چیرۆک

کڵاشینکۆف

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

حەمەی دراوسێیان کە رقی دونیای لە مارکس بوو، ئیستا پێی وایە مارکس بیرمەندێکی گەورەیە! بەڵام تەنیا بیرمەندێک و بەس. رێک وەک هەموو بیرمەندەکانی تر. ئەو تەنانەت جاری وایە بۆ ئەوەی بیروڕا ئاینییەکانی خۆی بسەلمێنێ، کەڵک لە مارکس وەردەگرێ. دەڵێ "لە کۆمەڵگای بۆرژوازیدا، ئایین لە خۆنامۆ بووە!" 

 

کڵاشینکۆف

سەیرێکی کڵاشینکۆفەکەی دەکا. تفەنگێکی رووسی. جوان و سەرنج راکێش. پیاو، هەر حەز دەکا لە شانی کا و لەبەر ئاوێنەدا راوەستێ و لە خۆی بڕوانێ. لە خۆوە نیە ناوی کڵاشینکۆفە! کە لە شانی دەکا دەبێ بە کەسێکی تر. کەسێک کە بڕوای بە خۆی و بە باوەڕەکانی هەیە و، گومان چییە لە لای هەر دەست ناکەوێ. ئەو، پێی وایە لەو کاتەوەی تفەنگ بزر بووە، باوەڕەکانیش لەق بوونە. وەک بڵێی باوەڕەکان پیاوێکی پیرن کە پێویستیان بە گۆچانێک هەیە، گۆچانی کڵاشینکۆف.

حەز دەکا ساڵانی ساڵ لەوەپێش ژیابا، رێک هەفتاو پێنج ساڵ لەمەوبەر. ئەو ساڵانەی تازە هیتلەر شەڕی دووهەمی جیهانی داگیرساندبوو و  بە سوپا زەبەللاح و پڕ چەک و ترسناکەکەیەوە هوروژمی بەرەو هەموو جیهان بردبوو. ئەو حەز دەکا لەو ساڵانەدا بایە و وەک سەربازێکی سوپای سوور بەرەوڕووی نازییەکان بایەوە. بە سیمۆنۆف یان کڵاشینکۆفێک لە مشتدا و، جل و بەرگی گەرمی دژە سەرمای سیبری لەبەردا و، بە کڵاوێکی کوڵکنی سەر سەر، هێرشی بۆ سەر فاشییەکان بردایە. ئەو ئەگەرچی دەزانێ کە لەو شەڕانەدا بە میلیۆن میلیۆن سەرباز و خەڵکی سیڤیل تێدا چوون و بە دەیان هەزار شار و گوند خاپوور و تەختی زەوی کران، بەڵام شتێک لە دەروونەوە پێی دەڵێ کە ئەو نەدەکوژرا! ئەو دەیتوانی مابایەوە و لە دووای ئەزموون کردنی هەموو شەڕەکان، لە سەر قەنەفەیەک پاڵی لێدابایەوە و باسی چیرۆکەکانی رابردووی بۆ ئەوانی تر، بۆ نەوەکانی داهاتوو بکردایە.

ئەو پێی وایە ئەگەرچی ئەو ساڵانە یەکجار زۆر مرۆڤ دەکوژران، بەڵام نەیانتوانیبوو "هومێد" لە ناو بەرن. وەک بڵێی خوێن، دووبارە دەبووەوە بە جەستە، هەڵدەستایەوە سەر پێ و دیسان دەستی بە ژیان دەکردەوە. ئەو حەزی بەو دووبەرەیەیە وا هەموو شتێکیان لەیەک جیا بوو. ئاسان دەتناسینەوە، لە چەند رستەدا هەموو مەبەستەکانیان کۆدەکردەوە و بە بێ ترس و حەزەر دەیاندرکاندن، پێچ و پەنایان نەبوو، تەنانەت شانازیشیان بە باوەڕەکانی خۆیانەوە دەکرد. ئیتر دوواتر نەیاندەگوت هەڵەمان کرد و دەبێ بە خۆماندا بچینەوە. ئەو حەزی بەو سادەیی و راستگۆیی و راستەوخۆیی و،.... ترسناکیەی کردار بوو. چ هی دوژمن چ هی خۆ.

