چیرۆک

بڕیاری سەرۆک

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەنگی گۆرانی جاروبار گڤە گڤی بای دەدڕی و دەهاتە گوێ. گۆرانییەکە باسی چیا سەربەرزەکانی نیشتمانی دەکرد. ئەو چیا سەربەرزانەی ئەویان کاتی خۆی بەرەو ئێرە هێنابوو. ئەو کاتانەی ئەو نەیدەزانی کە جاری وایە دەبا بە بێ پێڵاو بەرگرییان لێبکا،... بە بێ پێڵاو.

 

 

بڕیاری سەرۆک

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هەواڵیان بە سەرۆک گەیاند کە ئەو نایەوێ لە گەڵ ماشینەکە بڕوات. وتیان دەڵێ پێڵاوەکانم دڕاون و پەنجەکانم وەک ماری دەشتە تۆزاوییەکە لە کونەکانەوە سەردەردەکێشن و بە زمانی وشکیان خۆڵەکەی بەردەمیان دەلێسنەوە. وتیان دەڵێ گەر جووتێ پێڵاوی تازە و نوێم بۆ بکڕن ئەوا چەک و رەختەکەم دەبەستم دەڕۆم، ئا، لاریم نیە و لە گەڵ ماشینەکە دەڕۆم، لە پشتەوە وەک هەمیشە سواردەبم و لەکاتێکدا بای گەرم و چزێنەری باشوور لە روومەتەکانم دەدا ئاگادارییان دەکەم، وەک هەمیشە،... ئاگام لێیان دەبێ. بەڵام،... بەڵام  پێش لە هەر شتێک جووتێ پێڵاوم دەوێ.

سەرۆک کە هێشتاکە سەری گەرم و قورسی خواردنەوەی دوێ شەوی لە گەڵ هاوڕێکانی بوو و هێشتا ناو دەمی تامێکی مزر و ناخۆشی پێدادەگەڕا و کزەی گەدەی ئازاری دەدا، وتی "پێی بڵێن ئەو پێڵاوانە بۆ شەش مانگ کڕاون، شەش مانگی رەبەق،... هێشتاکە سێ مانگیشی لێنەگوزەراوە. پێی بڵێن دەتوانێ ئەو پێڵاوانە لەبەرکا و چەکەکەی ببەستێ و بڕوات. گرینگ نیە پێڵاوەکانی دڕاون، گرینگ ئەوەیە مەئموریەتەکەی بەڕێوە ببات، بڵێن من ئەمرم دەرکەردووە،... ئەمر. بڵێن گەر نەڕوات ئەوا گەلەکەمان لە راپەڕاندنی ئەرکێکی یەکجار گرینگ دەبێتەوە. بۆخۆیشی باش دەزانێ ئەمە باش نیە." لە وەڵامی ئەم قسانەدا بە سەرۆکیان گوت کە ئەم کارەیان کردووە و هەموو ئەم قسانەیان پێگوتووە، بەڵام بێ سوود بووە. وتیان ئەو بە بێ پێڵاو ناچێ بۆ مەئموورییەت، یانی وتوویەتی ناتوانێ. سەرۆک پەرداخەکە ئاوەکەی بەردەمی هەڵگرت و قومێکی لێدا. بیستبووی ئاو دەردی گەدە ئارام دەکاتەوە. ئەو لە بەیانییەوە چەندین لێوانی خواردبووەوە بێ ئەوەی ئازارەکە پاشەکشە بکات. لە کاتێکدا خەیاڵێکی لە سەر ئاو و گەدە و ئازارەکە بوو، گوتی "پێی بڵێن کەیفی خۆیەتی، تا سێ مانگی تر خەبەرێک لە پێڵاوی نوێ نیە، ئەمە بڕیاری حیزبە. بڵێن دەتوانێ جووتێ پێڵاو لەوانی تر قەرزبکا، خۆ هەر هاوڕێ زۆرن. بڵێن یاخود دەتوانێ چەند جووت گۆرەوی لەسەر یەک لەپێ بکا. ئیدی وەک کەوشیان لێدێ و بەرد و خۆڵ و عەرزی گەرم قاچەکانی ناگەزن." لەوەڵامدا دیسان بە سەرۆکیان گوت کە ئەمەشیان پێگوتووە. بەڵام ئەو لە جوابدا گوتبووی کە گۆرەوییەکانیشی دڕاون، وتبووی جگە لەمە مەگەر چەند جووت گۆرەوی هەیە! هەیە و نیەتی تەنیا دوو جووتن کە هەردووکیان دڕاون، هەڵبەت سەرەڕای دڕاوییەکانیان دەتوانێ کەڵکیان لێ وەبگرێ. گۆرەوییەکان تەنیا لە پاژنەوە دڕابوون.

