چیرۆک

سەرۆک خەو دەبینێ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لەناو پەنجەرەکەی گووگل دا نووسی "دیتنی پیاو لەناو تاریکیدا". کۆمەڵێک لینک هات. چاوێکی بەسەردا خشاندن. ئەگەرچی هەندێ لەو وشانەی نووسیبوونی لەناو لینکەکاندا هەبوون، بەڵام رستەکە بە تەواوەتی نەهاتبوو. گووگل شتی تری دەهێنا. 

 

 

سەرۆک خەو دەبینێ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەرۆک کتوپڕ لەخەو رادەچڵەکێ. لە تاریکیی شەودا بەدڵەخورپەوە سەیری دەورووبەری دەکا. منداڵ خەوتوون. ژوورەکە هەروا نوقمی تاریکی و رەنگی رەشی نیوەشەوە. بەپەلە دەست بۆ دەمانچەکەی دەبا کە لە پشت سەرییەوە لەژێر سەرینەکەیدایە. ئەوسا لە سەر کەلەکە لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوە دەکا. نا، لە رووناکایی بەئاستەمی دەرەوە هیچ کەسێک لەحەوشەکەدا نابینرێ. دونیا ئارام ئارامە، بە بێ هیچ دەنگ و جوڵە و مەترسییەک. بەڵام ئەو، ئەوی رێک لەناو حەوشەکەدا بینیبوو. پەیکەرێکی رەشی وەستاوی بێ جوڵە، کە زەق زەق بە چاوە تاریکەکانی لە ژوورەکەی دەڕوانی. ئەو نیگاکانی بە بێ چاوەکانی بینیبوو. پەیکەرەکە خاوەنی نیگاترین نیگای جیهان بوو. سەرۆک ئارام رادەبێ و لەسەرەخۆ لە پەنجەرەکە نزیک دەکەوێتەوە. نا، کەس لەوێ لە حەوشەکە نیە. ئەوجا سەرۆک تێدەگا خەوی بینیوە، خەوێکی ترسناک. لە کاتێکدا بە بەری دەستی ئارەقەی ساردی ناوچاوانی دەسڕێتەوە، رقی لە خۆی دەبێتەوە. نا، نابێ خەوی وا ببینێ. تەنانەت پێشی سەیرە، ئەمە یەکەم جارە لە ژیانیدا خەوی ئاوا ترسناک بەرۆکی پێدەگرێ. نازانێ چۆنی لێک بداتەوە. ئاخر ئەوێک کە سەرتاسەری ژیانی لە مەترسیدا ژیاوە و بە دەیان جێی گۆڕیوە و لە دەیان و سەدان مەترسیی ترسناک رزگاری بووە، بۆ تاقە جارێکیش بێت خەوی ئاوای بەخۆیەوە نەبینیبوو. لادەکاتەوە و سەیری منداڵ دەکا. ئەوسا هەوەسی چوونە حەوشە دایدەگرێ. دەست دەبا بۆ دەسگیرەی دەرگاکە، بەڵام دەستی دەگەڕێتەوە. ترسێک لە سەر پەنجەکانییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو دڵ و بۆ ناو مێشکی. ئەوەندەی تر پەست دەبێ. بەڵام بێسوودە، دەستی دەرگاکە ناکاتەوە. دەڵێی دەستی کەسێکی ترە و لە شوێنێکی ترەوە فرمانی پێدەدرێ. شتێکی نهێنی پێی دەڵێ نەکا خەوەکە راست بێت و هێشتا پەیکەرەکە لە شوێنێکی حەوشەکە خۆی حەشاردابێ. پشتاوپشت دەگەڕێتەوە سەرجێگاکەی. دوژمن غەددارە! دەنگی هەناسەی منداڵ ژوورەکەی تەنیوە. دیوارە تاریکەکان هێشتا لەچاوشارکێدان. بە دەستەکەی تری دەستێ بە سەر لوولەی دەمانچەکەیدا دێنێ و لە دڵەوە سوپاسی هەبوونی دەکا. ئەوسا ئارام دەخزێتەوە ناو جێگاکەی. پەتووەکە تا سەر برۆکانی هەڵدەکێشێ ولەسەر شان رووەو پەنجەرەکە پاڵدەکەوێ. هەوڵ دەدا لە رێگای ئەو رووناکاییەوە ژوورەکە کۆنتڕۆڵ بکا کە لە پەتووەکەوە لە سەر برۆکانییەوە بە ئاستەم خۆ بە ژێر بەتانییەکەدا دەکا. سەرۆک دەزانێ کە هەموو پەیکەرێک خاوەنی سێبەرە و، هەر ئەم سێبەرە لەقاوی دەدا. کتوپڕ دێتەوە بیری کە قەراوڵەکانیش لەدەرەوەن، بە دەوری خانووەکەیەوە. ئەوسا ئارام دەبێتەوە. نا، بێگومان ئەمە تەنیا خەونە و بەس. ئاساییشە پیاو بۆ ماوەیەک هەروا لە ژێر کاریگەریدا بمێنێتەوە. ئا، ئاساییە، جا هەر کەسێکیش بیت. بەدەم ئەم بیر و خەیاڵانەوە، سەرۆک دیسان خەوی لێدەکەوێتەوە. کاتژمێرەکە بە سەر دیوارە تاریکەکەوە سەعاتی چوارو نیوی دەمەوبەیان پیشان دەدا.

