رۆمانتیستەکان و سروشت

رۆمانتیستەکان و سروشت

رۆمانتیستەکان وەک رەوتێکی ئەدەبی و هونەری و فەلسەفی بە شوێن سەردەمی رۆشەنگەریدا هاتن. واتە بیری رۆمانتیکی کاردانەوەیەک بوو لە بەرامبەر سەردەمی رۆشەنگەریدا کە هەموو شتێکی دەکردە "ئۆبیەکت"، بە واتایەکی تر "بەشتکردن"، وەها. دیاردەکانی دەورووبەر بە خودی مرۆڤیشەوە دەبوون بە بابەتی لێکۆڵینەوە لە فۆڕمی "شت"دا (کەسی لێکۆڵەریش پێگەی "سوبیەکت"ی وەردەگرت).

 

 لەم حاڵەتدا کاتێک دیاردەکان دەبن بە "شت" بە مانای ئەوەیە دەبن بە دیاردەیەکی بێ رۆح، سارد و سڕ و بێ کاردانەوە، بەتاڵ لە کەسایەتیی کاریگەر، وەها لە دووا پێناسەدا ئەوە مرۆڤە دەتوانێ بە سەریاندا زاڵ بێت و ئەم زاڵبوونە پێگەی بەرزتری لە چاو ئەواندا پێ دەبەخشی.

رۆمانتیکەکان لەبەرامبەر ئەم بە شتکردنەدا راوەستان و پێیان وابوو سروشت تەنیا "شت" نیە، بەڵکو خۆی لە خۆیدا خاوەن رۆح و کەسایەتی و پێگەیەکی خوداییە (لە مانای ئایدیالیستیدا) و، هەربۆیە ناکرێ تەنیا بە زمانی زانست و زمانی سەردەمی رۆشەنگەری بیناسین، بەڵکو دەبێ لە رێگای شێعراندنەوە تێی بگەین. سروشت شیعرە و بۆیە تەنیا شیعر دەتوانێ پێناسی بکا (شیعر نەک تەنیا وەک شیعر، بەڵکو وەک تەعبیری شیعری کە دەکرێ لە فۆڕمی شیعریشدا نەبێ).

سروشت ئێستاکە لە سەردەمی ئێمەدا لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدایە و لە راستیدا زیانێکی گەورەی پێگەیشتووە لە لایەن مرۆڤەوە. بە گوێرەی بۆچوونی رۆمانتیستەکان ئەم زیانە ئاکامی "بەشتکردنی" سروشتەوەیە لە لایەن مرۆڤەوە، واتە ئەوانەی هێشتا پابەندن بە بیروبۆچوونی سەردەمی رۆشەنگەری.

لای ئەوان تێکچوونی سروشت لە راستیدا تێکچوونی شێعراندن و کەسایەتی سەربەخۆی سروشتە، تێکچوونی راز و رەمزی "بوون"ە، تێکچوونی ئەو بەشەیە لەرۆحی ئێمەدا کە لە کاتی لێڕوانینی سروشتدا هەستی جوانی و بێکۆتایی و خواوەندی لە مانای گشتی خۆیدا لە دەروونماندا چێدەکا.

سایتی قەڵەم

 

١٤ ئۆکتۆبەری ٢٠١٥