چیرۆک

شا رامسینیتوس و دزێک

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

کاتیک هەواڵی دزینی تەرمەکە بە گوێی شا گەیشتەوە، زۆر تووڕە و پەست بوو. حەزی دەکرد بە هەر نرخێک بۆی تەواو بێت، ئەو پیاوەی بگرێ کە ئەم فێڵ و تەڵەکانەی بەکار هێناوە و پەنای بردۆتە بەر کاری وا بێباکانە کە باوەڕ پێکردنی زەحمەتە. بۆیە رایگەیاند کچەکەی بەشوو ئەدا بە کەسێک کە باشترین چیرۆکی لە زیرەکی و بەدکرداری خۆی بۆ ئەم کچە بگێڕێتەوە. 

 

 

یونانی کۆن 3

هیرۆدۆتوس Herodotus                                                 

٤٨٤ ـ ٤٢٤پ.ز

هیرۆدۆتووس، باوکی مێژوو، وەک چیرۆک بێژێک بەناوبانگە. ئەو چیرۆکانەی ئەو لە مێژووەکەیدا هێناونی، بەشێکیان بە مەبەستی راڤە و روونکردنەوە بووە، و بەشەکەیتریان بۆخۆی حەزی کردوە بە نووسینیان. ئەم چیرۆکەی خوارەوە، بە باوەڕی پرۆفیسوور مـورایMurray  رەنگەسەرچاوەکەی هیندی بێت. بۆ یەکەمجاریشە ئێمە لە ئەدەبی یونانیدا کورتە چیرۆکێک دەبینین کە یەکپارچە و بێ وردەکارییە، هەر بەو شێوەی کە زۆر لە رخنەگرانی ئەمرۆکە ئارەزووی دەکەن.

ئەم دەقەی بەردەست، کە بەشیCXXI لە دووهەم کتێبی مێژووەکەی هیرۆدۆتوس لەخۆ دەگرێ، وەرگێڕانێکی باشە کە جۆرج راولینسۆنgeorge Rawlinson  کردوویە بە ئینگلیسی  و ساڵی ١٨٥٨ لە چاپ دراوە. سەرچاوەکەیشی ناو و نیشانی نییە.

                شا رامسینیتوس و دزێک

دەگێڕنەو شا رامسینیتوس سامانێکی وەها زۆری لە دراوی زیو هەبوو، کە هیچکام لە شازادە جێگرەکانی، نەک لەو زیاتر، بەڵکوو تەنانەت ئەوندەی ئەویشیان نەبوو. بۆ باشتر راگرتنی ئەم پارەیە شا بەتەمابوو خەزینەیەک لە بەردی تاشراو دروست بکا، کە لایەکی پاڵ بدا بە دیواری دەرەوەی کۆشکەکەیەوە. وەستای خانووساز، پلانێکی بۆ ئەم خەزێنەیە داڕشت. لە کاتی دروست کردندا وەستا بەردێکی وا دانا،  کەسێک یان دوان بتوانن بە ئاسانی لە دیوار بیهێننە دەر. دیوار تەواو بوو و گەنجینەی شا لەوێ ئەمبار کرا.

رۆژگارێک بەسەرچوو، وەستای خانوو نەخۆش کەوت؛ کە لە مردن نزیک بۆوە، دوو کوڕەکەی بانگ کرد و بۆی گێڕانەوە، لە دروست کردنی خەزێنەکەی شادا، چ فێڵێکی کردوە، ئەمجا پێی گوتن، لەبەر ئەوان ئەمکارەی کردوە، بۆ ئەوەی لە دەوڵەمەندی و تێروتەسەلیدا بژین.  دوایی سەبارەت بە شێوەی لابردنی بەردەکە ئامۆژگاری باشی کردن و ئەندازەی بەردەکەی پێڕاگەیاندن، پێیگوتن ئەم نهێنییە ئەبێ زۆر بە وریایی  لای خۆیان راگرن. چونکە لەو رێگەوە هەتاکوو ماون دەبنە چاودێری خەزێنەی شا. باوک مرد، کوڕەکانیش لە دەسپێکردنی کارەکەدا  خاوەخاویان نەکرد، شەو چونە کۆشکەکە، بەردەکەیان لە دیواری خانووەکەدا دۆزییەوە و بە هاسانی هێنایانە دەر، بڕە پارەیەکی باشیان لە خەزێنەکە هەڵگرت.