هەموو لە پشت یەک کەس. یەک کەس لە پێش هەمووانەوە. ئەگەرچی دەیانزانی ئەوەی وا لە پێشەوەیە، کەسێکە وەک خۆیان، بەڵام حەزیان لێبوو بیکەن بە مەزنترین مرۆڤی جیهان. کەسێک لە رەگەزی خواکان. ئەو پەیامبەرانەی نە لە مردن دەترسان و نە لە بە کوشتدانی خەڵکیش دەسڵەمینەوە. لە وەها رۆژگارێکدا چەند ئاسان بوو پەڕینەوە لە سنووری خۆشبەختی بۆ بەدبەختی و لە بەدبەختییەوە بۆ خۆشبەختی. تەنیا چەند چرکەیەک بەس بوو. گەر بەو بێ، هەر ئیستاکە دەست دەبا و سەعات ژمێرەکان بە پەلە دەگەڕێنێتەوە. زۆر بە پەلە، رێک بۆ هەفتاو پێنج ساڵ لەمەوبەر!

چاو دەقونجێنێ، بۆ ئەوەی باشتر وێنە خەیاڵییەکان بێنەوە بەرچاوی. ئەو وێنانەی ئەو بە جۆرێک لە جۆرکان هەم لە کتێبەکاندا خوێندبوونی و هەم لە فیلمەکاندا دیتبوونی، دێنەوە بەر چاوی،... زیندوو زیندوو. جەستە بە هەیبەتەکانی بەرەنگاربوونەوە و نەترسی. ئەوانەی وا دەیانتوانی لە کاتی هێرش بردن یان بەرنگاریدا، دەیانتوانی تەنانەت ژن و منداڵەکانی پشت جەبهەکانیش لە بیر بکەن و، تەنیا بیر لە دوژمن بکەنەوە. ئەو ئیرادانەی تەنیا لە خەڵوەتی خۆیاندا دەگریان! ئەگەر دەرفەت و حەزێک بۆ گریانێک هەبا.

سەیری وێنەی ستالین دەکا بە سمێڵە مێژووییەکەیەوە، بەو پیاوانەی بە دەورییەوە کە دەیانتوانی هەموو شتێکی دوژمن بخوێننەوە و، دوواتر لە پلانێکی سەیر و خوێنین دا بیانکەن بە پەندی رۆژگار. ئاخ! چ دەبا،... چ دەبا لە جیاتی ئەم رۆژگارە نەگبەتەی ئەمڕۆ کە هەموو شتێک بووە بە گونکە هەویرێکی لەرزۆک، لەو رۆژگارە سەرتاسەر جادووییەی ئەو سەردەمەدا ژیابا. جیاوازییەکە تەنیا هەفتاد و پێنج ساڵە،... تەنیا ئەمە و بەس. تەنیا تەمەنی مرۆڤێک! هەست دەکا گەر چاو بقونجێنێ و دەست رابکێشێ، بە ئاسانی دەستی دەگاتە دەستی ئەو ساڵانە، دەستی ئەوان، دەست و مەچەکی سڕی سەرما و تفەنگ. بەڵام مەخابن! چەندە نزیک دەنوێنێ، هەر بەو رادەیەیش دوور. رقی هەڵدەستێ. ئەمە ناخۆشترین بەشی بێدەسەڵاتیی مرۆڤە. "کات" قێزەوەنترین شتی مومکین لە جیهاندایە.

ئەو ساڵانە، دوژمن، لەوێ رێک لە بەرامبەرتدا رادوەستا. دەتبینی، دەتناسییەوە. ئەگەرچی وەک خۆت ئەویش گۆشت و خوێن و ئێسک بوو، بەڵام تام و بۆنی تایبەت بە خۆی هەبوو. لە دوورەوە دەتزانی کێیە. تەنانەت سیرەی تفەنگیش دەیناسییەوە. تەنیا پێویست بوو جارێک بەرەوڕووی تەقە بکەی، ئیتر بۆ جاری دووهەم تفەنگەکە بۆ خۆی تەقەی لێدەکرد! بۆیە دەستخستنی تفەنگی دوژمنیش گرینگ بوو. وەک بڵێی خۆیت گرتووە. زرت و زیندوو و،... بێ گرێ.

