڵی

قۆناغی سێهه‌م، جی نیتاڵ "Genital"، ٣ ساڵی تا ٦ ساڵی

قۆناغی چواره‌م، لاتن "Laten"، ٦ ساڵی تا ١۲ ساڵی

قۆناغی پێنجه‌م، پۆبرتی "Puberty" ١۲ ساڵی تا ١٨ ساڵی

 

 

ئۆڕاڵ "Oral" وشه‌یه‌کی لاتینیە به‌ مانای "ده‌م"، منداڵ لە رێگای دەم ژیان وەردەگرێت. ئەم قۆناغە بە قۆناغی مژین دەناسرێت. کاتێک منداڵ لە دایک دەبێت، هه‌موو که‌ره‌سته‌یه‌کی بۆ ژیان مانەوە له‌گه‌ڵ خۆی پێیە. یه‌که‌م شت به‌دوای مه‌مکی دایکدا ده‌گه‌ڕێت. دەگەڕێت بۆ مژلێدان (Stimulusreflex). توانایی منداڵ له‌ ئاستێک دایه‌ که‌ دەتوانێ لە خواردن بگەڕێ، وە ئەم تواناییە تەواو سروشتییە. کاتێک منداڵ له‌ دایک ده‌بێت، یەکەم شت له‌سه‌ر سینگی دایکی رایده‌کێشن. دوای تاوێک منداڵ ده‌می ده‌گێڕێت له‌ گۆی مه‌مکی دایکی، چونکە هەست بە بۆنی شیر دەکات. له‌م قۆناغه‌دا زۆرتری کاتی منداڵ به‌ خواردن و خه‌وتن تێپه‌ر ده‌بێت. خواردنی شێری دایک لەم قۆناغە زۆر گرینگە، یه‌که‌م بۆ‌ مسۆگەر بوونی بۆ ژیان،  دووهه‌م بۆ نزیک بوونەوە لەدایک لە بواری فیزیکی و هەستەوە.

کاتێک منداڵ برسییە، ده‌ست دەکات به‌ گریان. ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین که‌ره‌سته‌ی منداڵی ساوایه‌ بۆ راگه‌یاندنی نیازەکانی. مژین بۆ منداڵ له‌و ته‌مه‌نه‌دا زۆر گرینگه‌. دوایی ئەوە، بەرە بەرە فێری مژینی قامک و ده‌ست دەبێت. کاتێک دایک و باوک یان خوشک و برا ده‌ست بۆ منداڵی ساوا درێژ ده‌که‌ن، حه‌ز له‌ مژینیان ده‌کات. منداڵی ساوا ماوەیەکی زۆر قامکی دەست یان لاقی خۆی ده‌مژێت کە ئەمە سرووشتیە. شیری دایک بۆ منداڵ و مژ لێدانی مەمکی دایک، دوو نیازی هەرە سەرەکین. منداڵ له‌‌ رێگای مژ لێدان خوردان و  خۆشه‌ویستی خۆی لە دایک وه‌رده‌گرێت، کە ئەمە دەبێتە هۆی لەش ساغی و سڵامەتی منداڵ، هەروەها پاراو کردنی هەست و دەروونی ئەو.  ئەم پێوەندییە نزیکە منداڵ دڵنیا دەکات بە ژیان و مانەوە.

ئەو منداڵانەی لە شیری دایک بێ بەشن، هۆگری مه‌مکه‌مژه‌ یان مژتنی قامکی خۆیان ده‌بن. دوایی ماوەیەکی کورت منداڵ خوو بەم کارە دەگرێت، وە بە جۆرێک دەبێتە هۆی خەم و دڵپەشێوی لای دایک و باوک.  بەشێک لە دایک و باوکان بە هۆی بێ تەجرەبەیی شتێک لە قامکی منداڵ ده‌به‌ستن، خوێ یان بیباری لێده‌ده‌ن، یا ن بە جۆرێک منداڵ تەنبێ دەکەن کە واز لەم خوویە بێنێت. ئەم کارە نە تەنیا یارمەتی دەر نیە، بەڵکو زۆرتر هەستی منداڵ بریندار دەکات. رەنگە منداڵ بە ئاشکرایی ئەو کارە نەکات، بەڵام بە دزی، به‌ تایبه‌تی ئەو کاتەی ده‌خه‌وێت.

سه‌یر نیه‌،‌ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ به‌ تێر و ته‌سه‌لی شیری دایک ده‌خۆن له‌ گه‌ڵ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ شیری دایک ناخۆن جیاوازییان یه‌گجار زۆره‌، به‌ تایبه‌ت له‌باری ورەیی و زەین و هۆش. بە پێی سەرچاوە زانستیەکان تا ئەو رۆژەی دایک شیری هەیە منداڵ دەتوانی شیری دایکی بخوات. شیری دایک پێش تەواو بوون تامی دەگۆڕێت. ئەمە دەبێتە هۆی واز لێ هێنان لە شیر خواردن لای منداڵ. پاش ئەوە منداڵ فێری خواردن دەبێت، بەرە بەرە مەیلی شیر خواردن دەبڕێت. ئەو دایکانەی منداڵ شیر دەدەن کارێکی پڕ نرخ و گەورە دەر حەق بە منداڵ ئەنجام دەدەن. ئەم کارە دڵی هەردوو رازی دەکات. شیردان به‌ مندال تا ئەو کاتەی منداڵ ساوایە دەدانی نیە ئاسانترە، بەڵام کاتێک منداڵ ده‌دانی دێت، مه‌مکی دایک ده‌گه‌زێت که‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئێش وئازار بۆ دایک. لەم حالەتە پێویستە منداڵ جەرگ یان گۆشتی برژاو بخوات تاکو خرویی ده‌دانی بشکێت.

