چیرۆک

پورە مەنیج

فەڕۆخ نێعمەتپوور

پورە مەنیج نازانێ چەندە دەخایەنێ تا گیان لە جەستەی دەردەچێ. هیوادارە زۆر ئازاری نەدا، وەک چۆن ئەو بۆخۆی دونیای ئازار نەدا و تەنیا هەوڵی دا زەق زەق لێی بڕوانێ و بەس. پورێ هەوڵدەدا بیر لە هیچ بیرەوەرییەک نەکاتەوە. بیرەوەرییەکان لای ئەو تەنیا شیاوی رابردوون. 

 

پورە مەنیج

فەڕۆخ نێعمەتپوور

پورە مەنیج کە هەموو خەڵکی بەم ناوە دەیناسن و بانگی لێدەکەن، بە تەمەنترین کەسی گەڕەکە. پورە مەنیج لانیکەم هەشتاد ساڵ تەمەنیەتی و لە خانوویەکی قوڕی ئەوەندە کۆندا دەژی کە تەنانەت بۆخۆیشی لە بیری نایەت کەی و چۆن دروست کراوە. کاتێ لێی دەپرسن، دەڵێ باوکی باوکم سازی کرد! پورە مەنیج قەت ناڵێ باوەگەورە، ئەو حەزی لە وشەی 'باوکی باوکم' ە. لای ئەو ئەمە هەم ئاماژەیە بە باوەگەورە و هەم ئاماژەیە بە خۆشەویستی.

ئەو کە لەمێژە بە تەنیا لێرە دەژی، قەت لە ژوورە تەنیاکان و شەوانی درێژی زستان نەترساوە. خەڵکی گەڕەک دەڵێن لە راستیدا پورێ تەنیا نیە و لە گەڵ رۆحەکان دەژی. ئەوا دەڵێن بە چاوی خۆیان دیتوویانە چلۆن لە پشت پەنجەرەکەیەوە بە تەنیا دوواوە و جاری وایشە توڕە بووە و، ئاماژەی بە شمەکی ناو ژوورەکان داوە. تەنانەت بینیوویانە جارێکیان وەها توڕە بووە کە دەستی داوەتە پەرداخەکەی بەردەمی و بۆ کەسە نادیارەکەی بەرامبەری فڕێی داوە.

ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی گەڕەک رێزێکی تیكەڵ بە ترس لە خۆیاندا بەرامبەر بە پورە مەنیج شک بەرن. هەم بەزەییان پێدادێتەوە و هەم رقیان لێیە. تەنانەت جاری وایە ئەم دوو هەستە وەها لەگەڵ یەک تێکەڵ دەبن کە کاتێک لێیان دەپرسی ئەرێ چۆن تۆ دەڕوانیتە پورە مەنیج، زەق زەق بێ ئەوەی هیچ وشەیەک لە دەمیان بێتە دەرەوە لێت دەڕوانن. ئەوان جاری وایە لە وشە و لە رستەکان بەتاڵ دەبنەوە. راستییەکەی ئەوەیە پورە مەنیج راز و سیحری گەورەی گەڕەکە. راز و سیحرێکی هەم خۆش و هەم ترسناک!

سەیر ئەوەیە لە تەواوی ئەم ساڵانەدا کەس هەوەسی ئازاردانی پورێی بە مێشک دا نەهاتووە. کەس تا ئیستا بە مەبەستی ترساندن نە لە دەرگای داوە و هەڵاتووە، نە لە دوورەوە بەردی لە حەوشەکەی گرتووە و تەنانەت نە تەمەعیشیان تێکردووە. پورێ ئەوەندە پارێزراوە کە تەنانەت بۆ خۆیشی بیری لێناکاتەوە.