بۆ سبەی لە ژووری کارەکەی وەک هەمیشە کار زۆرە. رۆژنامەکان بەسەردەکاتەوە، وەڵامی نامەکان دەداتەوە، هەندێ میوان و هاوڕێ بەڕێدەکا و سەرئەنجام وەک هەمیشە وتارێکیش دەنووسێ. وتارێک لە سەر دوژمنی غەددار. ئەو دوژمنەی کە لەپاش تێپەڕینی چل ساڵ هێشتا نەک تەنیا هیچ نەرمییەکی نەنواندووە، بگرە لە جارانیش رەقترە. لە جاران دڵنیاتر. 'ئای دوژمن!' بەڵام لە تەواوی ئەو ماوەیەدا سەرۆک دڵێکی هەر لای خەوەکەی دوێ شەوی بوو. بەرۆکی بەرنەدەدا. نە رۆشنایی رۆژ و نە دەنگی هاتوچۆی هاوڕێیان و نە دەنگی وڕەی ماشینەکان، یارمەتییان نەدەدا. تەنانەت چەند جارێک هەستایە سەرپێ و دەستەکانی لە پشت کەمەری گرێ دان و سینگی راست کردەوە و بە ناوچاوگرژی (وەک هەمیشە) لە بەرامبەری خۆی لە دیوارەکە و تەنانەت لەو دیوی پەنجەرەکەیشی رووانی. بگرە جارێکیشیان بە دەنگێکی بەرزتر لەجاران لە گەڵ چایچییەکە قسەیشی کرد، بەڵام هیچی ئەمانە یارمەتی نەدا. نائومێدانە لەسەر کورسییەکەی دانیشتەوە و شانی دادا. 'باشە ئەو خەوە چی بوو؟'

