شرۆڤە

دڵدارەکەم پایزە گەواڵەیەک نییە

 

سەباح رەنجدەر

بەشێکى زۆرى شیعرى قۆناغى حەفتایەکان دەربڕینێکى توند بوون لە دیکتاتۆریەتى ڕووخێنەر، بەڵام (سەڵاح شوان) لەناو بەرەکەى خۆیدا ئەزموونى دەباتە ناو خەسڵەتى تایبەت و لێڵی و ئاڵۆزى لە دەورى خۆیدا دەتەکێنێت،

 

دڵدارەکەم پایزە گەواڵەیەک نییە

سەباح رەنجدەر

ئێمەمانان لە کۆتایی حەفتایەکان و سەرەتاى هەشتایەکاندا تازە بەرپێى خۆمانمان دەبینی و خولیای شیعر دایگیرساندبووین، دەمانویست بەخشندەکان بناسین و  بچینە ناو ئەزموونی پاراوی شیعری بێگەردەوە. وزەی دەرکەوتووی ئەم کۆشیعرانە بۆ ئێمە ئەزموون و خەونی لاوی بوون. وەک جۆرێکى تایبەت لە چێژى شیعر دەمانخوێندنەوە. زریان ـ ئەنوەر قادر محەمەد. گەردەلوولی سپی ـ لەتیف هەڵمەت. سەمای بەفری ئێواران ـ جەلال بەرزنجی. دوو سروودی کێوی ـ شێرکۆ بێکەس. دڵدارەکەم پایزە گەواڵەیەک نییە ـ سەڵاح شوان. شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم ـ عەبدوڵڵا پەشێو . ژوان ـ محەمەد حەمە باقى.....تاد، هەر یەک لەم کۆشیعرانە جگە لەم کۆشیعرە، زیاتر لە جارێک چاپ کراونەتەوە. کارێکی زۆر پێویست و بەجێیە بۆ ئەوەی بەرەى ئێستا و داهاتووش ئاشنایان ببن و بناخەکانی بەرەى پێشە خۆیان ببینن و بیانناسن. ئەڵقەی یەک لە دوای یەکی بەردەوامیش زیاتر پێکەوە بلکێن و درێژ ببنەوە و خوێنەر پەیدا بکەنەوە. بەئاگابوون و سوودوەرگرتنى داهێنەرانە لە ئەزموونى کەسانى تر بۆ خەمڵینى کەسایەتى ئەدەبیت، پێویستی و کارامەیییە. جۆرێک هێز و جووڵانەوەى ئێستێتیکى لە جیهابینیدا یەک دەگرنەوە، دۆخى ئەدەبى ئەوە قبووڵ دەکات، ڕەتى ناکاتەوە و بەرەکان سرووش بەیەک دەدەن. ئەم بەرەیە نوێبەخشییەکى بناخەیى و بنەمان، بناخە و بنەماش کۆن نابن، وەک پێویستییەک بەردەوام دووبارە دەبنەوە و واقیعێکی مێژوویین، نوێبەخشیى لە دەستیانەوە پەرەدەستێنێت و درێژ دەبێتەوە، هەروەها دەستکارییەکى قووڵ و هەمەچەشنیان لە بنیاد و شێواز و زمان و داڕشتن کردووە، بۆ تێگەیشتن لە چییەتى نوێبەخشیى شیعرى کوردی و پەروەردە کردنى چێژى خوێنەر ڕووەو نوێبەخشى.  

بەشێکى زۆرى شیعرى قۆناغى حەفتایەکان دەربڕینێکى توند بوون لە دیکتاتۆریەتى ڕووخێنەر، بەڵام (سەڵاح شوان) لەناو بەرەکەى خۆیدا ئەزموونى دەباتە ناو خەسڵەتى تایبەت و لێڵی و ئاڵۆزى لە دەورى خۆیدا دەتەکێنێت، تیشکۆى گرینگى بەهرە و بیرکردنەوەى ملکەچى هەستیاریى ئەدەبی و ئێستێتیکاى شیعرین. ڕامانى سەرەکى تەنیا لە هەستیاریى مرۆیى و ئێستێتیکاى شیعریدا دروست دەبن و ڕۆڵى پەروەردە کردنى چێژى خوێنەر ڕووەو نوێبەخشى دەگێڕن و هەست بەجوانیکردنى تێدا لەدایک دەبێت.  

