چیرۆک

سەدام زیندوو دەبێتەوە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەدام کە باوەڕی نەدەکرد کوڕەکانی ئاوەها دووای ساڵانی ساڵ پێشوازی لێبکەن و بەم شێوەیە لە گەڵی بدوێن، بە پێوە کش و مات راوەستا. سەیری کوڕەکانی کرد کە ئیستاکە لە شەبەح و لە تارمایی دەچوون. بیری ئەو رۆژانە کەوتەوە عودەی چلۆن دەمانچەی دەبەست و چلۆن بە دەسکەکەی لە خەڵکی دەسرەواند. چاوەکانی پڕبوونەوە لە فرمێسک، ئەو فرمێسکانەی بە پێچەوانەی ساڵان چیدی نەیدەویست بیانشارێتەوە. چووە تەنیشت درەختێکی خورمای پیر، بە دەستێک خۆی پێدا شۆڕکردەوە.

 

سەدام زیندوو دەبێتەوە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەدام، نۆ ساڵ دووای لە سێدارەدانەکەی لە شەوێکی ئەنگوستەچاوی گۆڕستانەکەی تکریت بە قاقای پێکەنینی خۆی خەبەری بووەوە. ئەوەندە پێکەنی کە چاوە مردووەکانی پڕبوون لە فرمێسک. پێکەنینەکەی ئەوەندە بەرز و بەردەوام بوو، مردووەکانی تریشی بەخەبەرهێنا. پاش ماوەیەک لە گۆڕەکەی هات دەرەوە و لە سەر سەکۆکەی تەنیشتی دانیشت و شێتانە پەنجەی بۆ شتێکی نادیاری دەورووبەری خۆی رادەکێشا و،... هەر پێکەنی.

دووای نۆ ساڵ مردن، ئەوەی بەئاگای هێنایەوە قسەکانی کاتی خۆی بوو (پێش مردنی)، کە جاری وابوو بە گاڵتە و جاری وابوو بە راستی و جاری وایش بوو بۆ پرۆپاگەندا کردبوونی. بۆ وێنە ئەوەی کە دووای ئەو خوێن لاشە لە عێراقدا دەبا، یان رۆنی کوردی و بنێشتی کوردی بیستبوو، بەڵام دەوڵەتی کوردی نەبیستبوو، یان عێراق دەبێ بە لاشەیەک بە دەم گورگە دراوسێکانی دەورووبەرییەوە. دڵخۆش و سەرخۆش لە خەبەربوونەوەکەی، زانی کە قسەکانی راست هەڵگەڕاون بۆیە توانیبووی سنووری مەرگ ببەزێنێ و، جارێکی تر بێتەوە ناو ژیان،... ئەگەرچی بە مردوویی.

لە کاتێکدا ئارام ئارام پێکەنینەکانی نیشتنەوە، دەستی بە ملی خوێنین و شکاو و پێست و گۆشت هەڵدڕاوی خۆیدا هێنا. رۆژی لەسێدارەدانەکەی خۆی جوان لەبیربوو. بەڵام بێچارە جەللادەکان کە نەیاندەزانی رۆژێک، ئەگەرچی دووای سالانی ساڵ بەڵام هەر زیندوو دەبێتەوە،... زیندوودەبێتەوە بۆ ئەوەی خەڵک ئەوانەی وا رقیان لێی بوو ئەمجارە بە تێگەیشتنەوە بیرلەقسەکانی بکەنەوە و ئیتر بە پێچەوانەی جاران حیکمەت لە شێوازی دەسەڵاتدارییەکەی ئەودا بدۆزنەوە. ئەوەی کە دەیکوشت بۆ ئەوەی کوشتن تەنیا کاری ئەو بێت نەک هەموو کەس.

سەیری جەستەی خۆی کرد. سەیرە! دووای ئەو هەموو ساڵە دەڵیی دوێنێکە بوو هەڵیانواسی. تێکنەچووبوو. جەستەی هەر لە رۆژی دووای هەڵواسینەکە دەکا. ئەو ئەمەیشی بە حیکمەتێکی تر لێکدایەوە. ئەوەی کە هەنگاوێکە بۆ گەڕانەوەی یەکجارەکی و بۆ دروستکردنەوەی جاران. جارانی شیعر و گۆرانی و سەیران. ئەوەی کە ملی شکابوو و گەردنی برینی قوڵی تێکەوتبوو، گرینگ نەبوو، ملشکاوی و برین خۆش دەبنەوە، بەڵام ملی شکاو و برینداری نیشتمان خۆش نابنەوە. ئەم بیرە گەردنی پێ هەڵبڕی، ئەگەرچی لێی هاتە ژانێکی پیس.  