له‌ قۆناغی یه‌که‌مدا رۆڵی داێک له باری دروستی په‌روه‌رده‌ و ئامۆژگاری کردن زۆر گرینگە.‌ هه‌موو پێداویسته‌کانی منداڵ لە‌ سه‌ر شانی دایکە. هه‌رچه‌ند منداڵی ساوا به‌ جه‌سته‌ زۆر به‌سته‌زمان و بێ دەسەڵاتە، به‌ڵام که‌ به‌ نیازه‌کانی نه‌گەیشت زۆر بێ ئۆقرە دەبێت. که‌ ده‌ستی کرد به‌ گریان به‌ هیچ ژیرنابێته‌وه‌ تاکو خواردنی پێ نەگات.‌ گریانی منداڵ له‌ کاتی برسییەتی، گه‌رماو سه‌رما، برک و ژان وه‌ک چرای سوور وایە، تاکو بە دادی نەگەین خامۆش نابێت. ئەگەر لە کاتی پێوسیت بە دادی مندال نەگەین به‌ رق و قین داده‌چێت، ئەگەر به‌رده‌وام دووپات بێتەوە منداڵ تووشی دوودڵی دەبێت.‌ گوێ نه‌دان بە گریانی منداڵ، که‌متەرخەمی کردنی له‌م قۆناغه‌ منداڵ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کێشه‌ رووبەڕوو ده‌کاته‌وه‌. دووپات کردنەوەی ئەم چەشنە ئاکارە منداڵ لە بوارە جیاوازەکانی ژیان تووشی کێشە دەکات.

منداڵی ساوا بە گشتی هه‌موو نیازه‌کانیان یه‌که‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌ی جیاواز ده‌ری ده‌بڕن. هه‌ندێک له‌ منداڵان هه‌ر له‌ سه‌رتاوه‌ زۆر هار و دڕن، هه‌ندێکیش هێمن و له‌سه‌رخۆ. هه‌ندێ به‌ ئاسانی ده‌خه‌ون، هه‌ندێکیش به‌ زه‌حمه‌ت. یان هه‌ندێ منداڵ به‌ ده‌نگی کەم وه‌خه‌به‌ر دێن. هه‌ندێکیش خه‌ویان قورسه‌. منداڵه‌کان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ خووی گه‌وره‌کان به‌ خۆ ده‌گرن. "پێوه‌ندی دروست و نادروستی دایک وباوک کاریگەری دەخەنە سەر رەفتار و کاسایه‌تی منداڵ. منداڵ بە پێی پێوەندە درووستییەکانی بنەماڵە گه‌شه‌ دەکات".

منداڵ لە شه‌ش مانگی هەست بە ناسینی خەڵک دەکات.  بە بینینی خەڵکی غەریب دەست دەکات به‌ گریان کە ئەم کارە زۆر سرووشتییە. به‌رهه‌ڵستی منداڵ له‌و ته‌مه‌نه‌دا زۆر گرینگه‌ چونکە منداڵ به‌شێکی زۆر له‌ گه‌شه‌کردنی خۆی له‌ پێوه‌ندی  له‌گه‌ڵ دایک و باوک ده‌بینێت. به‌ هاتنی منداڵی تازه‌ دایک زۆر هیلاک‌ ده‌بێت، چونکە دایک حه‌ز ده‌کات هه‌موو پێداویستیه‌کانی منداڵ جێ بە جێ بکات. بەم مەبەستە‌ زۆربه‌ی کاته‌کانی دایک به‌ منداڵ به‌خێو کردن پڕده‌بیته‌وه‌. دایک دڵی به‌و کاره‌ خۆشه‌، چونکە دڵی خۆشی پاراو دەبێت.

بەم پێیە، قۆناغی یه‌که‌م لە رێگای ده‌مه‌وه‌ گه‌شه‌ ده کات، گرینگی دەدرێت بە باری جسمانی و که‌سایه‌تی. به‌ کوردی ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ شیری دایک ده‌خۆن پێچکیان لە هەمبەر ئەو ‌منداڵانه‌ی‌ شیری دایک ناخۆن ئه‌ستورترە. بە واتایەکی دیکە منداڵە شیر خۆرەکان ورەیان بەرزترە.  ئه‌و تاقمه‌ منداڵانە که‌متر تووشی نه‌خۆشی دێن، ئه‌گه‌رێش نه‌خۆش ده‌بن باشتر له‌ گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌که‌ به‌ربه‌ره‌کانی ده‌کەن. بە داخەوە بە پێی بار و دۆخ، سەرقاڵی کار و هاڵۆزی ژیانی رۆژانە به‌شێکی زۆر له‌ منداڵان له‌ شێری دایک بێ بەشن. یان‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی دایکانی لاو ئەندامیان تێک نه‌چێت، که‌ ئه‌وه‌ش غه‌درێکی گه‌وره‌یه‌ ده‌ر‌ هه‌ق بە مندال، کە ئەم ئاکارە زۆر نارەوایە. ئه‌و دایکانه‌ی که‌ ئه‌و کاره‌ده‌که‌ن، رەنگە  له‌دەو‌ری ته‌مه‌نی چل ساڵی تووشی نه‌خۆشی مه‌مک بن. نه‌خۆشی مه‌مک له‌ وڵاتانی ئه‌روپی زۆرباوه‌.‌ به‌شێکی زۆر له‌و ژنانه‌ی که‌ شیریان هه‌بووه‌ و، نه‌یانداوه‌ به‌ منداڵ توشی نه‌خۆشی مه‌مک هاتوون. جاکه‌وایه‌، با منداڵه‌کان له‌و به‌ره‌که‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ بێ به‌ش نه‌بن. لێره‌دایه‌ که‌ وشه‌ی دایك به‌ دروستی جێ ده‌گرێت، سه‌یر نیه‌ که‌ ژنانی لادێ تووشی نه‌خۆشی مه‌مک نایه‌ن و تائه‌و کاته‌ی که‌ شیریان هه‌یه‌ ده‌یده‌ن به‌ منداڵ. هه‌ر به‌م هۆیه‌ منداڵانی لادێ لە هەمبەر منداڵانی شار ئازاتر و بە هۆشترن.

