شرۆڤە

پەشێو لە نێوان توڕەیی (ئێرە)و غەریبی (ئەوێ)دا

 

سەدیق سەعید رواندزی

پەشێو باکى بە بیر کردنەوەى ئەوان و ترسی ئەوان نییە. بۆیە بە ئاشکرا، باس لەوە دەکات کە خوێن و مەرەکەبی شیعر نووسین تێکەڵاو دەکات و لە پێناو ئازادی و سەربەستی نەتەوەکەیی و ژیانێکى شکۆمەندانەتر بۆ مرۆڤەکان، ئامادەیە قوربانى بە خۆی بدات.

 

پەشێو لە نێوان توڕەیی (ئێرە)و غەریبی (ئەوێ)دا

 

سەدیق سەعید رواندزی

 

لەناوەراستى شەستەکانى سەدەى ڕابردوودا، لە بارودۆخێکى سیاسی و کۆمەڵایەتى دژوارو نەبوونى هیچ ئاسۆو ئومێدێک بۆ ژیان، لەبەر بارودۆخی شەڕ، لە سەردەمى سەرکوتکردنى هەموو دەنگە ئازادو سەربەخۆکان، ئەوانەى هەوڵی ژیانێکى تازەیان دەدا، شاعیرێک دەرەکەوێت، کە بە ئەزموونێکى سادەی شیعر نووسینەوە دەستی پێکرد، بەڵام لەو کاتەوە تاکو ئێستا، بوە ناوێکى دیاری شیعری کوردیو هاوشێوەی شێرکۆ بێکەسی شاعیر، بوونە سیمایەکى هەرە دیارو جیاکەرەوەى شەستەکانى شیعری کوردى. ئەو شاعیرە کە تاکو ئێستاش بەردەوامە لە نووسینى سەدان شیعری سیاسیو شۆڕشگێڕیی ڕۆمانسی جوان، بەهەمان ئەو زمانە ئستاتیکیە دەنووسێت، کە پێیەوە هاتە نێو دونیاى نووسینى شیعر. زمانێک سادە، وەلێ جوان. زمانێک لە فۆڕمدا ساکار، کەڕەنگە زمانى زۆربەى هەرە زۆرمان بێت، وەلێ لە ناوەڕۆک تەژی لە وێنەو دەربڕینو ماناى قوڵو جوان. ئەمە یە کێکە لەو خاسیەتە ئەدەبیو هونەریانەى، ئەزموونى پەشێو لە ئەزموونى شاعیرانی تر، بە شاعیرانى هاوتەمەنو هاوسەردەمى خۆشیەوە، جیا دەکاتەوە. بەو پێیەى زمانى شیعر ئەو، لە ئاستێکدایە کە هەمووان تێی دەگەن. بەڵام کەسیش ناتوانێ وەکو ئەو، بە هەمان ئەو زمانە سادەوە، ئەو هەموو جوانىو ماناو شیعریەتەو چێژە لە شیعردا، بەرجەستە بکات. بەچوونى من، سیحری مانەوەى پەشێو، وەک ئەستێرەیەکى هەمیشە درەوشاوە لە ئاسمانى شیعری کوردیدا، زمانەکەیەتى. زمانێک کە بە دەربڕینێکى کورت، جوانترینو قوڵترین وێنەى شیعری بەرجەستە دەکات.. زمان لە شیعری پە شێودا، پردی پەیوەندییە بە خوێنەرو سەرەتاى چوونە نێو ئەزموونو خەیاڵی شیعریانەى بەرفراوانى ئەوە. کە مەحاڵە خوێنەر، بە درێژایی تەمەنى دەستبەرداری بێت. ئێمە لەڕێی ئستاتیکاى زمانەوە، دەچینە نێو ئەزموونى پەشێوەوە. هەر ئەو ئستاتیکایەشە، فاکتەری مانەوەى پەیوەندى خوێنەر بە دەقەوە. پەشێو، هەڵکری زمانێکە لە شیعرەکانى، کە تایبەتمەندییەکانى لە سادەییو ساکاریوجوانى دەردەکەوێت. زمانى پەشێو، زمانێکى ئاڵۆزو تەمومژاوى نییە. بەڵکو زمانێکە، سادە بەڵام جوان. ساکار