شرۆڤە

"خوێنەری تارمایی" چەکوشی سێبەرشکێن

 

بەنگین پیرۆت نوری

کە ڕۆمانێکی باش دەخوێنینەوە، "مەبەستم وەرگێڕانی باش و ڕۆمانی باشە"بەخۆشمان نازانین چۆن قوتمان دەدات و چیە وامان لێدەکات لەناویدا بزر دەبین لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین دیوی ناوەوەی کەشف بکەین. دیوی پشتەوەی ھەر ڕۆمانێک بارگاویە بە کۆمەڵێک پەنھان، ھەر ئەمەشە وا لە خوێنەر دەکات بەدوا گرێ کوێرەی پاشخانە ڕۆشنبیریەکەیدا وێڵ بێت.

 

"خوێنەری تارمایی" چەکوشی سێبەرشکێن

ناتوانم بە خوێنەری ڕۆمان بڵێم بە دیاری کراوی کام ڕۆمانە بۆ خوێندنەوە باشە بیخوێنەوە. ناشتوانم بڵێم ڕۆمانی کام نوسەرە، یان نوسەری کام ڕۆمانە بخوێنەوە. ڕەنگە ڕۆمانی باشمان خوێندبێتەوە نوسەرەکە نوسینەکانی نەک ناوبانگی نەبووە، نوسەرێکی باشیش نەبووە، بەپێچەوانەشەوە. لەوانەیە ڕۆمانی باشترین نوسەرمان خوێندبێتەوە،لەبری خوێندنەوەی، کتێبەکە دوڕ فڕێی بدەیت. بۆیە ھەر یەک لە ئێمە کە خوێنەری بە سەلیقە بین، کە ڕۆمانێک دەخوینینەوە بۆمان ڕوون دەێتەوە، ژانەرەکە زمانی خۆی ھەیە لەگەل زمان و مێشکی ئێمە گفتوگۆ دەکات ئەوسا بۆت دەردەکەوێت چ ڕۆمانێکی باش یان خەراپت خوێندۆتەوە.

کە ڕۆمانێکی باش دەخوێنینەوە، "مەبەستم وەرگێڕانی باش و ڕۆمانی باشە"بەخۆشمان نازانین چۆن قوتمان دەدات و چیە وامان لێدەکات لەناویدا بزر دەبین لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین دیوی ناوەوەی کەشف بکەین. دیوی پشتەوەی ھەر ڕۆمانێک بارگاویە بە کۆمەڵێک پەنھان، ھەر ئەمەشە وا لە خوێنەر دەکات بەدوا گرێ کوێرەی پاشخانە ڕۆشنبیریەکەیدا وێڵ بێت و وەک ئەوەی شتێکمان وون کردبێت و یاخود خۆمان نەمان بێت دەبێ بیدۆزینەوە، گەڕانیش وامان لێدەکات ھەست بە چێژی خوێندنەوە بکەین. بەپێی ھۆگریم بۆ ئەدەبیات بەگشتی و خوێندنەوەی ڕۆمان بەتایبەتی،لایەنی کەم بۆم ڕوون بۆتەوە،لە خوێندنەوەدا گەوھەرێک ھەیە ئەو گەوھەرە لەبنی دەریاش بێ دەبێ بدۆزرێتەوە. بەداخەوە لە زۆربەی ڕۆمانی کوردیدا بە دەگەمەن ئەو گەوھەرە ھەیەپێی بووترێت گەوھەری وون بوو،خوێنەر ھۆگری گەڕانی بێت.

لە ئەدەبیاتی کوردیدا ڕۆمان ھەیە ڕوداوە عاتیفیەکە، یاخود شێوازی نوسینە عیرفانیەکە بەشێوەیەکی کاتی خوێنەر ڕادەکێشَت، ئەویش کەشفە تێڕامانی قوڵ و خەیاڵکردی لاوازە. خەیاڵی نوسین بۆ نوسینی ڕۆمان لای ھەندێک لە نوسەرانی ڕۆماننووس بەرتەسکە، ئەو نوسەرانە،کە خۆیان کردوە بە نوسەری ڕۆمان ئەوەی دەینوسن ھەر ئەوە دەنوسن خوێنەر و ئەوانی تریش دەیزانن.