 

قۆناغی دووهه‌م، له‌م قۆناغه‌دا‌ منداڵ گرینگێکی زۆر ده‌دات به‌ پاک و خاوێنی. هه‌روه‌ک چۆن خواردن له‌ قۆناغی یه‌که‌مدا گرینگه،‌ پاک و خاوێنیش له‌م قۆناغه‌دا گرینگه. پاک و خاوێنی لەم تەمەندا نیازێکی سەرەکی‌ منداڵە. کاتێک منداڵ بە‌و نیازه‌ گه‌ییشت، سه‌رکه‌وتنێکی زۆری به‌ده‌ست هێناوه، کە ئەمەش کاریگه‌ری ده‌خاته‌ بەشی ده‌روونی منداڵ. ئه‌گه‌ر پاک و پیسی منداڵ گرینگی پێ نه‌درێت منداڵ تووشی هاڵۆزی دەروونی ده‌بێت و سه‌ری ڵێ ده‌شێوێت، چونکە منداڵ پاک و خاوێنی به‌ سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ ده‌زانێت. زاڵ بوون به‌سه‌ر ئه‌و کێشه‌یه‌، زاڵ بوون به‌سه‌ر دەروون و لەشە. هه‌ر بۆیه‌ گرینگه‌‌ منداڵ خۆشی سه‌ربه‌ست بێت نه‌که‌وێته‌ ژێر جه‌ختی دایک و باوک.

زۆر جار منداڵ خۆی تاقی ده‌کاته‌وه‌، تاکو بۆی ده‌رکه‌وێت و بزانێت چه‌ندە به‌سه‌ر پاک و خاوێنی خۆیدا زاڵه‌. هه‌رچه‌ند له‌سه‌ره‌تا تاقیکردنەوە‌ی پاک و خاوێنی بۆ منداڵی ساوا ئه‌رکێکی ئاسان نیه،‌ به‌ڵام منداڵ خه‌ز ده‌کات که‌ خۆی له‌و به‌شه‌ رزگار بکات. ئه‌گه‌ر دایک وباوک به‌ دروستی یارمه‌تی منداڵ نه‌ده‌ن، باش رێنوێنی نه‌که‌ن، ئه‌وا منداڵ تووشی کێشه‌ ده‌بێت که‌ چ کاتێک بگاته‌ ئاوده‌ست یان میز بکات. هۆی نه‌بوونی وریایی دایک له‌و بواره‌وه‌ ئه‌زموونێکی خه‌راپ به‌ منداڵ دەبەخشێت. دڵنیا نه‌بوون له‌و به‌شه‌وه‌ دایک ومنداڵ تووشی کێشه‌ ده‌کات. به‌ومه‌به‌سته‌ دایک ناڕازی بوونی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ منداڵه‌که‌ ده‌رده‌بڕێت، منداڵ به‌ خۆی داده‌شکێته‌وه‌. ئینجا زۆرتر سه‌ری لێ ده‌شێوێت. به‌ تایبه‌تی زۆر جار له‌ کورده‌واری منداڵ ته‌نبێی به‌ده‌نی ده‌کردرێت و، به‌ خۆیدا ده‌شکێته‌وه‌. ده‌بێ مرۆڤ وه‌ک زۆربه‌ی به‌شه‌کانی دیکه‌ی ژیانی بۆ مه‌سه‌له‌یه‌کی ئاوا سه‌ربه‌ست بێت و خۆی بڕیار بدات، به‌ تایبه‌تی منداڵی ساوا.

گرینگترین ئەرک ئه‌وه‌یه‌ که‌ دایک و باوک کار له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ بکه‌ن که‌ ئه‌رکی پاک و خاوێنی ته‌نها نه‌که‌وێته‌ سه‌ر شانی دایک. هه‌ر وه‌ک چۆن دایک و باوک خۆیان به‌ به‌رپرسی منداڵ ده‌زانن ده‌بێ له‌و به‌شه‌شدا خۆیان به‌ شه‌ریکی ئه‌رکه‌کانی منداڵ بزانن که‌ منداڵ متمانه‌ و باوه‌ڕی به‌هه‌ر دوو به‌ش هه‌بێت. منداڵی ساوا خۆشه‌ویستێکی تایبه‌تی بۆ‌ ژیان و دایک و باوکی هه‌یه. له‌وه‌ی که‌ دایک و باوک به‌ چ جۆرێک رووبه‌رووی نیازه‌کانی منداڵ ده‌بنه‌وه‌، کاریگه‌ری ده‌کاته‌ سه‌ر منداڵ و چۆنیه‌تی سه‌رکه‌وتنی به‌سه‌ر ته‌نگ وچه‌ڵه‌مه‌کانی ژیاندا. منداڵی ساوا توانایی ئه‌وه‌ی نیه‌ که‌ بزانێت یان لێکیداته‌وه‌ که‌ ئه‌نجامی کاره‌کانی به‌ کوێده‌گات یان قازانج و زه‌ره‌ری له‌ چیدایه‌، یان چی به‌سه‌ر دێت. لای ئه‌و هه‌ر ئه‌وه‌ گرینگه‌ که‌ کاره‌که‌ی خۆی تاقی کاته‌وه‌. منداڵ حه‌ز ده‌کات به‌شێکی زۆرله‌‌ ئه‌رکه‌کانی خۆی به‌ڕێوه‌ به‌رێت. که‌متر قورسایی بخاته‌ سه‌ر شانی دایک و باوک، وە نیشان بدات کە سەربەخۆیی وەرگرتووە.