بەڵام قوڵ. گرنگترین خەسڵەتى ئەو زمانە، چڕکردنەوەی وشەیە لە وێنەیەکدا. بەرجەستە کردنى وێنەیەکى شیعریانەى جوانە، لە فۆڕمێکى سادەدا. پەشێو لە سەرەتاى ئەزموونى شیعریەوە، تا دوایین دەقی، هەمان ئەوزمانەى لە شیعرەکانیدا بە رجەستە کردوە. بۆیە زمانى شیعری ئەو شاعیرە، لە پاڵ هەڵوێستە نەتەوەییو شۆِرشگێڕی و نیشتمانیەکانى، بەو پێیەى نەکەوتە ژێر کاریگەریەتى هیچ ئایدۆلۆژیایێکى حزبیو شیعری بە باڵای هیچ حزبێک و بەرپرسێک هەڵنەدا، بوونە ناسنامەى نەمری ئەو شاعیرەو شیعرەکانى بە درێژایی مێژووى ئەدەبی کوردی. پەشێو هەر لە سەرەتاوە، هێڵێکى نەتەوەییانەى دوور لە هەموو جۆرە پەیوەستبوونێکى حزبیانە، لە شیعرەکانیدا گرتە بەر. بۆیە ئێستاش فەرهەنگى شیعری ئەو شاعیرە، سەدان شیعری نەتەوەیی و نیشتمانى تێدایە. بێگومان ئەزموونى پەشێو، کە لە ناوەراستى شەستەکانى سەدەى ڕابردوەوە دەست پێدەکات، ئەزموونێکە هەڵگری گوتارێکى نەتەوەییانەو نیشتمانییە. لە پاڵ ئەمەشدا، پەشێو دەیان شیعری ڕۆمانسییانەى جوانى نووسیوە، کە هێمایە بۆ عەشقو خۆشەویستیەکى نەمر. ئەزموونى ئەو شاعیرە، لە ڕووى نووسینى شیعرو زەمەنى دەقەکانەوە، بە سەر دوو زەمەنى جیا دابەش دەبن. کە ئەوانیش ئەزموونى کوردستانو ئەزموونى مەنفان. واتە بە شێک لە شیعرەکانى لە کوردستان نووسیون و، بەشێکى دیکەشیان لە هەندەران. پە شێو تا ئەو کاتەى سەفەر بۆ دەرەوە دەکات، چەند دەقێکى شیعریانەى جوانى نووسیوە، کە بەشێکیان شیعری سیاسین، کە هەڵکری گوتاری سەربەخۆییو خەونى دەوڵەتن. بە شێکى دیکەشیان، بە تایبەتیش شیعرەکانى بتى شکاوو فرمێسکو زام، شیعری ڕۆمانسی و خۆشەویستین. لە سێیەم کۆمەڵە شیعریدا، بە ناوى ڕۆژ نییە لێتان توڕە نەبم، شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم، پە شێو دەکەوێتە نێوان ئەزموونى کوردستانو ئەزموونى مەنفا لە نووسینى شیعردا. ئەگەر لە کوردستاندا، پەشێو جۆرێک لە بەریەککەوتنو توڕەییو نامۆبوونى هەبێت، بەرامبەر کۆمەڵگەو دەورو بەرو ژیان بە گشتى، ئەوا لە مەنفادا بە پێچەوانەوە، جۆرێک لە غەریبی دایدەگرێت بەرامبەر نیشتمان. تەنانەت هەر خودى ناونیشانى کۆمەلە شیعرەکەش، دەلالەت لە دۆخێکى سایکۆلۆژی ژیانى شاعیر دەکات. بەو پێیەى لە کوردستاندا، ڕۆژ نییە توڕەنەبێ لە ئەوان، لە مەنفادا شەو نییە خەونیان پێوە نەبینێت.