"خوێنەری تارمایی" ڕۆمانێکە بە نەفەسێکی گەنجانە "غەمگین بۆڵی" لە ژێر کاریگەری ڕۆمانێکی "فرانتز کافکا" "بەدگۆڕان" نوسیویەتی، ھیوادارم ئیشی جوانتر بکات، شێوازی دەربڕینی زمانی نوسینی ڕۆمانەکە وام لێدەکات بڵێم کەمێک تروسکایی گەوھەرە وون بووەکە دەبینرێت. ئومێد دەکەم، نوسینەکەم زمانی ڕەخنەی ھەبێت. نەک نوسینێک وەک نوسەر لە ڕۆمانەکەدا گوتەنی "دیسان قسەکانت تێکەڵ و پێکەڵ کردەوە! ڕەخنەگر و ڕەخنەی توند لەکوێ و قەساب و کەوڵکردنی جەستەی نووسین لە کوێ؟" زۆربەی بنوسەکان ڕەخنەیان لە ڕەخنەی ڕەخنەگرەکان ھەیە،بەدەرفەتی دەزانم بڵێم،منێک کە ڕەخنەگر نیم و خوێنەرم، ڕەخنەم لە نوسینی بنوسەکان ھەیە، بۆ دەبێ ڕەخنەگرەکان ڕەخنەیان نەبێ؟! دەبێ بنوسەکان ئەوە بزانن من بۆیە خوێنەری کتێب و نوسینەکەی ئێوەم، دونیابینی جیاواز، زمانی جیاواز و خولقێنەری جیاواز و نوسینی جیاواز لەنوسینی نوسەرانی دی ببینم. بەداخەوەم، ھەندێک کتێب کە دەیخوێنیتەوە ھێڵنجت دێ، ناتوانن وا لە منی خوێنەر بکەن گەوھەرە وون بووەکە بدۆزمەوە،جا دیوانی شیعرە،کۆمەڵە چیرۆکە، ڕۆمانە، ھەندێکیان ھەر نوسیویانە، چما مێشکی خوێنەر وەک کتێبەکەی ئێوە، تەنەکەی زبڵە. ئەوە خوێنەرە نوسینەکەت کەشف دەکات و ئەوەش تۆی نەتتوانیوە بەناخی دەریایی نوسیندا قوڵ ببیتەوە، ئەگین منی خوێنەر بەناخی کتێبەکەدا شۆڕ بوومەتەوە. لە نەمانی خوێنەر گلەیی مەکەن، ئەوە کتێبەکەی ئێوەیە خوێنەر لە خوێندنەوە دەتۆرێنێ، نوسینەکەتان ئەوە نەبوو بەناخمدا ڕۆبچێت. لەکەنار وەسفی شتەکان لەنگەری گرتوە، ژانەرێکی لاوازە بارگاوی نیە بە ڕۆشنبیریەکی فراوان. ئەو قسەیەشم بە زۆربەی شاعیران و چیرۆک نوس و رۆمان نوسەکانیش ووتوە.

ئەو زمانەی ڕوداوی چیرۆکی ڕۆمانی "خوێنەری تارمایی" پێ نوسراوە، بەزمانێکی پەخشان ئامێز داڕێژراوە، زاڵ بوونی زمانی شیعری، زمانی قوڵ بوونەوە بە دەردە کۆمەڵاتیەکانی کۆمەڵگە و دەردە دەروونیەکانی تاکی ئێمە، زمانی دەربڕینی ناخی ئاریشەکەی وون کردوە یان لاوازە، ھەرچەند زمانی شیعر و پەخشان و چیرۆک و ڕۆمان، زمان و ژانەرە گشتیەکەی نوسەرانی ئەدەبە ئەدەبیاتی پێدەنوسرێتەوە. بەڵام ھەر ژانەرە و زمانی تایبەتی خۆی ھەیە.

