ئازاد کەریمی

هەر ئەتۆی ژێدەرله بۆ شەوق ووەفا
کوژتەیی زوڵم و زیان ،جەور و جەفا
پیری زانای ئاشتیخوازی مێهرەبان!
ئافەرین بێژی فریشتەی "سوورەوان"

 

ئافەرین کردنی زەردەشت

ئازاد کەریمی

زەردەشت ئەی مەزداپەرستی بەرز و پاک

گەوره ئامۆژگاری کردەی جوان وچاک

پاک وپیرۆز، نووری "ئاشۆ"ی ئاسیمان

تۆی نەوەی لایەق له توخمی "ئاسپیمان"

وا له چاوت تیشکی ڕوون دەکرێ بەدی

دوور له تۆیه بیری ناپاکی و بەدی

هەر ئەتۆی ژێدەر له بۆ شەوق و وەفا

کوژتەیی زوڵم و زیان، جەور و جەفا

پیری زانای ئاشتیخوازی مێهرەبان!

ئافەرین بێژی فریشتەی "سوورەوان"

گەوهەری هزرت له "گاتا" دیار دەکات

شەربەتی گفتت به واتا کار دەکات

ئەی پزیشکی زام و ده ردی ناخ و دڵ

ئەی پریشکی ئاگری بێ باک وسڵ

بۆ نەخۆشان تۆ شفای دەردی گران

بۆ پەرۆشان سەروه ری سەودا سەران

ئەی زەرادەشت بەرزی تۆ وەک شاخ وداخ

داڵده بووی بۆ ئاگری سووری وەجاخ

هزروگفت و کرده وەی پاراو وباش

تۆ دەکەی ڕوخساری "هووران" ڕوون و فاش

وا به کردەت سووڕی گەردوون هاج و واج

تۆ شەهەنشای ئەم دڵەیت بەس بێ خەراج

ئەی پەیامهێن! ئەی سەرۆکی دینی پاک

شایەتی تۆن ئاو وئاگر ،با و خاک...

هەردی "سوریاش" خۆرهەڵاته و زێدی تۆ

عەرزی "سورداش" خۆرنشینه و شێتی تۆ

خوێنی پاکت خوێنی سووری "مەزموغان"

ئەسڵ و نەسڵت بەرزو پیرۆز"ماه نیشان"

ئەی زەرادەشت پیری زانا و به رزوچاک

شەوقی مێژووی بێ ڕەقیب وبەرز و تاک

کاتێ "زوڕوان" خاوەنی مەرگ و ژیان

"ئەنگەرە"ی دا دەست "سپینتا"ی مێهرەبان

هێزی "ماینده"، شەڕەنگێز یان به پێز

وان له داوی تیشکی "ئاڤێستا"ی بەڕێز

"گۆلی خەسرۆ"، "گۆلی چیچەست"،شاری "شیز"

واری "ئورمێ" و "ئەورەمان"،هەرتک بەڕیز

کاش وکاشپی،گوتی،هووری و ماتینی

میری "لۆلۆ" خواجه "ئانوبانینی"

هیتی،شوباری، ئۆرارتۆ و هاتی یان

نایری، مەهری، ماد و مه ننای قارەمان

خەسرەوان،بەغان و میران و کەیان

ماگپوتان و ڤیسپوتان،ئاگرپوتان

دینی" مەهرۆ" و بەگ ئۆدان و دێوەدان

"ئانەهیت" و حەوتەوانەی هەگمەتان

حەوت و چوار ودووان هەموو هاتن له یەک

مانگ و ئەستێره و هەسارەی ڕۆژ له تەک

ئاترۆپاتێن، ئادییابێن، کۆردۆئێن

ئاریئارمێن، مادۆئێن و خۆسرۆئێن

شا هۆوهخشا، شادیاکۆ، تاته شا

شا ئەرانزۆ،ئەژدیهاک شا،ڕاده شا

کوردستان "باخی ئه ده ن" له خاکی هوور

وا له ئاسۆدا دەنەخشێ ڕه نگی سوور

یادگاری بیری پاک و به رزی تۆن

فەخرو شانازی وڵاتن هەرله کۆن

پاک و نێردەی، مەردی مەردانی ئەتۆ

خۆشەویستی و فەڕی یەزدانیی له تۆ

ڕۆحی تۆیه چاوه دێری کوردستان

زێدی تۆیه چاوه نۆری "سووشییان"

ناوی بەرزت یادگاره و تاجی سەر

خاک و مەزرات پایەداره و ناخی بەر

ئەی ئەهوورا خاوەنی تەخت و زەمان

سەرفەراز که خاک و خەڵک و نیشتمان

 

٠٩/٠٤/٢٠١٤ هەولێر

گەڕان بۆ بابەت