هەر لە ڕووتەختی ئەم پێویستییەوە هەوڵم دا ئەم کۆشیعرەش چاپ بکرێتەوە. دوای ئەوەی من تایپ و هەڵەچنیم کرد و خستمە سەر ڕێنووسی ئێستا و خستمەوە بەردەستى شاعیر خۆیەوە . ئەمیش چەند شیعرێکی لاداوە و دوو شیعریشى لە ژمارە 2 و 3ی بڵاوکراوەی (ڕوانگە) بڵاو کردوونەتەوە لە کاتی چاپی یەکەمیدا دەزگای سانسۆر ڕەتی کردوونەتەوە. لەم چاپەیدا لە شوێنی خۆیانی داناونەتەوە، هەروەها دەستکارى کەمەیەکى کەمى ناونیشان و چەند ڕستەیەکى کۆشیعرەکەى کردوون .

پێکهاتەی ناوەرۆک و زەمینەى هێما و هێماپێکراو و هەوەڵ نیگاکانى ئەم کۆشیعرە بریتین: لە خەون و بەهرە و بیرکردنەوەی گەرمی ئەزموونکارێک و ئەزموونکردنی ئێستێتیکیانەی لە هەڵبژاردنی وشە و هەڵچوون و تووڕەیی و دەربڕینی هەستییەوە.

بەشى یەکەمى شیعرێکى تێکهەڵکێشراوە و یەک تانوپۆیى و بازنەیییە. لە خاڵێکدا دەست پێدەکات و هەڵدەکشێت و دەگەڕێتەوە هەمان خاڵى دەستپێکردنەوە. لە چل کۆپلە پێک هاتووە. هەر چل کۆپلەش گەڕانن بەدوای ئەشقێکى پڕ حەسرەت و تاسەدار و غوربەتئامێز. لە تەواوى شێواز و شاعیریەتى شاعیردا دەبیندرێن و دەبیسترێن، هەروەها ئەو ئەشقە لک و پۆپدارە خەسڵەتى کەسێکى نادیار و ئەفسانەیى  و گەردوونى داوەتە دڵدارەکەى. شاعیر بۆ هەر کۆپلەیەک ناونیشانێکى داناوە و وەک شیعرێکى سەربەخۆ پێشکێشى کردووە. لێرەدا هەڵوەستەیەک پێویستە، ئایا ئەمە مەبەستێکى ئەدەبییە، یان هەست پێدانەشکانێکى ئەدەبییە. لە بنەڕەتى خۆیدا یەک شیعرى ماوە درێژ خایەنە (1970– 1975 بەغدا) و زمان و داڕشتن و فۆرمەکەى لە یەک زەمینەدا گەشەیان کردووە و دەچنە ناو یەک بۆتەى هونەریشەوە. پێوەندییە مانایییەکانیش بەدواى یەکداهاتوون و ڕژانە شیعرییەکەش زۆرى خایاندووە. شیعرەکە یەک ناونیشان وەردەگرێت و ئەوانەى تر هەموویان زیادن و تاڕادەیەکیش بێزارکەرن و بەشێک لە ئێستێتیکاى ئەزموونەکەیان کوشتووە.

لە بەشی یەکەم و دووەم، لە بنەڕەت و چۆنیەتی شێوازدا لەناو ئەزموونی دوو شاعیردا (جەمال شارباژێڕی و جەلالی میرزا کەریم) بۆی دەگەڕێت. دواتر لە درێژبوونەوەی ئەزموونی خۆی لە بەشی سێیەمدا دەیدۆزێتەوە. بنەڕەت و چۆنیەتی شێوازی تایبەت لە دەرەوەی بیرکردنەوەی خۆت نادۆزرێتەوە. دۆزینەوەی بنەڕەت و چۆنیەتی شێواز، زمانێکی وا دەخوازێت هەڵگری پرسە قووڵ و گرانەکان بێت و خوێنەر بچێتە سۆراخ و بەدواداچوونى و دوور بۆ داهاتووى بڕوانێت. بنەڕەت و چۆنیەتی شێواز لە نیگا و زەینى شاعیردا، خۆى ئامادە و پەروەردە دەکات.

بەشی سێیەم بنەما و دەرکەوتەى بنەڕەت و چۆنیەتى شێوازە، تێیدا بە خۆئامادەکردن و شێنەیییەوە بیری لە بنەڕەت و چۆنیەتی شێواز کردووەتەوە و پرسی خەسڵەت و تایبەتمەندی و گواستنەوەی خۆی دادەڕێژێت و شیعری بێگەرد بە ئەزموونی پاراو دەزانێت و بە ئاکامێکیشی دەگەیەنێت، لە ساتى تەواو ئازادى شیعریدا شیعرییەتی جەوهەر و بوون وەک ئەفسوونێکى هەستى و وشیارى ئێستێتیکایى دەردەخات و هاوارى دەرەوە دەبێتە دەنگى ناخ و وردبوونەوە لە ناخ.