ئەگەر بەوردیش سەرنج لە شیعرەکانى بدەین، هەست بەو جیاکاریە شیعریەو گۆڕانکاریە سایکۆلۆژیە دەکەین، کە بە سەر ژیانى شاعیردا دێت لە مەنفادا. ژیانێک کە هەڵگری خەمەکانى نیشتمانو نوستالۆژیاى گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو. ئەم هێڵە لە شیعری پە شێودا، لە شیعری ئەگەر هاتى  تەنیا وەرە، دەست پێدەکات، درێژ دەبێتە تا دوایین شیعری. بۆیە ئەگەر بەرلە سەفەرو تێ ئاوارەبوون، پەشێولە نیشتماندا جۆرێک لە توڕەییو بەریەککەوتنى هەبێت لە گەڵ واقیعو کۆمەلگەدا، ئەوا لە مەنفادا ئەو بارودۆخە پێچەوانە دەبێتەوەو ئەمجارەیان  شاعیر لە بڕی ئەوەى لە نیشتمان توڕە بێت غەریبی نیشتمان دەکات.بۆیە شیعرەکانى مەنفا، گوتارێکى نوستالۆژیانەیان بە سەردا زاڵە. گەرچی نابێ ئەوەشمان بیر بچێت، کە پە شێوى شاعیر، لە ئاوارەییشدا، هەر بەتاسەو هەناسەکانى نیشتمان دەژیت. بۆیە کۆی نیشتمان، بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، دەهێنێتەوە نێو شیعر. وەک ئەوەى لە دەقی (ئەگەر ئەمجارە بێمەوە) دەیبینین. شیعرەکانى پە شێو لە ئاوارەییدا، ئەوەندى وەسفى کوردستان دەکەن، ئەوەندە ڕەنگدانەوەى جوانییەکانى مەنفا نییە. بە پێچەوانەوە بە ڵکو وا هەست دەکات، هەموو بووەکانى ئێرە، بۆنى نیشتمانى ئەویان لێدێت. هەروەک خۆشی لە شیعرێکدا دەڵێت:_ (واهەست دەکەم لە چیاکانى منڕا دەست پێدەکەن هەموو چیاکانى دنیا). بەڵام جیاوازییەکە لێرەدا ئەوەیە، کە لە شیعرەکانى شەونییە خەونتان پێوەنەبینم،قوڵترو کاریگەریانەتر، لە شیعرەکانیدا نیشتمان بەرجەستە دەکات. دیارە ئەمەش ڕەنگدانەوەى بارودۆخی ئاوارەییو ژیانى غەریبی شاعیرە. هەر کەسێک شیعرەکانى پەشێو بخوێنێتەوە، هەست دەکات ئەم شاعیرە، بە قەد گەردێکیش لە نیشتمان دانەبڕاوە. بەڵکو هەمیشە نیشتمانى لە ناخودڵو دەروونى خۆی هەڵگرتووە. نیشتمان دواجار ئەو ناسنامەیە، کە هێماى بوونو ناسینەوەى شاعیرە، لە ئاست ئەوانیتردا. بۆیە کاتێ ڕوو لە دەرەوەى وڵاتیش دەکات، نیشتمان ئەوەندەى تر، جوانترو خۆشەویستر دەبێت لای پە شێو. دیارە ئەم گوتارەش، لە ساتى چوونە دەرەوەو ماڵئاوای لە کوردستانەوە دەست پێدەکات، تا بە ئێستامان دەگات. لەنێوان ئەو شیعرانەى نێو شیعرەکانى ڕۆژ نییە لێتان توڕە نەبم، لە گەڵ شیعرەکانى شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم، هەست بە دوودنیابینى جیاواز دەکەین. دنیابینیەک کە ڕەنگدانەوەى واقیعى نێو نیشتمانە. دنیابینیەکیش کە ڕەنگدانەوەى ئاوارەییە. بۆیە لە شیعرەکانى کوردستاندا، پەشێو باس لە واقیعێکى کۆمەڵایەتىو فەرهەنگى دەکات، لە مەنفادا باس لە واقیعێکى تر.ئەمەش بە ڕوونى بە شیعرەکانەوە دیارە. پەشێو لە شیعرێکیدا، کە لە نیشتمانەوە نووسیویەتى دەڵێت:_