ساڵانی ساڵ لە دوژمن نەترسابوو، قەت قەت. بگرە 'رقی پیرۆز' رۆژبەڕۆژ زیاتر تێیدا گڕی سەندبوو، وەها کە ورە ببوو بە هاوڕێیەکی هەمیشەیی و رۆژانەی، بەڵام،... ئەو خەوە دۆخەکەی گۆڕیبوو. باشە بچێ بۆ لای کەسێک خەوەکەی بۆ لێکبداتەوە؟ دەیزانی زۆر کەس ئەم کارە دەکەن. بەڵام ئەم بیرەی بە راوەشاندنی دەستەکانی لەخۆی دوورخستەوە. ئەو نابێ بە هیچ شێوەیەک ئەم کارە بکا. حەیای خۆی و شۆڕش و نەتەوەیەک دەبا. ئەها! بە خۆشییەوە ئینتەرنێت هەیە. ئا، ئینتەرنێت و کۆمپیوتر! بە پەلە چووەوە پشت مێزەکەی. باشە بۆ زووتر ئەم بیرەی نەکردبووەوە. رقی لە گەمژەیی خۆی دەبووەوە. بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو هەستایەوە سەرپێ. بەپەلە چوو پەردەکەی دادایەوە. نا، نابێ کەس بیبینێ. هاوڕێی جگەرەکێش زۆرن و بەوێدا تێدەپەڕن. ژوورەکە کەمێک تاریک داگەڕا. بەڵام چاو خێرا عادەتی گرت. هاوین وایە. لە دەروونەوە سوپاسی بیلبیلەکانی خۆی کرد کە سەرەڕای هەڵکشانی تەمەن هەروا خێرا وەڵامی دۆخی نوێیان دەدایەوە. بە تاریکی زوو دەکرانەوە و بە رووناکی زوو خۆیان کۆدەکردەوە. گووگلی کردەوە. حەک کە رقی لە خاویی ئینتەرنێتە! بە تایبەت ئەمڕۆ، بەڵام چاری نیە. دەبێ سەبری هەبێ. وەک چۆن چل ساڵە سەبری گرتووە.

لەناو پەنجەرەکەی گووگل دا نووسی "دیتنی پیاو لەناو تاریکیدا". کۆمەڵێک لینک هات. چاوێکی بەسەردا خشاندن. ئەگەرچی هەندێ لەو وشانەی نووسیبوونی لەناو لینکەکاندا هەبوون، بەڵام رستەکە بە تەواوەتی نەهاتبوو. گووگل شتی تری دەهێنا. بۆ وێنە 'لێکدانەوەی تاریکی لە خەودا'. یەکیانی کلیک کرد و، خوێندیەوە. سەرەتا هەر هەموو پەرەگرافەکەی پێکەوە خوێندەوە، ئەوسا دووهەم جار لەسەر هەر رستەیەک رادەوەستا و بیری لێدەکردەوە.

"ئێمە نازانین لە دەروونی تاریکیدا چی هەیە، هەربۆیە هەندێ جار لە تاریکی دەترسین و ناوێرین بچینە ناویەوە. لە خەویشدا نەزانی و گومڕاهی و گوێنەدانەکانمان (غفڵەت) بە شێوازی تاریکی خۆیان دەنوێننەوە. ئەگەر لەخەودا بینیمان لە شوێنی روونەوە دەگەینە شوێنی تاریک، ئەوا لە کارەکانماندا دووچاری دڕدۆنگی دەبین و کارێکی نەزانانە دەکەین، بەڵام ئەگەر لە تاریکییەوە هاتینە دەر ئەوا لێکدانەوەیەکی باشی هەیە. ئەگەر لە تاریکی هاتیتە دەر و چوویتە ناو رۆشناییەوە ئەوا بە گشتی دۆخت باش دەبێ و 'تاریکیی نەزانی' جێ دێڵی...،... ئەگەر کەسێک لە تاریکی دا بوو و تۆ ناتوانی بیبینی بەڵام دەنگی دەبیستی، ئەوا مانای ئەوەیە کەسێکی سەرلێشێواو و رێگا لێ ونبوو داوای یارمەتیت لێدەکا...،... ."

