شێعر و پەخشان

لە باسى سەفەر و گەڕانەوەدا

نەژاد عزیز سورمێ

ئاى سیدۆرى
چراى خەراباتان
فرمێسکەکانم چیان لێ هات؟
ئیتر چاوەڕوانى چی بم؟
دەرگام لێ دامەخە سیدۆرى گیان!

 

 

لە باسى سەفەر و گەڕانەوەدا

نەژاد عزیز سورمێ

 

(1)

سیدۆرى!          

چراى خەراباتان

دەرگام لێ دامەخە

ئەوە منم

دەستم لە کوانوواندا گێڕاوە

پەرۆشیم بە کاڕکى ڕنیوە

تەنیا باڵ

بەخشندە لە بەرامبەر ڕۆژپەڕدا

دڵڕوون لە ڕووى باى وادە

پیاڵەى بادەم بەنیوە نەکردبوو. سیدۆرى

گۆزەم بەسەردا بەربوونەوە

ڕەنگى نەخشەکانیانم لە دڵدا توانەوە...

کسپەى پەژموردەیی ، تەدارەکى ڕووخان بوون...

پیاڵەى بادەم بەنیوە نەکردبوو

لە نەشئەى سپێدە یان کردم

نەیانهێشت گڕوگاڵى هەتاو

بەسەر ڕوومەتى چیایانەوە ببینم.

(2)

سیدۆرى

دەرگام لێ دامەخە

بووم بە ئەشقیای دارستانان

کولافە، بەسۆز

چووم ڕەشەبام پۆشتەکرد

ڕووبارم ئاودان

بەڵام چ لەگەڵ جودایی ئازیزاندا دەکرێ سیدۆرى!

وەک دەمبینى ڕەنجبەخەسار

بە لێڕەوار و هەڵەتاندا

دڵ بێ ئامان ژێردا گەڕام

ئاى سیدۆرى

چراى خەراباتان

فرمێسکەکانم چیان لێ هات؟

ئیتر چاوەڕوانى چی بم؟

دەرگام لێ دامەخە سیدۆرى گیان!