ئەو منداڵەى ئێوارە دیم..

لە سێبەری مزگەوتێکا..

برسیەتى لە خۆی لولدابوو..

پەشێو لەو کۆپڵە شیعریەدا، وێنەى منداڵێکى هەژاروبێ لانەمان بۆ باسدەکات، کە لە سێبەری مزگەوتێکا، لە برسانا خۆی گرمۆڵە کردووە. کەواتە ئەوە یەکێکە لەو دیمەنە دڵتەزێنو تراژیدیانەى، کە ئازاری شاعیری داوە. ئەمە نموونەیەکى بچووکى دیاردەیەکى کۆمەڵایەتىو پەروەردەیی کۆمەلگە، پانۆڕاماى ژیانى منداڵانى نیشتمانى پە شێوە، کە لە چەندین شعری دیکەشیدا(وەک نزیک تاڤگەى بابەگور گورلە برسا مرد) ئاماژەى پێداوە. ئەمە ئەو پرسیارەیە، کە شاعیر ڕووبەڕووى خۆیو هەمووشسمان دەکاتەوە،کە بۆچی دەبێ منداڵێک برسیەتى لە خۆی لولبدات؟ لە کاتێکدا وڵات پڕە لە سەرمایە. ئەمە پەیوەندى بەو هەموو چەوسانەوەو نادادپەروەریو نەبوونى ژیانى مرۆڤەکانەوە هەیە، لەو وڵاتەى کە نێوی عیراقی عەرەبیە. چونکە ئەو شیعرەى پەشێو، لە شەستەکانى سەدەى ڕابردوودا نووسراوە. پەشێوى شاعیرلە پەراوێزى ئەو کۆپڵە شیعریەوە، مێژووێک لە نەهامەتیو مەینەتییەکانى ژیانى مرۆڤ باس دەکات، کە تەنانەت منداڵانیشی نەبواردوە. ئەمە لە کاتێکدا منداڵ ئەو بوونەوەرە پاکەیە، کە شایستەى خۆشترینو جوانترین ژیانە، بەڵام ئەمە لە شوێنێک دەکرێت، کە بێ بەهاترین سەرمایە تیایدا مرۆڤ بێت؟ ئەو مێژووەى پەشێو نیو سەدە زیاتر لە شیعرەکانیدا باسی دەکات، ئێستاش بوونى هەیە. ئێستاش منداڵانى ئێمە لە برسان دەمرن و کاردەکەنو لە سادەترین مافی ژیان بێبەشن. ژیانى منداڵێک ئەو واقیعە دژوارەیە کە جۆرێک بەریەککەوتنو کاردانەوەى لە دیدى پەشێو، وەک مرۆڤێکو شاعیرێکیش دروستکردوە. ئەم وێنەیە، بەتەنها وێنەى منداڵێک نییە، بەڵکو گوزارشتە بۆ زەمەنو شوێنو وڵاتێکیش، کە هێشتا منداڵەکانى برسین. لە مانا قوڵو جوانەکانى دنیای منداڵی خۆیان بێبەشن. لە کۆپڵە شیعرێکى دیکەیدا پەشێو، باس لە نەبوونى ئازادى و کۆتوبەندکردنى وشەو کوشتنى دەنگە سەربەخۆو قەڵەمە ئازادیخوازەکان دەکات. کە دیسانەوە هێمایە بۆ ئەو شوێنو وڵاتەى خودى شاعیر تیایدا دەژیت. بۆیە ئەمجارەیان دەڵێت:_

خۆشەویستم...

خاوەن وشە لەم وڵاتە هەمیشە هاتى نەهاتە...

دەیانەوێ وشەکانمان کۆتو زنجیر بۆ پێیان بێت...

دەیانەوێ بنووین..بخۆین..بنووسین..بڕۆین...وەک ئەوان.

پەشێو لەو کۆپڵە شیعریەدا، ئاماژە بۆ یەکێ لەپرسە هەرە گرنگەکانى ژیانى مرۆڤەکان دەکات، کە ئەویش نەبوونى ئازادیو سەربەستیە. بۆیە چارەنووسی هەموو ئەوانەى دەیانەوێت خاوەن وشە بن، بنووسن، چارەنووسێکى نادیارو تراژیدیە. لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکاندا، بە هۆی نەبوونى ناسنامەى تاکایەتىوئازادییە کەسییەکان، هەمیشە مرۆڤەکان هەوڵئەدەن یەک شوناسو یەک تێڕوانینو یەک ژیانیان هەبێت.لەو کۆمەلگایانەدا،  بەهۆی ستەمى سیاسی و نەتەوەییەوە، مرۆڤەکان لە سادەترین ماف بێبەشن. بۆیە هەردەنگێکى جیاواز، هەر دەنگێکى یاخى، هەر دەنگێکی ئازادو سەربەست، چارەنووسی لە نێوبردنە. پەشێو لە دەرەوەى ئەو جۆرە بیرکردنەوانەیە، بۆیە وەک خاوەن وشەیەک نایەوێت وەک ئەوان بژیت. بەدەبڕینێکى تر، ئەو نایەوێت ژیانێک بژیت، کە بە سەری سەپێنراوە. بەڵکو دەیەوێت ژیانێک بژیت کە خۆی هەڵیبژاردوە. بێگومان هەموومانا جەوهەرهیەکانى ژیانى مرۆڤیش لەوە دایە،کە ژیانێک بژیت کە خۆی دەیەوێت. بەڵام ئەمە لە کۆمەلگا ڕۆژهەڵاتىو دواکەوتووەکاندا، ئەو کۆمەڵگایەى پەشێو لێی دەژیت، ئاساییە؟ بێگومان نەخێر. بۆیە پەشێو دەزانێت، ئەوەى وەک ئەوان نەژێتو بیر نەکاتەوە، دەبێ ڕووبەرووى مەرگو خوێن ببێتەوە. هەروەک خۆشی لە شیعرێکى دیکەیدا، ئەمجارەیان دەڵێت:_

بۆم نانووسرێ..بەخوێن نەبێ بۆم نانووسرێ..