مردووەکان ئەوانەی وا خەبەریان بووەوە، هاتن و دەوریان لێدا. بە نیگا بەتاڵەکانیان و بەو جەستانەوە ریشاڵ ریشاڵ گۆشتیان لێ بەرببووەوە، یان بە نیوە ئێسک و بەو دەستانەوە دەسوڕانەوە بەڵام هیچیان بۆ پێ نەدەگیرا، لێی نزیک کەوتنەوە. دەنگ چیە لێیانەوە نەدەهات. بۆیە سەدام نەیدەزانی بە دیتنی ئەو خۆشحاڵن یا خەمین. لە هەلابیک و هەلهەلەکێشان خەبەرێک نەبوو. چاوی جوان بە ناویاندا گێڕا. کەسی نەدەناسییەوە. شەرتیش نەبوو بیانناسێ. نا، راوەستە! دەبا بیانناسێ. ئەمانە هەموویان خەڵکی تکریت بوون، لانیکەم زۆربەیان، شوێنی لە دایک بوونی خۆی. کتوپڕ دڵی وەها تەنگ بوو کە سەرتاپای جەستەی لێ هاتە ژانێکی سەیر. ئەوەی کە زەمەن تێدەپەڕێ و هەموو شتێ بەو شێوازە دەگۆڕدرێ، تەواو بێزار و خەمینی کرد. چ دەبوو ساڵەکان هەر هەمان ساڵەکانی سروودی سەدام زێڕە بایە! ئەو ساڵانەی وا کچە نەشمیل و ناسک و جوانەکان بە ئاستەم جەستەیان لە گەڵ ئاوازەکان دەبزواند و، بە بزەوە باسیان لە ئەبەدی بوونی رێبەرەکەیان دەکرد. چاوێکی تری بە ناو حەشیمەتە سەیرەکەی دەورووبەری خۆیدا گێڕا. ئەو نەسڵەی ئەو چی لێبەسەرهاتبوو؟ کەواتە ساڵەکان لەوێ بوون، وەک خۆیان،... وەک گۆڕان و لەناوچوون.