سەیرێکی تری کڵاشینکۆفەکەی دەکاتەوە. رقی لە تۆزەکەی سەریەتی. کاتی خۆی کە کڕی، دڵنیا بوو لەوەی ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە، بەڵام ساڵانی ساڵ گوزەرا و هیچ شتێکی وا رووی نەدا، نەک تەنیا رووی نەدا، بگرە رێگاکان جۆرێکی تر رۆیشتن. بە لایەکی تردا. جۆرێک کە هەموو شتێک بوو بە مژ، مژێک بە سەر هەموو شتێکدا خۆێ راکێشا. حەمەی دراوسێیان کە رقی دونیای لە مارکس بوو، ئیستا پێی وایە مارکس بیرمەندێکی گەورەیە! بەڵام تەنیا بیرمەندێک و بەس. رێک وەک هەموو بیرمەندەکانی تر. ئەو تەنانەت جاری وایە بۆ ئەوەی بیروڕا ئاینییەکانی خۆی بسەلمێنێ، کەڵک لە مارکس وەردەگرێ. دەڵێ "لە کۆمەڵگای بۆرژوازیدا، ئایین لە خۆنامۆ بووە!" شیرکۆ، دراوسێی دەستی چەپیشیان کە رقی دونیای لە موحەممەدی پەیامبەر بوو، ئیستا دەڵێ "جاری وایە حەز دەکەم رکەعەتێک نوێژ بکەم، بەس لە بە خاتری محەممەد. ئاخر هەموو پیاوێکی گەورەی ناو مێژوو شیاوی رێزلێگرتنە. ئەویش بەو شێوەیەی کە بۆ خۆی پێی خۆش بووە."

چییان لێهات،... چییان لێهات؟ پیاوە گەورەکان و سەردەمە مەزنەکان بۆ کوێ چوون؟ ئاخ! دەستماڵەکەی هەڵدەگرێ و بە ئارامی خاوێنی دەکاتەوە. لە ناو ئەو مژەی هەنووکە هەموو دونیای داگرتووە، دەکرێ هەموو جۆرە بوونەوەرێک لێیەوە بێتە دەر،... بە بێ ئەوەی ئامادەی بینینی بیت. تەنانەت بۆ خۆیشت. تۆ لێرەیت و کەچی دەبینی لەوێ لە ناو مژەکەوە خۆت بەرەو ڕووی خۆت دێت. ئەوسا دادەنیشێ و دەست دەکا بە قسەکردن لە گەڵت. باسی ئەوەی حەقیقەتەکان ئاون، هەم لەیەک دەچن و هەم جیاوازن. دڵی تەنگ دەبێ. ئاخ، چ دەبوو تەنیا زەمەن کەمێک درەنگ وەرچەرخابا. بێگومان ئەم کڵاشینکۆفەی ئەویش دەیتوانی زۆر شت بکا. هەر لە کوشتنی فاشییەکانەوە بگرە، هەتا ئەوەی بە لوولە گەرمەکەی دەیتوانی لە سەرمای تاقەت پڕوکێنی سیبریدا بە جوانی دەستە تەزیوەکانی گەرم بکاتەوە.

