شرۆڤە

بۆچی دەنووسین (١٥)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بەرنگاری و گۆڕان ئەو دوو هێڵە سەرەکییەن وا رووداوەکان بە دەوری ئەواندا خۆیان دەتەنن. بە بێ ئەوان هیچ چیرۆکێک بوونی نیە. ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی بیری خۆمانی بێنینەوە تەنیا لەم دوو بوارەدایە وزەکانی مرۆڤ ئازاددەبن و رێگای خۆیان بۆ خۆخەمڵاندن و خۆسەلماندن پەیدادەکەن.

بۆچی دەنووسین (١٦)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

نووسەر دەنووسێ لەبەر ئەوەی دەیەوێ ئەم حەقیقەتە هەمیشەییە پیشانبدات کە گەمەی نێوان هۆکارە دەروونی و دەرەکییەکانی چێکردنی کەسایەتی ئێمە گەمەیەکی یەکجار ئاڵۆزە و تەنیا لە رێگای گێڕانەوەوەیە دەتوانین سەرەداوەکانیان یەک بخەینەوە. نووسین، تۆمارکردنی مێژووی کاراکتێرەکانە، نوواندنەوەی خەسڵەتە کاراکتێرییەکانە لە رەوتی بزۆزی ژیاندا.

بۆچی دەنووسین (١٧)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

نووسین وێناکردنەوەی رابردوو و داهاتووە لە ئاست مەرگێکدا کە داهاتووی لەخۆی گرتووە. دەنووسین بۆ ئەوەی ئەژدیهای مەرگ بۆ هەمیشە ژیان و رووداوەکانی قووت نەدا. دەنووسین بۆ ئەوەی دەمانەوێ سەرەڕای مردنمان، ژیان جێنەهێڵین و بەردەوام لەگەڵ مرۆڤەکان بدوێینەوە و پێیان بڵێین دڵمان هەر لای ژیان و لای ئەوانە.

بۆچی دەنووسین (١٨)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەنووسین لەبەر ئەوەی بە هۆی ژیانەوە و بەهۆی دووری و تێپەڕینەکانەوە لێواولێوی نۆستالۆژیاین. نووسین فڕین بە ناو مەوداکان و بە ناو لێڵییەکاندایە. دووبارە ژیاندنەوەی رابردووە. هەستکردنەوە بەو کاتانەیە وا ژیاین و بەڵام دیسانەوە دەمانەوێ هەستیان پێبکەینەوە و بەجۆرێک تیایانا بژینەوە؛ رەنگە لەبەر ئەوەی کاتی خۆی جوان هەستمان پێنەکردن.

بۆچی دەنووسین (١٩)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 مەرج نیە کاراکتێری دەق کاری گەورە ئەنجام بدات و دەق گێڕانەوەی ئەم کارە گەورەیە بێت. کاراکتێری دەق لە رێگای ئەو کاریگەرییەوە لە زەینی خوێنەردا جێیدێڵێ، دەبێ بە قارەمان. چونکە خەسڵەتێک لە کاراکتێرەکەدا بەرجەستەیە و ئێمە ئەم بەرجەستەبوونە لە رێگای خوێندنەوەوە ئەزمووندەکەین.

بۆچی دەنووسین (٢٠)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە رێگای نووسینەوە ئێمە جۆری کارتێکەرییەکانی ژینگە لە سەر مرۆڤ و مرۆڤ لەسەر ژینگە دەنوێنینەوە. رەنگە بە نیشاندانی وێرانیی ژینگە دەتوانین نیشانی بدەین کە مرۆڤ سەرەڕای سەرکەوتنە رواڵەتیەکانی چەندە لە راستیدا بۆخۆیشی وێران بووە. شەڕەکان راستەوخۆترینی ئەو رووداوانەن وا پێکەوە هەم وێرانی سروشت نیشاندەدەن و هەم وێرانیی مرۆڤ.

بۆچی دەنووسین (٢١)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە دەنووسین چونکە نووسین ئاوردانەوەیە لە لوکاڵ و پێناسەکردنەوەیەتی لە رەوتێکی بێکۆتاییدا. هەروەها نووسین تێپەڕاندنی لوکاڵ و بەلوکاڵ کردنی جیهانەکانی تری دەرەوەی لوکاڵە. بەم پێیە نووسین بەلوکاڵ کردنی هەموو جیهانە، جا چ لە ناو جیهانی فیزیکیدا و چ لە ناو جیهانی دەروونیدا.

بۆچی دەنووسین (٢٢)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی پیشانی بدەین جیهانی دەرەوەی ئێمە دەکرێ زۆر لەوەی هەیە جۆراوجۆرتر و فرەچەشنتر بێت. نووسین ئازادکردنی تەمومژی رۆحی ئێمەیە بە تەمای دۆزینەوەی جیهانەکانی تر لە گەمەیەکی هەستیارانە و ئپیسمتۆلۆژیدا.

بۆچی دەنووسین (٢٣)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بە بێ بیرەوەری نووسین لەدایکنابێ. بیرەوەری منداڵدانی نووسینە. بەڵام خودی بیرەوەریش بە تەنیا بریتی نیە و ناتوانی بریتی بێت لە دەقیكی ئەدەبی. بیرەوەری تەنیا ماددەیەکی خاو و کاڵە بەدەستمانەوە. دەبێ کاری لەسەر بکرێ. دەبێ پیایا بگەڕێین و گوڵبژێری بکەین و وەهایان لەپاڵ یەکتردا دابنێین بتوانین مانای دەق ئاسای لێ دەربهێنین.