شرۆڤە

یاداشتێک دەربارەی چەند وەرگێڕانی سەعید کاکی لە کانت

محەمەد محەمەدمرادی

هەرچەند ناوی نووسەری ئەو تێکستانە نەهاتوون، بەڵام بەپێی ڕستە و پێکهاتە و فۆڕمی تێکستەکان دەتوانین بە گومانەوە بڵێین ئەم تێکستانە زۆرتر لە جزوەی کۆمەڵێک لە مامۆستایانی زانکۆکانی تاران و شوێنی تریش نزیکن و بۆیە بەجدی داوا لە وەرگێڕی ئەو تێکستانە دەکەین کە بەرپرسانە و ڕاستگۆیانە ناوی نووسەر و سەرچاوەکان دەستنیشان بکات.

 

«ئاسمانێکی پڕ ئەستێرە بەسەر سەرمەوە و یاسایەکی ئەخلاقیش لە هەناومدا.»[1]   

«یاداشتێک دەربارەی چەند وەرگێڕانی سەعید کاکی لە کانت.»

محەمەد محەمەدمرادی

 

«وا ڕەفتار بکە کە حوکمی ئیرادەکەت

 هەمیشە بتوانێ وەک بنەڕەتێک

لە دامەزراندنی یاسای گشتیدا، وەربگیردرێت.»

[2] ئیمانوێل کانت

 

«لام وایە برایەتی خەونە هەستێکی لێڵ و تێپەڕە:

هەڵبەت ڕقت لە کەسێک بێت کە نایناسیت مرۆڤانە نییە،

بەڵام ئەمەش نامرۆڤانەیە کەسێکت خۆش بوێت کە نایناسیت. ناکرێت حسێب بۆ برایەتی بکرێت. هەروەها ئازادیش. لە کۆمەڵگایەکدا کە ئامادەیی هەر کەسێک

لە ژیانی ئەوی تردا ناکۆکی دروست بکات، ئازادی بە تەواوەتی ڕێژەییە.

بەڵام بەرابەری تاهەتایە بەرابەرییە. ئازادی و برایەتی قسەن.

[بەڵام] بەرابەری دروشمی گەورەی مرۆڤایەتییە.»

[3] ئانری باربۆس

 

بە بڕوای من زمانی کوردی بۆ فەلسەفە لە ئێستەدا زمانێکی مێژوویی نییە و ڕاستییەکەی تەنها مێژوو و پێشکەوتنی [development] مێژوویی دەتوانێ کێشەکانی زمانی کوردی چارەسەر بکات و پێویستمان بە کات هەیە. هەرچەند زمانی کوردی هەنووکە لە هەموو کات زیاتر لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی خۆیدایە بەڵام من لام وایە سەرجەمی ئەو بەرهەمە فەلسەفییانەی کە بەرهەم دێن بە وەرگێڕان و نووسینەوە ـ ئەم کێشە تا ڕادەیەکی زۆریش لە ئەدەبیاتدا بوونی هەیە ـ بەپێی ئەو دۆخە نامێژووییەی زمانی کوردی لە باشترین و بەرزترین ئاستی کوالێتیی مومکیندا دیسان هەر سەقەتن و لە ئایندەیەکی نەک زۆر دووردا دەبێ زۆرێک لەو کارە سەرچاوەییانە سەرلەنوێ وەربگێڕدرێنەوە. زمانی فارسیش هەڵگری ئەم ئەزموونەیە و زۆرێک لەو کارە تیۆریک و ئەدەبییانەی کە پێش سەقامگیربوونی ئەم زمانەی ئێستایان بەرهەم هاتبوون سەرلەنوێ وەرگێڕدرانەوە و وەردەگێڕدرێنەوە.