هەستایە سەرپێ. حەزی دەکرد وەک جاران نوتق و خیتابەیەک بۆ خەڵکەکە بدات. کە راست بووەوە، هەستی بە متمانەیەکی زیاتر کرد. باڵای بەرزی و سەکۆی راوەستانەکە ئەم متمانەیەیان پێدەبەخشی. وەک جاران قاچەکانی عەرزی دەگرت و وەک جاران دەیتوانی لەوێوە سەروگەردنێک کشاوەتر لە خەڵکەکەی دەورووبەری بێت. بەڵام، بەڵام پاسەوانەکانی کوان؟ کتوپڕ هەستی بە ترس و نائەمنییەکی سەیرکرد. نەکا تەقەی لێبکەن! نەکا خائینێک و نیشتمانفرۆشیک لە ناو حەشیمەتە مردووکەی دەوری پەیدا بێت و بە دەمانچەکەی گیانی مردووی بخاتەوە مەترسی. داماوانە چاوێکی بە دەورووبەریدا گێڕا. نا، پاسەوانەکان دیارنەبوون. باشە لە کوێ بوون؟ شەرتە گەر بیانبینێتەوە، دەزانێ چییان بەسەربێنێ. بەڵام نا،... راوەستە! مەگەر هەر ئەم ئەقڵە نەبوو ئەم بەڵایەی بە سەردا هێنا؟ دۆشداماو لە تێگەیشتنی ئەوەی چی راستە و چی ناڕاست، بە بێ ئەوەی گوێ بداتە تیرۆری جەستەی مردووی خۆی، رووی لە حەشیمەتەکە کردەوە و دەستی کرد بە نوتق کردن. ماوەیەک تێپەڕی، بەلام هەستی بە هیچ کاردانەوەیەک لە خەڵکەکەدا نەکرد. باشە بۆ؟ ئەوسا تێگەیشت دەنگی ناڕوا، وشەکانی نەدەڕۆیشتن و لە زاریدا خۆیان لە خۆیاندا تەواودەبوون و دەمردن. نا، شتی وانابێ. ترسێکی گەورەتر لە رۆژی ئیعدامەکە لە دەروونی بۆشیدا گەڕا. دەستی بە دەموچاویەوە گرت و دانیشتەوە. بیری جۆرج بۆش کەوتەوە. چەندە رقی لێی بوو. ئەو پیاوەی وا تەنیا بە هێز و هەڕەشە دەدوا. سەدام پێی وابوو ئەم جۆرە مرۆڤانەن دونیا تێکدەدەن. بیری تەمەنی خۆی کردەوە. بێگومان گەر جۆرج واینەکردایە، ئەوا لانیکەم دە بیست ساڵی تر دەیتوانی بژی. وڵاتی کوێت دەبوو بە پارێزگایەکی تری عێراق و ئەوسا تەواوی خەڵکی عێراق دەیانتوانی رۆژ تا ئێوارە لە قەراخەکانی کەنداوی عەرەبی (حەک کە رقی لە ناوی فارسی بوو)، دابنیشن، مەلە بکەن و خۆیان بەرهەتاوبدەن. نا، تێنەگەیشتن، کەس تێنەگەیشت. دەی با بخۆن!، ئەوە وەزعە ئیستا تێیدان؟ توخوا باشتر نەبوو لە کەنداودا مەلەکردن تا لە ناو خوێندا؟ ئەی کوردەکان بۆ ناڵێی. جارێکە من قەت تێنەگەیشتم بۆچی ئەوەندە حەزیان لە کڵاشینکۆفە،... یان بڕنو. گوناحن،... بە راستی گوناحن. بە هیچ شتێکیش رازی نەدەبوون و نین. بەخوا سەربەخۆییشیان هەبێ هەر ئەمە وەزعیانە. دووایی پێیان وایە سەربەخۆیی فریوی دوژمنە بۆ ئەوەی کوردەکانی خوراسانیان بە تەواوی لێ جیابکەنەوە! پەککوو لەم نەتەوەیە،... پەککوو! دەی ئێوەیش بخۆن! ئاواتان لێدێ. بزانە ژنیان دەوێرێ وەک جاران بە جل و بەرگی مۆدەوە بێتە دەر؟ تەماتە رزیو و هێلکە و پەتاتەی پیشاو خۆش بێت، دەبێ هەر لە ماڵەوە دابنیشن. دڵیشیان خۆشە ژنەکانیان دەبن بە پێشمەرگە، نازانن لە تاو هێلکە و پەتاتە و تەماتەیە! هەموویانم لە مەجموعانە کۆکردبووەوە، کاریان نەدەکرد و پارەی بەلاشم دەدانێ و کەچی دەیانگوت کوردستان ئەنفال کرا و کاول بوو. جا باشە تو خوا ئیستا کاول و ئەنفال کراوە، یان ئەو کات؟ جارێکە حیزبەکانیان هەر تێرناخۆن. کە شتێکیش دەبێ و زۆریان بۆ دێ، رێبەرەکانیان هاواردەکەن کاکە هەموو کوردین، کورد! من ئیستایش تێنەگەیشتم ئەم کوردبوونەی ئەوان وا مەبەستیانە، چی بوو. خۆ قەتیش نای بڕێننەوە. دەبخۆن دەی! ئەی کۆمۆنیستەکان بۆ ناڵەی. توخوا ئەو کاتەیان باش بوو یان ئیستا؟ ئیستا هەموویان لە ترسا بوون بە عەشیرە! لە ترسی شیعە و عەشیرە سوسیالیزمی چی و کۆمۆنیزمی چی، هەر باسی بکەن بە میز دەیانخنکێنن. لانیکەم ئەو کات کە من دەمکوشتن دەبوون بە شەهید و رێزێکیان هەبوو، ئیستا وەک سەگی گڵاو سەیریان دەکەن. دە بخۆن دەی،... هەلۆ رەفیق، هەلۆ! یان لە شیعەکان، کاکە ئەهلەن! لە چیتان کەم بوو؟ دیواری نێوان شیعە و سوننە لە بەغدا؟ دەک بخۆن دەی ئێوەیش! هەزار گروپتان لێ پەیدا بووە و کەستان کەستان ناخوێنێتەوە. حەزتان دەکرد ئەم ریش پانە چڵکنانە بێن و جڵەوتان بەدەستەوە بگرن؟ دەی ئەوە هاتن، بە خوا تازە ئێوەیش قەت خێر لە خۆتان نابینن، وەک نەتانبینی. بزانە ئیمام هەیە بتوانێ بۆمبێ بگێڕێنێتەوە، تەنیا من بووم دەمتوانی. ئیستا هەر رۆژەو بە تەقینەوە سەدانتان لێ دەکوژرێ و برینداردەبێ، دەک بخۆن! سەید جۆرج بۆشیش بۆی دەرچوو. پێتان وابوو عێراقتان بۆ دەکەن بە کەنارەکانی دەریای کالیفۆڕنیا. کوێربم، زوو بیرم لە بۆمبی ئەتۆم نەکردەوە. گەر دەمبا، بە خوا کەس نەیدەوێرا رووم تێبکا. ئاخ ئیسڕائیل،... ئاخ! چاکت بردەوە. نا، نا، ئاخ عەجەم، بە خوا چاکت بردەوە. ئەو سەگانەتان تێبەردام و ئیستایش بۆ خۆتان بۆی دەرچوون. بەڵام،... بەڵام راوەستن، ئەو رۆژە دێ. پێتان وایە لە کۆڵ ئێوە بوونەتەوە. ئەوە من دەیانناسم!