'نەزانی و گومڕاهی بە شێوازی تاریکی لە خەودا خۆ دەنوێننەوە.' ئەم رستەیە دایدەچڵەکاند. یانی چی، لە دووای ئەو هەموو ساڵە و ئەو هەموو ماندووبوون و بەدبەختی و زەحمەت کێشانە ئیستا خەوێک ببینی کە پێت بڵێ هەموو شتێ هەڵە بوو!... نەزانی و گومڕاهی بوو! مشتێکی بە مێزەکەدا کێشا. کاغەز و قەڵەمەکانی بەردەمی لەترسانا هەڵیانخستەوە. چاوی خستەوە سەر دەقەکە. لە هەموو رستەکاندا زیاتر لەئەوانی تر رستەی کەسەکە بوو سەرنجی رادەکێشا: "ئەگەر کەسێک لە تاریکی دا بوو و تۆ نەتوانی بیبینی بەڵام دەنگی ببیستی، ئەوا..." سەری هەڵبڕی. ئەو، کەسەکەی بینیبوو، بەڵام دەنگی نەبیستبوو. ئەی کەواتە تەعبیرەکەی چ دەبوو؟ دەستی خستە ژێر چەناگەی و بیری کردەوە. ئەها! کەواتە چونکە دەنگەکەی نەبیستبوو ئیتر بەو مانایەیە کەسێکە رێگای لێ ون نەبووە و، بۆیە داوای یارمەتی لێ ناکا. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەو کەسە چی دەوێ، بۆ لەوێیە و بۆ بە بێدەنگی لەو لە سەرۆکی دەڕوانی؟ ئەویش بەو نیوەشەوە؟

دیسان دەچێتەوە ناو گووگل. زۆر شوێنی بەسەرکردەوە. شتێکی وای دەست نەکەوت. هەستایەوە سەرپێ و پەردەکەی لادا و لەدەرەوەی رووانی. داوای چاییەکی کرد و جگەرەیەکی داگیرساند. داخۆ بچێ بۆ لای ئەو پیرێژنە بەناوبانگەی وا دەیانگوت وەستای لێکدانەوەی خەونە؟ دیسان بە راوەشاندنی دەست بیرەکەی لەخۆی دوورکردەوە. نا، نابێ شتی وابکا. سەرۆکەکان خۆیان نادەنە دەستی هەست و بیرە بێ بنەما و بێ سەرەوبەرەکان. ئەوان تەنیا وەڵامی ئەقڵ دەدەنەوە. ئەم بیرە سینگی پێ راستکردەوە. ئا، ئەقڵ! چەند وشەیەکەی پڕمانا و خۆش ئاهەنگ! بزەیەک نیشتە سەر لێوەکانی. چ گەمژەیە واخۆی دابووە دەست خەیاڵە بێ ماناکان، خەیاڵە پڕوپووچەکان. ئەو تەنیا پێویستی بە کات هەبوو بۆ ئەوەی لەم گێژاوە مەسخەرەیە رزگاری ببێ. هەتا کاتیش زیاتر تێدەپەڕی، هەستی بە ئارامشێکی زۆرتر دەکرد. دەستی بردەوە ئەو رۆژنامەیەی هەڵگرت کە وتارێکی تێدا بە نیوەناچڵی بەجێ هێشتبوو. درێژەی نەدا. لاپەڕەیەکی هەڵدایەوە و گەیشتە بەشی ئەدەب و هونەر. ئەو کە زۆر هۆگری ئەدەب و هونەر نەبوو، وەک هەمیشە لە کاتێکدا رۆژنامەکەی بە دەستەوە بوو هەوڵیدا بە زمان پەنجە گەورەکەی تەڕبکا بۆ هەڵدانەوەیەکی خێرای تر، کە کتوپڕ سەردێڕێک سەرنجی راکێشا "سێبەرێک لە ناو تاریکیدا". بە پەلە راوەستا و بۆ یەکەم جار لە بەشی ئەدەب و هونەر وردبووەوە. چیرۆک بوو. چیرۆکێک لە سێ ستووندا. خوێندیەوە. مرۆڤێک رێگای دەکەوێتە تاریکی و بۆ هەمیشەیش لەناویدا دەمێنێتەوە. هەوڵێکی زۆردەدا بۆ ئەوەی لێی دەرباز بێ، بەڵام هەرچی هەوڵدەدا بێسوودە. تا وای لێدێ کە بۆ خۆیشی دەبێ بە سێبەر، بە بەشێک لە تاریکی. ئەوسا چونکە تاریکی بەشێکی ژیان و 'بوون'ە و بەردەوام پاڵی بە رووناکاییەکانەوەیە، ئەوا مرۆڤەکە زۆر جاران لە ناو تاریکیدا رادەوەستێ و سەیری دەرەوەی خۆی سەیری رووناکاییەکان دەکا! سەرۆک کە لە خوێندنەوەی دەبێتەوە، دادەچڵەکێ. نەکا مرۆڤی ئەم چیرۆکە بێت دوێ شەو هاتبووە خەوییەوە؟ رۆژنامەکە دادەنێ و بە تووڕییەوە رادەبێ و دەست دەکا بە قەدەم لێدان لە ژوورەکەدا. هەست دەکا پەیوەندییەک لەنێوان خەوەکە و ئەم چیرۆکەدا هەیە. نا، ئەمە بە رێکەوت نەبووە. ئەمانە هەمووی ئاماژەن بە شتێک. بەڵام چی؟... کام شت؟ ئەو مرۆڤە کێیە؟... لە کوێوە هاتووە؟ کێ ئەمەی رێک خستووە؟