 جگە لەو کێشە گەورەی کە بەرۆکی تۆتالێتیی زمانی کوردیی گرتووە و وەک گوتمان سەرجەمی بەرهەمەکان لە تۆتالیتیی خۆیاندا کێشەدارن چەندین کێشەی تریش دیسان بەرەوڕووی خوێنەری کوردن. لەوانە دەتوانین ئاماژە بدەین بە ناشارەزابوون و زاڵ نەبوونی وەرگێڕ بەسەر ئۆبژەی وەرگێڕانەکەیدا، پرۆفیشناڵ نەبوونی وەرگێڕ لە کاری وەرگێڕاندا و پەیڕەونەکردنی پڕەنسیپەکانی وەرگێڕان و ناشارەزایی ناوەند و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، و پەیڕەوکردن و ملکەچبوون لەبەرامبەر سیاسەتی کاپیتالیستیی بازاڕی کتێب و ...هتد کە هەرکام لەمانە خۆیان خەساری گەورەیان داوە لە پڕۆژەی فکر و فەلسەفە لەم هەرێمەدا کە بەڕاستی خەسارناسیی ئەو کێشە و گرفتانە خۆی هەڵگری باسێکی دوورودرێژە بەڵام ئەگەر بەشێوەی کۆنکرێت بمەوێ لەسەر ناشارەزایی دەزگاکان چڕ ببمەوە یەکێک لە زەقترین خەسارەکانی ئەوەیە کە فەلسەفەیان لە دۆخێكی تەواو ژۆرنالیستیدا هێشتۆتەوە و قەت هەوڵ نەدراوە پۆتەنشێلەکان کەنالیزە بکرێت بۆ وەرگێڕانی ئاپارات یان سیستمێکی فەلسەفی لە تەواوەتی خۆیدا.

بەشێوەیەک کە بۆ نموونە وادانین ئەگەر گەنجێکی کورد بیهەوێ کانت یان هێگێل بخوێنێتەوە ئەگەر چاوپۆشیش بکەین لە کوالێتی، ئایا ئەسڵەن چەندە لە بەرهەمەکانی ئەم بیرمەندانە وەرگێڕدراوە. چەندە تێگەیشتن لە لووکاچ پێویستی بە تێگەیشتن لە کانت و هێگێلە هەر ئەوندەش تێگەیشتن لە ژیژێک پێویستی بە تێگەیشتن لە هێگلە و ئەم بابەتە سەبارەت بە زۆربەی فەیلەسووفە مۆدێڕنەکانی تریش هەر وەڕاست دەگەڕێ، بەڵام شتێک کە ئەمڕۆ باوە بازدان بەسەر فەلسەفەی کلاسیکدا و پشتگوێخستنی ئەو بەشە لە مێژووی فەلسەفەیە.

ماوەیەکە هەوڵی دیاردەئاسای وەرگێڕێک سەرنجمی ڕاکێشاوە. هەوڵێک کە دەبێ بزانین ئایا بۆ ناساندنی کانتە یاخود بۆ بەلاڕێدابردنی کانت؟!  کانت و سیستمە فەلسەفییەکەی هێندە ناسراو هەیە کە پێویست نییە ئێمە هەوڵ بۆ ناساندنی بدەین بەڵام وەک سووکە ئاماژەیەک ئەگەر باسی خودی کانتیش نەکەم پێویستە بڵێم کە نزیکەی هەموو بیرمەندێکی ئەڵمانی تەنانەت ئەگەر کانتی‌ـ‌ش نەمابێتەوە، لانیکەم لە کانتەوە دەستی پێکردووە ئێستە یان درێژەدەری فەلسەفەی کانت بووە یان لەدژی، بەڵام بەهەرحاڵ بە ڕوونی ڕوانگە و هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە کانت و ئایدیاکانی کانت ڕاگەیاندووە ئێستە لە فیختە و هێگێلەوە بیگرە تاکوو دەگاتە لووکاچ و هایدیگەر.

لە خوارەوە سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ شەش بابەتی ئەم بەڕێزە کە لە ماڵپەڕەکەوە بڵاو کراوەتەوە و ئەدرەسی وتارەکانیشم داناوە بۆ ئەوەی کە بەشێوەی بەڵگەمەند و کۆنکرێت قسەیان لەسەر بکەین و خوێنەری ئەم وتارەش بتوانێ سەیری بابەتان بکات. بەهەرحاڵ یەکێک لە سەرەتاییترین پڕەنسیپە پیشەیی و ئەخلاقییەکانی وەرگێڕان ئەوەیە کە بە ڕوونی و بە دیاریکراوی ئاماژە بە سەرچاوەی بابەتی وەرگێڕدراو بدرێت و تەنانەت پێویستە ئاماژە بەوەش بدرێت کە لە چ زمانێکەوە وەرگێڕدراوەتەوە. لام سەیرە کە ئەم بەڕێزە فەلسەفەی ئەخلاق وەردەگێڕێت کەچی کەمترین و سەرەتاییترین پڕەنسیپە ئەخلاقییەکانی کاری وەرگێڕان ڕەچاو ناکات.