گەر رۆژێک هەوەسی سەردانی بکەی و لە دەرگای بدەی، ئەوا زۆر بە دڵ فراوانییەوە دەرگات لێدەکاتەوە و فەرمووت دەکا. ئەگەرچی بە دەگمەن میوەی لە ماڵدا هەیە، بەڵام بە چایی و بە ژەمێکی سادە و جاری وایشە بە خورما و توو وشک میوانداریت لێدەکا. یەغانە کۆنێکی لە هەمان ژووری دانیشتنەکەدا هەیە کە وەک هەنبانە بۆرینە تەنیا پێویستە دەستی پیا بکات و هەرچی دڵی دەخوازێ، لێی دەربێنی. ناو یەغانەکە ئەوەندە فێنکە کە هیچ شتێکی تیا بۆن ناکا، هەر لە ماستەوە بگرە تا پەنیر و نان و وردە چەرەساتی قەدیمی.

ئەوەیکە چۆن پارە پەیدا دەکا و ژیانی رۆژانە و پێداویستییەکانی دابین دەکا، بۆ زۆربەی گەڕەک رازێکی گەورەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەس قسەی خراپی شوێن نەخستووە. ئەسڵەن پورە مەنیج وەهایە کە کەس ناتوانێ قسەی خراپی شوێن خات. بەو کراسە کۆن و خاوێنانەوە لەبەری دەکا و، بەو تاس کڵاوە هەمیشەیی و سوخمە پینەکراوانەوە کە بۆنی مێخەکیان لێدێ، خەیاڵی مرۆڤ بۆ هەموو شتێ دەچێ بۆ شتی خراپ نەبێ. پورێ لە هەیکەلێکی چێکراو لە پۆڵای سارد دەچی کە دەستی زەمەن جوان جوان چرچی کردووە.

ئەو نەوەیەی شتی لەسەر رابردووی ئەم ژنە دەزانی، زۆربەیان مردوون و ماڵئاواییان لە ژیان کردووە. ئەو نەوەیە ئەوەندەیش پێوەندی لەگەڵ نەسڵی دووای خۆی خۆش نەبوو تا دابنیشێ و باسی رابردووی پورێی بۆ بکا. بۆیە رابردووی پورە مەنیج تا رادەیەکی زۆر لە ژێر پەردەیەکی رەش و ئەستووردا ماوەتەوە. شاردراوەتەوە. هەرچەند مامۆستای قوتابخانەی ناوەندیی گەڕەک، کە پیاوێکی سەرتاسی دەنگ نوزنە، پێی وایە هۆکاری ئەمە لە راستیدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژیان ئەوەندە پێش کەوتووە و خەڵک ئەوەندە سەری بە شتە گرینگ و نوێیەکانەوە سەرقاڵە کە ئیتر بۆی گرینگ نیە پیرێژنێکی داماوی وەها چییە و چی بووە. لای مامۆستا، گرینگ داهاتووە.

سەیر ئەوەیە پورە مەنیج قەت نەخۆش ناکەوێ. هەمیشە قیت و بە دەست و برد دێت و دەڕوا. کەس لەبیری نایێ بۆ جارێکیش کۆکەیان بیستبێ، یاخود دەستی بە کەلەکە و سکییەوە گرتبێ و بڵێ ئاخ سکم دێشێ! ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە بڕوا بە هەبوونی رۆح لە ماڵەکەیدا زیاتر و زیاتر بەهێز بێت. ئاخر دەڵێن رۆحەکان گەر بیانەوێ باشترین تەبیبی گەردوونن و، دەوا و دەرمانی هەموو جۆرە نەخۆشییەکیان لا دەست دەکەوێ.

پورە بەدەگمەن لە ماڵ دەردەکەوێ و سەردانی خەڵک دەکا. کە زستانیش دێ خەڵکی گەڕەک، بە تایبەت دراوسێکان لەگەڵ بانی خۆیان، بانەکەی ئەویش دەماڵن و باگردێنی لێدەدەن و تەنانەت رێگایەکیشی لە حەوشەکەدا بۆ دەکەنەوە. زستانان، بۆنی مێخەک و ژوورە پڕ لە سێبەر و نمدارەکانی پورێ جوانتر دەگاتە لوت. وەها، بە بێ ئەوەی بە خۆت بزانی هەر لەخۆوە حەزدەکەی زیاتر هەڵیلووشی! هەموو ئەوانەی بۆ جارێک چووبێتنە تەنانەت حەوشەکەی پورە مەنیجەوە، بۆنی مێخەک دەگرن. سەرتاپا.