نەکا ئەم چیرۆکە تەعبیری خەوەکەی ئەو بێ؟ لێکدانەوە و تەعبیرێکی بە هەڵکەوت. کەسێک کە بووە بەو رێگایەی وا پێیدا دەڕۆیشت، رێگایەک بێ ئامانج، بە بێ شوێنێک بۆ ئەوەی بیگەیتێ، رێگایەک کە خۆی لەخۆیدا بووە بە ئامانج. ئەمە خراپترین و کارەساتبارترین جۆری هەبوونە. بەم بیرە ئەوەندە خەمگین دەبێ کە لە گۆشەیەکی ژوورە تەنیاکەی هەڵدەتروشکێت و دەستەکانی لەناو یەکتردا گرێدەدا و لە عەرزەکەی بەردەمی رادەمێنێ. چەند؟ کەس نازانێ. بیر لە چڵ ساڵی رابردوو دەکاتەوە. ئەو چڵ ساڵەی وا سات بە ساتی چاوەڕوانی روودانی رووداوە گەورە ببوو و هەر ئەمەیشی لەهەموو رۆژنامە و رادیۆ و کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکاندا گوتبووەوە و دووپات و چەندپاتی کردبووەوە. ئەو چل ساڵەی دەڵێی ساڵێکن، ساتێکن. نەکا سێبەرەکە، ساڵەکان بن، ئەو چل ساڵە؟ ئیستا چەند حەزدەکا سێبەرەکە لانیکەم لە خەوەکەیدا هاواری کردبا. ئاخر بەو مانایە دەبوو فریادڕەسێکی فریا دەکەوت، بەڵام هەموو شتێ هەر بێدەنگی بوو و بێدەنگی. ئەو بێدەنگییەی سەرۆک پێی وابوو لەم چل ساڵەدا بەردەوام شکاندبووی و پاشەکشەی پێکردبوو.

ئارام رادەبێ. سەیری سەعاتەکەی دەستی دەکا. کات درەنگە. شمەکەکانی کۆدەکاتەوە و بەرەو ماڵەوە دەبێتەوە. قەراوڵ و حیمایەکان ئەم لاو لای دەگرن. ئاسمانی ئێوارە ساماڵە. هەورەکان لە هیچ شوێنێ دیارنین. بۆنی خاک بە ئاستەم تێکەڵ بە تەڕییەکە. دەزانێ ئەو تەڕییە هی ئاوپژێنی هاوڕێیانە. دەیانەوێ یارمەتی ئێوارە بدەن بۆ ئەوەی زەوی زووتر سارد بێتەوە.