جەماعەتێک لە مردووەکان هاتن و بەسەر دەست و قاچی سەدام دا کەوتن. وەک بڵێی ماچیان دەکرد، بەڵام سەدام هەستی بە هیچ نەدەکرد. ئەوان وازیان نەدەهێنا. جوان لێیان وردبووەوە. نا، کەسی نەدەناسییەوە. بیری کردەوە گوناحی بۆمبەکانە، وەها جەستەیانی تێکداوە کە بێفایدەیە. کتوپڕ هەستایە سەرپێ و هاواری کرد لێی دووربکەونەوە. وتی لەو جۆرە خەڵکە وەڕەزە، لەوانەی وا ماچت دەکەن و بەڵام جێت دێڵن. وتی شیاوتان بوو، شیاو ئەوەی وا بەسەرتاندا هات. مردووەکان وەک بڵێی تێگەیشتبن، دوورکەوتنەوە. کە رۆیشتن هیچ جێ هەنگاوێکیان بە شوێن خۆیاندا بەجێ نەهێشت. سەدام سەیری جێ هەنگاوەکانی خۆی کرد، هی ئەویش وا بوو. دیسان چ ترسێکی سەیر رووی تێکردەوە.

هەستایە سەرپێ و رووی لە بەشێکی تری قەبرستانەکە کرد. بە هیوای دیتنەوەی ئاشنایەک. کتوپڕ چاوی بە دوو پەیکەری ئاشنای کون کون کەوت. لێیان نزیک کەوتەوە. عودەی و قوسەی لە سەر دوو قەبر دانیشتبوون و بێدەنگ لە بەردەمی خۆیان دەڕوانی. کەواتە کوڕەکانی لێرەن، ئەویان لە نزیک قەبری کوڕەکانی ناشتبوو. ئەمەی نەدەزانی. ئەگەرچی کاتی خۆی هەوڵیدابوو مەرگی ئەوان وەک مەرگی دوو سەرباز و دوو جەنگاوەر لێکبداتەوە، بەڵام قوڵپی گریانێکی بەسام بەربینگی پێگرت. ئارام لێیان نزیک کەوتەوە و بە گریانێکی سەیرەوە لە باوەشی گرتن. فرمێسکە مردووەکانی دڵۆپ دڵۆپ دەڕژانە سەر شان و باهۆی کوڕەکانی و لەوێوە بۆ سەر زەوی، بێ ئەوەی نە ئەوان و نە خاک تەڕ بکەن. یەکەم جار بوو لە ژیانیدا هەستی بە ئازاری مەرگی ئازیزان دەکرد. نەیدەزانی، بەڕاستی نەیدەزانی ئەوەندە ئازارێکی بەسۆیە! کوڕەکان کە بە سەرسوڕماوییەوە لە باوکیان دەڕوانی، بە بێ هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆ تەنیا راوەستان تا باوکیان لەو کردە سەیر و سەمەرەیەی تەواو بێ. ئەوسا قوسەی دەنگی هەڵبڕی و گوتی (بە پێچەوانەی مردووەکانی تر، یەکتریان دەبیست):

ـ "هەم عەمری خۆت کرد، هەم توانیت سێ ژن بێنی، هەم بە ئیشتیای خۆت دەسەڵاتداری کرد و هەم وەک پاڵەوانێک لە سەر شاشەی تەلەفزیۆن مردی! ئێمە چی، ها!... ئێمە چی؟ لە خانوویەکی پەرپووتدا لە کاتێکدا هەر خودی خاوەن خانووەکە راپۆرتی لێدابووین، بە تەقەی ئەو سەربازە ئەمریکیانەی کە پێمان وابوو ئەوەندەی پێناچێ دەریاندەکەین و دیسان خۆمان دەبینەوە بە خاوەن ماڵ کوژراین. ها!... لە بێدەنگیدا و لە کاتێکدا کەس ئاگای لێنەبوو..."

