هونەر بۆ خاک یان بۆ خەڵک

هونەر بۆ خاک یان بۆ خەڵک

لەو کاتەوەی قەیرانە جۆربەجۆرەکان هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، هەندێ لە هونەرمەندان باس لە قەیران لە بواری هونەریشدا دەکەن. ئەوا دەڵێن لە سەردەمی بەعس دا سەرەڕای دۆخی دژواری ژیان و داگیرکردنی کوردستان لە لایەن بەعسەوە، بەڵام هونەر بەگشتی بە تووش قەیرانەوە نەدەبوو و دەیتوانی کۆمەڵێک بەرهەمی شیاو و جێی پەسند بەرهەم بێنێت.

 

پێش ئەوەی بچێنە ناو باسەکەوە دەبێ ئاماژە بەوە بدەین کە لە نێوان قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان و هونەر پەیوەندیی راستەوخۆ نیە، واتە مەرج نیە قەیرانەکان بە شێوەی حەتمی کاریگەریی نگەتیڤ لە سەر هونەر و ئەدەب بە گشتی بەجێ بێڵن.

پرسیار ئەوەیە بۆچی لە سەردەمی بەعس دا هونەر نەچووە بازنەی قەیرانەوە و، بەڵام بۆچی ئیستا؟

بۆ دۆزینەوە وەڵامی ئەم پرسیارە دەتوانین ئاماژە بە چەند هۆکار و خاڵ بدەین:

ـ یەکەم ئەوەی کە لە سەردەمی بەعس دا خەڵکی برسی نەبوون، واتە پارەی ئەوەندە لە گیرفاندا هەبوو لە دووای کرینی نان، بەشی کرینی گۆڤار و کتێب و چوون بۆ شانۆیش بمێنێتەوە،

ـ هونەری ئەو کاتە تەنیا خۆی لە دژی بەعس پێناسە دەکرد، واتە لە فەزایەکی بەربەرەکانی لە گەڵ نەیاری دەرەکی دا خۆی دەبینییەوە، ئیستا کە ئەو نەیارە دەرەکییە بزر بووە و، ئیتر هونەر و ئەدەبیش خۆی لێ ون بووە. واتە ئەدەب و هونەر تەنیا لە بەربەرەکانێ لە گەڵ شتی دەرەکیدا دەیتوانی خۆی پێناسە بکا. ئەو، ئەمی دەنەخشاند،

ـ بەم مانایە چوارچێوەی گشتیی هونەر سەرەڕای بەرز و نزمییەکان، ئایدیۆلۆژیای ناسیونالیزم بووە (ناسیونالیزم هەمیشە ئایدیای خاک بووە؛ نەک خەڵک)،

بەڵام دیسان پرسیار ئەوەیە بۆچی هونەر و ئەدەب ئیستا لە بارودۆخی دژواری ژیانی خەڵک دا و لە کاتی گەندەڵی و هەژاری و نەگبەتی، ناتوانێ بە ئەرکی خۆی هەستێ؟ تۆ بڵێی بۆم ئەم هونەرە، خاک لە خەڵک پیرۆزتر بوو؟ تۆ بڵێی ئەم جۆرە هونەرە گەر دوژمنی لێ ون بێ، ئیتر بۆ خۆیشی بێ سەرو شوێن دەبێ؟!

کوردستان پێش ئەوەی بە خاکەکەوەی کوردستان بێت بە خەڵکەکەیەوە کوردستانە. گەڕانەوە بۆ گەل و وزە وەرگرتن لەوانەوە ئەو سەرچاوەیەیە ئەدەب و هونەر لە هەر هەل و مەرجێکدا سەرەڕای قەیرانەکان و دژوارییەکان دەتوانێ لە سەر پێ رابگرێ و بە زیندوویی بیهێڵێتەوە. مرۆڤ، خاڵی ناوەکیی هونەرە.

 

سایتی قەڵەم

٢١ یانواری ٢٠١٦