شێعر و پەخشان

چەند شیعرێکى شاعیرى ئەڵمانى (باربارا ئێنگلمان)

لە ئەڵمانییەوە: عەبدولغەنى کاکۆ

تامەزرۆیی

بێکۆتا دەڵێیت: زەنگی تەلەفۆنەکەت لێدەدەم

تاماندوودەبم

لەو سەرەکەی تری دونیاوە

 بۆخۆم چاڵێک هەڵدەکەنم بۆ ناخی زەوی

لەوێش

هەر تەنها بەخۆم دەگەم....!

 

 

چەند شیعرێکى شاعیرى ئەڵمانى (باربارا ئێنگلمان)

 

با بهێڵین..

بەڵێنم پێمەدە!..

باشترە

 دەستەکانت

چاوەکانت

لێوەکانتم پێبدەی

باشترە جار جارێ

ئازایەتیمان تیابێ بەژێر پەلکە زێڕینەدا بپەڕینەوەو

لەوبەرەوە بگەینە دەست لەملانێیەکی ئەبەدی..

 

بۆتۆ..

هەموو رەنگەکانی پەلکە زێڕینەم کۆکردەوەو

لەشەوێکی بێ ئەستێرەشدا

هەموو رووناکی یاری ئاگرینەکانم بۆ ئامادە کردی

تۆ هەر نەهاتی..

لەوانەیە

رووناکی یاری ئاگرینەکه

 سۆمای لە چاوانت بڕیبێ!..

 

یەکەمین شەو

چیتر بێ گوناهی وازمان لێ ناهێنێ...

بڵێی جارێکیتر بتوانین

بەشداری

هەناسەی خەوتن و

دەستلەملانێی شەوانە ببینەوە؟

 

تامەزرۆیی

بێکۆتا دەڵێیت: زەنگی تەلەفۆنەکەت لێدەدەم

                     تاماندوودەبم

لەو سەرەکەی تری دونیاوە

 بۆخۆم چاڵێک هەڵدەکەنم بۆ ناخی زەوی

لەوێش

هەر تەنها بەخۆم دەگەم....!

 

وشەکان

کێ دەتوانێ بڵێ

وشەکان

 وشەن، کاغەزو مەرەکەبن

گیزەو دووکەڵن

ئەگەر لەسەمای سەر پەت

 لەپێش چاوان

لە ناو سەر و لە ژێر پێستدا

هەناسەمان پێ ڕابگرن؟..

 

وشەکانی

خەونی بەیانیەکی زوو

 بەبێ دڵە خورپە..

                  ناکرێ هەستیان پێ‌ بکرێ

بەبێ کۆکردنەوەیان،

                  ناکرێ بخوێنرێنەوە،

                  ناکرێ ببیسترێن

                  ناکرێ ئارامیان لەسەر بگێرێ

 

 

پێکەنین

ئەگەر پارچەیەکی

بەهەشتم  هەبووایە،

 پێکەنین لێرە لافاوی دەکرد..

بڵێی توانیبام

ئەو پێکەنینەم

 لە خانووچکەیەکدا

لەسەریەک ریز کردبووایە

تا هەرکات پێکەنینم

 بە دیاری  ببەخشیبووایەوە؟

 

 

باربارا ئێنگلمان

خانمە شاعیری ئەڵمانی ساڵی 1955 لەشاری لایپزیکی ئەڵمانی لەدایک بووە، لەساڵی 1982وەو وەک شاعیرو نووسەرێکی ئازاد هاتۆتە ناو دونیای نووسین. ئەم چەند کۆپلە شیعرە لەم دیوانەی خوارەوەی هەڵبژێردراوە:

Und mindestens alles ist möglich                                                                                 

Verlag Bert Schlender                                                                                                    

 

Göttingen 1984