سەرۆک چاوەکانی لە پەرداخەکەی بەردەمی مۆڕکردەوە. "نەکا خەتای پەرداخەکە بێت!" دوێ شەو ئەو هەر بەم پەرداخە پێک لە دووای پێک هەڵیدابوو. هەر لەو پەنجەرەیەشەوە بوو شیشەکان بۆ ئەم دیو راگوێزرابوون. ژوورەکە هێشتا بۆ گۆشتی برژاوی دەدا. بیری قسەیەکی قۆڕی یەکێک لە هاوڕێکان کەوتەوە "ئەوە چییە، نیتە بۆی دەمری و کە هەیشتە پێوەی دەمری؟" هەموو شێتانە پێکەنیبوون. بزەیەکی ئازاراوی بە سەر لێوەکانیدا گەڕا. بێگومان گەر دەوری چۆڵ کەن حەتمەن دەچێ و پەرداخەکە دەگۆڕێ. قومێکی تری لە ئاوەکە دا، هەستایە سەرپێ و چووە نزیک پەنجەرەکە. چیمەنتۆی حەوشەکە لە بەر هەتاوی گەرمی ئەو رۆژەدا دەبرژا. چەندە رقی لە گەرمای ئەم وڵاتە بوو!

بیری کردەوە هەتیووەکەی نەدەناسی. یان رەنگە بینیبووی و ئیستاکە لەبیری نەمابوو. لای گرینگ نەبوو. یونیفۆڕمەکان گرنگ بوون نەک سیماکان. "هەموویان لە یەک دەچن، بە کەمێک جیاوازییەوە. ئەم کەمێک درێژتر، ئەویان کورتتر، یان لاوازتر و قەڵەوتر. باشە ئەمە کێیە وا ئەوەندە گیرە؟ بۆچی جوابی کەس ناداتەوە؟ بۆ ئەوەندە پێڵاوی لە مەئمووریەتەکەی لا گرینگترە؟ بۆ ئەوەندە پێڵاوی لە بڕیار و فرمانی حیزبەکەی لا گرینگترە؟" بیری کردەوە کە رەنگە باشترە داوای بکا، ئەوەی کە بیهێنن بۆ ئێرە و لە نزیکەوە سیمای ببینێ. سیمای نگریسی. دووای کەمێک گوتی:

ـ "چۆن کوڕێکە؟... مەبەستم ئەوەیە تەمەنی، روخساری و...، بە گشتی چۆن دەنوێنێ؟"

ـ "قوربان! بۆ خۆت چاکی دەناسی. دەموچاو خڕێکی باڵا مامناوەندی بە ریش و سمێڵێکی گووگرەوە، لاواز و چاو ورد. تا ئیستا چەند جار لە گەڵ خۆت بۆ ئەم لاو ئەو لا ناردراوە. زۆر زیرەک و وریایە. یانی بوو. بەڵام،... بەڵام کتوپڕ ئاوای لێهاتووە... ن..."