تەکنەلۆژیا و زانستی سەردەم کارێکی بە نوسین کردوە ئەگەر نوسەران نوسینەکانیان کورت نەکەنەوە و چڕنەبنەوە، بەجێ دەمێنن، نەوەی نوێ خوێنەری نوسینی قەلەَمی نوێیە،نوسنێکی نوێی دەوێت ، ڕێنسانسی دە وێت، نوسراوی تازەی دەوێت، دەیەوێت نوسراوی نەوەی تازە و زمانی ژانەری جیاواز ببینێت، دەیەوێت زمانی نەوەی تازە زمانی گەیاندنی ئاریشەکانی ئەو بێت، ئەو دەیەوێت زمانی قەڵەمەکەی تۆ قسەی دڵی ئەو بێت،دەیەوێت زمانی قەڵەمەکەی تۆ سنورەکانی بۆ تێکبشکێنێت، نایەوێت چیتر لە ناو حکایەتی نەوەی ڕابردودا بژیت،نایەوێت چیتر ئەوانی تر لەبری ئەو بیربکەنەوە، جل و بەرگ و خواردنی بۆ دەست نیشان بکەن.

ھەروەک چۆن ویستویانە بۆ خۆیان بژین و ھەر بۆ خۆشیان ژیاون، منیش دەمەوێ بۆ ئێستاو بۆ خۆم بژیم. ھەر وەک لە لاپەڕە "٢٣" دا نوسراوە "سەفەر دەکەم، خۆیشم بەتەواوی یەکلانەکردۆتەوە، بۆ کوێ؟ دەشێت ئەم سەفەرەم،سەفەرێک بێت بۆ ئەو دیوی بوونی خۆم" بێگومان نەوەی نوێ دەیەوێت سەفەری یەکجاری بۆ دیوی بونی خۆی بکات.

ڕۆمانەکە دین و کلتور و دەوڵەتی بە سێبەری دەسەڵات داناوە. دڵی لاوانی ووڵات خۆرێکی گەرمە سێبەری ئەو دەسەڵاتەش گرتێبەردەدات، سێبەرە نەک بەسەر خۆمان، سێبەرە بەسەر سێبەرەکانیشمانەوە، دەبێ پێنوسی ئێوە گڕی تیشکێکی ڕاستەقینە بێت، دەبێ قەڵەمی تازە نەک ھەر سێبەری پیاوانی ئاینی لە سەر کتێبەکان، دەبێ سێبەری خودی دەسەڵاتیش بسڕێتەوە، نابێ چیتر ترس لە سێبەری دەسەڵات نوکی قەڵەم بلەرزێنێت، دەبێ نوکی قەڵەم عەرشی دەسەڵاتە مرۆڤ کوژەکان بلەرزێنێت. کەسمان ناتوانین ببین بە کافکا،چونکە ئەوە تۆی دەژی نەک کافکا. "ناکرێ لەیەک کاتدا ھەزاران سێبەرمان ھەبێت" من وەک خوێنەر بۆت تەواو دەکەم "ناکرێ لەیەک کاتدا ھەزاران خۆرمان ھەبێت نەتوانین سێبەری سانسۆری پیاوانی دین و دەوڵەت بەسەر بیرکردنەوەی خۆمان و کتێبەکاندا بسڕینەوە، قەڵەمی تۆ دەبێ لەو قەڵەمانە بێ وەک خۆر ئاسمانی شەوەزەنگی پێ ڕووناک بکرێتەوە.