شەو لە هەمان شوێن ناخەوێتەوە. داوادەکا جێگاکەی بۆ بەرنە ژوورەکەی پشتەوە. ژنەکەی دەڵێ ئەوێ گەرمە. سەرۆک دەڵێ قەت بەقەدەر ئەمساڵ حەزی بە گەرما و بە ئارەق کردنەوەی ناو جێگا نەبووە! دەڵێ هیچ شتێک بە قەدەر ئارەقکردنەوە بۆ جەستەی مرۆڤی بەتەمەنداچوو باش نیە، سەلامەتی دێنێ.

جێگاکەی لەوێ لە ژوورەکەی پشتەوە بۆ رادەخەن. لەوێ یەک تاقە پەنجەرەی تیایە کە ئەویش بەرزە و تەنیا ئاسمانی پڕ لە ئەستێرەی شەوانی لێوە دیارە. بزەیەکی دێتێ و لەبەرخۆیەوە دەڵێ تا ئیستا هیچ سێبەرێکیش لە ئاسمانی پڕ ئەستێرە نەبینراوە، ئەگەرچی چل ساڵیش بە سەر تەمەنیدا تێپەڕیبێ.

سەرۆک ئەو شەوە خەو نابینێتەوە، بەڵام سێىەرەکە دیسان دێتەوە و رێک لەناو حەوشەکەدا لەهەمان شوێن رادەوستێتەوە و بە نیگا بێ چاوەکانی لە ژوورەکان دەڕوانێتەوە. سەرۆک تا بەیانی پەیتا پەیتا خەبەری دبێتەوە و دەست دەبا پەرداخ پەرداخ لە دۆلکە ئاوەکەی پشت سەری دەخواتەوە. دۆلکەکە چوارو نیوی دەمەوبەیان تەواو دەبێ. هەموو جەستەی شەڵاڵی ئارەقە و ئاوە. مووە سپییەکانی سەر سینگی بەیەکتر و بە پێستیدا لکاون. هاڵاوێکی گەرم ژوورەکەی داپۆشیوە. هەناسەکێشان ئەگەرچی زەحمەتە، بەڵام بۆنی ناو ژوورەکە پێی دەڵێ ئەو لێرە تەنیایە،... تەنیای تەنیا، بە بێ هیچ سێبەرێکی پڕ نیگای بێ چاو.

بەیانی زوو بە دەنگی کەڵەشێری دراوسێکەیان خەبەری دەبێتەوە کە لێرە لەم ژوورەی پشتەوە دەنگی جوانتر دەبیسترێ. سەرۆک چاو هەڵدێنێ و لە ژێر پێڵوە هێشتا قورسەکانییەوە لەو رووناکاییە رادەمێنێ لە پەنجەرە گچکەکەی نزیک سەقفەکەوە خۆ بە ژوورێدا دەکا. لەو کاتەیدا بە دلێکی یەکجار خۆشەوە دەیەوێ سوپاسی ژیان بکا بۆ لەبیرکردنی ناخۆشترین رووداوی ژیانی، دەبینێ تیشکەکە لە وێنەی هەیکەلێک بە سەر سەقفەکەدا راکشاوە. سەرۆک دادەچڵەکێ. هەیکەلەکە چەند لە سێبەرەکە دەچێ. ئەو سێبەرە روونەی ئیستا زەق زەق بە چاوە تاریکەکانی لە ژوورەکە و لەوی دەڕوانی. نیگا بێ چاوەکان. پەیکەری خاوەنی نیگاترین نیگای جیهان.

لەو ساڵانەوە، ئیستا ئیتر بەشێک لە کاری سەرۆک سیرچ کردن لە گووگلدایە بۆ لێکدانەوەی خەوەکانی. هەموو جارێکیش سیرچ کردنی ئەو سێبەرەی هەر جارەی لە شوێنێکەوە و بە شێوازێک و کەچی بە هەمان نیگاوە دەردەکەوێ. سەرۆک ئیستا یەکێک لە شارەزاترین خەوناسەکانی ناوچەکەیە، ئەگەرچی کەس ناوێرێ بۆ لێکدانەوەی خەوەکانی رووی تێبکا!

  

 Bilderesultat for stress