 

قۆناغی سێهه‌م، (Genital) وشه‌یه‌کی لاتینییه‌ به‌‌ مانای ناسینی جنسی‌ "نێر و مێ‌". له‌م قۆناغه‌دا منداڵ خۆی ده‌ناسێت و جنسی کچ و کوڕ لێک ده‌کاته‌وه‌. ئه‌و ناسینه‌ ده‌ورێکی گرینگ له سه‌ر‌ که‌سایه‌تی منداڵ ده‌بینێت. منداڵ سرنج ده‌دات به‌ که‌سێک که‌ هاو جنسی خۆیه‌تی، ئه‌گه‌ر کوڕه‌ له‌ گه‌ڵ کوڕ یاری‌ ده‌کات و کچیش هاوڕێی کچ بۆ خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌، هاوکات له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌که‌شی به‌ربه‌ره‌کانی ده‌کات. "قۆناغی سێهه‌م قورسترین و پڕکێشه‌ترین قۆناغه‌ له‌ ژیانی منداڵ واته‌ مرۆڤ. منداڵ له‌گه‌ڵ پێوه‌ندێكی پته‌وی به‌هێزی بنه‌ماڵه‌یی به‌ دوای پێوه‌ندێکی کۆمه‌ڵایه‌تی دایه‌ که‌ خۆی له‌ ئاستێکی سامناک و هه‌ڕه‌شه‌دار ده‌بینێته‌وه"‌. ئه‌و حه‌زده‌کات که‌ هاوڕێی یاری و کایه‌ بۆ خۆی بدۆزێته‌وه‌ و، گرینگیش ده‌دات به‌و به‌شه‌ که‌ هاوڕێیەکەی هاو رەگەزی خۆی بێت، کە  ئه‌م کاره‌ش به‌ ئاسانی بۆ منداڵێکی ساوا مه‌یسه‌ر نابێت.

وێڕای ئه‌م هه‌موو هاڵوزییە که‌ منداڵ له‌م قۆناغه‌دا تووشی دەبێت، ده‌گه‌ڵ کێشه‌یه‌کی دیکه‌ ووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه،‌ که‌ پڕۆسه‌ی "ئویدیپاڵ" (Oedipal phase)ی ناوه‌. قۆناغی ئویدیپاڵ بۆ کچ و کوڕ زۆر گرینگه‌. شێوه‌ی هه‌ڵس و که‌وتی ئێمه‌ له‌م قۆناغه‌دا ره‌نگدانه‌وه‌ی لەسەر کەسایەتی منداڵ هه‌یه‌. به‌ هۆی کێشه‌ی ده‌روونی، ئەم قۆناغە له‌ قۆناغه‌کانی دیکه‌ ناسکتر ‌و مه‌ترسیدارترە‌. هه‌روه‌ها پڕۆسه‌ی ئودیپاڵ که‌ گرنگترین پڕۆسه‌یه‌ له‌ ژیانی منداڵ له‌و قۆناغه‌دا دێته‌ ئارا. بایه‌خداره‌ که‌ بزانین ئویدیپاڵ باس له‌ چی ده‌کات.

 

ئه‌فسانه‌ی ئودیپوس

"ئه‌فسانه‌ی ئودیپوس"(Oidipus myth) ئه‌فسانه‌یه‌کی یۆنانییه له‌ شاری "ته‌به‌س"(Thebes)‌ روویداوه‌.‌ باس له‌ خۆشه‌ویستی دایک و کوڕێک ده‌کات که‌ کوڕه‌که‌ باوکی خۆی ده‌کوژێت و دایکی خۆی ماره‌ده‌کاته‌وه‌. شای ته‌به‌س (لایوس)، ئەو سەردەم به‌ هاوسه‌ره‌که‌ی (یوکاسته‌)ی گوتبوو که‌ ئه‌گه‌ر کوڕێکیان ببێت، باوکی خۆی ده‌کوژێت و دایکی له‌ خۆی ماره‌ده‌کاته‌وه‌. کاتێک یه‌که‌م منداڵی کوڕیان به‌ نێوی "ئودیپ" له‌ دایک ده‌بێت، یوکاسته‌ بۆ به‌رگریکردن له‌م به‌خته‌ شووم و ره‌شه‌‌ به‌ده‌ستی شوانێک ده‌سپێڕیت که‌ ده‌ست و لاقی منداڵەکە ببه‌ستێت، له‌ناو دارستان به‌ڕه‌ڵای بکات. ناوبراو زکی به‌ ئودیپی به‌سته‌زمان ده‌سووتێت و ده‌یسپێرێت به‌ یه‌کێک له‌ پیاوانی شای "کورینت هوس"(Corinthus)، شارێکی یۆنانییه‌. پیاوی پاشا منداڵه‌که‌ ده‌باته‌ لای پاشا. پاشا ئودیپ به‌ کوڕی خۆی قەبول دەکات. شازاده‌ی ڵاو له‌ دیوه‌خانی پاشا گه‌وره‌ده‌بێت بێ ئه‌وه‌ی بزانێت که‌ بن و بنه‌چه‌که‌ی کێیه‌. تاکو رۆژێک لە رۆژان پیاوێک به‌ ناوی دڵفو(Delphoi) به‌سه‌رهاته‌ شوومه‌که‌ی بۆ باس ده‌کات و ئودیپ له‌وی راده‌کات، ناگه‌ڕیته‌وه ‌لای دایک وباوکی خۆی. له‌ رێگا تووشی پیاوێکی پیر و خزمه‌تکارێک ده‌بێت، که‌ پێکەوە ده‌مەقاڵەیان ده‌بێت. ئودیپ توڕه‌ ده‌بێت، پیاوه‌ پیره‌ ‌و خزمه‌تکاره‌کە ده‌کوژێت بێ ئه‌وه‌ی بزانێت که‌ پیاوه‌ پیره‌که‌ باوکی راسته‌قینه‌ی خۆیه‌تی. ماوه‌یه‌کی زۆر له‌ شاری ته‌به‌س ئاواره‌ و سه‌رگەردان ده‌بێت. له‌و شاره‌ پیاوێک با ناوی "ئه‌بولهول" کە ده‌ستی به‌ خوێنی ژن و پیاوانی ئه‌و شاره‌ سوور کردووه‌، دوابه‌داوی یه‌ک ده‌یان کوژێت و، ته‌نها مه‌رجێکی داناوه‌: مه‌ته‌ڵۆکێک هه‌یه‌ هه‌ر که‌س بیزانێت ده‌ست له‌ کوشت و کوشتار هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌و چیه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ چوار لاق، دوایی به‌ دوو لاق، سه‌رئه‌نجام به‌ سێ لاق ده‌ڕوات؟