من ڕاهاتووم خوێن بکەمە مەرەکەبی شیعر نووسین..

پەشێو باکى بە بیر کردنەوەى ئەوانو ترسی ئەوان نییە. بۆیە بە ئاشکرا، باس لەوە دەکات کە خوێنو مەرەکەبی شیعر نووسین تێکەڵاو دەکاتو لە پێناو ئازادیو سەربەستی نەتەوەکەییو ژیانێکى شکۆمەندانەتر بۆ مرۆڤەکان، ئامادەیە قوربانى بە خۆی بدات.قەڵەم بۆ ئەوەى بە ئازادى بنووسێت، دەبێ بە گژ جەلادو چەوسێنەرەکانوستەمکاران دابچێتەوە. ئەو بەگژداچوونەوەش، بە بێ قوربانیدانو خوێن ڕشتن نابێت.بۆیە قەڵەمى ئازادو سەربۆخۆو یاخی، لە وڵاتە هاتیو نەهاتەکاندا، هەمیشە چارەنووسی مەرگو خوێنە. بێگومان ئەو سێ کۆپڵە شیعریە، کە لە نێو شیعرەکانى ڕۆژ نییە لێتان توڕەنەبم بڵاوکراونەتەوە، گوزارشتن لە قۆناغێک کە پەشێو ئەو شیعرانەى تیادا نووسیوە. ئەو شیعرانە، ئاماژەنە بۆ زەمەنێک کە زەمەنى برسیەتىو نەهامەتیو چەوسانەوەی نەتەوەیی بوە. بە تایبەتیش لە شەستەکانى سەدەى ڕابردووى کۆمەڵگاى کوردیدا. ئەو زەمەنى کە تیایدا پە شێوى شاعیر، لە هەموو شتێک توڕەو نیگەرانە. خودى کۆپڵە شیعریەکانیش، دەلالەتى ئەو تێگەیشتنو دۆخە سایکۆلۆژیەى ژیانى شاعیرن. چونکە ئەگەر بەوردى سەرنج لە شیعرەکان بدەین دەبینین، فەزاى شیعرەکان، جۆرێک لە نیگەرانىو توڕەیی پێوەدیارە.بەدەربڕینێکى تر،جۆرێک لە یاخیبوونو هاتنەوە بە گژ، واقیعی ژیانى ئەو کات بە سەر شیعرەکاندا زاڵە. بۆیە دیدگاى پەشێو لەو شیعرانەدا، دیدگایەکى ڕەخنەییە، کە خەونى گۆڕینى ئەو ژیانە کلاسیکیو نادادپەروەریەى هەیە، کە مرۆڤەکان تیایدا دەژین. ئەو دنیابینیە لە شیعری پەشێودا، بە شێوەیەک لە شێوەکان ئامادەیی دەبێت، تا ئەو کاتەى شاعیر، ڕوو لە یەکێتى سۆڤیەتى جاران دەکات. لوێ گوتارێکى دیکە لە شیعرەکانیدا ڕەنگدەداتەوە، کە خاسیەتى هەرە دیاری گەڕانەوەیە بۆ ئەو نیشتمانەى کە ئەو پێشتر لێی توڕە دەبوو. ئەمجارەیان بە پێچەوانەوە خەون بە گەڕانەوە بۆ ئەو نیشتمانە دەبینێت. نەک هەر ئەمە بەڵکو دەکروزێتەوەش بۆ ئەو نیشتمانە. ئەو گۆڕانکاریە لە دنیابینى شیعری پەشێودا، پەیوەندى بە جێهێشتنى کوردستانو ژیانى ئاوارەییوغەریبیەوە هەیە. کە ئەمە هەمیشە گوتارێکى هەرە دیاری شیعری کوردییە، لە ئەزموونى شاعیرانى مەنفادا.ئەو گوتارە، کە نوستالۆژیاى گەڕانەوە بۆ نیشتمان،بنەماى هەرە سەرەکیەتى، لە شیعری پە شێودا، لە یەکەم چرکە ساتى چوونە دەرەوەدەست پێدەکاتو تائێستاش لە شیعرەکانى پەشێودا، ڕەنگدانەوەى هەیە. بۆیە کەم شیعری ئەو شاعیرە دیارەى کورد هەیە لەمەنفادا نووسرابێتو نوستالۆژیاى گەڕانەوە بۆ نیشتمان، تیایدا بوونى نەبێت. شیعرەکانى پە شێوە لە وێدا، گوزراشتن بۆ غەریبى نیشتمانو گەڕانەوە بۆ ڕابردوو.بۆیە ئەگەر لە کوردستاندا، گوتاری شیعری پەشێو، گوتارێکى ڕەحنەیی بێتو لە بەریەککەوتنو ڕەتکردنەوەى واقیعى ژیان دابێت لە نیشتماندا، ئەوا لە مەنفادا ئەو گوتارە پێچەوانە دەبێتەوەو ئاوێتەى نیشتمان دەبێت. پەشێوى شاعیر لە کۆتایی ساڵی 1973و بەدیاریکراویش لە کۆتایی هاوینو سەرەتای پاییزى ئەو ساڵە،نیشتمان جێدێڵێتو ڕوو لە یەکێتى سۆڤیەتى جاران دەکات.چونکە ئەگەر بە پێی ڕێزبەندى مێژووى نووسینى شیعرەکان کە لە کۆمەڵە شیعری(پشت لە نەواو ڕوولە کرێوە بێت)کە شیعرەکانى ساڵانى نێوان 1965تاکو1979لەخۆدەگرێت،ئەوا پەشێو یەکەم شیعری کە لە دەرەوە نووسیبێت، شیعری(ئەگەر هاتى تەنیا وەرە) کە مێژووى 11/9/1973شاری(ڤەڕۆنێژ)ی بە سەرەوەیە، کە شارێکە لە خوارووى روسیا لە سەر ڕووباری ڤەڕۆنێژ.ئەم شیعرە لە چوارچێوەى ئەو شیعرانە دایە، کە لە دوو توێی شیعرەکانى شەونییە خەونتان پێوە نەبینم، بڵاوکراونەتەوە. کە خودى ناونیشانى گشتى شیعرەکان، دەلالەت لە جۆرێک لە غەریبیو پە شیمانى دەکات بۆ نیشتمان. لێرە بە دواوە گوتاری شیعری پەشێو لە ئاستى فۆڕمو زماندا،گۆڕانى بە سەر دانایەت، بەو مانایەى پەشێو بە هەمان ئەو زمانە ئستاتیکیە شیعر دەنووسێت، کەوەک سیمایەک ئەزموونى ئەوی پێ دەناسرێتەوە. بەڵام لە ئاستى ناوەڕۆکدا، شیعری پەشێو، دەلالەت لە بابەتێکى دیکە دەکات، کە ئەویش گەڕانەوە بۆ نیشتمانو ژیانى غەریبیە لە مەنفادا. لێرەوەش ئەگەر پەشێو لەنیشتماندا لە کەسانێک توڕە ببێت، ئەوا ئەمجارە خەونیان پێوە دەبینێت. ئەگەر لە نیشتماندا، بە شێوەیەک لە شێوەکان، دیاردەیەک ببێتە مایەى توڕەییو دڵگرانى پەشێوى شاعیر، ئەوا ئەمجارەیان،بە پێچەوانەوە، نیشتمانى بە هەموو ناشرینیەکانەوە خۆشدەوێت.تەنانەت گڵو قوڕەکەشی.هەروەک خۆشی لە شیعرێکدا دەڵێت:_