پورە مەنیج تەنانەت خزمیشی نیە. کەسیش لە خەڵکی گەڕەک بەتایبەت نەوەی نوێ بیری لەوە نەکردووەتەوە کە داخۆ بۆ خزمی نیە و گەر هەشیەتی، لە چ شوێنێکن. ئەسڵەن ئەو وەک خۆی جوانە، وەک خۆی و وەک کەسێکی 'تەنیا' مانای هەیە. ئەو، پورە مەنیجە، چونکە دەتوانێ بە ساڵانی ساڵ لە خانووەکەیدا دابنیشێ و لە پشت پەنجەرەکەوە زەق زەق لە دەرەوە بڕوانێ، بێ ئەوەی ماندوو بێ!

تەنانەت ئەو ساڵەی شۆڕشیش کرا و هەر ئەم مامۆستایەی گەڕەک لە گەڵ قوتابییەکانی رژانە شەقام و دروشمیان دا و داوای رووخانی دەوڵەتیان کرد، ئەو هەر لە پشت پەنجەرەکە نەجووڵا و وەک هەمیشە زەق زەق لە دەرەوەی دەڕوانی. کەسی نازانێ داخۆ پورێ گوێی لە هەراوهوریا و دروشمەکانی سەرشەقام دەبوو یان نا، کەس نازانێ داخۆ ئەوانەی وا هاتووچۆیان دەکرد (هەمیشە ژن هاتووچۆیان دەکرد، جا چ هی گەڕەک بان یان هی گەڕەکەکانی تر، ئەوانەی کە هەوڵیان دەدا کەمتر ببینرێن)، باسی ئەوەی لەشاردا دەگوزەرا بۆیان دەکرد، یان نا. چونکە پورێ قەت وای نیشان نەدا ئاگای لە دۆخی وڵاتە.

کە حکومەتیش لە پاش ساڵێک رووخا و شار کەوتە دەست خەڵک و دوواتر دەست ئەو چەکدارانەوە کە هەر کامەیان سەر بە گروپێک بوون، لای ئەو کۆڵان هەر هەمان کۆڵان بوو. هەرچەند ئیستا جاروبارە چەکدارەکانیشی دەبینی، چەک لەشان تێدەپەڕین و، دەگوزەران.

پورێ بگرە مەنیج ئاگای لێ نەبوو کە بۆ ماوەیەکی باش کۆڵانە درێژەکەی ئەوان ئەم سەر تا ئەو سەری ببووە بنکە و مەقەڕ. ئەو بەهارەیش وا شەڕ دەستی پێکرد، هەر ئاگای لێ نەبوو زۆربەی بریندارەکانیان دەهێنایە ئەم گەڕەکە و تەنانەت دیل و ئەسیرەکانیش. بگرە، ئەو سەرلەبەیانییەی چەند هاوەن و تۆپیش کۆڵانەکەی گرتەوە و تەنانەت یەکیشیان رێک بەر خانووەکەی تەنیشت خانووەکەی ئەو کەوت، پورێ هەر لە پشت پەنجەرەکە نەبزوواو، زەق زەق بەردەوام بوو لە سەیرکردنی دەرەوە.