عودەی لێرەدا قسەی براکەی قۆستەوە:

ـ "بەشی ئێمەت تیا نەهێشتەوە، لانیکەم لەبەر ئێمەیش بایە دەبا لە گەڵیان بسازێی. مەگەر نەتدەزانی چەندە زۆڵن و چەندە بەهێزن،... ها، مەگەر نەتدەزانی؟ بیهێنە بەرچاوی خۆت چەندە خەونم بە رۆژەکانی دووای تۆوە دەبینی،... عێراقێک بەو سەروەت و سامانەوە بۆ من، بۆ ئێمە،... بەڵام ئیستا چی ماوە؟ ئێمە و ئەم گۆڕستانە و لاشەی کون کونمان. تازە بگرە نە کەسیش دەناسینەوە و، نە کەسیش دەمانناسێتەوە،... ئاخ،... ئاخ!... هەموو شتێ چەند زوو تەواو بوو،... چەند زوو!"

سەدام کە باوەڕی نەدەکرد کوڕەکانی ئاوەها دووای ساڵانی ساڵ پێشوازی لێبکەن و بەم شێوەیە لە گەڵی بدوێن، بە پێوە کش و مات راوەستا. سەیری کوڕەکانی کرد کە ئیستاکە لە شەبەح و لە تارمایی دەچوون. بیری ئەو رۆژانە کەوتەوە عودەی چلۆن دەمانچەی دەبەست و چلۆن بە دەسکەکەی لە خەڵکی دەسرەواند. چاوەکانی پڕبوونەوە لە فرمێسک، ئەو فرمێسکانەی کە بە پێچەوانەی ساڵان چیدی نەیدەویست بیانشارێتەوە. چووە تەنیشت درەختێکی خورمای پیر، بە دەستێک خۆی پێدا شۆڕکردەوە و ئەوسا گوتی:

ـ "نازانم دایکتان و کچەکان چییان لێ بەسەر هاتووە، لە هەر شوێنێک هەن خودا ئاگاداریان بێت،... هەروەها ئێوە دەزانن چەندە تاسەم کردوون؟... دەزانن؟ قەت نەمدەزانی منیش دەتوانم ئاوەها بم، وەک دایک و باوکی ئاسایی، پێم وابێ دەبێ مەمنونی قەبرستان و مردن بم، مەمنونی ئەوەی کە ساڵەکان دەگوزەرێن و گەر بتوانین دووای تێپەڕینیان بگەڕێینەوە ئەوا دەتوانین ببین بە مرۆڤێکی تر،...بەڵام،... بەڵام با بێینەوە سەر باسەکە. نازانم تا چەندە لە گۆڕەکانتاندا ئاگاتان لە دونیا و دەورووبەرتانە (لێرەدا بیری کەوتەوە ئەویش لە راستیدا ئاگادار نەبووە و تەنیا بە هۆی راستی و دروستیی قسەکانی کاتی خۆی، لە مەرگ خەبەری ببووەوە)، بەڵام،... بەڵام سەیرکەن عێراق لە ناو خوێن و شەڕ و نەگبەتی و ماڵوێرانیدا دەکوڵێ. خەڵک ئیستا بیرمان دەکەن،... دەزانم،... دەزانم داماوانە بیرمان دەکەن، چونکە ئێمە تازە مردووین، بەڵام گەر ئەوان بتوانن زیاتر لەوەی کە هەیە بیری ئێمە بکەن، ئێمە دەتوانین بە ساخی وەک جاران لە قەبرەکانمان بێینەوە دەرەوەو جڵەوی وڵات بە دەستەوە بگرینەوە و ئیتر خێر و خۆشییەکەی جاران بگەڕێنینەوە. تەنانەت ئەمجارە (لێرەدا ئیحساسات گرتی) خەڵکی بە راستی پێمان دەزانن، بەوەی کە تەنها ئێمە بە کەڵکیان دێین و بەس. ئەوسا بە دڵ و بە گیان شەڕمان بۆ دەکەن، ئەوسا چیمان پێ خۆش بێ بە راستی بێ ترس دەیکەین،... تەنیا ئەوەندە بەسە جوان چاوەکانتان هەڵبێنن،... سەیری دەورووبەرتان بکەن! سەیر و سەیر..."

