شێعر و پەخشان

دوو پارچە شێعر

رەسول سەفەریانی

 

بیگێره‌وه‌ دایه‌ مێژوو / ئه‌گه‌ر هاتوو له‌ داهاتووش / خێڵێکی تر وه‌ها هه‌بو / با بزانن که‌ دروێنه‌ / مه‌زرای ژیان / پته‌و ترو به‌ هێزترو...ئه‌ستور ده‌کا / با بزانن / چۆمی بڕوای به‌ر پێ گیراو / ماوه‌ی عومری گوڵێکی سوور / له‌ بیرێکی نه‌ ناسراو / ده‌بێته‌ ده‌ریای بێ سنوور

 

 

چۆمی بڕوا

دایه‌مێژوو

تاقه‌چاووی قه‌ت نه‌خه‌وتوی هەموو  جیهان

هه‌ڵگری ته‌رمی خوێناوی

ماف و راستی و جوانییە کوژراوەکان

بیگێره‌وه‌ بۆ داهاتوو

که‌ خێڵێ بوو

له‌کازێوه‌ی پاش دوهه‌زار

بیر و رقی وایان پێ بوو

که‌ شۆردیه‌وه‌

روی ناپاکی خوێنخۆرانی پێشوی خۆیان

بیگێره‌وه‌ که‌ روژێ بوو

هه‌ر گا که‌ ده‌نگێک شین ئه‌بو

یا قه‌ڵه‌مێک گوڵی ئه‌دا

خیڵی درۆی مردو په‌ره‌س

داسی رزیوی دین له‌ ده‌س

ده‌میان له‌ خوێنی ده‌نگ ئه‌نا

کڕو کپ و که‌ڕیان ئه‌کرد

گوڵی قه‌له‌میان ئه‌دران

گریان له‌ بیرو را ئه‌دا

 له‌ خه‌لکی خواش دروێنه‌یان بۆ خوا ئه‌کرد

بیگێره‌وه‌ دایه‌ مێژوو

ئه‌گه‌ر هاتوو له‌ داهاتووش

خێڵێکی تر وه‌ها هه‌بو

با بزانن که‌ دروێنه‌

مه‌زرای ژیان

پته‌و ترو به‌ هێزترو...ئه‌ستور ده‌کا

با بزانن

چۆمی بڕوای به‌ر پێ گیراو

ماوه‌ی عومری گوڵێکی سوور

له‌ بیرێکی نه‌ ناسراو

ده‌بێته‌ ده‌ریای بێ سنوور 

 

چزه‌ی سه‌رما

 

نیوه‌شه‌وێ کاتێ که‌ با

دڕکی سه‌رمای به‌ ده‌سته‌وه‌ و

کۆڵان به‌کۆڵان ده‌گه‌ڕا

ناڵه‌ ناڵی خونچه‌یه‌کی نیو کراوه‌

هه‌ژاندمی و

پوره‌ی خه‌ومی لێ وروژاند

جه‌سته‌ی چزه‌ی سه‌رمای تیا بوو

له‌ئاوێنه‌ی ناڵه‌ی ئه‌ودا

تۆم ده‌بینی تاقانه‌که‌م

 

ره‌وه‌ی سه‌رما سه‌ریان نابوو

به‌ته‌واوی شوشه‌کانی ده‌لاقه‌ی نێو ژوره‌که‌تۆ و

سەگە کورەی پاسه‌وانیش

دڵنیاتر له‌تۆی ساوا له‌ خه‌ودا بوو

ژوورت پڕ بوو له‌ته‌نیایی و

له‌باخه‌ڵی بێکه‌سیدا راکشابووی

هه‌ر چاوشین و قژکاڵێکی خه‌نده‌ شیرین

که‌ دێته‌ سه‌ر جێ عینوانی چاوه‌کانم

داتای بیرم

ده‌مباته‌وە سه‌ر په‌ڕه‌‌ی تۆ و

هه‌زار وێنه‌ی بێ ته‌نیایی و

ده‌نگدانه‌وه‌ی

سه‌دان چۆمی پڕ قه‌ڵبه‌زه‌ و

تاڤگه‌ی قاقا و پێکه‌نینمان

له‌ کوێستانی به‌هاراوی رابردودا ئه‌درکێنێ

 نه‌شڵه‌ژێی

کانیاوه‌ بچکۆله‌که‌م

با تێر سه‌یری سیمای ساوای خۆمت تیدا بکه‌م

من نامه‌وێ ئه‌مجاره‌یان

به‌رمه‌مکانه‌ی مه‌ینه‌ت بم و

به‌ ره‌وڕه‌وه‌ی کوێره‌وقه‌ری پێ هه‌ڵگرم.

ئه‌بێ هه‌ڵچی وه‌ک ئاواتم

روون بی و بێگه‌رد وه‌ک هه‌ستی خۆت