هەڵدەستێتە سەرپێ. کڵاشینکۆفەکەی هەڵدەگرێ و، دەچێتە بەر پەنجەرەکە. هەندێ کەس و هەندێ شت لە زەمەنی هەڵەدا دەژین. لە کاتی خۆیدا نایەنە ناو ژیانەوە. دەبن بەو بوونەوەرانەی کە دەبێ تەنیا کاوێژی رابردوو بکەنەوە، کاوێژی زەمەنەکانی تر. یاخود بە تەمای دووپاتبوونەوەی رابردوو، تەنیا لە خەیاڵدا بژین. نا، ئەو نابێ وای لێ بەسەربێت. دەبێ شتێک بکا! ئەو دەبێ هەڵەی مێژوو راست بکاتەوە. ئەوانی تریش هەر ئەمەیان کرد. باوەڕیان بە کردە و قسەی خۆیان هێنا و، ئیدی نەترسان و کاریان بۆ کرد. دوواتر، زەمەن بە کەیفی ئەوان گەڕا. کەواتە دەبێ لە پشتی ئەم تفەنگە ئیرادەیەکیش هەبێ. کێ چووزانێ ستالینیش کاتی خۆی لە دۆخی ئەمدا نەبووە، بەڵام بە جەرگ بووە و توانیوویەتی ئیرادەی خۆی بە سەر رووداوەکاندا بسەپێنێ. هیوایەک لە دەروونیدا دەگڕێ، بەڵام راوەستە! ستالین خاوەنی هاوڕێی باش بوو. ستالین "ژۆکۆف" ی هەبوو. ئەو کێی هەیە؟ حەمە و شێرکۆ! خاو دەبێتەوە،... وەک گوریسێک کە بە هەڵە چنراوە.

دێتەوە بیری، دووا تەقەی ناو ئەم شارە ئەو کاتە بەرز بووەوە وا باوکێک دوو کوڕەکەی خۆی کوشت. شەوە ترسناکەی بە جوانی لە بیرە. منداڵی گەڕەک تا یەک هەفتە نەیاندەوێرا بە شەو بچنە دەر. سەرتاسەری گەڕەک تۆزی خەمێکی قورس لێی نیشتبوو. نەفرەتێکی سەیر لە تفەنگ هەموو شاری گرتبووەوە. ئەم دەنگی نەدەگەیشت کە بەو خەڵکە بڵێ تفەنگەکەی لە چەشنێکی ترە، لە چەشنی ئەو تفەنگانەیە فاشییەکانی پێ دەکوژرێ. لەو تفەنگانەیە کە داهاتوو دروست دەکەن. ئاخ لە خەڵکی!... مەخابن کە ساڵەکان گوزەراون!

کتوپڕ بیرێک بە مێشکیدا دێت. پەڕۆ و کەرەسە دێنێت و جوان جوان کڵاشینکۆفەکەی خاوێن دەکاتەوە. چەوری دەکا. فیشەکەکانیش جوان جوان پاک دەکاتەوە. هەموو شتێک دەبریقێتەوە. رێک وەک باق و بریقی چرکاندنی ماشەکان لە دڵی شەودا، ئەو کات فیشەکەکان دڵی تاریکی دەبڕن. دەراخێکی ئیزافەیشی پێیە. شەست فیشەک. گەر دڵی بە ورە و گەورەی لە پشتی بێت ئەوا سوپایەکی پێ دەشکێندرێ. بەڵام کوا سوپا؟ مەقەڕەکەی خوار ماڵەکەی خۆیانی دێتەوە بیر. ئەو بنکەیەی قێزەونترین بوونەوەرەکانی دونیایان لە خۆگرتووە. ئەو چەکدارانەی هەر کاتێک ئیرادە بکەن دەتوانن بکوژن و بگرن و زیندانی بکەن. ئەوانەی وا فاشیستن. لەپڕ رادەبێ. دێتەوە بیری کە بەڕاستی لەم وڵاتەیش فاشییەکان هەن، بەڵام تەنیا لە جۆرێکی ترن. وەک نازییەکان نین. خۆشحاڵ لەوەی کە کەم کەم رەوتی رووداوەکان لە لای خەریکن مانا پەیدا دەکەن و دەکەونە سەر رەوتی سروشتیی خۆیان، بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوی. پێی سەیرە کە تا هەنووکە بۆچی سەرنجی ئەمەی نەدابوو. بە شەرمەوە گوناهەکە بۆ نیگای مێژوویی خۆی دەگێڕێتەوە، ئەوەی کە یەکجار سەرقاڵی رابردوو و شەڕی دووهەمی جیهان بووە. کەواتە گەر فاشییەکان لێرەیش هەبن و تەنانەت تەنیا چەند سەد مەترێک لەو دوور بن و، جگە لەمە کەسێکیش هەبێ کە دژی ئەوان بیر بکاتەوە و خاوەنی کڵاشینکۆفیش بێت، ئیتر لە چی کەمە؟ ئیتر چی تر پێویستە بۆ ئەوەی جیهان وەک هەفتاو پێنج ساڵ لەمەوپێشی لێ بێتەوە.