عودەی و قوسەی سەیری یەکتریان کرد. عودەی کتوپڕ وەها توڕە بوو کە هەستایە سەرپێ. بە پەنجەی، ئاماژەی بە مردووەکان کرد و، گوتی:

ـ "گەڕانەوە؟!... تازە گەڕانەوەیەک نیە، گەر هەبێ تەنیا بۆ ناو ئەمانە هەیە (ئاماژەی بە مردووەکان کرد). وەک هەمیشە ناتەوێ باوەڕبکەی رۆژێک بۆ تۆیش هەموو شتێ تەواو دەبێ،... دەزانی هەر ئەمە بوو ئێمەی وا لێکرد. ئا، هەر ئەمە بوو."

نائومێدانە دەستی کرد بە گریانێکی مردووانە. قوسەی هەستا و دەستی خستە سەر شانە کون کونەکانی براکەی و بە دەنگێکی زۆر سارد داوای لە باوکی کرد بەجێیان بێڵێ. سەدام ناباوەرانە جێی هێشتن. رۆیشت و رۆیشت. کتوپڕ حەزی کرد وەک زاواکەی کە کاتی خۆی خیانەتی پێکردبوو، راسپێرێ و هەردووکیان بەر گولە و فیشک بدەن. باوەڕی نەدەکرد کورەکانی وەهایان بەسەر هاتبێ. بەڵام نا، ئەوان تازە بەر فیشەک کەوتبوون. بیری لە قسەکان کردەوە. رەنگە راست بکەن. ئەم قەت بە جوانی بیری لە داهاتووی کوڕەکانی نەکردبووەوە. بە تایبەت لەم دوواییانەدا ئەوەندە سەرقاڵ بوو کە هەر پێی نەدەکرا. چ باوکێکی خراپ بوو. هەستی تاوانێک ئارام ئارام لە نووکی پێیەوە بەرەو باڵای جەستەی هەڵکشا. بۆچی هەموو شتێکی فیدای سیاسەت و دەسەڵات کردبوو. نەدەکرا لە هەندێ شوێندا کەمێک جیای بکاتەوە؟ لای کردەوە. کوڕەکانی لە ناو تاریکایی شەودا دەکاڵانەوە. جەستەیان وەک سێبەری ناو شەویان لێهاتبوو. بیری سەردەمی منداڵیی هەردووکیان کەوتەوە. ئەو ساڵانەی وا هێشتا نەیاندەزانی باوکیان کێیە و، ئەوانیش قەرارە کێ بن.