خه‌ڵكی شار له‌ مه‌ته‌ڵه‌که‌ زۆر‌ بێزار ده‌بن. مه‌رجێک داده‌نێن که‌ هه‌ر که‌س بیزانێت له‌ شه‌ڕ و فیتنه‌ی ئه‌بولهول رزگاریان ده‌بێت، ئەو کەسە به‌ پاشای ئه‌و شاره‌ قه‌بوڵ ده‌کرێت. لە پاشان بێوه‌ ژنەکەی شای رابردووی لێ ماره‌ده‌که‌ن. ئودیپ وڵامی مه‌ته‌ڵه‌که‌ ده‌دۆزێته‌وه‌. مرۆڤ به‌ منداڵی به‌ چوار لاق دەڕوات، یانی گاگۆڵکه‌ کردن. کاتێک گەورە بوو به‌ دوولاق دەڕوات، له‌ پیریش به‌ سێ لاق یانی بە گۆچان. ئه‌بولهول به‌ بیستنی وڵامه‌که‌ خۆی داوێته‌ نێو به‌حر، خه‌ڵکی شاری ته‌به‌س له‌ شه‌ڕ و به‌ڵای ئه‌و رزگاریان ده‌بیت.

چه‌ند ساڵ له‌ پاشایه‌تی ئودیپ تێپه‌ر ده‌بێت تاکو خه‌ڵکی ئه‌و شار توشی نه‌خۆشی "تاعون" ده‌بن و، ده‌سته‌ ده‌سته‌ ده‌مرن. غه‌یب زانێک به‌ ناوی "ته‌ی رێسیاس"(Theiresias) به‌ پاشا پێشنیار ده‌کات که‌ نه‌خۆشی تاعون ته‌نبێ کردنێکه‌ بە هۆی خیانه‌تی ئودیپ بە دایکی. یه‌که‌م کوشتنی باوکی، دووهه‌م ماره‌کردنی دایکی خۆی! ئودیپ به‌ هه‌موو توانایییه‌وه‌ ویستی خۆی له‌ راستییەکه‌ دوورکاته‌وه‌، به‌ڵام کاتێک راستییەکه‌ ئاشکرا ده‌بێت چاوه‌کانی خۆی کوێر ده‌کات. یوکاسته‌ دایکی  ئودیپ خۆی ده‌کوژێت و، ئەفسانە و تراجدییای ئودیپ که‌ خۆی ئاگای له‌ هیچ شتێک نه‌بووه‌ به‌م جۆره‌ کۆتایی پێ دێت. که‌واته‌ بزانین ئه‌فسانه‌ی ئودیپوس که‌ گرێداوه‌ته‌وه‌ به‌ "گرێی ئودیپاڵ"ی کچ و کوڕ یان به‌ربه‌ره‌کانی باوک و کوڕ لێره‌دا به‌ چ شێوه‌یه‌ک ده‌رده‌که‌وێت؟  

پڕۆسه‌ی ئودیپاڵ

پرۆسه‌ی ئودیپاڵ باس له‌ گۆڕانکاری به‌هێزی منداڵ له‌ پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ دایک وباوک و کۆمه‌ڵگه‌دا‌ ده‌کات، که‌ ئه‌م گۆڕانکارییه‌ له‌ ده‌وری ته‌مه‌نی سێ ساڵی پێکدێت. له‌م ته‌مه‌ندا مندال تێده‌کۆشێ‌ هه‌ستی خۆشه‌ویستی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ که‌سێک که‌ له‌ ڕه‌گه‌زی خۆی نیه‌ به‌هێزتر بکات. کوڕ به‌رانبه‌ر به‌ دایک، کچ به‌رانبه‌ر به‌ باوک. به‌و مانایه‌‌ کوڕ له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی دایک رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه‌ و، کچێش له‌ گه‌ڵ خۆشه‌ویستی باوک. رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ ده‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ستانه‌  منداڵ تووشی کێشە دەکات، بە چەشنێک لە هەمبەر بەرانبارەکەی به‌خیلی ده‌کات، کە ئەم هەستە سرووشتییە.

له‌م قۆناغه‌دا منداڵ، کچ یان کوڕ بوونی خۆی زۆر بۆ گرینگه‌ که‌ خۆشی هۆیه‌که‌ی نازانێت. ئەو به‌دوای ره‌گه‌زی دژ به‌ خۆیدا ده‌گه‌ڕێت. هەروەها له‌ کاتی یاری کردن حه‌ز دەکات له‌ گەڵ هاو ڕه‌گه‌زی خۆی یاری بکات. کوڕ حه‌ز له‌ رووت بوونی دایکی ده‌کات، حه‌ز ده‌کات له‌گه‌ڵ دایکی بچێت بۆ حه‌مام یا له‌گه‌ڵ دایکی بخه‌وێت. به‌ هه‌مان شێوه‌ کچیش حه‌ز ده‌کات که‌ ئه‌و کاره‌ ده‌گه‌ڵ باوکی بکات.

کاتێك کوڕ ده‌بینێ دایک و باوک ‌پێکەوە زۆر جووتن به‌خیلی به‌ باوک ده‌بات، ده‌که‌وێته‌ مابه‌ینیان تاکو لێکتریان هه‌ڵاوێرێت.‌ کوڕ حه‌ز ده‌کا دایکی ته‌نها ئی خۆی بێت، نەک کەسی تر. کاتێک ئه‌م کرده‌وه‌ به‌رده‌وام دووپات دەبێتەوە،‌ منداڵ له‌گه‌ڵ باوکی ده‌که‌وێته‌ دوژمنایه‌تی و به‌ربه‌ره‌کانی. به‌م چه‌شنه‌، کوڕ تووشی گیرو گرفت ده‌بێ و، له‌ باری ده‌روونی دکەوێتەوە ژێر ئازار و ئەشکنجە، وە پێویستە لە روویی زانیاری‌ چاره‌سه‌ر بکرێت.