 

ئەم شەش بابەتەی کە لە خوارەوە «سەردێڕ» و «سەرچاوەکان ـ ئەگەر بووبێتیان» و «ئەدرەسەکان»یانم هێناوە بەشێک لە هەوڵی ئەو وەرگێڕەیە کە تا بتەوێ شتی سەیروسەمەرەی تێدایە. لەڕاستیدا ئێمە ویستمان ئەم کارانە هەڵسەنگێنین و ئەگەر بکرێ بەراوردێکیان بکەین بەڵام بەداخەوە وەرگێڕ بێجگە لە وتاری شەشەم لەوانی تردا ناوی سەرچاوەکانی نەنووسیوە. سەیرتر هەر ئەو وتارەی شەشەم ـ مارتین هایدیگه‌ر (1976ـ  1889) ـ کە سەرچاوەکانی نووسیوە، یەکێک لە سەرچاوەکانی، کتێبی «هایدیگەرو شۆرشێکی فەلسەفی، محەمەد کەمال»ە  [http://dahatu.com/newskurd.php?id=249] کە خۆی کتێبێکی کوردییە. هەر بەڕاستی مرۆڤ شۆک دەبێت چون دەبێ من وەرگێڕان بکەم بۆ سەر زمانی کوردی سەرچاوەکەشم هەر کوردی بێت؟!

ڕەنگە نووسەری ئەم دێڕانە وەک خۆی باوەڕی بە ئێتیکسی کانتی و فۆڕماڵیزمی ئەخلاقیی کانت نەبێت بەڵام لەبەر ئەوە زیاتر جەختم لەسەر کانتە چونکە وەک دیارە وەرگێڕ پێوەندییەکی ڕۆحی و مەعنەویی لەگەڵ کانتدا هەیە و ئەم پێوەندییە لە خۆیدا شتێکی پەسەند و هیوابەخشە. بۆ ئەوەی کە بتوانین پەی ببەین بەوەی کە ئایا ئەم پێوەندییە لەگەڵ کانت پێوەندییەکی ڕاستەقینەیە یاخود پێوەندییەکی تاکتیکی، باشتر وایە ڕەفتار و عەقڵیەتی ئەم کەسە و ڕەنگدانەوەی هەڵسوکەوتی ئەم وەرگێڕە بەرامبەر بەو کارانەی لەپێوەندیی لەگەڵ کانتدا ئەنجامی داون هەر لە ڕێگەی ئەندێشە و بیرکردنەوەکانی کانت خۆیەوە بەرامبەر بە ئەخلاق و دواهاتە ئەخلاقییەکانی ئەم جۆرە لە کار و وەرگێڕان ڕوون بکەینەوە. کانت لە نامیلکەی «بونیادنان»دا [ناوی ئەم نامیلکەی کانت لە سەرچاوەکانی ئەم وتارەدا هاتووە.] جەخت لەسەر چوار ئەرک دەکاتەوە: ئەرکی یەکەم پاراستنی نەفس یان ژیانی خۆیە، ئەرکی دووەم ئەرکی ڕاستگۆییە، ئەرکی سێهەم گەشەپێدانی توانا و بەهرەکانی خۆ و ئەرکی چوارە ئەرکی چاکەکاریییە. [4]

بۆ ئەوەی کە بتوانین ئەم چوار ئەرکە ڕوون بکەینەوە لەڕێگەی شرۆڤەی یەک بە یەکی ئەو ئەرکانەوە باشتر وایە ناوەناوە بگەڕێینەوە بۆ هەڵسوکەوت و ڕەفتاری وەڕگێڕی ناوبراو.

ئەرکی یەکەم ئەرکێکە کە هەموو گیانلەبەرێک بەشێوەی غەریزی و سروشتی و بەپێی توانا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیانی بۆ دەدەن.