بەرەو گۆڕەکەی خۆی رۆیشتەوە. بەڵام لە نیوەی رێگادا پەشیمان بووەوە. ئیستا کە دەرفەت رەخسابوو، دەبا بە جوانی کەڵکی لێ وەربگرێ. بیری لە هەموو ئەوانە کردەوە دوژمنی بوون و، رقیان لێی بوو. هەستی تۆڵەیەکی مردووانە لە دەروونیدا داگیرسا. هەر لەو کەسانەی پەتەکەیان خستە ملییەوە، تا قازی و ئەوەی راپۆرتی لێدا وهەتا جۆرج بوش. بیری ئەوەی ئیستا لە قەسر و کاخەکانی ئەودا پاڵیان لێدابووەوە و کەچی تا چەند ساڵ لەوە پێش ئەشکەوتیشیان پێ رەوانەدەبینرا، شێتی دەکرد. تفێکی مردووانەی رۆکرد. لەو تفانەی بۆنی دەمی ئیزڕائیل و بن باخەڵی شەیتان و ناوگەڵی فریشتەکانی دەدا. هەستی کرد لە نیوان سەر رووی زەوی و ژێر زەوی جیاوازییەکی وەها نیە. تاسەی مشک و جڕو جانەوەرەکانی ئەوێی کردەوە. جارێکی تر ژیانی خۆی بەسەرکردەوە. نا، هەڵەی وای تیا نەبوو. وا ژیابوو کە دەبا. دەسەڵاتداران دەبێ وا بژین! ژیان وەهایە،... ئەمە یاساکەیەتی. ئەوانەی دەیانەوێ لە پێشەوە بن، ئەرکیان زیاترە و هەربۆیە دەبێ ئیزنیشیان هەبێ زۆر شتی سەیرو سەمەرە بکەن،... بە بێ ئیزن و بە بێ روخسار. تاسەی بڕنوکەی خۆی دەکرد. حەزی دەکرد ئیستا لە باڵکۆنە بەناوبانگەکە بایە و بە سەر جەماوەری هەلهەلە لێدەردا فیشەک بەرەو ئاسمان و بەرەو رۆژئاوا بەڕێبکا. بە کڵاو شاپۆیەک بە سەریەوە. ئاخ کڵاو شاپۆکە! ئیستاکە لەکوێی؟ چت بەسەرهات؟ بێگومان لە مۆزە دایدەنێن. نا، جۆرج ناتوانێ فڕێی بداتە ناو زێرابەکانەوە، ئەو زێرابانەی سەربازە داگیرکەرەکانی گوویان تێدەکرد. جۆرج سەرەڕای هەر شتێک، پیاوێکی شارستانییە. رۆژئاواییەکان هەموو شتێکی ناو مێژوو هەڵدەگرن، تەنانەت هی هەرە خراپترینەکانیش. ئای لە رۆژئاواییەکان! لێرەدا سەدام خەمێکی قورس دایگرت. بیری کەوتەوە چ فێڵێکیان لێکرد. سەرەتا وتیان بڕۆ کوێت بگرە و، ئێمە کارمان پێت نیە و، ئەوجا وتیان دۆستەکانمان لە مەترسیدان و هوروژمیان هێنا. سەدام لێرەدا خۆی وەک بووکەشووشەی کایەی منداڵان هاتە بەرچاو. بیستبووی کە رۆمسفێڵد لە گەڕانەوەی دا لە بەغداوە بۆ واشینگتۆن بە جۆرجی گوتبوو ئەوەندە کەرە کە دەتوانین عێراق لە هەفتەیەکدا بگرین. ئای کە چەندە بەم قسەیە رقی هەستابوو. رەنگە گەر ئەمەی نەبیستایە، قەت خۆی لە قەرەی شەڕە گەورەکانی دوواتر نەدابایە. لەم خەیاڵاتانەدا بوو جەماعەتێ مردوو لێی نزیک بوونەوە. یەکیان لە گروپەکە وەدەرکەوت و، گوتی:

ـ "قوربان!... نامانناسیتەوە؟"

سەدام کە پێی سەیر بوو چلۆن دەنگییان دەبیستێ، دەستبەجێ زانی ئەوانیش لە خۆین. بە خۆشحاڵیی زیاترەوە لێیان ورد بووەوە. عەلی کیمیایی، مزبان خزر هادی و ئەوانی تر. سەدام ئەوەندە خۆشحاڵ بوو کە نەیدەزانی چ بکا. دووای ئەوە، یەکە یەکە لە ئامێزی گرتن. پڕ بەدڵ،... پڕ بە باوەشی. لە عیزەت دووری پرسی. وتیان هێشتا زیندووە و لە شوێنێک لە دەرەوەیە. وتیان شەوێک لێرەوە تێپەڕیوەو ئیستایش بۆنی جەستەی هەر لە قەبرستانەکەدا ماوە. سەدام ناوچاوانی تێک نا. بیری کردەوە کە بە بێ ئەو، پلانەکەی ناتوانێ سەربگرێ. عەلی کیمیایی گوتی قوربان گرینگ نیە، وەک دەبینی زۆربەمان لێرەین. سەدام باسی ئەوەی بۆ کردن وەزع لە دەرەوەی قەبرستان چەند خراپە و خەڵک ئیستا تاسەی ئەو دەکەنەوە و، هەربۆیە دەبێ هەرچی زووتر بگەڕێنەوە. جەماعەت بە سەرسوڕمانەوە سەیری یەکتریان کرد و، ئەوسا لە سەدام رامانەوە. سەدام وتی:

ـ "تێدەگەم دەزانم پێتان سەیرە، بەڵام دەکرێ،... ئەیچۆن دەکرێ. لە وڵاتێک وەزع خراپتر ببێ، هەمیشە دەکرێ رابردوو تەنانەت لە ناو قەبرستانەکانیشەوە هەستێتەوە و بگەڕێتەوە. دڵنیا بن، ئەمە یەکەم جار نیە لەمێژوودا روودەدات."

سیمای مردووی جەماعەت کتوپڕ وەها گەشایەوە کە هەر هەموویان بە جەستەی سەدامدا هەڵگەڕان و کەوتنە ماچبارانکردنی سەرتاپای. دوواتر هەر هەموویان شادومان بەرەو گۆڕەکانیان گەڕانەوە و، چاوەڕوان مانەوە تا سبەی شەو.