منداڵه‌کان هەر یەک به‌ جۆرێک تووشی ئه‌م کێشه‌یه‌ ده‌بن. وشیاری دایک و باوک له‌م بواره‌وه‌ زۆر‌ گرینگه‌، کە بە جۆرێک هه‌ست و نه‌ستی منداڵ بریندار نه‌بێت. پێویستە ئەم پرۆسەیە به‌ چاوی ڕێز و حورمه‌ت سه‌یر بکرێت. تێگه‌یشتن له‌ دونیای منداڵ، یان وشیاری خستنه ‌سه‌ر هه‌ستی منداڵ له‌م قۆناغه‌، ئه‌و له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌کانی گه‌شه‌ ساندن به‌ره‌و پێش ده‌بات و،‌ بناغه‌یه‌کی سه‌ربه‌ست و ئازاد بۆ منداڵ مسۆگەر ده‌کات.

فرۆید پرۆسه‌ی ئودیپاڵ گرێده‌داته‌وه‌ به‌ ئه‌فسانه‌ی ئودیپوس که‌ بنەمای تیۆرییه‌کانی ده‌روونناسی ئەو داده‌ڕێژن.  هه‌روه‌ها، فرۆید له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌ که‌ ئه‌م تیۆرییانه‌‌ هه‌م له‌باری ئه‌خڵاقی، هه‌م له‌باری کولتوری و دینییه‌وه‌ کلیلی سه‌ره‌کی تێگه‌یشتن و ناسینی مرۆڤن.

فرۆید  پێگه‌یشتنی "گرێی ئودیپ" به‌ بایه‌خدارترین  پلەی سەربەخۆیی ده‌روونی‌ بۆ منداڵ ده‌سنیشان ده‌کات. 

ئودیپای کچ

له‌م قوناغه‌دا کچ هه‌ست به‌ خۆشه‌ویستی به‌رانبه‌ر به‌ باوکی ده‌کا‌، که‌ ئەم خۆشەویستییە گەورەترین متمانە بە باوک و کچ دەبەخشێت. پێک هێنانی ئەم خۆشەویستییە‌ له‌ داهاتووی کج رەنگ ئەداتەوە، بە چەشنێک پێوه‌ندییه‌کی به‌ هێزی خۆشه‌ویستی کچ و هاوسەرەکەی دروست ده‌بێت. ئەم خۆشەویستییە دەبێتە بنەمایەکی پتەو بۆ بنیات نانی بنەماڵە. هەروەها پێوه‌ندی دروستی باوک و کچ کاریگه‌ری قووڵ لەسەر ژیانی بنەماڵەیی داده‌نێت.

ره‌فتاری توندوتیژ یان نه‌رمونیانی باوک به‌رانبه‌ر به‌ کچ زۆر گرینگه.‌ کاتێک باوک له‌گه‌ڵ کچ له‌سه‌ره‌خۆیه‌، کچه‌که‌ زۆرتر گوێڕایه‌ڵی باوکه‌ تاکو دایک. کچ حەز دەکا زۆرتر خزمه‌تی باوکی بکات،  بۆ ئه‌وه‌ی جێی دایکی پڕ بکاته‌ تاکو باوکی زۆرتر خۆشی بوێت‌. کاتێک دایک هه‌ست بەو پێوەندییە نزیکە دەکات بە جۆرێک بەخیلی دەکات یان بێ سوچ و تاوان بەهانە دەگرێت. دایک هەوڵ ئەدات‌ کچ و باوک زۆر نزیک نه‌بنه‌وه‌.‌ له‌ هەمان حاڵەت نابێ پێوەندی نزیکی لایەک ببێتە هۆی ناکۆکی و بێ حورمه‌تی به‌ لایەنیتر. کاتێک باڵانسی ئەم پرۆسەیە رانەگیرێت، منداڵ لە ئامانجەکەی دوور دەکاتەوە، کەم کەم بێزار دەبێت. منداڵ کە توانی بالانی خۆی راگرێت، خۆی بە سەر کەوتوو دەزانێت.  یان بە پێچەوانە ئه‌و هه‌سته‌ لای خۆی ده‌کوژێت و سەرکوتی دەکات تاکو ئەو هەستە سەر لە نوێ لە ته‌مه‌نی لاوی زیندوو دەبێتەوە، تاکو بە جۆرێک کەسێکی بێگانە ئەو هەستە بۆ لای خۆی رادەکێشێت.

هه‌رچه‌ند ئه‌و هه‌سته‌ زۆر به‌ هیزه‌، بەڵام زۆریش ناسکه‌. ره‌نگه كچ‌ به‌ شتێکی زۆر بچووک بڕه‌نجێت. هه‌ندێ له‌ کچه‌کان له‌و به‌نده‌ رزگاریان نابێت، بەردەوام  له دنیای ‌منداڵی دەسووڕێنەوە. شووکردن لای ئەوان زۆر زەحمەت و سامناکە.‌ بەردەوام لە شوو کردن دەترسن.

ئویدیپاڵی کوڕ

له‌م قۆناغه‌دا کوڕیش بە نۆبەی خۆی تووشی کێشه‌ی خۆشه‌ویستی به‌رانبه‌ر به‌ دایک ده‌بیت. هه‌ر له‌م قۆناغه‌دایه‌ که‌ دوژمنایه‌تی باوک و کوڕ دروست ده‌بیت. کوڕ حه‌ز ده‌کات که‌ هه‌موو شته‌کانی وه‌ک باوکی بچیت و بۆ هه‌موو شتێک لاسایی باوکی بکاته‌وه‌، یان به‌ کورتی خۆی له‌ باوکی به‌ به‌هێزتر بزانێت. "باوک ده‌بێته‌ ئاوێنە بۆ کوڕ، وە کوڕ باوکی به‌ پاڵه‌وانی خۆی ده‌زانێت". سەرەڕای ئه‌وه که‌ کوڕ باوکی زۆر خۆش ده‌وێت، حه‌زده‌کات له‌ پێش چاویشی ون بێت تاکو زۆرتر ده‌‌گه‌ڵ دایكی بێت. کاتێک باوک دێته‌وه‌ ماڵ، منداڵ حه‌زده‌کات سواری پشتی بێت و زۆره‌بانی له‌گه‌ڵ بکات. بە کوردی پشتی لە حەرزێ بدات، تاکو ئازایه‌تی خۆی به‌ باوکی نیشان بدات. له‌ ئه‌ساسدا منداڵ له‌ دۆخێکی هاڵۆزدایه‌ که‌ خەون و خۆزگه‌کانی زۆرتر لە خه‌یاڵ نزیکن تاکو حه‌قیقه‌ت. منداڵ جۆرێک بیرده‌کاته‌وه‌‌‌، واده‌زانێت که‌ دایک و باوک له‌ گشت هه‌سته‌کانی ئه‌و ئاگادارن.