ئەرکی دووەم کە دەتوانێ یارمەتیدەرمان بێت بۆ ئەم دیاردەیە لە پانتایی وەرگێڕاندا، ڕەنگە باشترین دەستپێک بێت بۆ ڕوونکردنەوەی باسەکەمان کە لام وایە لە ئەرکی دووەمەوە بۆ چوارەم ڕاستەهێڵێکی لۆژیکیشمان بۆ نیگار دەکات. ئەرکی دووەم برێتییە لە ڕاستگۆیی. بۆ ئەوەی بزانین وەرگێڕ لەگەڵ خوێنەران و بەردەنگەکانیدا ڕاستگۆیە یەکەم فاکتەر ئەوەیە کە بزانین لەگەڵ چ نووسەرێکدا ڕووبەڕووین و لەڕێگەی نووسەر و نووسینەکەیەوە بچینە ناو جیهانی فیکریی نووسەری ئەو تێکستەوە کە لەپێوەندیدا بە وەرگێڕانی ئەو تێکستەی کە وەرگێڕی ناوبراو بۆ سەر زمانی کوردی وەری گێڕاوە تەنها ئێمە لەگەڵ وەرگێڕێکدا ڕووبەڕووین و بەس. نە ئەزانین نووسەر کێیە، نە ئەزانین لە چ زمانێکەوە وەرگێڕدراوە ونە ئەزانین سەر بە کام تەفسیرە لە فەلسەفەی کانت و نە ئەزانین مەبەستی وەرگێڕ لە هەڵبژاردنی ئەم تێکستە چی بووە کە ئەمە نووسەری ئەم وتارە ناچار دەکات ئەم پرسیارە ڕووبەڕووی ئەم وەرگێڕە نازارە بکاتەوە کە ئایا ئەمەیە وەرگێڕانی ڕاستەقینە و ئەوپەڕی ڕاستگۆیی و ئەخلاقی کانتی؟!

ئەرکی سێهەم برێتییە لە گەشەپێدانی توانا و بەهرەکانی خۆ. ئەگەر ئەم حوکم یان ئەرکە سێهەمەی کانت بەپێی ئەرکی دووەم هەڵبسەنگێنین دەتوانین بڵێین ئەرکی سێهەم ئەگەر بیەوێت بەپێی ئەرکی دووەم باڵا و گەشە بکات تەنها گەشەیەک کە دەتوانێ بیکات گەورەبوون و باڵاکردنە لەهەناوی ناڕاستگۆییدا کە باڵاکردن لە هەناوی ناڕاستگۆییدا ئەنجامەکەی هیچ نابێت جگە لە شاڕلاتانیزم.

ئەرکی چوارەم برێتییە لە ئەرکی چاکەکاری. دیسان ئەگەر بمانەوێ ئەرکی چوارەمیش بەپێی ئەرکی دووەم و سێهەم هەڵبسەنگێنین دەتوانین بڵێین هیچ شاڕلاتانێک لە جیهاندا ناتوانێ چاکەکار بێت و ئەرکی باش و چاکی سەرشانی خۆی بەجێ بهێنێت. بۆ ئەوەی بتوانین ئەرکی چوارەم لەگەڵ ئەرکی سێهەم و دووەمدا شی بکەینەوە باشتر وایە کەڵک لەم مەسەلە ئەڵمانییە وەرگرین کە دەتوانین بەم شێوە دایڕێژینەوە: ڕاستگۆ هەمیشە بەردەوامە. بەرامبەر بەم مەسەلە دەتوانین بڵێین درۆزن لە درێژماوەدا تووشی کێشە دەبێت و یادەوەریی کەسی درۆزن لە درێژماوەدا ناکۆک دەبێت لەگەڵ درۆزن خۆیدا. بە گوتەیەکی دیکە ئەوەی ڕاستگۆ نییە بەردەوام لەبەردەم ئەم مەترسییەدایە کە چرکە بە چرکە درۆکەی دەربکەوێت و هەمووان لە درۆکانی بە ئاگا بێنەوە. وەک کانت خۆی دەڵێ: «فرۆشیارێک بە درۆکردن کڕیارەکانی خۆی لەکیس دەدات و دەیانتاکێنێتەوە. یان شارومەندێک، باوەڕپێکراوی و ئابڕووی خۆی و هاوڕێ و هاوپەیمانەکانی لە کیس دەدات.» هەر لە درێژەی ئەم ڕستانەی کانتدا کە ئەگەر بمانەوێ دیسان جەخت بکەینەوە لەسەر یەکێک لە دواهاتەکانی تری درۆکردن و ناڕاستی دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ ئەم گوتەی دیکەی کانت کە دەڵێ: 