ساڵی بنکە و خومپارەکان تەنیا ساڵێک بوون کە خەڵکی گەڕەک بە تەواوی چیرۆکی پورە مەنیج و رۆحەکانیان لەبیر چووبووەوە. بەڵام لە دووای ئەوەی لە ساڵی دوواترەوە ئەم بەزمە کۆتایی پێهات و ژیان بە جۆرێک ئارام بووەوە، ئەوجا ئەو باسە هاتە ئاراوە کە بەڕاستی پورە مەنیج کێیە و چلۆن توانیبووی ئاوەها لە ئارامیدا و بە بێ ئەوەی خۆی بشەمزێنێ، ئەو رۆژە دژوارانە تێپەڕێنێ؟ دیسان حەقایەتی رۆحەکان هاتەوە بەر باس. دەیانگوت ناکرێ لەو شەوانەدا کە شار هەر هەمووی چۆڵ بووە و پەپوو تێیدا خوێندوویەتی و زەلام چییە نەیوێراوە تێیدا بمێنێتەوە، ئەو هەر ئاوا مابێتەوە! بۆیە لەو بێ کەسییەدا تەنیا رۆحەکان پاراستوویانە. تەنانەت یەکیان گوتی کاکە دەڵێن تەنانەت پورێ گوێی لە دەنگی تەقینەوەی سامناکی ئەو تۆپە نەبووە وا بەر ماڵەکەی تەنیشتی کەوتبوو، گوایە رۆحەکان دەستیان بە گوێیەوە گرتبوو!

بەڵام پورێ وەک هەمیشە لە ژیانی خۆی بەردەوامە. تەنیا، یانخود بەو ژنانەوەی وا لە گەڕەکەکانی شارەوە بە دزییەوە دێن و، خۆ بە ماڵەکەیدا دەکەن.  

ئەو ساڵەی وا تەمەنی بوو بە هەشتاد و یەک ساڵ، هەواڵ هات کە چیدی سەردەمی سنوورەکان نەماوە و ئیتر خەڵکی بە خۆشی و بە شادی بێ ئەوەی لە یەکتر بترسن، دەژین. هەر هەمان مامۆستای گەڕەک کە ئیستاکە لاقێکی دەستکردی هەیە و بە توندی بەرگری لەم هەواڵە خۆشە دەکا و هەوڵدەدا زیاتر بۆ خەڵکی شیبکاتەوە، پێی وایە لەوە قێزەونتر لەو دونیایەدا نیە کە سنوور نەمێنێ و کەچی پیرێژنێکی قۆڵتڕی لەم چەشنەیش هێشتا لە ژیاندا بێت و،... ئەویش رێک لەم گەڕەکەدا! بۆیە پێی وایە هۆکاری هەموو گەڕانەوەکانی رووداوەکان بۆ دوواوە، سەرەڕای هەوڵ و ماندوو بوونی ئەوان، لە شتی لەم چەشنەدایە.

لەو رۆژەوە مامۆستا ئەم قسەیەی کردووە، خەڵکی گەڕەک ئیستا بە دڕدۆنگی و گومانەوە لە پورە مەنیج دەڕوانن. کاتێکیش بە بەردەم دەرگاکەیدا تێدەپەڕن، هەوڵدەدەن تا دەتوانن مەودا راگرن، نەکا بۆنی مێخەک و شێی ژوورەکان وەها لێیان بئاڵێ کە ئەوانیش تاوانبار بکرێن. ئەی پورە مەنیج چی دەکا؟ هێشتا وەک هەمیشە زەق زەق بە نیگاکانییەوە لە پشت پەنجەرەکەیەوە لە دونیا دەڕوانێ.

ساڵێکیان کتوپڕ بەفرێکی یەکجار قورس باری، وەها تەنانەت پورێ مەنیجیش بەفری وای لە ژیانی خۆیدا نەدەهاتەوە یاد. بەفرەکە ئەوەندە زۆر بوو کە بۆ یەکەم جار، بۆنی میخەکی ژوورەکانی پورێ لە پشت بەفرەکان مایەوە و نەگەیشتە کۆڵان. بەڵام ئەوە دووابەفر بوو! لە ساڵی دوواترەوە دونیا بوو بە قاقڕستان، بەفر و باران چییە بارگە و بنەیان لە وڵات پێچایەوە و رۆیشتن. ئیستاکە، خەڵکی لە حیکمەتی بەفرەکەی پار دەگەیشتن. دونیا کتوپڕ ئەوەندە ناخۆش ببوو کە کەس باوەڕی نەدەکرد. سروشت گەر زستانان بەفر داینەپۆشێ، رەنگی دەبێ بە خۆڵەمێشێکی مردووئاسا کە لەوانەیە دڵ بە سەیرکردنی بتۆقێ. رێک لەو ساڵەوە بۆنی مێخەکی ژوورەکانی پورە مەنیج، نەک تا کۆڵان، بەڵکو بەرەو کۆڵانەکانی تری شار و شەقامەکانیش کشا و وەها دونیای تەنییەوە کە خۆقوتارکردنی لێی مەحاڵ بوو. پورە مەنیج بە بێ ئەوەی بۆخۆی بیەوێ شاری داگیر کردبوو. ئەم بۆنە کە تەنیا بۆنی مێخەک نەبوو و بەڵکوو لە گەڵ بۆنی غەریبی تەنیاییش تێکەڵ بوو، کتوپڕ وەها ئەو رەنگە خۆڵەمێشییەی خەمگینتر کردبوو کە خەڵکی چیتر پێیان وانەبوو بتوانن نیشتمان تەحەمول بکەن.