ئەگەر ئەمجارەش ڕێم بکەوێتەوە بێرکۆت..

لێشم بدەى لێشم حەرامکەى شیری خۆت..

من بە تەشیەکەى مناڵیما دەڕێسمەوە..

داربەرد گڵ قوڕ..چیم بێتە ڕێ دەیلێسمەوە...

ڕادەى غەریبی پەشێو بۆ نیشتمانەکەیو لە نێو نیشتمانیشدا، بۆ زێدى ڕەسەنو شوێنى لە دایک بوونى خۆی کە گوندی بێرکۆتە، دەگاتە ئاستێک کە ئامادەیە گڵوقوڕی گوندەکەش بلێسێتەوە، بەو مەرجەى ئەگەر ئەو جارە بێتەوە. پەشێو لە مەنفادا بیری گوندەکەى دەکاتو سەردەمى منداڵیەتى بیر دێتەوە. بۆیە ئێستا کە لە گوندەکەى دوورە، پەشێو، بەهەمان سەردەمی منداڵییەوە بیری بێرکۆت دەکاتو گلوقورەکەى دەخوات. کە ئەمەش دەلالەتى پیرۆزى نیشتمانو خۆشەویستى شاعیر بۆ زێدو شوێنى لە دایک بوونى خۆی دەردەخات. پەشێو دەزانێت لە مەنفادا، گەڕانەوە بۆ نیشتمان لەو کاتدا مەحاڵە. بە تایبەتیش لەو سەردەمەى کە شاعیر نیشتمانى جێهێشتوە، بە هۆی هەڵومەرجی سیاسییەوە، بەتایبەتیش لە نیوەى دووەمى هەفتاکان. بۆیە هەوڵئەدات بە خەیاڵ لە مەنفادا نیشتمانێک دروست بکات، کە بۆنى نیشتمانى ئەوی لێبێت. پەشێو، هەموو دیاردەکانى مەنفا، بە چاوى نیشتمان دەبینێت. بۆیە هەوڵی ئەوە ئەدات سەرلەبەری ئەو شوێنەى لە غەریبیدا تیایدا ئەژیت، بە نیشتمانى بکات. تەنانەت سروشتو شاخو داخیش.بۆیە لە دێڕە شیعرێکى دیکەدا دەڵێ:_