لە ڕێی ئەم پێزانینەیدا لەگەڵ کرۆک و ناوکی بووندا خەریک دەبێت، هەروەها لەگەڵ نیگەرانی و نادڵنیایی هەلی گفتوگۆ پێک دەهێنێت و پرسیار لەمەڕ بوونی کەسی خۆی دەهێنێتە ئاراوە و تێکەڵ بە کەسێکى ئەفسانەیی و گەردوونى دەکات و دەیەوێت وەڵامی ئامانجی بوونی خۆی و کەسى نادیار و ئەفسانەیی و گەردوونى دەست بکەوێت و وەک ڕامانێکى سەرەکى ڕووناکی دەربڕینی بخاتە سەر، دەربڕین وەک مانای ئەفراندن و ناسینی کەسایەتیی خۆی و ڕزگارکردنی لە نیگەرانی و نادڵنیاییدا. پاشان هەناسەدان لە ماڵى داهێندراوی شیعرەکانیدا ئاراستەى خۆى دەدۆزێتەوە. شاعیرى ڕاستەقینە ناتوانێت خۆیەکى بێگەرد بێت و هەمان کاتیش خەڵکانى تر. شیعر لەم بارە بێگەردەیدا نهێنییەک ئاشکرا دەکات و دەبێتە هەڵگرى ئاماژە و گەشەى سەرسوڕمان. ژیان و  گەشەى سەرسوڕمان بۆ شیعرى بێگەرد ناوەند و ڕامانى سەرەکین.

لەم بەشەدا وشەکانی، کەسایەتیی خۆیەتی و ناتوانین لە جەوهەر و بوونی خۆی جیای بکەینەوە. واتا: دووبارە ئەفراندنەوە و داهێنانەوەی کەسایەتیی خۆیەتی. هەم قسەکەرە و هەمیش گوێگر. ئاڵوگۆڕ و جێگۆڕکێ بە قسەکەر و گوێگر دەکات و دەیانخاتە سووڕى خەمڵینەوە، هێزی خودییانەی شیعرییەتیشى تێدا ڕادەچەنێنێت و گەشە بە چرکەی سەرسوڕمان دەدات، هەروەها خواستى گەشە و درێژبوونەوەى سەرسوڕمانمان تێدا دروست دەکات. لە دۆخی زەماندا وەک جەوهەر و بوونی هەقیقەتێک دەردەکەوێتەوە. هەم هەقیقەتی کەسی و هەمیش جەوهەر و بوونی هەقیقەتی شیعری. ڕۆح و ژیان لەناو وێنە و فۆرمدا دەخرۆشێنێت و زمان تێیاندا زاوزێ دەکات، بە جۆش و شێنەیییەوە پێوەندى و هارمۆنیى نێوانەکان پەرەپێدەدات و لە دڵیاندا ئارام دەگرێت.

واقیع یەکبین و ڕووکەش نییە، تا زمانێکی یەکبین و ڕووکەش بتوانێت دەری ببڕێت و لە دەقی ئەدەبیدا پێشکێشی بکاتەوە. واقیع بە چەندین چینی ئەستوور و تەنک و لێڵ و ڕوون خۆی پێچاوەتەوە و لە هەندێک باردا دەچێتە ئەودیوى لێکدانەوە و زانینەکانى مرۆڤەوە. هێزی زمان دەبێت هەست بەو چەندین چینە بکات و چینەکان وەک هەبوون و کێش و قەبارەی خۆیان هەڵبداتەوە و بیانخوێنێتەوە. وەرگریش ڕابهێنێت لەو ڕووداوانە بکۆڵێتەوە و تێیان بگات، کە لە واقیعدا ڕوو دەدەن و بۆچووونی خۆی تێیاندا بەهێز بکات. واقیع بریتییە لە بەردەوامبوون لە گۆڕانکاریی زمان و هەبوون. شاعیر هەندێک دانەپەیڤ لە واقیع و هەندێکی تر لە خەیاڵ وەردەگرێت، بۆ بەکاربردنیشى  پشت بە ژیانی تایبەتیی خۆی و واقیع و میتافیزیکا و خەون دەبەستێت.