ئەگەرچی ئه‌م قۆناغه‌‌ بۆ کوڕ پڕ له‌ ته‌نگ وچه‌ڵه‌مه‌یه‌، هاوکات سه‌رکه‌و‌تنیشی تێدایه‌. کوڕه‌کان له‌م ته‌مه‌‌نه‌دا خۆیان زۆر بۆ گرینگه‌، یانی له‌ خۆبایی ده‌بن کچه‌کان به‌ هاوشانی خۆیان نازانن. یارییان له‌گه‌ڵ ناکه‌ن، زۆرجاریش گاڵتەیان پێدەکەن. ئەم کارە دەبێتە هۆی دووری کچ و کوڕ لە یەکتر. زۆرجار‌ کوڕه‌کان له‌کاتی کایه‌کردن حه‌ز ناکه‌ن ده‌ستیان وە ده‌ستی کچه‌کان بکه‌وێت، یان خۆیان لێ ده‌پارێزن. ئەم هەلوێستە نیشا‌نه‌یه‌که‌ له‌ وه‌فاداری کوڕ به‌رانبه‌ر به‌ دایکی. ‌ کاتێک کوڕ زۆر هۆگری دایک ده‌بێت، خۆشه‌ویستی خۆی له‌ قالبی بیر و هزره‌کانی په‌روه‌رده‌ کات. دایک لە خۆشەویستی مندالەکەی دڵنیا دەکات، کە ئەم هەستە زەمانەتێکە بۆ پیوەندی نزیکی دایک و کوڕ.

منداڵ ئه‌وه‌نده‌ خۆی به‌ خۆشه‌ویستی‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ که‌ له‌دواییدا تووشی کێشه‌ی خۆشه‌ویستی به‌رانبه‌ر به‌ کچ ده‌بێت و که‌متر تێکه‌ڵاوی پێڕی خۆی ده‌بێت. به‌مجۆره‌ منداڵ ترسنۆک و شه‌رمێون ده‌بێت و‌ به‌رانبه‌ر به‌ زۆر شت لاواز ده‌جووڵێته‌وه‌ و، که‌سێکی خاوه‌ن هه‌ڵوێستی لێده‌رناچێت. یانی ئه‌مجۆره‌ منداڵانه‌ "پاسیڤ"(Passive) ده‌رده‌چن و باوه‌ڕیان به‌ بوونی خۆیان که‌مه‌‌. نموونەیان ئەو منداڵانەن لە کاتی هاوسەر گرتن زۆر دەکەونە بەر تانەی دایکیان، یانی دایک هەمیشە لە بەهانەیەک دەگەڕێت بۆ شەڕ و ئاژاوە نێوان کوڕو بووک. کێشەی بووک و خەسوو دەگەڕێتەوە سەر ئەو کاتەی کە دایک و کوڕ بالانسی خۆشەویستییان بۆ را نەگیرتراوە.

قۆناغی چواره‌م

لاته‌ن(Laten) به‌ مانای شاراوه‌ و نادیار. له‌م قۆناغه‌دا منداڵ واز له‌ هاروهاجی دێنێت. ئیتر پرۆسه‌ی ئودیپال هێدی و بێ ده‌نگه‌‌، بە خۆرێک نیوە خامۆشە. له‌م قۆناغه‌دا منداڵ زۆرتر‌ ئارام و بێده‌نگه‌ ‌تاکو قۆناغی سێهه‌م. منداڵ تا راده‌یه‌کی له‌ کێشه‌ی جنسی یان خۆشه‌ویستی رزگار بووه، چونکی له‌ قۆناغی رابردوو مه‌یله‌ جنسییەکانی خۆی سه‌رکوت کردووه‌، ورده‌ ورده‌ له‌ قۆناغی پێنجه‌مدا سەر هەڵ دەدەن‌، زیندو دەبنەوە. ئه‌م قۆناغه‌ کۆتایی قۆناغی سێهه‌م و سه‌ره‌تای قۆناغی پێنجه‌مه‌. منداڵ هه‌موو ئه‌زموونه‌کانی خۆی له‌ قۆناغی دوایی تاقی ده‌کاته‌وه‌. مه‌سه‌له‌ی جنسی ده‌گاته‌ پله‌ی به‌رزی خۆی،  خۆشه‌ویستی منداڵ بۆ دایک وباوک ئاڵ و گۆڕی بەسەر دادێت، خۆی  رادەکێشێت بۆ لای کچ  و کوڕ.  

له‌ قۆناغی چواره‌مدا منداڵ له‌ ماڵه‌وه‌ دوورده‌که‌وێته‌وە. زۆربه‌ی کاته‌کانی له‌ فێرگه‌، یان له‌ گه‌ڵ منداڵانی گەڕەک و هاوڕێ تێپەڕ ‌ده‌بێت. کات، کاتی فێربوون و کایه‌ کردنه‌، کاتی تاقی کردنەوەی دنیای دەرەوەیە. ئیتر منداڵ ماوه‌ی  بۆ دایک وباوک که‌مه‌. منداڵ زۆرتر گرینگی به‌ هاوڕی گرتن ده‌دات و، زۆرتری کاتەکانی لەگەل هاورێ بەسەر دەچێت.‌ ئه‌م قۆناغه‌ پڕه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی و ئاڵ وگۆڕ هاتن. منداڵ نازانێت تووشی چ ده‌بێت. دونیایه‌ک دڵپه‌رۆشی و مه‌ترسی له‌سه‌ر رێیه‌، ژیان ده‌که‌وێته‌ پانتاییه‌کی تره‌وه‌. کات بەسەر بردن لەگەڵ هاوڕێ جێگای زۆرشت پڕده‌کاته‌وە. حەز دەکات بزانێت چەندە سەر بەخۆیە.