واهەست دەکەم..

لە چیاکانى منڕا دەست پێدەکەن چیاکانى هەموو دنیا..

پەشێو نەتەنها چیاکانى ئەو شوێنەى تیایدا دەژیت،  بەڵکو چیاکانى هەموو دنیا دەبەستێتەوە، بە چیاکانى کوردستان. تاسەى پەشێو بۆ گەڕانەوەو غەریبی بۆ نیشتمان، گەیشتۆتە ئاستێک کە واهەست بکات هەموو چیاکانى دنیا، لە چیاکانى نیشتمانى ئەون. ئەمە لەلایەکەوە دەلالەتە لەوەى، کە چیاکانى غەریبى هاوشێوەى چیاکانى نیشتمان، جوانو سەرنج ڕاکێش نین بۆ پەشێو.بۆیە سیمای چیاکانى کوردستان، بە چیاکانى ئەوێ دەدات. لەلایەکى ترەوە پەشێو، ئەو پە یامە دەگەیەنێت، کە ئەو تەنانەت لە هەندەرانیش، بیری هەر لای چیاکانى نیشتمانە. بۆیە کە چیاکانى ئەوێ دەبینێت، بە خەیاڵ ئەو وێناکردنە لای خۆی دروست دەکات کە لە بنەڕەتدا، ئەو چیاکانى کوردستان دەبینێ، نەک چیاکانى مەنفا. کە بێگومان سروشتو جوگرافیاو تۆپۆگرافیایەکى جیاوازتریان هەیە، لە چیاکانى کوردستان. بەڵام مەبەستەکە لێرەدا نیشتمانە. چونکە نابێ ئەوەمان بیر بچێ کە چیاکان بە شێکن، لە جوگرافیاى نیشتمان. بۆیە کە چیاکان دەبینێ، لەڕاستیدا ئەو نیشتمان دەبینێ. هەروەک لە شیعرێکی دیکەیدا دەڵێت:_

چیاکانیش دێن دەرگاى ژوورە غەمگینەکەم دەکەنەوە..

پەشێو ئەگەر چی بە جەستە، لە مەنفا دەژیت، بەڵام بەڕوح، بە خەیاڵو بیرکردنەوە، خەیاڵی هەر لای نیشتمانە. ئەو ئەگەر نەتوانێت، بگەڕێتەوە نیشتمان، ئەوا نیشتمان، بە هەموو بوونەکانیەوە، دێنێتە نێو ناخی خۆی. بۆیە هەموو ئەو کاتانەى لە مەنفایە، هەست ناکات لەوڵات دوور کەوتۆتەوە.بەڵکو هەر بە خەیاڵی ئەو کاتانە دەژیت، کە لە نیشتمان بوە. بۆیە کاتێ موژدەى ئەوەى پێ ئەدەن ڕۆژێک دێت دەگەڕێتەوە نیشتمانى خۆی،ئەوسا هەموو شتێک لە پێشوازى دەبێتو بە پیریەوە دێت. پەشێو بە پێچەوانەوە، واهەست ناکات نیشتمانى جێهێشتووە. بەلکو بە درێژایی ئەو هەموو ساڵو مانگەى لە دەرەوە بوە، ئەو نیشتمانى لە خوێنی خۆی هەڵگرتووە. وەک ئاماژە یەک کە تاکو مردن نیشتمان لە ژیانى ئەو جیانابێتەوە. چونکە خوێن هەمیشەو بەبەردەوامى لە جەستەى مرۆڤەکاندایە. بە مردنیش ئەو خوێنە دەوەستێت. بۆیە پەشێو لەوەڵامی پرسیاری گەڕانەوەیدا دەڵێت:_

چۆن شتێک بە پیرمەوە دێ..