کاتێک شا سەری لە خەزێنە دا، زۆری لا سەیر بوو دراوی نێو هەندێ لە  کووپەکان کەم ببوونەوە، کێ دزیویەتی، نەیدەزانی، چونکە نیشان و مۆرەکان تەواو بوون، قفڵەکانی ژوورەکە ساغ و قایم مابوون. لەوەبەدواش هەر جارێک سەری خەزێنەکەی ئەدا، دەیبینی پارەیەکی زۆرتری لێ هەڵگیراوە. دزەکان لە دزیکردن نەدەوەستان و دزین لە خەزێنەکەش زۆر و زۆرتر دەبوو.

لە ئاکامدا شا بڕیاریدا چەند تەڵەیەک ساز بکرێ و لە لای کووپە خەزنەکانیەوە دابنرێن. تەڵە ساز کران، کاتێک دزەکان هەروەک جاران هاتنە لای خەزێنەکە، یەک لەوان لە کونەکەوە چووەژوور، یەکڕاست چوو بەلای کووپەکانەوە، لە ناکاو بە تەڵەیەکەوە بوو. کە زانی ئەو تازە پێوە بووە، یەکسەر بانگی لە براکەی کرد و پێیگوت کە چیی لێ بەسەر هاتووە و داوای لێکرد خێرا بێتە ژوور، سەری لێ وەکا، بۆ ئەوەی کاتێک لاشەکەی دۆزرایەوە، نەناسرێتەوە، چونکە ئەبێتە مایەی ماڵوێرانی بۆ هەردووکیان. دزەکەی تر بیری کردەوە، ئامۆژگارییەکی باشە، بۆیە رازی بوو بەکردنی؛ دوای ئەوەی سەری براکەی لێکردەوە، بەردەکەی خستەوە جیگاکەی خۆی، سەری براکەی لەگەڵ خۆیا بردەوە ماڵ.

کە رۆژبۆوە، شا هات بۆ خەزێنەکەی، زۆری لا سەیر بوو کە بینی لاشەی بێسەری دزەکە بە تەڵەکەوە بووە، کەچی ماڵەکە تەواوە و شوێنی هاتنە ژوور و چوونە دەریش لە هیج کوێ نابینرێ. لەم سەر لێ شێواوییەدا فەرمانی دا لاشەی پیاوە مردووەکە لە دەرەوەی دیواری کۆشکەکەی هەڵواسن و چەند کەسی بۆ چاودێری بەلایەوە دانا و پێیان گوترا، ئەگەر لەو نزیکانەوە کەسێکیان بینی دەگریا یان دەکڕووزایەوە بیگرن و بیهێنن بۆ لای. کاتێک دایکی بیستی لاشەی کورەکەیان لە بەرچاوان هەڵواسیوە، ئێش و ئازار تینی بۆ هێنا و بە کورەکەی تری گوت، نەخشەیەک بکێشێ یان رێگایەک بدۆزیتەوە بۆ هێنانەوەی تەرمی کوڕەکەی، هەڕەشەی کرد ئەگەر ئەمکارە نەکا، بۆ خۆی ئەچێتە لای شا و خەبەری لێ ئەدا.

کوڕەکەی هەرچیی کرد دایکی رازی بکا و جارێ راوەستێت، کەڵکی نەبوو. دایکی هەر زیاتر ناڕەحەتیی دەکرد. تاوەکوو سەرئەنجام ملیدا بە  داواکەی دایکی. بە شێوەی خوارەوەش پلانێکی داڕشت: چەند مەشکەی پڕکرد لە شەراب و باری چەند کەرێکی کرد و پێش خۆی دان تا هاتە لای ئەو کەسانەی چاودێریی لاشەی برا مردووەکەیان دەکرد. دوو یان سی مەشکەی  ـ کە بەملاولای کەرەکەدا شۆڕ ببوونەوە و ئەشلەقان ـ هێنا پێشەوە بۆلای خۆی و زارەکانی شل کردنەوە. شەراب لە زاری مەشکەکان دەڕژایە خوار، لەبەر ئەوە بە هەموو هیزی خۆی دەستی کرد بە هاتوهاوار و بەسەرخۆدا کێشان، وای نیشان دەدا نازانێ کام کەریان لە پێشدا وەگەڕێنێ.

پاسەوانەکان کە بینییان شەراب دەڕژێتە خوار، بە خۆشحاڵییەوە ویستیان لەو هەلەی کەڵک وەرگرن. هەموویان رایانکردە سەر رێگاکە هەر کامە دەفرێک یان شتێکی تر بەدەستەوە بۆ گرتنەوەی ئەو شەرابەی کە دەڕژایە خوار. کابرا وای دەنواند توورەیە و دەستی کرد بە جوێندانیان؛ گاردەکانیش هەوڵیان ئەدا دلخوشیی بدەنەوە، تا سەرئەنجام هێور بۆوە و هاتەوە سەرخۆ. کەرەکانی لادایە قەراخ ریگە و خۆی خەریک کرد بە چاککردنەوەی بارەکانی؛ هەر لەو کاتەشدا دەستیپێکرد بە قسە و دەمەتەقێ لەگەڵیاندا، یەک لەوان بە گاڵتە کردن هێنایە پێکەنین، بۆیە دانەیەک لە مەشکە شەرابەکانی وەک خەڵات پێبەخشین. ئەوانیش بڕیاریاندا دانیشن ودەستکەن بە خواردنەوە، داوایان لەویش کرد بمێنێتەوە و لەگەڵیان بخواتەوە. ئەویش بەمە رازی بوو و لەگەڵیان دانیشت.