ئه‌گه‌ر منداڵ به‌ باشی له‌ قۆناغی سێهه‌م رزگار بێت، زۆرتر هه‌ست به‌ که‌سایەتی و ‌بوونی خۆی ده‌کات، شایی به‌ خۆی دەبێت‌، له ‌نێو منداڵان و له‌ قۆتابخانه‌ زۆرتر به‌سه‌ر کۆسپه‌کاندا زاڵ دەبێت‌. کچه‌کان زووتر له‌ کوڕه‌کان فام ده‌که‌نه‌وه‌، تێگه‌یشتنیان زۆرتره‌، هه‌ر بۆیه‌ زۆرجار کچه‌کان لایان وایه‌‌ کوڕه‌کان منداڵانه‌ هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن،  وە بە جۆرێک گاڵتەیان بەمە دێت. کچ و کوڕ زۆرتر تێکه‌ڵاوی دۆستگرتن ده‌بن و حه‌ز ده‌که‌ن که‌ له‌ باره‌ جۆراجۆره‌کان خۆیان تاقی که‌نه‌وه‌، توانایی خۆیان نیشان بده‌ن، پێوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی شوێنی بنه‌ماڵه‌یی ده‌گرێته‌وه‌.

قۆناغی پێنجه‌م

      قۆناغی پێنجه‌م که‌ به‌ هه‌ڕه‌تی لاوی یان گه‌نجی ناوزه‌د کراوه،‌ له‌ مابه‌ینی ١٢ تا ١٨ ساڵی دایه‌، وە ‌ به‌ پێی شوێنی ژیان و شێوەی رەفتاری دروست و نادروست کاریگەری دەکاتە سەر ئەو بەشە. مه‌سه‌له‌ی جنسی له‌ قۆناغی سێهه‌م دووبارە سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌، ده‌بێته‌ خاڵێکی گرینگ و هەستیار له‌م قۆناغەدا. کوڕ به‌ پێی ئه‌زموونی خۆی بۆ لای کچ دەچێت، کچ بۆ لای کوڕ. کچه‌کان به‌ پێی سرووشت یه‌ک تا دوو ساڵ زووتر له‌ کوڕه‌کان خۆیان ده‌ناسن،  ئه‌وه‌ش به‌ پێی بارودۆخ و شوێنی ژیان، واتە منداڵ فه‌رق ده‌کات.

له‌م ته‌مه‌نه‌دا، منداڵ هه‌م  له‌‌ باری فیزیکی، هه‌میش له‌باری ده‌روونییه‌وه‌‌ ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا دێت‌‌. کۆنتڕۆڵی به‌ سه‌ر خۆیدا نیه‌‌‌، له‌ هه‌مان کاتدا شێوه‌ی په‌روه‌رده‌ و بارهێنانی گرینگه‌ که‌ منداڵ تووشی هه‌ڵه‌ نه‌کات. وشیاری و ناوشیاری دایک وباوک له‌م قۆناغه‌دا بۆ پێشکه‌وتنی منداڵ‌ دەور دەبینێت، بە تایبەتی له‌ بواری هه‌ڵبژاردنی دوست و هاوڕێ. کاتێک‌ منداڵ پێش ئه‌و ته‌مه‌نه‌ مافی پێشێل بکرێت زه‌حمه‌ته‌ سه‌رکه‌وتن به‌ده‌س بێنێت، ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش تووشی کێشه‌ی خۆشه‌ویستی ده‌بێت و له‌ منداڵان دوور ده‌که‌وێته‌وه‌. بە چەشنێک ده‌بێت به‌‌ گه‌مه‌ و گاڵتە پیکردنی منداڵانی دیکه‌، وە‌ ئاکامه‌که‌ی ده‌بێته‌ له‌ خۆبێزاری و ته‌نیایی.

پوخته‌:

ته‌مه‌ن

قۆناغ

که‌ره‌سته‌، پێوه‌ندی، پێویستی

١ تا ١٨ مانگی

Oral

زار بۆ شیر خواردن، دایك وباوک، خۆشه‌ویستی

١٨م  تا ٣ ساڵی

Anale

پاک و خاوێنی، زاڵبوون به‌سه‌ر له‌ش، خۆشه‌ویستی

٣ تا ٦ساڵی

Genital

ناسینی جنسی، سه‌رهه‌ڵدانی جنسی، که‌سێتی، خۆشه‌ویستی

٦ تا ١۲ ساڵی

Laten

هێدی و له‌سه‌رخۆیی، فێربوون، هاوڕێ، خۆشه‌ویستی

١۲ تا ١٨ ساڵی

Puberty

سه‌رهه‌ڵدانی جنسی، کێشه‌ی جنسی، خۆناسینی جنسی، خۆشه‌ویستی

 

 

 

 

 

 

 

ئەم پێنج قۆناغه‌ بە قۆنا‌غە گشتییەکانی پەروەردە و گه‌شه ناسی منداڵ ناسراون. تەجرەبە و ئەزموونی هەر قۆناغێک دەبێتە یارمەتیدەر و رێ نیشاندەر بۆ قۆناغی دوایی. کۆی ئه‌م هه‌موو‌ ئەزموونانە ده‌بنه‌ ئه‌زموونێکی به‌نرخ بۆ ژیانی داهاتووی منداڵ. هەر وەک دەبینین له‌ هه‌موو  قۆناغەکاندا خۆشه‌ویستی  نیازێکی سه‌ره‌کییه‌.

 

 

   

 ‌   

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 ‌