کە ئەو هەموو ساڵومانگە.. لە بڕبڕەو پشتو خوێندا هەڵمگرتبێ..

لێرەدا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە ئەگەرچی پەشێو بە جەستە لە نیشتمان دوورکەوتۆتەوە، بەڵام بەروح، بە بیرکردنەوە، بەیادەوەری، خەیاڵی هەر لای کوردستانە. بۆیەشە لە گەڵ سەفەری خۆیدا، نیشتمان بە هەموو بوونەکانیەوە، لە بڕبڕەى پشتو خوێنى گیانیدا، هەڵگرتووە.لێرەوەش ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە تەنانەت ئەو ساڵانەشی کە پەشێو لە غەریبیدا بوەو دووربوە لە نیشتمان، بۆ چرکەیەکیش وڵاتەکەى لە بیر نەکردوە.بە ڵکو هەمیشە بە خەیاڵو یادەوەری ئەو ڕۆژانەژیاوە کە لە نیشتمان بوە.تەنانەت هەموو جوانییەکانى مەنفاش نەیانتوانیوە، خوڕەى ئاوى زێیەکى ئەم کوردستانەو گوڵەگەنمێکى نیشتمانى ئەوی لە بیر بەرنەوە. ئایا لە مەنفاش گوڵە گەنمو خوڕەى ڕووبار نییە؟ ئەی بۆ پەشێو خەیاڵی هەر تەنهالای سروشتو کانیو کارێزەکانى کوردستانە؟ ئەگەر ئەمە ئەو پەڕی خۆشەویستى خاکو نەتەوەو نیشتمان نەگەیەنێت. بۆیە لە شیعرێکی دیکەیدا دەڵێت:_

زستانى پار لەگەڵمابووى..

هاژەو خوڕەى زێی سیروانم..لەگەڵ دابوو..

گوڵەگەنمێکى گەرمێنوکلوەبەفرێکى کوێستانم لەگەڵ دابوو...

 

پەشێو تەنانەت لەنێو هەموو جوانییەکانى سروشتى ڕوسیاشدا، بیری هەرلای زێی سیروانو گوڵەگەنمەکانى مەنفایە.کە ئەو دووتوخمە بەشێکن لە سروشتو خاکێکى گەورەتر، کە ناوى کوردستانە.ئەو خاکەى پەشێوى شاعیر تەنانەت لە مەنفاشدا، لە نێو خوێنى شادەمارەکانى خۆی هەڵیگرتووە. بێگومان ئەگەر بەراوردى ناوەڕۆکی ئەو کۆپلە شیعریانە بکەین، کە لە دووزەمەنى جیادا، کە ئەوانیش هەولێرو مۆسکۆن، نووسراون. هەست بەوە دەکەین، کە دنیابینى پە شێوى شاعیر،لە شیعرەکانى ڕۆژنییە لێتان توڕەنەبم، دیدگایەکى ڕەخنەییو توڕەییو یاخیبوونی لە نیشتمانەوە پێوە دیارە. ئەمەش دەرەنجامى ئەو بەریەککەوتنەی شاعیرە لە گەڵ زەمەنو سەردەمى ئەوکات. کە سەردەمێکى دژواری سیاسیو ئابووریو کۆمەڵایەتى بوە. بە پێچەوانەوە، دواى جێهێشتنى نیشتمان،دیدگاى پەشێو لە دیدگایەکى ڕەخنەییو توڕەییەوە، دەبێتە دیدگایەکى پەشیمانبوونەوەو ئاشتبوونەوە. ئاشتبوونەوە لەگەڵ نیشتمانێک،کە ئەو لە سۆنگەى چەندین دیاردەوە جێی هێشتووە. لە غەریبیدا، بە پێچەوانەوە پەشێو بەردەوام شەو، خەو بە ئەوانەوە دەبینى لە کاتێکدا لە نیشتمان لێیان توڕە ئەبوو.بیریان ئەکاو یادیان دەکاتەوە. تەنانەت بە تاسەو چاوەڕوانیەکى قوڵیشەوە، ئەو چرکە ساتانەى ژیانى بەڕێدەکات، بە خۆزگەى ئەوەى جارێکى تربە نیشتمانى شاد بێتەوە. بۆیە لە نێوان توڕەیی ئێرەوە غەریبى ئەوێدا، پەشێو غەریبی نیشتمان دەکاتو هەمووشەوێک خەونیان پێوە دەبینێت و توڕەییەکەى لە یاد دەکات. بەمەش خۆشەویستىو سۆز بە سەر توڕەییدا زاڵدەبێت.

Image result for dikt kunst