کە خواردنەوە بەردەوام بوو، تێکەڵی و نیوانخۆشییان گەرم بوو، کابرای دز کوندەیەکی تری شەراب دانێ، ئەوانیش ئەوەندەیان خواردەوە كە مەستی شەراب گرتنی و کەوتنە وەنەوزدان و وردەوردە خەو بردنیەوە.  دز تا درەنگانێکی شەو چاوەروان مایەوە ، ئەوسا تەرمی براکەی داگرت و بۆ پەنگ لای راستی ریشی هەموو سەربازەکانی تاشی و بەجێی هێشتن. تەرمی براکەی خستە سەر کەرەکان و بردیە ماڵەوە بۆ دایکی. بەمجۆرە ئەو کارەی کە دایکی لێی دەخوازی بەجێی گەیاند.

کاتیک هەواڵی دزینی تەرمەکە، بە گوێی شا گەیشتەوە، زۆر تووڕە و پەست بوو. حەزی دەکرد بە هەر نرخێک بۆی تەواو بێت، ئەو پیاوەی بگرێ کە ئەم فێڵ و تەڵەکانەی بەکار هێناوە و پەنای بردۆتە بەر کاری وا بێباکانە کە باوەڕ پێکردنی زەحمەتە. بۆیە رایگەیاند کچەکەی بەشوو ئەدا بە کەسێک کە باشترین چیرۆکی لە زیرەکی و بەدکرداری خۆی بۆ ئەم کچە بگێڕێتەوە. ئەگەر هەر کەسێکیش لە وەڵامدا داستانی ئەم دزەی بۆ بگێڕێتەوە،  دەبوو بیگرێ و بەری نەدا.

کچەکە هەر وای کرد کە باوکی دەیویست، دزەکە لە مەبەستی شا تێگەیی، حەزی کرد لێرەشدا، لە زۆرزانی و لێهاتووییدا پێشیان کەوێتەوە. بۆیە ئەم پلانەی خوارەوەی داڕشت. تەرمی پیاوێکی تازەمردووی پەیدا کرد، قۆلێکی لە شانەوە لێکردەوە، خستییە ژێر جلەکانیەوە، دوایی چوو بۆلای كچەکەی شا. کاتێک کچەکە پرسیاری لێ کرد، هەر بەو جۆرەی لە کەسانیتریشی کردبوو، دزەکە وتی کە خراپترین کار کە لە ژیانمدا کردوومە، ئەوە بوو کە سەری براکەی خۆمم بڕی، ئەو کاتەی کە کەوتە نێو تەڵەی گەنجینەی ماڵی شاوە، زیرەکترین کاریشم ئەوە بوو کە، پاسەوانەکانیشم سەرخۆش کرد و تەرمی براکەمم بردەوە. دزەکە کە ئەم قسانەی دەکرد شازادە گرتی، بەڵام دز بە کەڵک وەرگرتن لە تاریکی، دەستی مردووەکەی دا بەدەست کچەکەوە، کچەکە وای دەزانی ئەوە دەستی دزەکەیە، توند توند گرتی؛ دزەکەش دەستەکەی کاتێک لە دەستی کچەکەدا بەجێهێشت کە لە درگاکەوە توانی هەڵبێ.

شا کە هەواڵی ئەم سەرکەوتنە تازەیەی پێگەیی سەری سووڕما لە زیرەکی و ئازایەتی ئەم کابرایە، تەتەری نارد بۆ هەموو شارەکانی وڵاتەکەی، جاڕی لێخۆشبوون لە دزە درا و بەڵێنی پاداشتێکی زۆریشی پێدرا، ئەگەر بێتوو خۆی بناسێنێ. دزەکە فەرمانی شای قبووڵ کرد و ئازایانە هاتە لای شا؛ ئەوسا، رامسینیتووس، وەک زیرەکترین مرۆڤ زۆری رێز لێگرت، کچەکەی خۆی لێ مارە کرد و گوتی: "میسرییەکان لە هەموو خەڵکی دنیا زیرەکترن و ئەم پیاوەش لە هەموو میسرییەکان زیرەکترە."