مامۆستای گەڕەک کە ئێستاکە پێی وابوو کارەساتێکی سروشتی ببووە هۆی پەککەوتنی دیاردەی سڕینەوەی سنوورەکان، گوتی کە تەنیا دوو رێگا لەبەرە: یان کوشتنی پورە مەنیج، یان کۆچ. هەر دەستبەجێیش پێی زیادکردبوو کە چونکە کۆچی ئەو هەموو خەڵکە مەحاڵە کەواتە...،... !

هەڵبەت قسە لەسەر ئەوە بوو کە کێ دەیتوانی ئەم کارە راپەڕێنێ؟ نەک ئەوەی کوشتی پیرێژنێکی هەشتا و چەند ساڵە دژوار بێت، نا، لە بەر ئەوەی پورە مەنیج ئیستا ببووە بەشێک لە مێژووی شار و دووهەم ئەوەیکە کێ دەیتوانی لە کاتێکدا رۆحەکان لەوێ بوون، بتوانن بچنە ژوورەوە و بیکوژن؟ لە هەر دوو حاڵەتدا کارەساتی لێ دەکەوتەوە. لە حاڵەتی یەکەمدا مێژووی شار دەکوژرا و لە حاڵەتی دووهەمدا بکوژ نەیدەتوانی لە دەستی رۆحەکان رزگاری بێ و، دەستبەجێ دەکوژرایەوە. تازە کێ چووزانێ، رەنگە رۆحەکان تەنیا بەمە رانەوەستانایە و بشیانکردایەتە سەر کەس و کاری بکوژەکەیش. ئیتر ئەمە کارەسات دەبوو،... کارەسات!

بەڵام کارەساتی سروشتی چییە! مرۆڤ کە بتوانێ ساڵی شۆڕش و ساڵی تۆپ و هاوەنەکان فەرامۆش بکا، بێگومان دەتوانێ کارەساتی سروشتیش فەرامۆش کا! بۆیە ئیستا خەڵک هەوڵدەدەن زۆر سەیری تەبیعەت نەکەن و تەنیا ئەوەندە کە زوو سێبەرێک پەیدا بکەن و دەستبکەن بە خۆباوەشێنکردن. بەخۆشییەوە ئەوەی زۆرە لەم دونیایەد سێبەرە و بگرە هەتا لاشدەکەیتەوە، زوو شەو دێت و ئیتر چ باشتر.

بەڵام دیسان خەڵک توڕەن، چونکە لەناو هەموواندا تەنیا پورە مەنیجە خۆی باوەشێن ناکا و لە پشت پەنجەرەکەیەوە قیت قیت دانیشتووە و، زەق زەق لە دەرەوە دەڕوانێ. ئەو نە ئارەق دەکاتەوە و، نە ئاوی زیادیش مەسرەف دەکا. هەمیشەیش ئاوی سارد و فێنکی هەیە و بۆ میوانە ژنەکانی دادەنێ. یەغانەکەی ساڵ بە ساڵ زیاتر سارد دەبێ.