بزەیەک دەیگرێ،... گەورەتر و پڕماناتر لە هەموو بزەکانی پێشتر. دەراخە ئیزافەکە دەخاتە بەر پشتێنەکەی و کڵاشینکۆفەکە لە شان دەکا و بۆ دوواجار دەچێتە بەر ئاوێنەکە. ئەوجار پێڵاوەکانی لەپێ دەکا و بە قەڵافەتێکی تەواو هەڵکشاوەوە، وەدەردەکەوێ. دەبێ ئەمڕۆ یەکجار بۆ هەمیشە تۆڤی ئەو بنکەیە لەم وڵاتە بنەبڕ بکا.

کە دەگاتە سەر جادە، دڵنیایە لەوەی کە بە بینینی تفەنگەکەی، مقۆ مقۆ دەکەوێتە ناو خەڵک و سەرنجیان رادەکێشرێ و شوێنی دەکەون. ئیتر کە دەگاتە شوێنی مەبەست لانیکەم سەد کەسی بەشوێنەوە دەبێ. ئەمەیش دەبێ بە نیعمەتێک. بەو حەشیمەتەوە یەک تفەنگیش تەقە بکا، بنکەکە چۆڵی دەکا. ئیتر مێژوو دەست پێدەکا، مێژوویەک کە درێژەی هەفتاو پێنج ساڵ لەمەوبەرە.

بە قەڵافەتی هەڵکشاوەوە، دادەگەڕێ. دە متر دەبڕێ، ئەوسا پەنجا، بەڵام کەس سەرنجی ناچێتە سەری. باوەڕ ناکا. سەد متر. ئارام و بە ئاستەم سەر بە لای چەپ و راستی خۆیدا وەردەگێڕێ. نا، بە راستی کەس سەرنجی نادا! لە دووای بڕێنی چەند هەنگاوێکی تر، رادەوەستێ. ئەو دەبێ بزانێ خەڵک لە ناو دووکانەکان و شوێنەکانیان خەریکی چین. چییە وا ئەوەندە سەرقاڵی کردوون کە ئەم نابینن؟ لە بەر دووکانێک رادەوەستێ. شەوقدانەوەی شووشەکان ناهێڵێ دیمەنەکان بە روونی ببینێ. تەواو خۆی لە چاوە گەورەکان نزیک دەکاتەوە. تەوێڵ بە شووشەکانەوە دەنێ و سەیری ژوورەوە دەکا. ئەوانەی ژوورەوە یەکجار سەرقاڵن، وەها وەک بڵێی ئەم هەر نابینن. چاو تیژ دەکا.

سەرتاسەری جادەکە تا دەگاتە بنکەی فاشییەکان، ئەو خەڵکەن بە کۆمپیوترەوە سەرقاڵن. فەیس بووک، سایتە جۆربەجۆرە هەواڵیەکان، چات، پۆرنو و فیلم و ئەو گەمانەی وا تێیدا بە تفەنگەوە دەچنە شەڕی دوژمنە دیجیتاڵییەکانیان وەها لە خۆی گرتوون وەک بڵێی ئەم هەر لە ژیانیشدا نییە.

 

تفەنگەکەی لە شان دادەگرێ و بە وردی سەیری دەکا. بیر دەکاتەوە "گەر هیتلەر هەفتاو حەوت ساڵ لەمەو پێش کۆمپیوتری هەبایە، رەنگە قەت هوروژمی بۆ سەر رووسیا و دونیا نەکردایە!"