شێعر و پەخشان

ناوی تۆ له‌ سه‌ر دڵم، تاتۆ ده‌كه‌م


گۆران ره‌ئوف، ئه‌ڵوه‌ن حسه‌ینی

ناوی تۆ ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ ئاماری مێژوو

تا سه‌ده‌ی ئاده‌م                               

ناوی تۆ، له‌گه‌ڵ دیزاینی گشت كتێبه‌كاندا، 

هه‌مووجارێك داده‌ڕێژمه‌وه‌

ناوی تۆ، له‌ په‌راوێزی هه‌موو ئه‌فسانه‌كاندا نوێ ده‌كه‌مه‌وه‌

 

ناوی تۆ له‌ سه‌ر دڵم، تاتۆ ده‌كه‌م

تاتۆی ناوی تۆ، له‌سه‌ر دڵم هه‌ڵده‌كۆڵم!

 

گۆران ره‌ئوف، ئه‌ڵوه‌ن حسه‌ینی

1

ناوی تۆ، له‌ ئه‌دره‌سی منداڵیمدا ده‌سڕمه‌وه‌

ناوی تۆ، له‌ تابلۆی هه‌رزه‌كاریمدا ڕه‌شده‌كه‌مه‌وه‌

ناوی تۆ، له‌ قوڵایی نوسینه‌كانمدا 

به‌ بۆشایی ده‌هێڵمه‌وه‌

 

ناوی تۆ..

ناوی تۆ..

ناوی تۆ..

 

ناوی تۆ، چ جادوویه‌كه‌ لێمنابێته‌وه‌؟!

ناوی تۆ، چ كانزایه‌كه‌ تێكناشكێت؟!

ناوی تۆ، چ خۆرێكه‌ ئاوانابێت؟!

 

2

ناوی تۆ، ده‌ڕژێنمه‌ نێو گشت واژۆكانمه‌وه‌

ناوی تۆ، به‌ڕه‌نگی ئه‌و چایه‌ ده‌ینوسمه‌وه‌  

كه‌ له‌گه‌ڵ باوكم حه‌زمان لێیبوو 

ناوی تۆ، به‌لای چه‌پمدا هه‌ڵده‌واسم و

لای ڕاستمه‌وه‌ گوێ‌ له‌ ده‌نگی لێدانه‌كانی دڵت ده‌گرم

 

ناوی تۆ..

ناوی تۆ..

ناوی تۆ..

 

ناوی تۆ، چ مزگێنییه‌كه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ خۆشتر ده‌بێت؟!

ناوی تۆ، چ شه‌رابێكه‌ پێك به‌ پێك به‌هادارتر ده‌بێت؟!

ناوی تۆ، چ ده‌قێكه‌ تا دێت پیرۆزتر دبێت؟!

 

3

ناوی تۆ، له‌ دڵۆپی فرمێسكه‌ ڕژاوه‌كانم جیاده‌كه‌مه‌وه‌

ناوی تۆ، له‌ ته‌نیایی شه‌وانی دانیشتن له‌ژێر 

ڕووناكی مانگدا وه‌لاده‌نێم

ناوی تۆ، له‌ جانتای سه‌فه‌ره‌كانمدا 

ده‌رده‌هێنم

 

ناوی تۆ..

ناوی تۆ..

ناوی تۆ..

 

ناوی تۆ، چ ژیانێكه‌ نامرێت؟!

ناوی تۆ، چ فه‌رمانڕه‌وایه‌كه‌ 

داگیركارییه‌كانی بۆ دڵی من ته‌واونابێت؟!

ناوی تۆ چ تێكستێكه‌ ڕاڤه‌ ناكرێت؟!

 

4

ناوی تۆ ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ ئاماری مێژوو

تا سه‌ده‌ی ئاده‌م

ناوی تۆ، له‌گه‌ڵ دیزاینی گشت كتێبه‌كاندا، 

هه‌مووجارێك داده‌ڕێژمه‌وه‌

ناوی تۆ، له‌ په‌راوێزی هه‌موو ئه‌فسانه‌كاندا نوێ ده‌كه‌مه‌وه‌

 

ناوی تۆ..

ناوی تۆ..

ناوی تۆ..

 

ناوی تۆ، چ وشه‌یه‌كه‌ مه‌یخۆشانه‌ حونجه‌ ده‌كرێت؟!

ناوی تۆ، چ پێنوسێكه‌ تا دێت جوانتر ده‌نوسێت؟!

ناوی تۆ، چ پرسیارێكه‌ هه‌رجار قه‌شه‌نگتر 

دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌؟!

 

 

5

ناوی تۆ له‌ قوڵترین چركه‌ی یاده‌وه‌ری 

گۆرانییه‌كاندا تێكده‌شكێنم

ناوی تۆ له‌ تیانووسی یاداشته‌كاندا

به‌ لاستیكی خه‌ت كوژێنه‌وه‌، ده‌كوژێنمه‌وه‌

ناوی تۆ له‌ پشته‌وه‌ی ده‌رگای پۆله‌كانی 

خوێندنی سه‌ره‌تایی ده‌شارمه‌وه‌

 

 

ناوی تۆ..

ناوی تۆ..

ناوی تۆ..

 

ناوی تۆ چ په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌ ته‌ماشاكان لێی تێرنابن؟!

ناوی تۆ چ یاده‌وه‌رییه‌كه‌ تا دێت

یادناكردنه‌وه‌ی چێژدارتر ده‌بێت؟!

ناوی تۆ چ ساده‌ییه‌كه‌ سه‌ری له‌ تێگه‌یشتن تێكداوه‌؟!

 

6

ناوی تۆ، له‌سه‌ر دره‌خته‌ نوسراوه‌كان 

سه‌وزده‌كه‌مه‌وه‌

ناوی تۆ، له‌ لمی بیره‌وه‌ری كه‌ناری 

ده‌ریاكاندا تۆخ ده‌كه‌مه‌وه‌

ناوی تۆ، له‌ پێش هه‌موو هه‌واڵه‌ له‌ناكاوه‌كانی دنیادا، 

داده‌نێم

 

ناوی تۆ..

ناوی تۆ.. 

ناوی تۆ..

 

ناوی تۆ، چ ده‌نگێكه‌ هه‌وا له‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی بێزارنابێت؟!

ناوی تۆ، چ ڕه‌نگێكه‌ هیچ نیگاركێشێك وێنای بۆ ناكرێت؟!

ناوی تۆ، چ وه‌رزێكه‌ تێناپه‌ڕێت؟!

 

 

7

ناوی تۆ، له‌ گوڵه‌كانی ناو باخچه‌كه‌ ده‌ستێنمه‌وه‌

ناوی تۆ، له‌سه‌ر دڵم تاتۆ ده‌كه‌م

تاتۆی ناوی تۆ له‌سه‌ر دڵم، هه‌ڵده‌كۆڵم!

 

ناوی تۆ..

ناوی تۆ..

ناوی تۆ..

 

ناوی تۆ چ ساده‌ییه‌كه‌، سه‌ری له‌ هه‌موو تێگه‌یشتنه‌كان تێكداوه‌؟!

ناوی تۆ، چ خۆرێكه‌ هه‌رگیز ئاوانابێت؟!

ناوی تۆ چ تێكستێكه‌ بۆ ئه‌به‌د ڕاڤه‌ ناكرێت؟!