لە گۆشە نیگاى درەوشانەوەى ئێستێتیکاى ناونیشان و جیاوازیى فۆرم و گەشەى سەرسوڕمانى مانا و پرشنگهاوێشتنى زماندا. ئاگری پرۆمیسیۆس وەک مرۆڤ دەقێکى کراوەیە و بە ناوەندێکی کاریگەرى دەچوێنێت و هەموو ژیانی تێدا کۆ دەکاتەوە و ئامادەی دەکات بۆ بەگەڕخستن و بینینی قووڵییەکانى ناخى خۆی و قووڵییەکانى پانتایى زەوى و هەردوو جیهان لە ئەزموونى جوانی و هاوبەش لەناو وشەدا بەراورد دەکات و ڕایان دەگرێت، ئەو جیهانەى پێویستە داهێنەر هەموو نێوانەکانى ببڕێت و وردەکارییەکانى ژیانى تێدا بدرەوشێنێتەوە و بەرەو خاڵى باڵامان ببات. خاڵی باڵا بەماناى ساتى دۆزینەوەى ژیان و خاڵى ڕامانى سەرەکى شیعرى بێگەرد، لەم بارەدا دەرگا و پەنجەرەکان بۆ بیرکردنەوە و تێڕامان دەکرێنەوە و جەوهەر و بوونى شتەکان دەردەکەون. هەڵوێستى شاعیر لە ئازادى و یاخیبوونى شیعر خۆیەوە دروست دەبێت و بۆ ویستى مرۆڤ و دەسەڵاتى ئەدەب و  ئەوە تێدەکۆشێت لە بەیانییەکی پڕ لە شەونم و گەرمبوو بە گزینگ و بۆنوبەرامەی پاکی و هەمەچەشن لەناو ئاگرەکەی پرۆمیسیۆس تێبپەڕێت و ژیانێک وێنا بکات. ئەو ژیانەی بەناو ئاگری پرۆمیسیۆسدا تێپەڕیبێت و لە هەموو پیسی و خڵتێک پاڵاوتراو بێت و خاوێن کرابێتەوە، ئینجا لەناو شیعرەکانیدا دایبمەزرێنێت و نوێنەرایەتى شیعرییەتی جەوهەر و بوون بکات.

ئەم شاعیرە شاعیرێکى سیاسى، یان حزبى نییە. لە هیچ دەقێکیدا دەربڕینێکى لەم شێوەیەم نەخوێندووەتەوە، بەڵام بیر و بیرکردنەوەى سیاسى لە شێوە و فۆرمى ئێستێتیکى هەبووە. نموونە نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول بە شێوازى جوداى دەربڕینەوە وەک نووسەرێکى بەرپرسیار بەرانبەر بە نووسین، دەربڕینى لێ کردووە. چ وەک پێشبینى نسکۆکە و چ وەک هەست گەرمى کۆمەڵگاى کوردى بۆ هەستانەوەى شۆڕش. چش وەک گەشە و ڕوودانى کارەساتى خۆبەخۆیى دواى نسکۆ و هەستانەوەش. 

من ڕێز لەئەزموون و توناى ئەم شاعیر و چیرۆکنووسە دەگرم، کە زمان و ئەدەبى کوردى لە شێوە و فۆرمى ئێستێتیکیەوە دەوڵەمەند کردووە و بەرەو خاڵى باڵاى بردووە. زۆر لەوەش دڵنیام پێویستە کۆشیعرى ( دڵدارەکەم پایزە گەواڵەیەک نییە) و کۆشیعرى (شەوێک لەشەوانى سیمرخ) و کۆ چیرۆکى (ئەستێرە بەرزە)جارێکى تر بخوێنینەوە و بیناسینەوە. بەناسین و جارێکى تر خوێندنەوەى، ناوەندە ئەدەبییەکەى کوردى ئەزموون و تواناى ئەو، باشتر دەبینن.

 

پڕۆمیسیۆس سەیرى ئاسمان ناکات

لەناو خەمى هێشتا کاڵى ئەم وەرزەدا

دادەنیشم

چاوم لێیە

چۆن دەکرێمە ناڵى سوورى

ئەم شەوگارە

دەنرێم بە پێڵاوەکانى هۆلاکۆوە

هیچ دەنگ ناکەم

لەناو وشەى

سەرەتاى گشت وشەکاندا

سەر دەخەمە سەر ئەژنۆم

سەیرى هیچ لایەکم ناکەم 

شەو دێ و دەڕوات

ڕۆژ بە دوایدا

خەو دێ و دەڕوات

خەم بە دوایدا

دێت و ئیتر ناڕواتەوە

سەرم بە دواى خەونەکانیدا

دەڕوات و ناگەڕێتەوە

دەستى ڕاستم

بە دواى سەرمدا دەنێرم

ناگەڕێتەوە

چاوەڕێم

گڕى ئارەزووى بیابان

یارى بە لەشى خاوم دەکات

هیچ دەنگ ناکەم

بێ دەنگ مەبە

لەم شەوە ڕەشەدا سوارێک

ڕەشپۆش و ڕەش

بە ئەسپێکى ڕەشەوە تاوت بۆ دەهێنێت

بێ دەنگ مەبە

ئەگەر بێ دەنگ بیت

شار چۆڵ دەبێت و خۆڵى مردنى بەسەردا دەڕژێت

ئاو ناگاتە ئاسیاوەکان

ئاو ناگاتە لێوى وشکى نازدارەکان

 بێ دەنگ مەبە

21/4/1976 بەغدا