«کەسێک کە لە گەمەدا دۆڕاندوویەتی، پێدەچێت لە خۆی و لە سەرەڕۆییەکەی تووڕە بێت. بەڵام ئەگەر بزانێ کە لە گەمەدا ساختەچێتیی کردووە (تەنانەت ئەگەرچی لەم ڕێگەوە بردبێتیشیەوە)، هەر ئەوەی کە خۆی لەگەڵ یاسای ئەخلاق بەرەوڕوو بکاتەوە، گومانی تێدا نییە ڕقی لە خۆی دەبێت و نەفرەت لەخۆی دەکات.» [5]

   ئەمە ڕوواڵەت و فۆڕمی ئەم کارانەیە بێگومان ناوەڕۆکی کارەکان و کوالێتیی وەرگێڕانەکانیش ڕەنگە هەڵگری گەلێک قسە و باسی تر بێت و هەرکات سەرچاوەی ئەم کارانەمان بۆ دەرکەوێ بێگومان بە وردی بەراوردی دەکەین و ڕاستگۆیانە ڕووبەڕووی دەبینەوە. هەرچەند ناوی نووسەری ئەو تێکستانە نەهاتوون بەڵام بەپێی ڕستە و پێکهاتە و فۆڕمی تێکستەکان دەتوانین بە گومانەوە بڵێین ئەم تێکستانە زۆرتر لە جزوەی کۆمەڵێک لە مامۆستایانی زانکۆکانی تاران و شوێنی تریش نزیکن و بۆیە بەجدی داوا لە وەرگێڕی ئەو تێکستانە دەکەین کە بەرپرسانە و ڕاستگۆیانە ناوی نووسەر و سەرچاوەکان دەستنیشان بکات.

_______________________________

کارەکانی وەرگێڕ بە لینکی ماڵپەڕەوە

[1]سه‌ره‌تاکانی فه‌لسه‌فه‌ی ئێمانۆیل کانت(بەشی یەکەم)  
وەرگێڕ :سەعیدکاکی
[1]

 سەرەتای وەرگێڕ:

سەرەتای فەلسەفەی کانت:

http://dahatu.com/newskurd.php?id=206

[2] سه‌ره‌تاکانی فه‌لسه‌فه‌ی ئێمانۆیل کانت(بەشی دووهەم) ــ وەرگێڕ :سەعیدکاکی

 ڕه‌خنه‌ی عه‌قڵی په‌تی ــ ڕه‌خنه‌ی مێتافیزیک

http://dahatu.com/newskurd.php?id=212

 [3] سه‌ره‌تاکانی فه‌لسه‌فه‌ی ئێمانۆیل کانت(بەشی سێهەەم)

وەرگێڕ :سەعیدکاکی ــ کاتیگۆرییەکانی کانت

http://dahatu.com/newskurd.php?id=216

[4] سه‌ره‌تاکانی فه‌لسه‌فه‌ی ئێمانۆیل کانت(بەشی چوارم)  وەرگێڕ : سەعیدکاکی

 گۆڕانکارییه‌ زانستییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م لەم‌ دوو‌خاڵدا کۆ دەبنەوە:

http://dahatu.com/newskurd.php?id=224

 [5] سه‌ره‌تاکانی فه‌لسه‌فه‌ی ئێمانۆیل کانت وەرگێڕ : سەعیدکاکی

 بوونی خودا

http://dahatu.com/newskurd.php?id=228

 [6] مارتین هایدیگه‌ر (1976ـ  1889)  (بەشی یەکەم)

وەرگێران: سەعیدکاکی

سەرچاوەکان: 

١-هستی و زمان،مارتین هایدگر، ترجمە د، عبدالکریم رشیدیان

٢-خرد جامعە شناسی،د، یوسف ابازری

٣-فلسفەی معاصر، محمود خاتمی

٤-هایدیگەر و شۆرشێکی فەلسەفی، محەمەد کەمال

http://dahatu.com/newskurd.php?id=249

_______________

سەرچاوەکانی ئەم وتارە:

[1] قانون اخلاقی در درون من/ اتفرید هوفە/ رضا مصیبی/ نشر نی ص 211

[2] نقد عقل عملی: امانوئل کانت. انشاءاللە رحمتی، اتنشارات سوفیا چاپ چهارم ـ ص 53.

[3] ادبیات و انقلاب/ یورگن رولە/ علی اصغر حداد ـ نشر نی ـ ص 32

[4] قانون اخلاقی در درون من/ اتفرید هوفە/ رضا مصیبی/ نشر نی ص 180

[5] نقد عقل عملی: امانوئل کانت. انشاءاللە رحمتی، اتنشارات سوفیا چاپ چهارم ـ ص 65.