شێعر و پەخشان

ئەم زریانە شێتە

 نەژاد عزیز سورمێ

ئەم زریانە شێت و شێتە
چى ناو دەنێى؟
نوورى خوایى
یا چەند ساتى کورتخایێنى دونیایی؟

 

 

ئەم زریانە شێتە

                                     نه ژاد عزیز سورمێ

 

 

( 1 )                      

 

هەناسەى من کزەبایە و

قژى تۆش ڕەوێ وشەى سرک

وەک ڕووبارێ گڕ تێبەربوو

خۆزگەى لوتکە بەفرینەکان

دەوروژێنێ و ناوروژێنێ!

(چراکان هەڵایساون

شەقام وەکو چاوى ئەستێرەکان ڕوونە

عەشقى هەتاو

گیان لە خوێندا شەڵاڵ دەکا..)

من بە هەناسەم ،

قژ لەسەر ڕووتا لا ئەدەم

خوێن لە عەشقى ڕووباردا ئەتوێتەوە..

 

بەتەلانى خەمى خۆیدا هەڵدەگەڕێ

خلۆر دەبێتەوە..

تل ئەداتەوە،

تاودان..هەناسەبڕکێ.. تاودان.. هە..نا..

سە..بڕ..کێ..تا..و...ه...نا..

نوزەى لێ دەبڕێ

( کێ بێ گوڵئەستێرەى وشە

لە شەوى تارى شاعیردا بفڕێنێ؟ )

ئەمە ڕووبارە !

تاشە بەردەکان وەک دەستاڕ

پەراسووەکانت دەهاڕن.

هەموو شوێنى – سیپان – نییە

ژانى برینە گەشەکانت، ئاوێزانى ،

سێبەر و سۆزى – خەج – ێ بێ

ئاگات لێیە لە چ گێژەنێک خول ئەخۆى؟

ئاگات لێیە کە خول ئەخۆى و ناخنکێى؟

( لە گەرمیانى دڵى بەکوڵ گریاومدا

ڕەشماڵى کوێستانەکانت بۆ هەڵئەدەم

دەبم بە چڵى هەتاو و

خۆم بە تەزووى

دڵى شکاوت وەدەکەم.)

بەرەو سەرچاوەى بنارى لوتکە ون بووەکان مل دەنێ..

وشەکان:

((مروارى بەر تریفەى مانگەشەو))ن

دەست دەبا

خۆیان بە کەفى شەپۆلدا هەڵدەواسن و ون دەبن..

 

کێ بێ ئەم زریانە شێتە بخەوێنێ؟

خەو (شیرین)ە ، دەبێ بەچڵێ تریفە..

کێ بێ ئەم زریانە شێتە بخەوێنێ

شیرین لە دڵى فەرهاد

رێى ڕووناکى هەڵدەبەستێ.

ئەم زریانە خونچەى چاوت دەپشکوێنێ.

 

هیچم ناوێ

دڵەکەم لە ئامێزى شەیدا هیچم ناوێ

تەنیا وەرە

بۆم ببە بە خۆرى شیعرێ و

لەگەڵ گەردى بەیانیەک

تەزووى ئۆخەم بۆ بهێنە.

ئەم جیهانە بێ گۆرانى ئەستەمە

گیانە وەرە ئاوازێ بۆ ئازارەکانم دابنێ.

 

 

(2)

زەوى دەنکە حەبێ نییە

ئەویش ئافرەتێ بێ هانا، بێ دەردەتان.

ئەمە زریانە کوێرایتان دەکاتەوە..

هەورى گریان و گۆرانى

بە ئاسماناندا دەفڕێنێ . .

ئەمە زریانە ،

((بێ دەنگ بن گوێم بۆ دڵم ڕادەدێرم))

گوڵئەستێرەى وشە ئەمشەو بەڕەڵڵایە

هەتاو بەسەر شەوەزەنگ و شەختەى شیعردا دەبارێ..

نە .. دونیا بە باسەرابى ئاسۆى لێڵتان نابزوێنرێ

خۆرى شیعر

ئەم جوانییە کوشندەیە

دەرزى نێو کادانێ نییە

نیهان نادرێ..

( لە درەختێکى تەنیا دەکا

بە پشتى شاخێ ڕووتەوە.

لە نێرگزى پشکوتووى چاوەکانیدا

پایز نەورۆزێکى نوێیە.

نهێنیەکى شیعرئارایە ،

جارى وایە لە سێبەرى مێروولەیێک پاڵدەکەوێ

جاریش هەیە هەموو دونیا بەشى ناکا)

چى ناو دەنێى؟

ئەم زریانە شێت و شێتە

چى ناو دەنێى؟

نوورى خوایى

یا چەند ساتى کورتخایێنى دونیایی؟

چى ناو دەنێى؟

باڵاى شیعر

یا گۆرانیەکى ئاوارە؟

                                 

 Image result for vind kunst