***

ئەوەی کە کەس حەز ناکات رووبدات، سەرئەنجام روودەدات! چونکە مەنتقی 'ژیان' وەهایە، کە تا سەر بۆ کەس نامێنێ. ئاقیبەت رۆژێک پورە مەنیج کەوت. رێک لە پشت پەنجەرەکەدا لە سەر ئەو سەرینەی کە بۆ خۆی بۆ رۆژێکی وەهای ئامادەکردبوو، بەو لێفەیشەوە کە ئەوەندە ئەستوور بوو نەفەسی نەدەدا. پورێ راکشا و لێفەکەی بە خۆیدا دا. زانی ئاخریەتی. ئەو ساڵەی ئەو لە پشت پەنجەرەکەی بۆ مردن پاڵکەوت، ئەو نەوەیەی وا سەری سپی ببوو و نەیتوانیبوو خۆی چ وەک جەستە و چ وەک ئاواتەکانی بەرهەم بێنێتەوە، بۆ یەکەمجار سەرئەنجام ئەو پرسیارەی بە مێشکدا هاتبوو کە بەڕاستی پورە مەنیج قەت مێردی هەبووە؟ بەڵام بە داخەوە کەسی وەهایش لەو نەسڵە نەمابوو بتوانێ وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە. بۆیە دووای قسەو باسێکی زۆر هاتنە سەر ئەو رایە کە گەر مێردیشی هەبووبێ، ئەوەندەی بەسەردا تێپەڕیوە پورێ بۆخۆیشی لەبیری نەماوە، هه هە هە هە،... هە هە هە،... ئەوسا تا توانیبوویان بە دڵ پێکەنیبوون.

پورە مەنیج نازانێ چەندە دەخایەنێ تا گیان لە جەستەی دەردەچێ. هیوادارە زۆر ئازاری نەدا، وەک چۆن ئەو بۆخۆی دونیای ئازار نەدا و تەنیا هەوڵی دا زەق زەق لێی بڕوانێ و بەس. پورێ هەوڵدەدا بیر لە هیچ بیرەوەرییەک نەکاتەوە. بیرەوەرییەکان لای ئەو تەنیا شیاوی رابردوون. تەنانەت ناوەکەشیان ئەمە هاوار دەکەن. بۆیە هەوڵدەدات تا بتوانێ نیگای سارد و ساردتر بکات، ئەوەندە سارد کە دووا چرکەکانیش تەنیا بۆ رووانین بن و، بەس. ئەگەرچی سەری ناگاتە پەنجەرەکە.

 

رێک لەم کاتەدا رۆحەکە لە هەوێشقانە تاریکەکەوە دێتەوە دەرەوە و ئیزنی لێ دەخوازێ کە ئەمجارە بێڵێ و دانیشێ،... پڕ بەدڵی خۆی. داوا لە پورە مەنیج دەکا لێی توڕە نەبێ و دەستی لێ ڕانەوەشێنێ و، شتی بۆ فڕی نەدا. پورە مەنیجیش وا دەکا. رۆحەکە لە ساڵانی سەردەمی گەنجیەتی خۆی ناچێ و ریشێکی سپی هەموو سیمای داپۆشیوە. روخساری پڕی چرچە. پورە مەنیج ئەگەرچی لێی توڕەیە، لەوەی کە ساڵانی ساڵ لەمەوبەر زۆر زوو و زۆر ناجومێرانە جێی هێشتبوو و رۆیشتبوو، بەڵام ئیستا لەوەی کە بۆخۆیشی جێی دێڵێ، دڵی بۆی دەسووتێ. رۆحەکە دەست بۆ سیمای ژنە پیرەکەی دەبا و دەڵێ ببورە لە ساڵی شۆرش و ساڵی شەڕەکە و وشکە ساڵییەکان نەمتوانی هیچت بۆ بکەم،... بمبورە! بەڵام پورێ هیچی لەدڵدا نیە. پورێ تەنیا بیر لەوەدەکاتەوە کە داخۆ دووای خۆی چی بە سەر ئەو مێردەیدا دێ کە ساڵانی ساڵە جگە لەم خانووە هیچ شوێنێکی تری نەبینیوە،... هیچ شوێنێکی تر!