ھەندێک ھەڵە ھەیە پێویست بوو چاک بکرانایە یان بۆ چاپی داھاتو دووبارە نەبنەوە، تەنھا دەست نیشانی ئەوانە دەکەم ھەندێکیان کاریگەریان بەسەر جۆری گێڕانەو و زمانی ماناکەشەوە ھەیە وەک:

ل.٩ "دایکم لە قەراغی سیسەمە ماندوەکە دادەنیشێت" خۆی مرۆڤەکان ماندوو دەبن و پشووشش دەدەن نەک شتە بێ گیانەکان، ھەم مرۆڤەکان لەشتەکان ماندوو دەبن ھەم لەخودی خۆشیان. بەبڕوای من نوسرابا "دایکە ماندوەکەم لە قەراغ سیسەمە شلەکەوە دادەنیشێت"

ل.١١ "بۆی ھەیە ددانی بھێشێت، لەتاو ئێشەکەی لەگەڵ دایکم بەشەڕ بێت بە بیانوی ئەوەی چای عەسرانی زیاد لە پێویست شیرین کردوە" ھەر ھەمان لاپەڕە نوسراوە "نەنکم دەیگووت گوایە دایکم بە منداڵی زۆر حەزی لە گۆشتی قاز بووە" پێم وایە باسکردنی ددان ئێشی باوکی و چا شیرینەکە لەگەڵ حەز کردن بە گۆشت قاز خواردنی دایکی، لە گێڕانەوەکەدا وەک چۆن شیعرێک ڕێک نەبێ لەنگ و ناڕێک دەبێ،ئەم دوو باسەش بەیەکەوە ناڕێکە بەیەکەوەیان نابەستێتەوە، لای خوێنەریش بە ڕوونی دیارە.

ل. ٤٧ "دوو کەسی ناسیاوم بینی کە ڕوو بە ڕووم ھات" ئەوان ددوانن، دەبێ بنوسرێت "دوو کەسی ناسراوم بینی ڕووبەڕووم دەھاتن" "دەھاتن" بۆ "کۆ"یە ئەوانیش دووانن"دەھات" بۆ "تاک"ە.

ل. ٤٨ "شار پڕە بووە لە سێبەر" دەبووایە نوسرابا "شار پڕ بووە لە سێبەر"

ل.٥٧ "لەبارەی پارەوەش ھیچ کاتێک کێشە دروست نابێت،ئەگەر لەمەرج و فەرمانەکان دەربچێت" دەبوایە نوسرابا "لەبارەی پارەوە ھیچ کاتێک کێشە دروست نابێت، ئەگەر لەمەرج و فەرمانەکانیش دەربچێت" چونکە "خدر پەپولە" بەبێ مەرج و فەرمان پارە دەدات بە "ھۆنین"

لەپەڕە "٦٠" نوسراوە "تۆ کاتت پێویستە لە تارمایی من و شاری "سێبەرەکان" بگەیت" "بگەیت" بەکەسێک دەوترێت،داوای لێ بکەیت زوو بگات بە لات، بۆ نمونە داوای بە پەلە گەیشتنی کەسێک بکەیت،پێی دەڵێیت ھیوادارم زوو بگەیت. تۆش ویستی تێگەیاندنی قسەیەکت ھەیە بە کەسێک بۆیە دەبێ بنوسرێ "تۆ کاتت پێویستە تا لە تارمایی من و شاری "سێبەرەکان" تێبگەیت. چونکە تۆ بەکەسێکت ووتوە لێم تێبگە نەک پێم بگە.

ھەمان لاپەڕە "تۆ چۆن خوێندوتەوە" ھەڵەیە بنوسرێت "چۆن خوێندوتەوە" ھێشتا ڕوداوی چیرۆکە کە کۆتای نەھاتوە پرسیار دەکەی دەبێ بڕیار بدەم چۆنم خوێندۆتەوە، چونکە چیرۆکی ڕءمانەکە لە ڕوداوی نامەکەوە دەست پێدەکات. ئەو ناپرسێ کەی ڕۆمانەکەت خوێندۆتەوە، تا وەڵامی "لەھەینێوە" وەربگرم، بەڵکو داوای لێدەکرێت ھەڵسەنگاندنت چۆنە.