***

سبەی شەو هەر کە هەتاو ئاوابوو هەرهەموویان دەرکەوتن. سەدام وەک جاری جاران پێشیان کەوتبوو و، وەک لەشکرێکی سێبەرئاسا بەرەو بەغدا رێبەری دەکردن. لە ناو تەپ و تۆزی رێگادا لە نزیک ئەو باخەی دە ساڵ لەوە پێش خۆی تیا شاردبووەوە، سەدام وتی:

ـ "چیرۆکی هەزار و یەک شەو جارێکی تر خەریکە دەگوترێتەوە."

بە دەم رێگاوە سروودەکانی سەردەمی زوویان بە کۆڕ دەگوتەوەو، دڵنیا لە سەرکەوتنیان، بە هەنگاوەکانیان دونیایان هێنابووە لەرزینێکی مردووانە. سەدام دیسان رووی کردەوە هاوڕێکانی و، گوتی:

ـ "بیری ساڵی کوشتنی عەبدولکەریم قاسم دەکەومەوە،... بەس بە پێچەوانەوە، ئەمجارە ئیتر بەرەو سوریا هەڵنایەم، بەڵکوو رێک لە سەر شوێنی دزراوی خۆم دادەنیشمەوە."

کە گەیشتنە بەغدا، بۆ گرتنەوەی شوێنە هەستیارەکان دابەش بوون. وەزارەتخانەکان، سوپا، تەیارەخانە، رادیۆ و تەلەفزیۆن و،... گیرانەوە. دەگەیشتنە هەر شوێنێک، دەسەڵاتدارەکان لە ترسانا بە پەلە هەڵدەهاتن و، جێیان دەهێشت. هەواڵی هوروژمی رۆحەکان بۆ شار وەها وڵاتی داگیر کرد، کە کەس خۆی نەدەگرت. ئەوسا سەدام ناردی تەواوی سەرباز و لایەنگرە مردووەکانی خۆی لە قەبرستانەکانی تر ئاگاداربکەنەوە و، بیانهێنن.

لە دووای یەک مانگ هەموو وڵات داگیرکرایەوە. ئەو بەشەی خەڵک کە زانیان سەدام و دارودەستەکەین و تامەزرۆی گەڕانەوەیان بوون، گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵیان و، ئەوانەیش وا وەک جاران رقیان لێی بوو، دیسان ئاوارەی شاخەکان و وڵاتانی دراوسێ بوونەوە.

ساڵێکی پێنەچوو سوپا هجومی کردە سەر دراوسێی سنوری رۆژهەڵات و حەوت ساڵ شەڕەکە درێژەی کێشا، هەتا نەتەوە یەکگرتووەکان ناوبژیوانیان کرد و دیسان ئاشتیان کردنەوە. لە کاتی شەڕی حەوت ساڵەدا جارێکی تر هەڵەبجەیان بە کیمیایی بوردومان کردەوە و بە هەزاران ژن و منداڵیان بە ژەهر خنکاند. دوواتر، چەند ساڵی تر، هێرشی کردە سەر وڵاتی کوێت و کوڕەزای جۆرج بوشیش لە شەڕێکی چەند هەفتەییدا سوپای عێراقی تێکشکاند و سەدام خۆی لە کونێکی ناو باغێکی دەورووبەری تکریت دا شاردەوە. لە دووای ماوەیەک هەر لەو کونەدا لە کاتێکدا باسی دزییەکانی سەردەمی منداڵیی خۆی (کاتێک شوان ببوو) بە حیماسەتەوە بۆ پاسەوانەکەی دەگێڕایەوە، دۆزیانەوە و، پاش مەحکەمەیەکی دوورو درێژ لە باکوری بەغدا لە بینایەکی چیمەنتۆییدا لە سێدارەیان دا.

 

بەڵام دیسان دووای نۆ ساڵ لە سێدارەدانەکەی، شەوێکیان لە خۆشیی راست و دروستیی قسەکانی خۆی کە کاتی خۆی جاری وابوو بە گاڵتە، بۆ پرۆپاگەندا، یان بە راستی گوتبوونی، لە ناو گۆڕەکەی بە دەنگی قاقای خۆی خەبەری بووەوە و، دیسان شێلگیرانە کەوتەوە بیری رزگارکردنی نەتەوەو نیشتمان.