سەرۆک بیردەکاتەوە. هیچ نایەتەوە زەینی. بیر و بیر... کتوپڕ دەڵێ:

ـ "نەکا ئەحە بێ،... ها؟... نەکا؟"

ـ "قوربان خۆیەتی، چاکی بۆچووی!"

سەرۆک بیری کەوتەوە ئەحە دوێ شەو لێرە بووە، لە پشت پەنجەرەکە دانیشتبوو و خەریکی گۆشت برژاندن بووە. هەر ئەویش بوو بە سیمای منداڵانەیەوە جار و بارە بە شیشەکانەوە لە پشت پەنجەرەکەوە دەردەکەوت، وەک رۆحێک لە ناو تاریکایی بەرەو رووناکایی ناو ژوورەکە، ئەو رۆحەی بڵێسەی سەماکەری ئاورەکە جاری وابوو سوور و زەردی دەکرد. ئەم دیمەنە چەندین جار خۆبەخۆ سەرنجی سەرۆکی راکێشابوو.

ـ "کەواتە ئەحەیە؟... ئەحە!"

ـ "بەڵێ قوربان! خۆیەتی."

ـ "هەی سپڵە،... هەی سپڵە... !"

بۆ ماوەیەک سەرۆک لە ناو ژوورەکەدا هات و چوو. دەستی خستە ژێر چەناگەی و بیری کردەوە. چەند جارێکیش لە ژێر لێوەوە چەند وشەیەکی ناڕوونی درکاند. وشە و رستەکان لە مێشکیدا جەنجاڵیان سازکردبوو. بیری کردەوە کەواتە بێگومان جاروبار بە دزیشەوە بووبێ تامی گۆشتەکەی کردووە، جا بە دزییەوە بۆ! یەکێک لە هاوڕێیان نەک تەنیا چەند جارێ پێکی ویسکی دابووە دەستی ئەو و ئەوانی دیکەی دەوری ئاورەکە، بەڵکو پێشیانی گوتبوو لە گۆشتەکە بەشی خۆشیان ببرژێنن. ئەوانیش برژاندبوویان. بۆڵاندی "کەواتە ویسکی و گۆشت هاری کردووە،... ئەرێ گۆشت و ویسکی!" ئەوسا دەنگی هەڵبڕی و فرمانی دەرکرد.

ئەو رۆژە کاتێک ماشینەکە وەدەرکەوت، لە پشتییەوە تەنیا یەک چەکدار دەبینرا. چەکدارێک بە دوو جووت گۆرەوییەوە و بەو پێلاو دڕاوە ئادیداسانەوە کە ئیتر پەنجەکان نەیاندەتوانی وەک مار لێیەوە سەرەتاتکێ بکەن و خۆڵی بەردەمی خۆیان بلێسنەوە. ئەو مارانەی دەڵێی کفن کرابوون. ئەحە، کە هێشتا جەستەی دێشا و پەڵە سوورەکان بە لامل و پشت و قۆلییەوە مابوون، سەیری ناو سەیارەکەی کرد. شۆفیرەکە و بەرپرسەکە (کە جەستەی شەڵالی ئارەق بوو) قسەیان دەکرد و پێدەکەنین. ئەحە بە دەم رێگاوە ئەوەندەی بیری لە جوێنەکان دەکردەوە بیری لە ئازاری جەستەی نەدەکردەوە. با، پشکۆکانی لەشی فێنک دەکردەوە، بەڵام پشکۆکانی دەروونی گەش و گەشتر. دەنگی گۆرانی جاروبار گڤە گڤی بای دەدڕی و دەهاتە گوێ. گۆرانییەکە باسی چیا سەربەرزەکانی نیشتمانی دەکرد. ئەو چیا سەربەرزانەی ئەویان کاتی خۆی بەرەو ئێرە هێنابوو. ئەو کاتانەی ئەو نەیدەزانی کە جاری وایە دەبا بە بێ پێڵاو بەرگرییان لێبکا،... بە بێ پێڵاو.